کیتۆن

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-16-16:27:00 - کۆدی بابەت: 5914
کیتۆن

ناوه‌ڕۆك

سیستمی وزەی لەش 

لەشی مرۆڤ پێویستی بە وزەیە بۆ ئەنجامدانی جوڵە و کردە زیندەییەکان، کە لە خۆراکەوە دەست دەکەوێت، پاش خواردنی ئەو خۆراکەی کە کاربۆهیدرات و پڕۆتین و چەوری و لەخۆدەگرێت، لەش هەڵدەستێت بە هەرسکردن و هەڵوەشاندنەوەی بۆ پیکهاتە سەرەکییەکان کە وەکو سەرچاوەی وزە بەکاردەهینرێن وەکوو گلوکۆز و ترشی ئەمینی و ترشە چەورییەکان، لە ڕیگەی خوێنەوە ئەم پێکهاتانە دەگوازرێنەوە بۆ خانەکان لە پێناو بەکارهینانیان بۆ بەرهەمهێنانی وزە، یەکێ لەو ترشە چەورییانەی کە لەش لە جگەردا دروستی دەکات کیتۆنەکانە کە لەلایەن خانەکانەوە بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەکاردەهینرێت. 

کیتۆنەکان چین؟ 

لەکاتی بەردەستنەبوونی بڕی پێویستی ئەنسۆلین بۆ گۆڕینی گلوکۆز بۆ وزە، لەش پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چەورییەکان وەکو سەرچاوەی وزە، جگەر هەڵدەستێت بە شیکردنەوەی چەورییەکان بۆ کیتۆنەکان کە جۆرێکە لە ترشە چەورییەکان، ئەم کیتۆنانەش لەڕێگەی خوێنەوە دەگوێزرێنەوە بۆ شانەکان، ئەم حاڵەتە ئاساییە تا ئەو کەسەی کە بەسەری دێت توشبووی نەخۆشی شەکرە نەبێت، بەڵام لە حاڵەتی توشبوون بە شەکرە ئەوە بەرزبوونەوەی ئاستی کیتۆنەکان دەکرێت ژیانی نەخۆشەکە بخاتە ژێە مەترسییەوە، بۆنمونە لەکاتی بەڕۆژووبوون یان پەیڕەوکردنی ڕژێمێکی خۆراکی دیاریکراو لەش هەڵدەستێت بە بەکارهێنانی ترشە چەورییەکان کە لە چەورییە شانەکاندا هەن، ئەم ترشانە دەگوێزرێنەوە بۆ جگەر بۆ بەرهەمهێنانی کیتۆنەکان کە ئەویش لە ڕێگەی خوێنەوە دەگوازریتەوە بۆ ئەو خانە و شانانەی کە ئەنزیمی پێویستیان هەیە بۆ بەکارهێنانی کیتۆنەکان وەکوو سەرچاوەی وزە، لە نمونەی ئەو خانانەش:  خانەکانی مێشک و ماسولکە و گورچیلە و ریخۆڵەکانن. 

سیستمی خۆراکی کیتۆنی 

بەکارهێنانی چەوری وەکو سەرچاوەی وزە حاڵەتێکی ئاساییە ڕوودەدات لەکاتی بەتاڵبوونی کۆگاکانی شەکر لە خوێندا، جەستە سەرەتا کاربۆهیدرات بەکاردەهێنێت پاشان چەوری، سیستمێکی خۆراکی دیاریکراو هەیە کە پشت دەبەستێت بە کیتۆنەکان وەکو سەرچاوەی وزە کە پێشی دەوترێت ڕژێمی خۆراکی کیتۆیی یان پارێزی کیتۆ، کە ئەم ڕژێمە پشت دەبەستێت بە خواردنی بڕێکی زۆری چەوری و برێکی مامناوەندی پڕۆتین و بڕێکی کەمی کاربۆهیدرات، بۆیە کالۆری و وزەی پێویست بەم جۆرە دابەش دەکرێت: لە سەدا(٦٠-٨٠) ی وزەکە لە چەورییەوە دێت، لە سەدا(١٠-١٥) لە پڕۆتینەوە و لەسەدا(١٠) و کەمتریش لە کاربۆهیدراتەوە، ئەم ڕژێمە کاردەکاتە سەر کرداری هەرس و جەستە بە تێپەڕبوونی کات توانای سوتاندنی چەوری زیاد دەکات، ئەم ڕژێمە بە قورس دادەنرێت لەبەر ئەوەی کەسەکە پێویستە خۆی بگرێتەوە لە خواردنی نان و شیرەمەنی و هەندێک سەوزە و میوە کە کاربۆهیدراتێکی زۆریان تێدایە، پێویستە ئەم ڕجیمە لەژێر سەرپەرشتی پزیشکدابێت چونکە دەکرێت چەندەها لێکەوتەی خراپی هەبێت، چونکە بۆ هەموو کەس نابێت بەتایبەتی ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە، دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی کێش بەڵام دەکرێ بگاتە ئاستی بەدخۆراکیش، کاریگەری نەرێنیشی هەیە لەسەر هۆڕمۆنی ئەنسۆلین، وە بەهۆی قورسییەکەیەوە ئەو کەسانەی بەکاری دەهێنن ئەگەری دووبارە قەڵەوبوونەوەیان زیاترە.

