دوو ڕوویی دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-06-23:00:00 - کۆدی بابەت: 2053
دوو ڕوویی دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا

ناوه‌ڕۆك

دوو ڕوویی دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە دووڕوویی دایک و باوک لەگەڵ: منداڵ، واتە، هەندێ دایک و باوک لە کار و کردار و گوفتاریاندا دووڕوون و بە دوو ڕوویی جیاوازی سەرەدەری لەگەڵ منداڵ دەکەن، بۆ نموونە: دایک منداڵی خۆی لەگەڵ خۆی دەباتە بازاڕ و لە پێش چاوی منداڵەکەی بە دزییەوە شتێک لە دووکانی وردەواڵە فرۆشەکە هەڵدەگرێ و دەیخاتە جانتاکەیەوە! کەچی لە ماڵەوە ئامۆژگاری مدناڵی دەکات کەوا دزی نەکات و دەست بۆ کەلوپەلەکانی هاوڕێیانی نەبات!! یاخود باوک لە پیش چاوی منداڵەکەی جگەرە دەکێشێت، کەچی ئامۆژگاری کوڕی دەکات و پێی دەڵێ کوڕم جگەرە مەخۆ! چونکە پیسە و زیانی هەیە بۆ تەندروستی جەستەت!!
هەبوونی ئەم جۆرە ڕەفتارە بۆ ئەم هۆکارانە دەگەڕێتەوە:

  • ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • درک نەکردنی دایک و باوک بە گرنگی پەروەردەکردنی منداڵ.
  • دوورکەوتنەوە و پابەند نەبوونی بە بنەما ڕەوشتی و ئاینییەکان.
  • هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی و خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی.
  • هەست نەکردن بە مەترسیی ئەم کارە.
  • هەبوونی پەروەردەیەکی سەقەت و ناتەندروست.

بێگومان هەر کاتێ دایک یان باوک یان هەردووکیان دووڕوو بوون لەگەڵ منداڵەکانیان و بە دوو شێوازی هاودژ و پێچەوانە مامەڵە و سەرەدەرییان لەگەڵ منداڵەکانیان کرد، منداڵەکانیان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک مەترسی جددی دەبنەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • فێرە درۆ و دوڕووی دەبن و لە ژیانیاندا ڕەنگ دەداتەوە.
  • پەنا بۆ کاری ناشیاو و نابەجێ دەبەن و یاسا پێشێل دەکەن.
  • بڕوا و متمانەیان بە دایک و باوکیان و کەسانی دیکە نامێنێ.
  • لە بەها ڕەوسشتی و ئاینییەکان دووردەکەونەوە.
  • ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگەکان دەبێتەوە لەگەڵ خەڵک.
  • لە چآوی خەڵکدا سووک دەبێ و ڕێز و حورمەتی خۆی لەدەست دەدات.
  • دوورەپەرێز و گۆشەگیر دەبێت.
  • لە ژیاندا سەرکەوتوو نابێت.

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

بۆ ئەوەی دایکان و باوکان پردی متمانە لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان دروست بکەن و نموونەیەکی جوان بن لە ژیانی ڕۆژانەدا، دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:

  • پێویستە دایک و باوک لە کار و کرداریاندا، لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیاندا، لە گوفتار و ئاخاوتنیاندا، ڕاستگۆ و یەکڕوو بن لەگەڵ منداڵەکانیاندا و بە دوو ڕووی جیاواز، سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان نەکەن.
  •  پێش ئەوەی دایک و باوک، منداڵەکانیان ناچار بە هەر کار و کردارێک بکەن، دەبێ سەرەتای لە خۆیانەوە دەست پێبکەن، واتە بە کردەوە ئەو بابەتە بۆ منداڵەکانیان بسەلمێنن.
  • نابێ ئەو هەستەیان لا دروست بێت کە وا منداڵەکانیان درک بە بابەت و مەسەلەکان ناکەن، یاخود وابزانن دەتوانن فێڵ لە منداڵەکانیان بکەن، مرۆڤ دەتوانێ جارێک فێڵ لە کەسای دیکە بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بۆ هەمیشە فێڵیان لێ بکات.
    بە پێچەوانەوە، هەندێ جار منداڵەکان زۆر لە دایبابەکانیان بیرتیژترن و هەر کارێکی هەڵە و ناشیاوی دایک و باوک کە بە چاوی خۆیان ببینن بە ئاسانی لەبیری ناکەن و لە ناو یادگەکەیاندا تۆمار دەبێت!!
  • دەبێ بزانن پەروەردەکردنی منداڵی دەستپاک و زمانپاک و دامانپاک و ناخپاک و چاوپاک، پێویستی بە کەسانی دەستپاک و زمانپاک و دامانپاک و ناخپاک و چاوپاک هەیە، بۆیە دەبێ ئەم جۆرە سیفەتانە لە کەسایەتی ئەواندا ڕەنگ بداتەوە.
  • دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە قۆناغەکانی گەشەکردنی منداڵ.
  • دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
  • لە کاتی ڕوودانی هەر هەڵەیەکدا، دەبێ دانی پێدا بنێن و هەڵەی خۆیان ڕاستکەنەوە.
  • دەبێ بەپرسانە و هەستیانرانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن،
  • دەبێ پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی زانستییانە و پەروەردەییانە بێت و پەروەردە لای ئەوان ببێتە ستراتیژ، نەک تاکتیک.


سەرچاوەکان



1660 بینین