بێ پلانی دایک و باوک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-02:22:00 - کۆدی بابەت: 1966
بێ پلانی دایک و باوک

ناوه‌ڕۆك

بێ پلانی دایك و باوك

پلان، بەردی بناغەی سەرکەوتنی مرۆڤە لە ژیاندا، بۆەی مرۆڤی بێ پلان و بەرنامە، ناتوانێ لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت و قۆناغە سەختەکانی ژیان ببڕێت و بەسەر کۆسپ و ئاستەنگەکانیدا زاڵ بێت.
یەکێک لە هەڵە باوەکانی دایکان و باوکان بەرامبەر بە منداڵەکانیان، نەبوونی پلان و بەرنامە ڕێژییە بۆ ژیان بە گشتی و بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان بە تایبەتی، ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • نەبوونی مەبەست و ئامانج لە ژیاندا.
  • نەبوونی پێوەر بۆ ژیان.
  • نەبوونی هەڵسەنگاندن و چاودێری و بەدواداچوون بۆ کار و ئەرکەکانی خۆیان و منداڵەکانیان.
  • پەی نەبردن بە گرنگی پلان و بەرنامەڕێژی بۆ ژیان.
  • هەر لە منداڵییەوە ڕانەهاتوون لەسەر ژیانێکی پلان بۆ داڕێژراو.
  • ژیان بەسەربردن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و ناڕێکوپێک.
  • نەخوێندەواری و نزمی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
  • گەورەبووونی دایک و باوک لە ناو ژینگەیەکی نالەبار و ناگونجاودا.
  • چاولێکەری و لاساییکردنەوەی خەڵکانی دیکە بێ پلان و بەرنامە.
  • ناوشیاری و بێئاگایی دایک و باوک.
  • هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
  • هەژاری و دەسکورتی.
  • ئەڵبەتە ئەگەر دایکان وباوکان پلان و بەرنامەڕێژیان نەبێت بۆ پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان، ئەوا نەک هەر منداڵەکانیان، بەڵکو دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەش رووبەڕووی کێشە و ئاستەنگەکانی ژیان دبەنەوە و زەرەرمەند دەبن، گرنگترین ئەو زیان و کێشە و ئاستەنگانەش بریتین لەمانەی خوارەوە:
  • منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست و بێ پلان و بەرنامە گەورە دەبێت.
  • منداڵ بە هەڕەمەکی ژیان بەسەر دەبات.
  • منداڵ بەهای کات و ژیان نازانێ و کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەدات.
  • منداڵ ناتوانێ لە کات و ساتی خۆیدا هەل و دەرفەتەکان بقوزێتەوە.
  • لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتن بەدەست ناهێنێ.
  • ناتوانێ کار و ئەرکەکانی خۆی ڕیزبەندی و پۆلێنبەندی بکات و لە ژیاندا ڕوبەڕووی کەمی کات و فرەکاری دەبێتەوە.
  • بەهرە و تواناکانی مندال بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتی گەشە ناکات.
  • ناتوانێ بە شێوەیکی زانستیانە و بابەتیانە سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەربگرێت.
  • ناتوانێ بە باشی ڕووبەڕووی پێشهات و ڕووداوە نەخوازراوەکان ببێتەوە.
  • لە ژیاندا کەسیکی سەرکەوتوو نابێ.
  • دایک و باوک و خێزان و کۆەمڵگە لە بەرهرە و توانای ئەو جۆرە مندالانە بێبەش دەبن.


چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان لە ئەرک و کارەکانیاندا سەرکەوتوو بن و بتوانن نەوەیەکی زانا و دانا و بەتوانا و شارەزا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێشکەش بە کۆمەڵگە بکەن، دەبێ پلان و بەرنامەڕێژییان بۆ ژیان و پەروەدە و فێرکردنی منداڵەکانیان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

  • دەبێ دایک و باوک هەر لە دەستپێکی ژیانی هاوسەرگیریەوە پلان و بەرنامەڕێژیان هەبێت بۆ ژیان، نەخاسمە بۆ پەروەردە و فێرکرندی منداڵەکانیان.
  • دەبێ پلانەکە ورد و گشتگیر بێت.
  • دەبێ پلانەکانیان ئامانجدار بێت و ڕۆشن و دیار بێت.
  • دەبێ پلانەکەیان لەسەر بناغەیەکی زانستییانە و بابەتیانە دابڕێژن. 
  • دەبێ لە کاتی دانانی پلان، هەلومەرجی خودی و بابەتی لەبەرچاو بگیرێت.
  • دەبێ پلانەکە قابیلی جێبەجێکرند بێت و ڕەنگدانەوە واقعی خێزان بێت.
  • دەبێ دایک و باوک جێبەجێکاری پلانەکە بن و ڕژدبن لەسەر جێبەجێکردنی.
  • پێویستە دایک و باوک هاوسەنگی لە نێوان ئەرکو  مافەکانی منداڵ بپارێزن.
  • دەبێ پلانی دایک و باوک بۆ گەشەدان بێت بە توانا زەینی و هزری و زانستی و جەستەییەکانی منداڵ.
  • پێویستە دایک و باوک بەشێک بن لە پلانەکە و لە خۆیانەوە دەستپێبکەن.
  • دەبێ لە کاتی دانانی پلان، ڕەچاوی دۆخی منداڵ بکرێت و بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ بێت.
  • دەبێ دایک و باوک، هەر لە سەرەتاوە هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ گرنگیدان بە پلان و دانانی پلان بۆ کارەکانیان، هەروەها ئەرکی چاودێری و بەدواداچوونی پلانەکەشیان بگرنە ئەستۆ.
  • دەبێ لە جێبەجێکردن و جێبەجێ نەکردنی پلانەکەدا پاداشت و سزا هەبێت، بۆ ئەوەی سزارداو خۆی ڕاست بکاتەوە و پاداشتکراویش زیاتر هان بدات.
  • پێویستە پلانی دایک و باوک و منداڵەکانیان، وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت.


سەرچاوەکان



1311 بینین