کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا  لەسەر تەندروستی مرۆڤ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-14-13:53:00 - کۆدی بابەت: 13183
کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا  لەسەر تەندروستی مرۆڤ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا  لەسەر تەندروستی مرۆڤ بە ئینگلیزی (Impact of climate change on human health)، بە عەرەبی (تأثير تغير المناخ على صحة الأنسان)، چالاکییەکانی مرۆڤ و زۆر بواری ئابووری و تەندروستی و شێوازی ژیان پەیوەستن بە کەش و هەواوە لە زۆر ڕێگەی جیاوازەوە، کاریگەری کەش و هەوا بۆ سەر هەندێکیان بە شێوەیەکی گشتییە وبۆ هەندێکی تریان هەستیار و ئاشکرا و توندە، هەندێکی دیکەشیان کاریگەری گۆڕانەکان دەگۆڕیت لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر،  لەبەر ئەوەش کەش و هەوا هۆکارێکی گرنگە و کاریگەریەکی گەورەی هەیە.

کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر کشتوکاڵ

زنجیرەیەک لە بارودۆخی جیاوازی کەش و هەوا لەوانەیە گۆڕانکاری دروست بکەن لە ڕێگەی زنجیرەیەک ڕووداوەوە، بۆ نموونە: زنجیرەیەک گۆڕانکاری کەش و هەوا ڕۆڵێکی گەورە دەبینن لە دیاریکردنی ڕێڕەوی چەم و ڕووبارەکان یان ڕێژەی شێدارکردنی خاک، ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پلەیەکی گەرمی نائاسایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر کشتوکاڵ و بەروبوومە کشتوکاڵیەکانی ئەو ناوچانە، بە پیتی خاکەکانیش دووبارە پەیوەستە بەو زنجیرە کاریگەرییانە و ڕۆڵی هەیە لە جۆر و چۆنێتی  وکواڵێتی بەروبوومەکان و گەشە کردنیان.

گۆڕان  و نوێ بوونەوەی ڕێڕەوی چەم و ئاوەکانی سەر زەوی بەندە لەسەر زنجیرە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی کەش و هەوا و بەوەش گۆڕانی ڕێڕەوی چەمێک بە باران بارینێک بەندە لەسەر ئەو زنجیرە گۆڕانکاریانەی بەر لەوە ڕوویانداوە ئایا بارودۆخی پیش ئەو بارانە وشک بووە یان شێدار، جگە لەوە کاتی گۆڕانی ڕێڕەوەکان لە ڕووبار و چەمی ناوچە شاخاوییەکاندا پەیوەندی زۆری هەیە بە کۆبوونەوەی بەفر و ڕێژەی توانەوەکەی، بەو هۆیەشەوە ئاڕاستە و ڕێڕەوی ئاو لە ناوچە شاخاویەکاندا زۆر هەستیارە لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمی. بڕ و کاتی دروستبوونی چەم و ڕووبارەکان و ڕێڕەوەکانیان بڕی ئاوی بەردەست دیاری دەکات بۆ کشتوکاڵ کردن و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی و پیشەسازی و دانانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و بەکارهێنانە سروشتیەکان.

کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر تاکەکان

کەش و هەوا کاریگەری لەسەر بیرکردنەوە و ڕەزامەندی تاکەکانیش هەیە، بۆ نمونە: ئەگەر کەسێک لە پارکێکدا پیاسە بکات لەوانەیە بە گۆڕانی کەش و هەوا لە گەرمەوە بۆ سارد یاخود لە کەشێکی هێمنەوە بۆ هەڵکردنی با بیرکردنەوەی کەسەکە بگۆڕێت، بە پێی چەند توێژینەوەیەکیش دەرکەوتووە پارکەکان لەو ڕۆژانەی کەش و هەوا گونجاوە قەرەباڵغتر دەردەکەون، تەنانەت کاریگەری لەسەر شتە سادەکانی وەک شیوازی جل و بەرگ و باری دەروونی کەسەکانیش دەکات. خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی دەیانەوێت لەو شوێنانەدا بژین کە کەش و هەوای گونجاو و لەبارە.

