بەکتریا فلۆراکان

له‌لایه‌ن: - بەڕێز کوردە بەڕێز کوردە - به‌روار: 2022-02-06-02:16:00 - کۆدی بابەت: 3233
بەکتریا فلۆراکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

بەکتریا ئاساییەکان یان فلۆراکان (بە ئینگلیزی: Normal flora) کە بە بەکتریا سوودبەخشەکان ناسراون، بریتین لەو بەکتریایانەی بە شێوەیەکی ئاسایی لەناو لەشی مرۆڤدا بوونیان هەیە، ژمارەیەکی هەمەجۆری میکڕۆبەکان هەن کە پەیوەندییان لەگەڵ پێست و لینجەپەردەی خانەکانی تەواوی مرۆڤایەتی هەیە هەر لەیەکەم ساتی لەدایک بوون تاوەکوو کاتی مردنیان. لەشی مرۆڤ بەنزیکەیی پێکهاتووە لە ١٠ توان ١٣ خانە، بە شێوەیەکی گشتی ١٠ توان ١٤ بەکتریا لەخۆ دەگرێت. میکڕۆبە سوودبەخشەکان ژمارەیان جێگیرە و هەر جۆر و ڕەگەزێکی تایبەت لە میکڕۆبە ئاسایییەکان (فلۆرا) لە ماوەی ژیانی هەر تاکێک لە ئەندامە جیاوازەکانی لەشی مرۆڤدا هەن. فلۆراکان دەکرێت سوود بە تاک بگەیێنن لە میانەی پێشبڕکێکردن لەگەڵ بەکتریای هۆکاری نەخۆشی وەک جۆرەکانی بەکتریای سالمۆنێلا (Salmonella spp) بۆ دەستکەوتنی ژینگەی حەوانەوەیان یان کاتێک بەکتریاکان ماددەیەک دروست دەکەن و لەلایەن تاکەکەوە بەکاردێت وەکوو سوود، بەڵام زۆرجاریش ئەو ماددە دەردراوانە دەکرێت ببنە هۆکاری زیان بۆ تاکەکە، بۆ نموونە دروستبوونی کلۆری ددانەکان، دروستبوونی دومەڵی کێماوی و چەند جۆرە نەخۆشیێکی تری میکڕۆبی یاخوود بە شێوەیەکی هاوژیانی خۆیان دەگونجێنێن لەگەڵ مرۆڤدا و بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵی دەمێننەوە بەبێ گەیاندنی هیچ سوود و زیانێک. لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی میکڕۆبەکانی جێگیربوو لە پێست، نینۆک، چاو، قوڕگ، گەدە و ڕێڕەوی میزەڕۆی مرۆڤدا بێزیانن لە تاکێکی لەشساغدا، واتا تەنیا لەو کەسانەدا دەبنە هۆکاری نەخۆشی کە کۆئەندامی بەرگریی لەشیان سست بووە. ڤایرۆس و مشەخۆرەکان بە بەشێک لە میکڕۆبە ئاسایییەکان دانانرێن چونکە ناتوانن بەشێوەیەکی هاوژیانی لەگەڵ مرۆڤ بژین و سوودیش ناگەیەنن بە تاکەکە. 

