پێویستە خۆشەویستی ئیسلام پێش خۆشەویستی منداڵ بخرێت

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-25-15:31:00 - کۆدی بابەت: 2650
پێویستە خۆشەویستی ئیسلام پێش خۆشەویستی منداڵ بخرێت

ناوه‌ڕۆك

پێویستە بەرژەوەندی ئیسلام پێش خۆشەویستی منداڵ بخرێ

لەکاتێکدا دڵ و دەروونی دایک و باوک ئەو هەستە ڕاستگۆییەی تێدا بێ لە خۆشەویستی و سۆز و بەزەیی و ڕەحمەت بەرامبەر بە جگەرگۆشەکانیان، پێویستە ئەو هەست و سۆزە زاڵ نەبێ بەسەر خۆشەویستی بۆ جیهاد و تێکۆشان لە پێناوی خوا و گەیاندنی بانگەوازەکەی لەسەر زەویدا، چونکە بێگومان دەبێ بەرژەوەندی ئیسلام لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەکانەوە بێ. وە بە ڕاستی دەبێ دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەوپەڕی ئامانج و مەبەستی ئیماندار بێ لە ژیاندا.
لەبەرئەوە هیدایەت و ڕێنمایی مرۆڤەکان بەرزترین کارێکە ئیماندار هەوڵی خۆی بۆ بخاتە گەڕ، سوور بێ لەسەر بەدیهێنان و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی پەیامی خوا بەشێوەیەکی گونجاو.
کۆمەڵەی یەکەم لە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا (د.خ) و ئەوانەش کە بەڕاستی شوێن ئەوان کەوتن ئا بەو شێوەیە تێگەیشتبوون، جوڵە و بزوتنەوەیان نەدەزانی تەنها جیهاد و تێکۆشان نەبێ، ڕاگەیاندنیان تەنها بانگەواز بوو بۆ دینی خوا، هەموو مەبەست و ئامانجێکیان تەنها ئیسلام بوو.
بۆیە سەیر نییە کە دەبیستن لە مێژوودا چەندەها داستانی گەورەیان تۆمار کردووە لەپێناوی گەیاندنی پەیامی ئیسلام و، بەرزکردنەوەی ئاڵا و پەرچەمی (لا الە الا اللە) دا.. وە بەلاتانەوە سەیر نەبێ کە لەو پێناوەدا قوربانیان داوە بە بەهاترین و بەنرخترین شت، وە ئاواتە خوازی شەهیدبوون بوون لە پێناوی خوادا.
ئەوەش ئێوە و وتەکەی عوبادەی کوڕی صامت ڕەزای خوای لێ بێ لەبەردەم پادشای میصڕدا کە ناوی مقەوقەس بوو، پاشای میصڕ مقەوقەس عوبادەی ترساند بەزۆری لەشکری ڕۆم و، بوغرا بوو بوو بە سامان و پارە و پولەکەی، عوبادە ڕەزای خوای لێ بێ پێی گوت: (ئەی پاشا! لەخۆت بایی مەبە خۆت و شوێنکەوتوانت هەڵمەخەڵەتێنە.. ئەگەر بە زۆری لەشکری ڕۆم ئەمانترسێنی کە ئێمە سەرناکەوین بەسەرتاندا، ئەوە ئێمە لەوە ناترسین، ئەگەر ئەوەی دەیڵێی ڕاست بێ، ئەوا ئێمە یەکێ لەم دوو شتە چاکەمان دەست دەکەوێ، ئەگەر سەرکەوتین بەسەرتاندا ئەوا ئەو ماڵ و سامانەی شانازی پێوە دەکەن و پێی بوغرا بوون بۆ ئێمە دەبێ و غەنیمەتە و دەسکەوتی جەنگیە بۆ ئێمە، خۆ ئەگەر ئێوەش سەرکەوتن بەسەرماندا کە بەزۆریش نییە، خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ: (كَمْ مِنْ فِئَةٍ قَلِيلَةٍ غَلَبَتْ فِئَةً كَثِيرَةً بِإِذْنِ اللَّهِ ۗ وَاللَّهُ مَعَ الصَّابِرِينَ) البقرة:٢٤٩، واتە: چەندەها جار دەستەی کەم زاڵبوون بەسەر دەستەی زۆردا بەفەرمانی خوا، خوا یار و یاوەری خۆڕاگر و ئارامگرانە.