کەش و هەوای هەر ناوچەیەک تایبەتە و گۆڕانکارییەکان زۆربەیان ناوچەیین، لەبەر ئەوە زۆرجار مرۆڤەکان بۆ ئەنجامدانی هەندێک چالاکی دیاریکراو ڕوودەکەنە کەش و هەوایەکی دیاریکراو. بۆ زۆر چالاکی بازرگانیش کەش و هەوا یەکێکە لەو هۆکارانەی کاریگەری هەیە لەسەری، هەندێک چالاکیش کەش و هەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەریان بۆ نمونە: چوون بۆ ناوچە ساردەکان و بە بەفر داپۆشراوەکان بۆ ئەنجامدانی وەرزشی خلیسکانی سەر بەفر، بە پیچەوانەوە ئەو جوتیارانەی پرتەقاڵ بەرهەم دەهێنن بۆ ناوچەیەک دەگەڕێن کە سارد نەبێت و بەستن و سەهۆڵبەندان تیایاندا  ڕوونەدات، هەروەک چۆن دیاریکردنی شوێنی نەمام چاندن و بەڕێوەبردنی کێڵگە و مەرزەکان بەندە بە وەرزی گەشەکردن و کەش و هەوای ئەو کاتەوە.

کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر شوێنە پیشەسازییەکان

شوێنی ئەنجامدانی چالاکیە پیشەسازییەکان یەکێکی دیکەیە لەو لایانانەی کە پەیوەندی هەیە بە ناوچەی دیاریکراوی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سروشتی، بۆ نموونە پیشەسازی دروستکردنی کاغەز پێویستی بە درەخت هەیە، وێستگەکانی بەرهەم هێنانی پێویستیان بە بەنداو و هەیە و بەنداویش پێویستی بە چەم یان ڕوبارێک هەیە کە بڕێکی باش ئاوی پێدا تێپەڕ ببێت، ڕاوی ماسی و خواردنە ئاوییەکانی  یەکێکە پەیوەندی هەیە بە ڕووبار  وژینگەییەکی لەبار بۆ ژیان و کۆبوونەوەی ئەو ماسیانە.

هەریەکە لەو سەرچاوانەی ژیانکردن وەک ئابووری و پیشەسازی و کشتوکاڵ، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەش و هەوادا، لە هەندێکیاندا وەک وێستگەکانی  بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا پەیوەندییەکە ڕاستەوخۆیە چونکە بە نەمانی ئاو یاخود هاتنی وشکەساڵی بەرهەمهێنانی وزە کەم دەبێتەوە،  بەڵام لە هەندیکی دیکەدا پەیوەندییەکە ناڕاستەوخۆیە کاتێکی زیاتری دەوێت تا کاریگەریەکەی دەردەکەوێت، بۆ نموونە وشکەساڵی و کەمی باران بارین دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەشەی ڕووەکەکان و کەمبوونەوەی دارستانەکان، لە وانەیە ئەگەر زۆر بەردەوام بێت ببێتە هۆی وشک بوون و لە وەرزە گەرمەکاندا ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە و سوتانی دارستانەکان.

کاریگەری کەش و هەوا سەختەکان لەسەر مرۆڤ

کەش و هەوا سەختەکان هەمیشە کاریگەریەکی زۆر گەورە دەکەنە سەر مرۆڤ و چالاکیەکانی، ئەوەش زۆربەی کات لە ڕێگەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریەوە دەبێت لە ئاو و هەوادا کە لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەودا کاریگەرییان زیاتر دەبێت، کەش و هەوا سەختەکان دەبنە هۆی تێکدانی ماڵ و موڵک و گیان لەدەستدان و بێماڵ بوونی دانیشتوان، تێکدان  ولەناوبردنی ڕووبەری سەوزایی و بەروبوومە کشتوکاڵیەکان و ڕاگرتنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک گواستنەوە و پەیوەندی تەلەفۆنی و وزە و سەرچاوەی ئاوی پاکی ناوچەکانی ژێر کاریگەریەکە.