گرنگیی فلۆرا ئاسایییەکان

بەکتریا ئاسایییەکان لە لەشی مرۆڤدا لەدوای لەدایکبوون بەشێوەیەکی ڕێکوپێک گەشە دەکەن. سەرەکیترین هۆکاری دیارکەری پێکهاتەی فلۆرا ئاسایییەکان لە شوێنە جیاجیاکانی لەش بریتین لە سروشتی ژینگەی خۆجێیی وەکوو پلەی گەرمی، ڕێژەی ترشێتی، ئاو، ڕێژەی خۆراک، ڕیژەی ئۆکسجین، کارلێکی لێکردنەوە و پێوەنووسان و هۆکارەکانی تری وەکوو لیکی دەم، جووڵەی خۆراک لە گەدە، دەردانی ئەنزیمی شیکەرەوە و دەردراوەکانی کۆئەندامی بەرگری ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆنتڕۆڵکرنی میکڕۆبە ئاسایییەکاندا هەیە. 
هەر یەک لە ژینگە خۆجێییەکان هەوڵ دەدات زاڵ بێت بەسەر ئەوەی تریان، بۆ نموونە کۆرپەیەک هەر لە کاتی تێپەڕبوونی بە ڕێڕەوی لەدایکبوونەوە لەگەڵ میکڕۆبەکانەوە لە پەیوەندیدا دەبێت، ئەگەر کۆرپەکە شیری دایکی بخوات ئەوا لە پەیوەندیدا دەبێت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەکتریای گڕام پۆزەتیڤی بیفیدۆبەکتریا ئەراید و لاکتۆباسیلای (Bifidobacteria arid lactobacilli) کە لە کۆئەندامی هەرسدا باون، بەڵام کاتێک منداڵەکە شیری قوتوو دەخوا ژمارەی ئەم بەکتریایانە لەلایەن بەکتریای ئاساییی گڕام نێگەتیڤی ئینترۆبەکتریەیسی (Enterobacteriaceae) کەم دەکرێتەوە. 

جۆری ئەو شلەیەی وەک ژەمە خۆراک دەدرێت بە منداڵەکە ڕۆڵی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی فلۆرا ئاساییەکان. 
چەند توێژینەوەیەک کە لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ ئەنجامدراون دەڵێن کە فلۆرا ئاسایییەکان هانی پتەویی ئەندامەکان، فیسیۆلۆجیی کارکردنی خانەکانی لەش و ماوەی ژیانی تاک دەدەن.

فلۆرا ئاسایییەکانی پێست 

پێکهاتەی بەکتریا ئاسایییەکانی پێست لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕێت بەپێی سروشتی ژینگەی وردی میکڕۆبەکان. 
بەکتریا ئاسایییە جیاوازەکان بەسەر سێ ناوچەی پێستدا دابەشکراون:

١- ناوچەی بنباڵ، ناوگەڵ (دامێن) و پەنجەی پێیەکان 
٢- ناوچەی دەست، ڕووخسار و ناوچەی قەد
٣- بەشی سەرەوەی قۆڵ و قاچەکان 

ئەو ناوچانەی پێست کە داخراون یان جووتکردنیان هەیە وەکوو ناوچەی بنباڵ، ناوچەی ناوگەڵ و ناو پەنجەی پێیەکان ژمارەیەکی زیاتر لە بەکتریا لەخۆ دەگرن وەک لەو ناوچانەی کە کەمتر داخراون و بەسەریەکەوە نین وەکوو قۆڵ، قاچ و ناوقەد، ئەم جیاوازییە چەندیەتییەی بەکتریاکان دەکرێت بەهۆی بەرزی ڕێژەی شێ، پلەی گەرمی و چڕی ئەو چەوریانەی لە پێستەوە دەردەدرێن بگۆڕێت.

ناوچەکانی بنباڵ، ناوگەڵ و پەنجەی پێیەکان زیاتر بە بەکتریا گڕام نێگەتیڤە چیلکەیییەکان داگیرکراون بە بەراورد لەگەڵ ناوچە وشکەکانی تری پێست. ژمارەی بەکتریاکانی سەر پێستی هەر تاکێک بە شێوەیەکی ڕێژەیی جێگیر دەمێننەوە.

توانای بەکتریا بۆ مانەوە لە ژیان و ئەو بوارەی کە داگیری دەکەن بەشێکی دەوستێتە سەر ئەو ژینگەیەی پێست کە بەرکەوتەی لەگەڵ هەیە، بەشێکی تریش پەیوەستە بە زگماکی و بەشەکەی تریش دەوەستێتە سەر چالاکی ئەو بەکتریاکوژانەی بۆ پێست بەکاردێن، هەروەها توانای پێوەنووسانی بەکتریا بۆ توێژی سەر ڕووی خانەکان بە پلەیەکی گرنگ بەشدارە.

ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر دیاریکردنی چڕیی ڕێژەی بەکتریای سەر پێست دەکرێن ئەنجامەکانیان ناجێگیرن، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە چەند ڕێگەیەکی جیاواز بەکار دەهێنرێن بۆ کۆکردنەوەی بەکتریای سەر پێست. 

ڕێگای ڕووشاندنی چینێکی تەنکی پێست (Scrubing) بۆ بەدەستخستنی ئەو خانانەی کە نموونەی بەکتریایان لەسەرە بە یەکێک لە باشترین و گونجاوترین ڕێگەکان دادەنرێت بۆ بەدەستخستنی ژمارەیەکی زۆری بەکتریای مەبەست لەسەر پێست.

زۆربەی بەکتریاکانی پێست لە چینی سەرەوەی پێست (stratum cornneum) و لە چینی دەرەوەی سەلکەمووەکان گەشە دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان دەتوانن لە بەشەکانی ناوەوەی مووەکان گەشە بکەن کە ئەگەر بەشی سەرەوەی بەکتریاکانیش لاببرێن ئەوا دوبارە گەشەدەکەنەوە و ئەو ناوچەیە داگیردەکەنەوە.

چەند نموونەیەکی ئەو بەکتریایانەی لە سەر پێست گەشەدەکەن، وەکوو:

١- ستافیلۆکۆکەس ئیپیدێرمیس (Staphylococcus epidermidis): ئەو بەکتریایە %٩٠ ناوچەکانی پێست داگیر دەکات. 

٢ -ستافیلۆکۆکەس ئەوریەس (staphylococcus aureus): بەکتریای س.ئەوریەس لە ناوچەی لووت و ناوگەڵدا باوە و بەپێی تەمەن ڕێژەکەی دەگۆڕێت، لە پێستی منداڵاندا زیاترە وەک لە گەنجەکان. لە هەندێک حاڵەتیش دەبنە هۆکاری بەشێک لە نەخۆشییەکانی پێست. 

٣- مایکڕۆکۆکای (micrococci): بە بەکتریایێکی ناباوی پێست دادەنرێت بەڵام لە پێستێکی ئاساییدا جۆری مایکڕۆکۆکەس.لوتیوس بەدی دەکرێت.

٤- دیفیثریۆیدس، کە بەشێکن لە کۆرین فۆڕمەکان (Diphtheroids (Coryneforms: دیفیثریۆیدەکانی سەر پێست دابەشدەکرێن بۆ چەند جۆرێک، کە هەندێکیان لە ناوچەی بنباڵ و شوێنە موودارەکان گەشەدەکەن و بەشداریشن لە نەخۆشییەکانی ئەم ناوچەیە، هەشیانە لە ناوچە بێمووەکاندان، بەشێکیتریشیان لە ناوچەی چەورییە ڕژێنەکاندا گەشە دەکەن.

٥- سترێپتۆکۆکای (Streptococci): بەکتریای سترێپتۆکۆکای، بەتایبەتتریش جۆری شیکەرەوەی خوێنی بێتا (beta-hemolytic) زۆر بەکەمی لەسەر پێست گەشە دەکەن. گرووپەکانی تری سترێپتۆکۆکای وەکوو ئەلفا هێمۆلیتیک زیاتر لە ناوچەی دەمدا بەدی دەکرێن، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا دەگوازرێنەوە بۆ سەر پێست.

٦- بەکتریای باسیلای گڕام نێگەتیڤ (Gram negative bacilli): ئەم جۆرەیان ڕێژەیەکی کەم لە فلۆرای پێست پێکدێنن. بە ڕێژەیەکی نائاسایی لە گەدە بەدی دەکرێن، بەڵام ئەو ڕێژە کەمەی لەسەر پێستن زۆرتر لە ناوچە شێدارەکان و ئەو ناوچانەی پێستی دوو شوێن بەیەک دەگەن بەدی دەکرێن وەکوو ناوچەی پەنجەی پێیەکان و ناوچە موودارەکان .