هەروەها هەر یەکێ لە ئێمە بەیانیان و ئێواران لە خوا دەپاڕێتەوە شەهید بێ و بە پلەی بەرزی شەهادەت بگات و، نەگەڕێتەوە بۆ ناو وڵات و کەس و کار و منداڵەکانی. هیچ کەسێ لە ئێمە خەمی ماڵ و منداڵی بەجێهێشتووی نییە، هەریەکێ لە ئێمە ماڵ و منداڵەکانی ڕاسپاردووە بە پەروەردگاری خۆی، خەمی ئێمە تێکۆشان و جیهادە لە پێناوی خوا و بەرزکردنەوەی وشەی خودا. ئەوەش کە دەڵێی ئێوە ژیانتان سەختە و ماڵ و سامانتان نییە، ئەوا ئێمە لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و بەختەوەریداین، ئەگەر دنیا هەر هەمووی بۆ ئێمە بێ ئێمە لەوە زیاترمان ناوێ کە ئێستا هەمانە).
ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی عوبادە یەکێکە لە هەزاران هەڵوێستی باو باپیرە ئازاکانمان کە بەدرێژایی مێژوو تۆماریان کردووە، ئەو لەخۆبوردەیی و ئازایەتی و گیان فیداییەی کە هەیانبووە لە پێناوی خوا، خۆشەویستیان بۆ بانگەوازی ئیسلام و جیهاد و تێکۆشان خستبووە پێش خۆشەویستی ماڵ و منداڵ و هۆز و نیشتیمان.. پەیڕەوی ئەم ئایەتە پیرۆزەیان دەکرد کە خوای گەورە دەفەرموێت: (لْ إِن كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ وَأَزْوَاجُكُمْ وَعَشِيرَتُكُمْ وَأَمْوَالٌ اقْتَرَفْتُمُوهَا وَتِجَارَةٌ تَخْشَوْنَ كَسَادَهَا وَمَسَاكِنُ تَرْضَوْنَهَا أَحَبَّ إِلَيْكُم مِّنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ وَجِهَادٍ فِي سَبِيلِهِ فَتَرَبَّصُوا حَتَّىٰ يَأْتِيَ اللَّهُ بِأَمْرِهِ ۗ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ) التوبة:٢٤، واتە: ئەی پێغەمبەر! پێیان بڵێ: ئەگەر باوک و کوڕ براو، ژن و خێزان و کۆمەڵ و خێڵ و خزمتان، ماڵ و سامانێک پەیداتان کردووە و بازرگانیەک دەترسن ڕەواجی نەمێنێ، ئەو خانوبەرە و کۆشک و تەلارانەی کە بەلاتانەوە خۆش و جوان و دڵگیرن، هەریەک لەمانەتان لە خوا و پێغەمبەرەکەی لاخۆشەویستر بێت، خۆتان بگرن و چاوەڕێ بن هەتا فەرمان لە خواوە دێت و سزای سەختتان دەدات، خواش ڕێنمایی لە شەرع و دەرچووان ناکات بۆ هیچ خێر و چاکەیەک.
یەکێکی تر لەو ڕووداو و بەسەرهاتە ڕەسەنانەی کە دەیگێڕنەوە لە پێشەوای شەهید حەسەن بەنناوە ئەوەیە: پێشەوا هەمیشە عادەتی وابوو ئەو گەنجانەی بانگەوازیان دەکرد بۆ ئاینی خوا بەسەری دەکردنەوە، لە هەموو جەژنەکاندا ئەچوو بۆ قەزا و ناحییەکان بۆلایان.. جارێکیان وەک عادەتی هەمیشەیی خۆی ئەیەوێ بڕوات بۆ ناو گەنجەکان و جەژنیان لەگەڵدا بکا، لەوکاتەدا سەیفی کوڕی زۆر نەخۆش دەبێ بەتەمای مانی نابن، خێزانەکەی پێی دەڵێ: خۆزگە ئەم جەژنەت لەگەڵ دەکردین بەخۆشی و چاویشت لە سەیف دەبوو لەپاڵ سەریا ئەبووی کە نەخۆشە، ئەویش جانتای سەفەری هەڵگرتبوو وەڵامی دایەوە و وتی: ئەگەر خودای گەورە خەڵاتی خۆی بەخشییەوە پێمان و چاک بوویەوە ئەوا سوپاس و ستایش هەر بۆ خوایە و خەڵاتی ئەوە، خۆ ئەگەر ویستی خوا وابوو بمرێ ئەوە باپیری ڕێگەی گۆڕستان شارەزایە! پاشان چووە دەرەوە لەبەر خۆیەوە ئەم ئایەتەی ئەخوێندەوە: (قُلْ إِن كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ..) تا کۆتایی ئایەتە، التوبة:٢٤.