لە دوو دەیەی ڕابردوودا زریانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریان کردۆتە سەر ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە ٢٧ زریانی جیاواز لە زەریای ئەتڵەسیەوە هەڵیان کردووە، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە گازەکانی گلدەرەوەی گەرمی و گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەریان کردۆتە سەر بڕ و گەورەیی و تێکڕایی ڕوودانی ئەو زریانانە چونکە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە پلەی گەرمی سەر ڕووی زەریاکان بەرز دەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵگاکان بەردەوام لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاودان بۆ ڕێگەگرتن و کەمکردنەوەی زیانەکانی کەش و هەوا و چارەسەرکردن بۆ دۆزینەوە و دانانی سنوورێک بۆ زیانەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە کەش و هەوا سەختانە زۆربەی کات لە ناکاو ڕوودەدەن زۆرجار ڕێگەگرتن لە زیانەکانی یان کەمکردنەوەیان کارێکی ئەستەمە، لە نوێترینی ئەو زریانانەش زریانی (ئیرما) بوو کە پلەی ٤ی زریانی هەبوو لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ دا لە زەریای ئەتڵەسیدا هەڵیکرد و کەنارەکانی ڕۆژهەلاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (باشوری ڕۆژهەلاتی فلۆریدا) ی وێرانکرد.

زریانەکە بۆ ماوەی ٣٧ کاتژمێر بە توندی ١٨٥ میل لە کاتژمێرێکدا بەردەوام بوو کە ئەوەش تۆمارێکی مێژووییە، جگە لەوە هەوری زریانەکە نزیکەی ٣٠٠٠٠٠کیلۆمەتری داپۆشیبوو کە لە ڕووبەری ویلایەتی تەکساس گەورەترە، ئەوە یەکەم جارە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کە لە ساڵێکدا دووجار زریانی پلە ٤ لەو وڵاتە بدات، بەر لەوەش هەر لە ساڵی ٢٠١٧ زریانی (هارڤی) دای لە ویلایەتی تەکساس)، زریانەکە زیانی نزیکەی ٦٥ بلیۆن دۆلاری ئەمریکی لێکەوتەوە.

سود لە سەردەمی هاوچەرخ لە تەکنەلۆجیا وەردەگیرێ بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، زۆر تەکنەلۆجیا زۆر بەناوبانگن بە جۆرێک بوونەتە پێویستی هەموو ڕۆژێکی کۆمەڵگاکان و چالاکیەکانیان، بۆ نموونە ئەو تەکنەلۆجیایەی دروستکردنی تایەی ئۆتۆمبێلدا بەکاردێت، هەروەها فڵچە بۆ سڕینی جامەکانی ئۆتۆمبێل و ڕووناکی یاریدەدەری بەهێز بۆ کاتی تەم کە ئەمانە هەموو دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە کەش و هەوای ناجێگیردا، جگە لەوانە سیستەمی گەرمی و ساردکردنەوە بۆ ئۆتۆمبێلەکان دادەنرێن بۆ ئەوەی شۆفێر زیاتر هەست بە ئارامی بکات لە کاتی گۆڕانی کەش و هەوا لە  وەرزە جیاوازەکاندا.

بەرنامەکانی ئاووهەوا و کەشناسی بەردەوام زانیاری ورد لە ڕێگەی سەتەلایت و مانگە دەستکردەکان و وێستگەکان لەسەر زەوی وەردەگرن و لە چەند خولەکێکەوە تا چەند هەفتەیەک دەتوانرێت زانیاری دەربارەی کەش و هەوا و گۆڕانکاریەکانی بزانرێت. 


سەرچاوەکان



31 بینین