نەهێشتنی شێ و هۆکارەکانی، دەبێتە ڕێگرێک بۆ دووهێندبوونی بەکتریا گڕام نێگەتیڤەکان لەسەر پێست وەکوو ئینترۆبەکتێر (Entrobacter)، کلیبسێلا (Klebsiella)، ئیشیریشیا کۆلای (Escherichia coli)، جۆرەکانی بەکتریای پڕۆتیوس (Proteus spp) و ئەساینیتۆبەکتێر (Acinetobacter) کە ئەمانە جۆرە باوەکانی بەکتریای گڕام نێگەتیڤی سەر پێستن.

فلۆرا ئاسایییەکانی سەر نینۆکەکان

فلۆرای نینۆکەکان وەک فلۆرای پێستە بەڵام ڕێژەیەکی کەمتر لەو بەکتریایانە لە نینۆکدا هەیە، نینۆنەکان زیاتر کەڕوویان هەیە بە پشت بەستن بەوەی کە نینۆکەکان بەرکەوتەیان لەگەڵ چیدا هەیە، دەنکەکانی تۆز و خۆڵ و تەنە نامۆکانی تر دەکرێت لە سەر نینۆک و ژێرنینۆکەکان بنیشن و ببنە هەڵگری دەزوو و سپۆری کەڕووەکان بە پلە یەک و بەکتریای باسیلای بە ڕێژەیەکی کەم.

کەڕووی جۆرەکانی ئەسپەرجیلەس (Aspergillus)، پەنسیلینیەم (Penicillinium)، کلادۆسپۆڕەم (Cladosporium) و موکەر (Mucor) باوترین جۆرەکانی کەڕوون کە لەسەر نینۆکەکان دۆزراونەتەوە.

فلۆرا ئاسایییەکانی دەم و بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسەدان 

فلۆراکانی ناوچەی دەم بەشدارن لە دروستکردنی کلۆری ددانەکان و تێکدانیان کە لە %٨٠ـی خەڵکی خۆرئاوای زەوی دەکرێت تووشی هاتبن.
فلۆرای ناو دەم لەگەڵ تاکەکەدا کارلێک دەکات و وەڵامی هۆکارە ژینگەیییەکان دەداتەوە.
بەکتریا ناهەوایییەکان واتا ئەوانەی بەبێ بوونی ئۆکسجین دەتوانن گەشە بکەن لە دەمدا دەبنە هۆی هەوکردنەکانی پێست و مێشک و سییەکان کە دووومەڵی کێماوی دروست دەکەن.
لە ناوچەی گەروو و بۆڕی هەوادا لەو جۆرە بەکتریا (فلۆرا)ـیانە هەیە کە لە دەمدا هەن.
ئەو بەکتریایانەی کە دەتوانن نەخۆشی دروست بکەن وەکوو هێیمۆفیلەس (Haemophilus)، مایکۆپلازما (mycoplasma)و نیومۆکۆکای (pneumococci) دەکرێت لە ناوچەی گەروو بەدی بکرێن. بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە یەکەم شوێنە کە لەلایەن بەکتریای هۆکاری نەخۆشییەوە داگیردەکرێت لە کاتێکدا بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەناسە شوێنێکی پاکە لە بەکتریا زیانبەخشەکان چونکە ناتوانن یەکسەر پێی بگەن، بەڵام ئەگەر بەکتریاکان بگەن بەو ناوچەیە ئەوا ڕووبەڕووی میکانیزمی بەرگری تاکەکە دەبنەوە وەکوو هەڵلوشێنەرە گەورەکانی سیکڵدانۆچکەکان کە لە بەشی گەروودا نین.

