نەخۆشی فیل

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-02-13:50:00 - کۆدی بابەت: 5711
نەخۆشی فیل

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی فیل چییە؟

نەخۆشی فیل دەستەواژەیەکە کە ئاماژە دەکات بە نەخۆشییەکی منداڵی کە لە ڕێگەی مێشوولەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی توشبوون بە کرمێک لە کۆئەندامی لیمفی مرۆڤدا، ئەم کرمە دەگوێزرێتەوە لە ڕێگەی مێشوولەوە، کە گەرای کرمەکە دەگوێزنەوە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکە لە خوێندا، دواتر ئەم گەرایانە زیاد دەکەن و دەگوێزرێنەوە بۆ بەشەکانی لەش لەڕێگەی خوێنەوە، وە دەکرێت ئەم کرمانە بمێننەوە لە لەشی کەسی توشبوودا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەبێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی تێدا دەربکەوێت، بەڵام دەکرێت دەربکەوێت بە شێوەی هەڵاوسانی پێیەکان یان ئەندامەکانی زاوزێ یان مەمکەکان، جێگای ئاماژەیە کە زوو دەستنیشان کردنی ئەم نەخۆشییە یارمەتیدەرە لە باشتربوونی نەخۆشەکە بە شێوەیەکی خێراتر.

نیشانەکانی نەخۆشی فیل 

لە کاتی ڕوودانی نەخۆشی فیل هەندێک ئاوسان پەیدا دەبن لە چەند بەشێکی جیاوازی جەستە وەکو پێیەکان و ئەندامەکانی زاوزێ و مەمکەکان و قۆڵەکان، بەڵام زۆرترین هەڵاوسان لە پێیەکاندا پەیدا دەبێت لەکاتی توشبوون بەم نەخۆشییە، هەروەها ڕەنگە نیشانەکانی تریش دەربکەون وەکو تا و موچورکە پیاهاتن، هەروەها چەند نیشانەیەکی تریش لەسەر پێست دەردەکەون وەکو: 

  • وشکبوونی پێست.
  • شەقبوونی پێست. 
  • گۆڕانی شێوەی پێستەکە بۆ پێستی ماسی
  • پەیدابوونی برین لەسەر پێست. 
  • ڕەنگی پێست تاریک دەبێت.

هۆکارەکانی نەخۆشی فیل

زۆرجار خەڵکی تووشی نەخۆشی فیل دەبن بەهۆی ئەوەی توشی گەستن دەبن لەلایەن مێشوولەوە کە گەرای کرمەکان هەڵدەگرێت، ئەم گەرایانەش لە خوێندا دەژین و گەشە دەکەن، وە لەگەڵ تەواوبوونی گەشەی لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆئەندامی لیمف لە لەشدا، دەکرێت ئەم گەرایانە ماوەیەکی زۆر لە لەشدا بمێننەوە ببنە هۆی نەخۆشی وەکو پەیدابوونی لوو لە بەشە جیاوازەکانی لەشدا .

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە زیاتر دەکەن

هەموو کەس ئەگەری توشبوونی هەیە بەم مشەخۆرانەی کە دەبنە هۆی ئەم نەخۆشییانە، بەڵام ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچە کەمەرەییەکان دەژین یان ئەو کەسانەی زۆر بەر گەستنی مێشوولە کەوتوون یان ئەو کەسانەی لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا دەژین ئەگەری توشبوونیان بەم نەخۆشییە زیاترە بە بەراورد بەوانەی دوورن لەم هۆکارانە یان ئەو کەسانەی لە ئەفریقا یان هیندستان یان باشووری ئەمریکا یان باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەژین ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەکە زیاترە، ئەوەش بەهۆی بەربڵاوی ئەو مشەخۆرانەی دەبنە هۆی ئەم نەخۆشییە لەو ناوچانەدا.

لێکەوتەکانی نەخۆشی فیل 

لێگەڕانی نەخۆشی فیل بەبێ چارەسەر مشەخۆرەکان کە هۆکاری ئەم نەخۆشییەن لە کۆئەندامی لیمفدا دەمێننەوە کۆئەندامی لیمف بەرپرسە لە گێڕانەوەی شلەی زیادەی لەش و پڕۆتینی زیادەی لەش و یارمەتیدەرە لە لەناوبردنی میکرۆبەکان وە مانەوەی ئەم مشەخۆرانە لە لیمفە کۆئەندامدا دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلە لە شانەکاندا و دواتریش ئاوسانی، هەروەها دەبێتە هۆی لاوازی بەرگری و ڕوودانی چەند لێکەوتەیەک، وەکو: 

  • ڕوودانی ئیفلیجی: ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی قورسبوونی جوڵەی بەشە جیاوازەکانی لەش بەهۆی ئاوسانی زۆر و ڕێگری لە کەسەکان لە ئەنجامدانی چالاکی ڕۆژانەیان.
  • ڕوودانی هەوکردنی لاوەکی(دووەمی): توشبوون بەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی ڕوودانی کێشە لە لیمفە کۆئەندام و دواتریش لاوازی بەرگری کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ئەگەری توشبوونی نەخۆشەکە بە هەوکردنی کەڕوویی و بەکتریایی
  • ڕوودانی تێکچوونی هەستی: ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی ڕوودانی دوودڵی و خەمۆکی لە لای کەسانی توشبوو، ئەویش بەهۆی ئەو ئاوسانانەی دەبنە هۆی تێکچوونی شێوەی جەستە. 

دەستنیشانکردنی نەخۆشی فیل

پزیشک هەڵدەستێت بە دەستنیشان کردنی نەخۆشییەک لەڕێگەی پرسیارکردن لە نەخۆشەکە لە نیشانەکان کە دەرکەوتوون تێیدا و ساتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانە تێیدا، هەروەها لێی دەپرسێت دەربارەی بەرواری پزیشکی تایبەت بە خۆی، هەروەها پزیشکەکە پشکنینێکی جەستەیی بۆ توشبوو ئەنجامدەدات، ئەویش بۆ دیاریکردنی شوێنی ئاوسانەکە، لە هەندێک کاتدا پزیشکەکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی خوێن، بۆ دڵنیایی لە هەبوونی ئەو وردیلەیەی دەبێتە هۆی نەخۆشییەکە، هەروەها ڕەنگە وێنەگرتنیش بەکاربهێنرێت وەکو وێنەگرتن بە تیشکی ئێکس یان وێنەگرتن بە بەکارهێنانی تیشکی سەروو دەنگی بۆ دڵنیای لە هۆکاری ڕوودانی ئاوسانەکە.

خۆپارێزی لە نەخۆشی فیل

خەڵکی توشی نەخۆشی فیل دەبن لەکاتێکدا کە ڕووبەڕووی گەستن دەبنەوە لەلایەن ئەو مێشوولانەوە کە هەڵگری ئەو گەرایانەن کە کرمەکانیان تێدایە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکە، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆ بەدوورگرتن لە گەستنی مێشوولە، ئەم خۆپارێزییەش لەڕێی نوستن لەژێر پەردەدا یان داپۆشینی جەستە لەڕێی لەبەرکردنی جلوبەرگی درێژەوە یان بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە دەبنە هۆی دوورکەوتنەوەی مێرووەوە دەبێت.


سەرچاوەکان



1138 بینین