بەرزبوونەوەی ئاستی کیتۆنەکان

بە پلەی یەکەم جەستە بۆ بەرهەمهێنانی وزە پشت بە گلوکۆز دەبەستێت، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی گلوکۆز یان بێتوانایی خانەکان بۆ هەڵمژینەوەی گلوکۆز بەهۆی نەبوونی ئەنسۆلین وەکو ئەوەی لە شەکرەدا ڕوودەدات، ئەوکات خانەکانی لەش وزەیان لە چەورییەکانەوە دەست دەکەوێت کە بەرهەمدێت کە ئەنجامی تێکشکانی کیتۆنەکان، بۆ رێگری لە زۆر زیادبوونی کیتۆنەکان کۆمەڵێک هۆڕمۆن وەکوو ئەنسۆلین و گلوکاگۆن کاردەکەن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی و هێشتنەوەی لە ئاستێکی ئاساییدا و ڕیگری کە بەرزبوونەوەی، لە ئەنجامی ئەوەشدا کەسی توشبوو بە شەکرە ئەگەری هەیە تووشی کۆبوونەوەی کیتۆنەکان بێت لە خوێندا، ئەم حاڵەتەش پێی دەوترێت ترشبوونی کیتۆنی شەکرەیی(Diabetic ketoacidosis)، ئاستی ئاسایی کیتۆنەکان کەمتر لە ٠,٦ ملمۆڵ/ لیترە، وە مامناوەندە لە نێوان (٠,٦ بۆ ١,٥) ملمۆڵ/ لیتر، هەروەها بەرزە ئەگەر لە نێوان(١,٦ بۆ ٣) ملمۆڵ/ لیتردابێت، ئەگەر لە ٣ ملمۆڵ زیاتر بوو ئەوە زۆر بەرزە. 

ترشبوونە کیتۆنی شەکرەیی 

ترشبوونە کیتۆنی شەکرەیی diabetic ketoacidosis زیاتر بەربڵاوە لای ئەو کەسانەی توشی نەخۆشی شەکرەی جۆری ١ بوون، نەخۆشی شەکرە دەبێت نیشانەکانی بەرزبوونەوەی کیتۆنەکان بزانێت بۆ خۆپاراستن لە مەترسی کۆبوونەوەی، بۆیە پێویستی بە سەردانی پزیشکە بۆ دانانی پلانی چارەسەری ورد لە حاڵەتی هەستکردنی کەسەکە بە یەکێک لە نیشانەکانی بەرزبوونەوەی، لە گرنگترین نیشانەکانیش:

  • تینوێتی زۆر و وشکبوونی دەم و میزکردنی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی شکر لە خوێندا. 
  • ئەگەر کەسەکە چارەسەری گونجاوی وەرنەگرت نیشانەکان دەبنە: هیلاکی زۆر، سەرلێتێکچوون، هەوکردنی پێست و ئازاری گەدە و ڕشانەوە و هەست بە دڵ تێکەڵهاتن و هەناسە قورسی. 
  • لە حاڵەتی زۆر بەرزبوونەوەی کیتۆنەکان ڕەنگە ببێتە هۆی لەهۆشخۆچوون و چوونە ناو کۆمای شەکرە و دەکرێ ببێتە هۆی مردن. 

ترشبوونە کیتۆنی شەکرەیی ڕوودەدات بەهۆی کەمی ئەنسۆلین و بێتواناییەوە لە بەکارهێنانی شەکری ناو خوێن، ئەم کەمییە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گلوکۆز و پەنا بردنی لەش بۆ بەکارهێنانی کیتۆنەکان کە ئەمیش دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی کیتۆنەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگی کیمیایی خوێن، چارەسەری بەرزبوونەوەی کیتۆنەکان دەکرێت بە پێدانی شلەمەنییەکان لە ڕێگەی دەم یان خوێنهێنەرەکانەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەی لەدەستچوو بەهۆی زۆر میزکردنەوە، هەروەها دەکرێت شلەمەنییەکان شەکری خوێن کەم بکەنەوە، هەروەها دەکرێت دەرزی ئەنسۆلین بەکاربهێنرێت بۆ هاندانی بەکارهێنانی گلوکۆزی ناو خوێن و لە ئەنجامدا لەش وزەی کە گلوکۆزەوە دەست دەکەوێت لەجیاتی کیتۆنەکان. 


سەرچاوەکان



1495 بینین