شیر چۆن دەگۆڕێت بۆ ماست؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-01-13:29:00 - کۆدی بابەت: 2796
شیر چۆن دەگۆڕێت بۆ ماست؟

ناوه‌ڕۆك

شیر چۆن دەگۆڕێت بۆ ماست؟

شیر تەنیا خۆراکێکە هەموو توخمە بنەڕەتییەکانی تێدا بێت. کە بریتییە لە تێکەڵەیەک لە ئاو و ڕۆن و پڕۆتین و شەکر و خوێ نائەندامییەکان.
مانگا سەرچاوەی سەرەکیی شیرە لە جیهاندا. بەڵام لە هەندێک وڵاتدا گامێش و مەڕ و بزن و ئاسک و حوشتر دەستی دەخەن. نیوە ئەو شیرەی هندییەکان بەکاری دەبەن لە گامێشەوە دەستیان دەکەوێت.
کاتێک ماستی مەیو (هەوێن) دەکرێتە ناو شیرەوە لە هاویندا، لە ماوەی چوار کاتژمێردا دەبێتە ماست و لە زستانیشدا لە ماوەی دوانزە کاتژمێردا. ئایا دەزانیت شیر چۆن دەگۆڕێت بۆ ماست؟
شیر پڕۆتینێکی تیایە پێی دەوترێت کازین، ئەو پڕۆتینە ڕەنگی سپی دەداتە شیر. نرخە خۆراکییەکەشی زۆر بەرزە. لەبەر ئەوەی هەموو ترشە ئەمینییەکانی تێدایە کە لەش پێویستی پێیەتی. 
ماستیش لە ئەنجامی کارلێکی کیمیاوی لە نێوان بەکتریای ترشیە ماستەکە و کازین دا دەبێت. کاتێک هەوێن دەکەینە ناو شیرەکەوە، بەکتریای ترشی کە لە ماستەکەدایە دەبێتە هۆی مەینی کازینەکە. بەو جۆرە شیرەکە دەگۆڕێت بۆ ماست. مرۆڤ لە دێر زەمانەوە ماستی بەکارهێناوە و، بۆ نەخۆشییەکانی گەدە زۆر بە سوودە و یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەدات کە بە شێوەیەکی باش ئیشی خۆی بکات.
لە کۆندا ماست وەکو دەرمان فرۆشراوە. چونکە ئەو بەکتریایەی تێیدایە ڕیخۆڵەکان پاک دەکاتەوە. پسپۆڕان دەڵێن خواردنی ماست بە شێوەیەکی ڕێک و پێک بەرگری لە نەخۆشییەکانی گەدە دەکات.
خەڵکی بە چەندین ڕێگەی جیاواز ماست بەکار دەهێنن، هی وا هەن خوێی تێ دەکەن و دەیخۆن، هەشە شەکری تێدەکات. لە هەرێمی بەنگالی هینندا پێس ئەوەی شیرەکە بکەنە ماست، شەکری تێدەکەن و دوای ئەوە دەیکەنە ماست بۆ ئەوەی ماستێکی شیرین بفرۆشن.


سەرچاوەکان



769 بینین