باوێشک

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-03-13:53:00 - کۆدی بابەت: 1578
باوێشک

ناوه‌ڕۆك

باوێشکدان چیە؟

لەوانەیە تێبینی ئەوەت کردبێت کە هەندێکجار ناتوانیت لە باوێشکدان بوەستیت، باوێشکدان باوترین پەرچەکردارە و بەشێوەیەکە کە لە سەرەتادا شەویلگە پان دەبێتەوە و پاشان هەناسەیەکی قوڵ و لە کۆتاییشدا بەخێرایی دانەوەی هەناسەکەیە، لە حاڵەتی ئاساییدا پاش باوێشکدان هەست بە هێمنبوونەوە دەکرێت.

پەیوەندییەکی درێژخایەن هەیە لە نێوان ماندوێتی و بێزاربوون و باوێشکدان دا بەڵام چەند توێژینەوەیەکی نوێ ئەوە دەخەنەڕوو کە ڕەنگە ئەو پەیوەندییە هەڵەبێت و لەڕاستیدا وانەبێت، پاش ئەوەی مرۆڤ هۆی سەرەکی باوێشکدانی نەدۆزییەوە ئۆفەرەکان بۆ تیۆریا نوێیەکان بەردەستبوون، توێژینەوەیەکیش بەم دواییانە ئەوەی خستۆتەڕوو کە باوێشکدان ڕەنگە هۆکار بێت بۆ گەڕانەوەی بڕێکی زیاتری ئۆکسجین بۆ مێشک.

هۆکارەکانی باوێشکدان

 تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە هۆکاری دیاریکراوی باوێشکدان چییە و باوێشکدانی ڕێکوپێک پەرچەکردارێکی لەشە کە خۆنەویستانە ڕوودەدات ئەمەش واتا ئەنجامدەدرێت بێ ئەوەی کەسەکە خۆی بیەوێت لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان دەڵێن هۆکاری زۆر هەن بۆ باوێشکدان و دڵنیان بەبێ هۆکار نیە، ڕەنگە ئەمانە هۆکاری باوێشکدان بن:

گۆڕانی بەرزایی

ئەگەر کەسێک لە ناو فرۆکەیەک بێت یاخود لە شوێنێک بێت کە بەرزی و نزمیەکەی جیاوازن ئەوا باوێشک دەدات وەکو وەڵامێکی خۆکارانە لەلایەن لەشەوە بۆ گۆڕانی پەستانی نێو گوێیەکان و لەش ئەو پەستانە ڕێکدەخات لەڕێی باوێشکدانەوە.

هاوتایی کۆمەڵایەتی

بەپێی وتەی دەرونناسان هۆیەکی دیکە کە ڕەنگە هۆی باوێشکدان بێت ئەوەیە کە گەر کەسێک کەسێکی دیکە ببینێت کە باوێشکدەدات ئەوا ئەویش باوێشکدەداتەوە ئەمەش بەبۆنەی هاوتایی کۆمەڵایەتییەوەیە.

هەستکردن بە بێزاری و ماندوێتی

هەستکردن بە ماندوێتی وا لە مێشک دەکات کە پەرچەکرداری هەبێت و لەش وریا بکاتەوە.

ساردکردنەوەی مێشک

تیۆریایەکی دیکە هەیە کە دەڵێت: باوێشکدان ئەو کارەی مێشکە کە مێشک بەکاریدێنێت تاوەکو خۆی لە گەرمبوون دەرباز بکات و خۆی پێ سارد بکاتەوە و بەپێی ئەم تیۆریایەش بێت لە حاڵەتی کارکردنی زۆردا باوێشکدان زیاد دەکات و هەناسەی قوڵ و دەمکردنەوەش بۆ ئەوەیە کە مێشک کەمێک ساردببێتەوە، سەرەڕای ئەوەش بەڵگەی تەواوەتی نییە کە ئەم تیۆریایە پشتڕاست بکاتەوە.

کشاندنی شانەی ناو سییەکان

کاتێک مرۆڤ باوێشکدەدات ماسولکەکانی دەکشێت و جومگەکانی دەچەمێتەوە و لێدانی دڵی زیاد دەکات، بە کشاندنی سییەکان و زیادبوونی لێدانی دڵیش کەسەکە وریادەبێتەوە.

ئایا باوێشکدانی لەڕادەبەدەر شایەن بە بایەخپێدانە؟

وەڵامەکە بەڵێیە چونکە باوێشکدانی زۆر وادەکات کەسەکە نیگەران بێت، دەکرێت هۆکاری باوێشکدانی لەڕادەبەدەر ئەمانە بن: 

  • خەوی ناڕێک.
  • خەوزڕان (بێخەوی).
  • بێهەناسەیی کاتی خەو.
  • نۆرەخەو.

ڕەنگە لە حاڵەتی لەناکاویشدا باوێشکدانی لەڕادەبەدەر نیشانەی حاڵەتی نەخوازراوی وەک جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و لووی مێشک و خوێنبەربوونی دەوری دڵ بێت، تێکچوونی  ڕێکخرەکانی گەرمیی لەشدا و سەرئێشەی توند هۆکارێکی تری باوێشکدانی لەڕادەبەدەرە و شارەزایانیش بڕوایان وایە کە هۆی ئەمەش تێکچوونی دڵە.


سەرچاوەکان



2249 بینین