ناوهڕۆك
ناساندن
هاوڕێیەتی ڕاستەقینە (بە عەرەبی: صداقة الحقيقية، بە ئینگلیزی: True friendship) پەیوەندییەکە لە نێوان دوو کەسدا پەرەدەستێنێت کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات بە چێژەوە کاتەکانیان پێکەوە بەسەر ببەن. هەروەها ئەزموونی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و بەهایەکی زۆریان هەیە کە دەبێتە هۆی کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی یەکتر، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پەیوەندییە پێویستە لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و خۆشەویستی و پاڵپشتی یەکتری دابمەزرێت، بۆ ئەوەی یارمەتی یەکتری بدەن لە پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی خودی خۆیان و هاندان و هێز بەیەکتر بەخشین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ژیان و بەردەوام بوونیان لە گەشتی ژیاندا.
جیاوازی نێوان هاوڕێیەتی ڕاستەقینە و هاوڕێیەتی ساختە
هاوڕێیەتی ڕاستەقینە بە چەند سیفەت و تایبەتمەندییەکی دیار لە هاوڕێیەتییە ساختەکانی تر جیادەکرێتەوە، وەک ئەمانەی خوارەوە:
هاوڕێ لە هەموو ئاواتێکی گەورە یاخود بچووکدا پشتیوان و پاڵپشتی هاوڕێکەی دەکات و هانی دەدات، هەروەها لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا لە تەنیشتی دەمێنێتەوە. هاوڕێکان لە یەکتری خۆش دەبن و ناهێڵن هەڵەی بچووک ببێتە هۆی داڕمانی هاوڕێیەتیی نیوانیان و بەها بە پەیوەندییەکەیان دەدەن. هەریەکەیان ئاگاداری خوو و نەریتە سەیر و تایبەتەکانی ئەویترە، چونکە کەس لە هاوڕێیەکی نزیک ئاشناتر نییە بە خوو و نەریتە سەیرەکانی کەسێک.
هاوڕێکان نهێنی یەکتری دەپارێزن و بە شتێکی پیرۆزی دەزانن، هەرگیز لەبەر ئەو ڕێز و متمانەیەی کە بەیەکتریان بەخشیوە نهێنییەکانیان بۆ هیچ کەسێک نادرکێنن. هاوڕێکان بەردەوام لە پەیوەندیدا دەمێننەوە و هەوڵدەدەن نوێترین هەواڵی یەکتری بزانن وەک نیشانەیەکی گرنگیدان بە یەکتر. هاوڕێکان لە هەموو بارودۆخێکدا لە تەنیشت یەکتر دەمێننەوە، ئەگەر چی هاوڕێکەی ڕاست بێت یاخود چەوت، هەمیشە لە تەنیشتی ئەمێنێتەوە و بەرگری لێدەکات.
پێوەرەکانی هەڵبژاردنی هاوڕێی ڕاستەقینە
لەکاتی هەڵبژاردنی هاوڕێیەکدا گرنگە بەدوای هەندێک سیفەتدا بگەڕێیت بۆ ئەوەی بزانیت هاوڕێیەکی ڕاستەقینە یاخود نا. سیفەتەکانیش بریتین لە:
- خۆنەویستی
- ڕاستگۆیی
- هاوئاهەنگی و گونجان
- متمانەی تەواو بە یەکتری
- پێشکەشکردنی هاوکاری
- هاندان لەڕووی پەڕەسەندن و سەرکەوتن