ڕووخانی ورەی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-07-22:02:00 - کۆدی بابەت: 2074
ڕووخانی ورەی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ڕووخانی ورەی منداڵ

هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ڕووخانی ورەی منداڵ،، واتە، ئەو جۆرە دایک و باوکانە لە بری بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ، لە کاتی شکست و کەوتنەکاندا، هەروەها لە بری ئەوەی بۆ کار و کۆششێکی زیاتر و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتر هان بدرێت، پەنا بۆ بەکارهێنانی هەندێ ڕستەی نەشیاو و نەگونجاوی وەک: تۆ کەسێکی فاشیلیت، تۆ کەسێکی ساقیتی، تۆ کەسێکی دۆڕاوی، تۆ کەسێکی ... و ... دەبەن و ناخ و دەروونی منداڵ تێکدەشکێنن و وا دەکەن کە ورەی دابەزێت و لە کاتی کەوتندا، نەتوانێ هەستێتەوە و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێتەوە و بەرەو ئامانجەکانی هەنگاو بنێت.
ئەمەش بۆ چەندین هۆکاری جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:

  • ئەو جۆرە دایک و باوکانە، ڕەشبین و بەدبینن و، بە شێوەیەکی ڕەشبینانە سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن.
  • ئەو جۆرە دایک و باوکە، نازانن هانی منداڵ بدەن و بەرەو ئاڕاستەیەکی ئەرێنی و ڕاستەڕی ڕێنمایی بکەن.
  • لە ئاستێکی لاوازی زانستی و ڕۆشنبیری بەهرەمەندن.
  • بە شێوەیەکی نەرێنی بیردەکەنەوە و هەنگاو دەنێن.
  • چاو لە کەسانی دەوروبەری خۆیان دەکەن.
  • هەستی تۆڵەسەندنەوە بەسەیاندا زاڵە.
  • کەسانی تووڕە و دانبەخۆدانەگر و نائارامن.
  • کەسانی خۆشباوەڕن و زوو بڕیار دەدەن.
  • ئاشنا نین بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
  • زوو زوو هەڵدەچن و کاردانەوە لە خۆیان نیشان دەدەن.
  • بیر لە بەرژەوەندی و ئایندەی منداڵ ناکەنەوە.
  • چارەسەری گونجاویان نییە بۆ کێشەکان و زۆرجار کێشە بە کێشە چارەسەر دەکەن.

ئەڵبەتە بەردەوام بوونی دایک و باوکەکان لەسەر ئەم ڕێڕەوە، مەترسیدارە، وا دەکات هەم خۆیان و هەم کۆمەلگەش زەرەرمەند بێت،
هەمیش منداڵەکانیان بەهرە و تواناکانی خۆیان لەدەست بدەن و ڕووبەڕووی مەترسی جددی ببنەوە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:

  • منداڵەکان بەم وشە ورە ڕووخێنەرانە، وزەیان دەڕووخێ و بڕوا و متمانەیان بە خۆیان نامێنێ و ناتوانن لەسەر پێیەکانی خۆیان بوەستن.
  • منداڵەکان ناتوانن پشت بە بەهرە و تواناکانی خۆیان ببەستن.
  • منداڵەکان لە ژیاندا ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی گەورە دەبنەوە.
    چونکە بەرگەی ئەو کێشە و گرفتانە ناگرن و چارەسەریان پێ نییە.
  • منداڵەکان لە کار و ئەرکەکانیاندا سەرکەوتوو نابن و بە دڵەڕاوکێ و دردۆنگی کار دەکەن.
  • دایک و باوکەکان ناتوانن بە شێوەیەکی چاک سوود لە توانا و بەهرەکانی منداڵەکانیان وەربگرن و توانا و بەهرەکانیان دەپووکێتەوە.
  • کۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت، چونکە وزە و سەرچاوەیەکی زۆری هزری و زانستی و مرۆڤی لەدەست دەدات.
  • ئەو جۆرە منداڵانە لە دەرفەتگەلێک بێبەش دەبن کە لە ژیاندا بۆیان دەڕەخسێت.
  • ژینگەی خێزان دەبێتە سەرچاوەی کێشە و گرفتەکان.
  • لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکان، کێشەکانیشیان گەورە دەبێت.
  • ئەگەر منداڵەکان لە بەهرە و توانایەکی چاکیش بەهرەمەند بن، بەو شەرەدەرییە نەرێنییە کە دایک و باوکەکانیان لەگەڵیان ئەنجامی دەدەن، ناتوانن ئەو بەهرە و توانایانە بخەنە کار و سەرمایەگوزاری بکەن.

چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە

هەموو مرۆڤێک، نەخاسمە منداڵ، لە ژیانی ڕۆژانەدا پێویستی بە هاندانو  پالپشتیکردن هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر کاری چاک بەردەوام بێت و بتوانێ باشتر سوود لە بەهرە و تواناکانی خۆی وەربگرێت و چاکتر هەوڵ و دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و هەمبەر کێشە و ئارێشەکانی ژیان خۆڕاگرتر بێت.
جا بۆ ئەوەی منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە بکات و سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەربگرێت، دەبێ دایک و باوکەکانی ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن:

  • پێویستە دایک و باوک هەمیشە پشت و پەنای منداڵەکانیان بن و  لە دۆخە سەخت و دژوارەکاندا بەجێیان نەهێڵن.
  • دەبێ دایک و باوک بزانن چۆن و بە چ شێوەیەک ڕەفتار و سەرەدەری لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، نەخاسمە لە دۆخە ناخۆشەکاندا.
  • دەبێ دایک و باوک پەی بە بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان ببەن.
  • نابێ دایک  وباوک، شتێک لە منداڵ داوا بکەن، کە بەدەر بێت لە بەهرە و تواناکانی ئەو.
  • نابێ دایک و باوک، وشەی ورە ڕووخێن بەکاربێنن، بەڵکو پێویستە لە بری ئەوە، هانی منداڵ بدەن بۆ کار و کۆششی زیاتر و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی گەورەتر،
  • نابێ دایک و باوک، منداڵەکانیان بە منداڵی خەڵکانی دیکە بەراورد بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک، ژینگەیەکی لەبار و گونجاو بۆ گەشەکردنی منداڵ لە گشت ڕوویەکەوە، بە تایبەتی لە ڕووی هزری و جەستەیی و زانستی و کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە لە ناو خێزان فەراهەم بکەن.
  • دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستیی و پەروەردەییەکان.
  • دەبێ دایک و باوک لە کاتی پێویست سەردانی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بکەن و سوود لە توانا و بەهرەکانیان وەربگرن.
  • برەودان بەو هۆکارگەلانە، کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ.


سەرچاوەکان



509 بینین