(اللە أکبر) گەورەیی هەر بۆ خوایە! ئا بەو شێوەیەیە خۆبەختکردن لەپێناوی بەرزکردنەوەی وتەی خوادا.(اللە أکبر) گەورەیی هەر بۆ خوایە! بەو شێوەیەیە بانگەواز بۆ دینی خوا.. ئەگەر پێشینی چاک و پیاوانی بانگخواز هەر ئەم هەڵوێستانەیان بنواندایە بە درێژایی ڕۆژگار ئەوەندەیان بەس بوو تا قیامەت فەخر و شانازیان پێوە بکرایە!!..
ئەی باوکی ئیماندار! پێویستە خۆشەویستی ئیسلام و تێکۆشان و بانگەواز بۆ لای خوا زاڵ بێ بەسەر دڵ و ئەندامەکانی جەستەدا، بیخەیتە پێش خۆشەویستی ماڵ و منداڵ و هۆزەکەتەوە، تا کە بۆت ببێتە پاڵنەرێک بۆ بانگەواز کردن بۆ لای خوا و بەرزکردنەوەی ئاڵای جیهاد و تێکۆشان، وە بۆ ئامادەکردنی پیاوانێک کە بە هێزی بازوویان بونیادی شکۆمەندی بینای ئیسلام بکەن، بە عیزەت و دەسەڵاتیان دەوڵەتی قورئان دروست بکەن، ئەو گیان و کەرامەت و بڵندییەی کە ساڵانێکە لە نەتەوەی موحەممەد زەوت کراوە بیگێڕنەوە، ئەمەش لای خوای گەورە و بەدەسەڵات قورس و گران نییە.
گوێ بگرە بزانە پێغەمبەری خوا (د.خ) چی دەفەرموێ دەربارەی ئەوانەی دەیانەوێ ئیمانیان تەواو بکەن و لەناخی دڵیانەوە خۆشی ئیمان بچێژن، هەروەها ویژدانیان لە ناخەوە هەست بە خۆشی بکات.
ئەنەس ڕەزای خوای لێ بێ گێڕاویەتیەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (ثلاثٌ من كن فيه وجد بهن حلاوة الإيمان، من كان الله ورسوله أحبَّ إليه مما سواهما، وأن يحب المرء لا يحبه إلا لله، وأن يكره أن يعود في الكفر بعد أن أنقذه الله منه، كما يكره أن يقذف في النار) واتە: هەر کەسێ ئەم سێ شتەی تێدابێ تامی شیرینی ئیمان دەچێژێت: خوا و پێغەمبەری لە هەموو شتێ زیاتر لا خۆشەویستر بێ، هەرکەسێکی خۆشویست تەنها لەبەر ڕەزامەندی خوا خۆشی بوێ، چۆن حەز ناکات بیخەیتە ناو ئاگرەوە ئاواش حەز نەکات بگەڕێتەوە بۆ سەر کوفر و بێباوەڕی.
عومەری کوڕی خەتتاب ڕەزای خوای لێبێ بە پێغەمبەری خوای (د.خ) فەرموو: (لا یوؤمن أحدکم حتی أکون أحب إلیە من نفسە) واتە: هیچ کەسێ لە ئێوە ئیمانی تەواوی نییە تا منی لە نەفسی خۆی زیاتر خۆشنەوێت، عومەر فەرمووی: سوێند بەوەی قورئانی بۆ دابەزاندووی کە خوایە ئێستا تۆم لە خۆم خۆشتردەوێت، پێغەمبەر (د.خ) فەرمووی: (الان یا عمر)!!.. ئا ئێستا ئیمانەکەت تەواوە ئەی عومەر.
لە فەرموودەی ڕاست و دروست جەسپاوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (لا یوؤمن أحدکم حتی یکون هواە تبعا لما جئت بە) واتە: ئیمانی تەواو نابێ هەر یەکێ لە ئیوە تا کار و کرداری بەپێی سوننەت نەبێ، پێویستە شوێن هەوا و هەوەسی خۆی نەکەوێ و هەواو هەوەسی بکاتە شوێن کەوتەی شەرع.
ئیمام بوخاری و موسلیم لە پێغەمبەری خواوە (د.خ) دەگێڕنەوە کە فەرموویەتی: (لا یوؤمن أحدکم حتی أکون أحب إلیە من مالە وولدە و الناس أجمعین) واتە: هیچ کەسێ لە ئێوە ئیمانی تەواو نییە تا منی لا خۆشەویستر نەبێ لە ماڵ و منداڵی و هەموو خەڵک بەگشتی. 


سەرچاوەکان



586 بینین