واتای زاراوەی ئەزموون لە کۆمەڵناسیدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-26-23:28:00 - کۆدی بابەت: 4876
واتای زاراوەی ئەزموون لە کۆمەڵناسیدا
زاراوە هەمەڕەنگەکان

 شیکاری زاراوەی ئەزموون لە کۆمەڵناسیدا ، واتای زاراوەی ئەزموون لە کۆمەڵناسیدا ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

 شیکاری زاراوەی ئەزموون لە کۆمەڵناسیدا

ئەزموون بریتییە لە تاقیکردنەوەی بەحسێک لە لایەن توێژەرێکەوە و لە هەل و مەرجێکی تەواو  کۆنترۆڵ کراودا، لە کۆمەڵناسیدا مەودای شێوازی ئەزموون بەتەسکتر و سنووردارتر لە زانستە سروشتییەکانە.

لە ئەزموونی کۆمەڵناسیدا تەنیا دەتوانین ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی بخەینە ناو بازنەی توێژینەوە، هەروەها چونکە ئەو ژمارەیەش دەزانن چاودێری بەسەر کاریاندا دەکرێ و لەسەریان دەکۆڵنەوە، ڕەنگە بە ئاوەژووی ڕەوتی ئاسایی کارەکەیان ببزوونەوە، لە دەیەی ١٩٣٠دا ئەو توێژەرانەی کە لە کارخانەی هاوسۆرنی کۆمپانیای ڤێرستێرن ئەلکتریک خەریکی توێژینەوە لەسەر ڕادەی لێهاتووی کرێکاران بوون، بە سەرسووڕمانەوە بینیان کە لێهاتووی کرێکاران بەهەر گۆڕانێک لە بارودۆخدا (وەکو ژەم و زۆرکردنی ڕادەی ڕووناکی، پشوودان، کەم و زۆرکردنی ژمارەی گروپی کرێکاران) بەردەوام لە زۆربووندایە، ئەمەیان ناو نا ئاسەواری هاوسۆرن (Hawthorne effect).

ئەزموون بە دوو جۆری ئەزموونی تاقیگەیی و ئەزموونی ئاسایی یان سروشتی جێبەجێ دەکرێ. لە تاقیگەدا توێژەر بۆی هەیە بە وردبوونەوەیەکی زیاتر هەل و مەرجی تاقیکردنەوە دابین بکات، بەڵام خاڵی لاوازی ئەم شێوازە ئەوەیە کە نەتوانین ئەنجامی ئەزموونی تاقیگەیی بە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕووداوەکانی کۆمەڵگا بزانین، هەروەها لە ئەزموونی ئاسایی یا سروشتیدا ناکرێ هەموو ئەو ڕووداوە لاوەکییانەی کە ڕەچاو نەکراون کۆنترۆڵ بکرێن. بۆ ئەزموونی تاقیگەیی دەتوانین بە ئەزموونی (ئەنگێزەی پێشکەوتن لە ئافرەتان)ـی هۆڕنێر ئاماژە کەین کە دەستی دا بە توێژینەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئەم چەمکەی کە بۆچی ژنان لە چاو پیاوان پێشکەوتنێکی کەمتریان هەیە. ئەم بیردۆزیە بە بیردۆزەی ترس لە سەرکەوتن بەناوبانگ بوو، ئەم ئەزموونە بریتی بوو لە ژن و پیاوانێ کە لە دوو دانیشتنی جیاوازدا کۆوە دەبوون و دوو چیرۆکی ناتەواویان پێ دەدرا و پاش خوێندنەوە هەریەکەیان بە بۆچوونی خۆی دەبوا بە ئەنجامی بگەینێ، ئەم ئەزموونە دانی بەسەر ئەم بیردۆزەدا نا کە نیازی ژنان بە ئەوین و خۆشەویستی پیاوان هۆی ترسانیانە لە سەرکەوتن و لەو ڕکەبەڕێیانەدا کە لەگەڵ پیاوان ڕووبەڕوو دەبن.

ئەزموون لە شوێنی ئاساییدا وەکوو ئەزموونی تاقییگەیی پێویستی بە هەل و مەرجی کۆنترۆڵ هەیە، واتە ڕەچآوکردنی گرووپی ئەزموون، گروپی کۆنترۆڵ، بزوێنەر، وەڵام و تاقیکردنەوەی ئەوەی کە بزوێنەر دەبێتە هۆی وەڵآم دانەوە یان نا، یەکێک لە گرنگترین گەڵاڵەکانی ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکا، یارمەتی دانی توێژە دەستکوورتەکانی کۆمەڵگایە، بۆ ئەم مەبەستە بە پارەدان و وەرنەگرتنی باج لەو کەسانەی کە بێکارن یاخود داهاتیان ئەوەندە نییە کە پێداویستی ژیانیان پێی دابین کەن، یارمەتییان دەدەن، لە ساڵی ١٩٦٠ ئەم بیرە هاتە کایەوە کە ڕەنگە ئەم یارمەتیدانە مەیلی کارکردن و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر لە خەڵکەکەدا کەم کاتەوە، ساڵی ١٩٧١ لە پەنسسلڤانیا و نیوجێرسی توێژینەوەیەکی بەربڵاو بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم خاڵە دەستی پێکرا و پاش سێ ساڵ توێژینەوە و وتووێژ ئەم بیرە کە یارمەتی دان دەبێتە هۆی کار نەکردن پووچەڵ کرایەوە و ئەم ڕاستیە کە ئەم جۆرە یارمەتیدانە چاکترین ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی خەڵکە سەلمێنرا.


سەرچاوەکان



1006 بینین