فلۆرا ئاسایییەکانی کۆئەندامی هەرس 

بە شێوەیەکی گشتی گەدە ژینگەیەکی نەگونجاوە بۆ بەکتریاکان، بەکتریاکان لەڕێگەی قوتدانی خۆراکەوە دەگوازرێنەوە بۆ گەدە هەندێکجاریش بەکریای ناودەم دەگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچەیە.
ئەو ترشێتیەی لە گەدەدا هەیە ڕێژەی بەکتریاکان تا ڕادەیەک کەم دەکاتەوە.
هەندێک لە جۆرەکانی بەکتریای هێلیکۆبەکتێر (Helicobacter spp) دەتوانن بە گەشەکردنیان ناوچەی گەدە داگیربکەن و هەروەها بەشداریشن لە نەخۆشییەکانی هەوکردنی گەدەی جۆری بی (Gastritis type B) و دروستکردنی برینی گەدە (Peptic ulcer). جموجۆڵی خێرای خۆراک لە گەدەدا لەگەڵ دەردرانی زەرداو دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەکتریاکان. 
لەو شوێنانەی گەدە کە هیچ هەوایەکی لێ نییە بەکتریا ناهەوایییەکان گەشە دەکەن و بەرهەمی پاشماوەی خۆیان دەردەدەن لە ئەنجامی زیندەچالاکییەکانیان وەک ترشی لاکتیک، بیوتاریک و ئەسیتیک، ئەم ژینگە ناهەوایییە و ئەم پاشماوە خۆراکیانە دەبنە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی گەشەی بەکتریاکانی تر لە ڕیخۆڵە ئەستوورە، واتا بەشێک لە بەکتریاکان بە دەردانی چەند پاشماوەیەکی خۆیان ڕێگری دەکەن لەگەشەی بەکتریا زیانبەخشەکان، هەروەها بەشێکیشیان یارمەتی کرداری هەرسکردن دەدەن لە گەدەدا وەکو لاکتۆباسیلەس، بیفیدۆبەکتریەم و کڵۆستریدیەم... هتد.

فلۆرا ئاسایییەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ و زاوزێ

جۆری ئەو بەکتریایانەی کە لە کۆئەندامی زاوزێی ئافرەتاندا هەیە بەندە لەسەر تەمەن، ڕێژەی ترشێتی زێ و ڕێژەی هۆڕمۆنەکان.
بەکتریای لاکتۆباسیلەس یەکێکە لە بەکتریا زۆر باوەکان لە زێی منداڵ کە ڕێژەی ترشێتی ئەم ناوچەیەیان بە نزیکەیی پێنجە. لە تەمەنی یەک مانگی تاوەکوو تەمەنی هەرزەکاری ڕەنگە ماددەی گلایکۆجین بوەستێت لە دەردان، لەم بارودۆخەدا بەکتریای سترێپتۆکۆکای، ئیکۆلای و دیفیثریۆید باو دەبن کە لە ژینگەی ترشێتی حەوتدا گەشەدەکەن، دوای ئەم قۆناغە دەردانی گلایکۆجین دەست پێ دەکاتەوە و ڕێژەی ترشێتی زیاد دەبێت وە جۆری فلۆراکان دەبنە ئەو جۆرانەی کە لە گەنجان و ئافرەتاندا هەیە وەکوو لاکتۆباسیلەس ئەسیدۆفیلەس، بەکتریۆید و چەندانی تر، بەڵام دوای دەست پێ کردنی سوڕی مانگانە دووبارە ڕێژەی ترشێتی بەرز دەبێتەوە و ڕێژەی گلایکۆجین کەم دەبێتەوە و دووبارە لەو جۆرە بەکتریایانەی تەمەنی هەرزەکاری دەست بە گەشە دەکەنەوە. هەندێک جار چەند جۆرێکی کەڕوو لە زێدا گەشە دەکەن بەتایبەتی جۆری کاندیدا ئەلبیکانس کە زیانبەخشن و دەبنە هۆی هەوکردنی زێ.

فلۆرا ئاسایییەکانی چاوەکان 

لەسەدا ١٧ بۆ ٤٩ـی ئەو نموونانەی کە لە چاو وەردەگیرێن و دەچێنرێن ئەنجامەکانیان نەرێنیە واتە هیچ بەکتریایەک لەسەر ناوەندی چاندن گەشە ناکات، ئەنزیمی شیکەرەوەی لایسۆزایم کە لە فرمێسکدا هەیە دەورێکی باشی هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی گەشەی بەکتریاکان بە هاوئاهەنگی کردن لەگەڵ دروستبوونی پەردەی خانەکانیان.


سەرچاوەکان



4884 بینین