دەوالی زێ

له‌لایه‌ن: ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-07-22-13:40:00 - کۆدی بابەت: 5990
دەوالی زێ

ناوه‌ڕۆك

دەوالیی زێ چییە؟

دەوالیی زێ نەخۆشییەکە توشی ئافرەت دەبێت لە بەشی دەرەوەی ئەندامەکانی زاوزێی مێینە، کە زۆرجار ئافرەتان لە کاتی دووگیانیدا توشی دەبن، ئەویش بەهۆی زیادبوونی وروژمی خوێن بۆ ناوچەی حەوز لەکاتی دووگیانیدا کە پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی خێرایی وروژمی خوێن لە بەشی خوارەوەی جەستەوە بۆ بەشی سەرەوە و دڵ، کە ئەمەش هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی خوێن لە ئەو خوێنبەرانەی دەکەونە پەلەکانی خوارەوە و ناوچەی زێ، کە دەبێتە هۆی توشبوون بە دەوالیی، دەکرێت دەوالیی زێ و دەوالیی پەلەکانیش هاوکات بن.

هۆکارەکانی دەوالیی زێ

دووگیانی بڵاوترین هۆکاری توشبوون بە دەوالیی زێیە، بۆیە ئافرەتان لە کاتی دووگیانیدا توشی دەبن و پاش ٦ هەفتە لە منداڵبوون نامێنێت، ئەو ئافرەتانەی دووگیان نەبوون توشی ئەم نەخۆشییە نابن، بەڵام دەکرێت ئافرەتانی بەتەمەن توشی ببن لەکاتی وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها ئەو ئافرەتانەی لە جێیەکانی تری لەشیان دەوالییان هەیە ئەگەری توشبوونیان بەم دەوالییە زیاترە. 

لەکاتی دووگیانیدا زیادبوونی وروژمی خوێن بۆ ئەندامەکانی زاوزێ و پەستانی زیادبوو لەسەر بەشی خوارەوەی لەشی ئافرەتەکە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی قورسیی وروژمی خوێن بۆ بەشی سەرەوەی لەش و بە ڕێڕەوە ئاساییەکەی خۆی، جگە لەوەش دەکرێت فراوانبوونی خوێنهێنەرەکان ڕووبدات لە ناوچەی زێ و ئەویش بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و ئەو پەستانە زۆرەی دەکەوێتە سەر خوێنهێنەری سەرەکی لەش کە پێی دەوترێت کلۆرە خوێنهێنەری خواروو، کە دەبێتە هۆی توشبوون بە دەوالیی، ڕەنگە توشبوونەکە بۆماوەیی بێت، لە هۆکارە دەگمەنەکانیش پەیدابوونی لووە لە ناوچەی حەوزدا کە ئەمەش دەبێتە ڕێگر لەبەردەم ئاسان وروژم کردنی خوێن.

چارەسەری دەوالی زێ

زۆرجار پزیشکەکان پشت دەبەستن بە چارەسەری ماڵەوەیی و ڕێکخستن و چارەسەری نیشانەکان لە ماڵەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی دەوالیی زێ زۆرجار پاش نزیکی مانگێک لە منداڵبوون دیار نامێنێت، لە گرنگترین ڕێکارەکان بۆ ڕێگری لە خراپتربوونی دەوالیی زێ بریتین لە: 

  • دوورکەوتنەوە لە دانیشتن یان وەستان بۆ ماوەیەکی زۆر. 
  • گۆڕینی باری لەش بە شێوەیەکی بەردەوام. 
  • دوورکەوتنەوە لە لەپێکردنی پێڵاوی پاژنە بەرز یان هەر پێڵاوێکی نا ئاسودە و پەستانکەر لەسەر بەشی خوارەوەی جەستە. 
  • خەوتن بە جۆرێک کە جومگەکانی سێبەند(سمت) کەمێک بەرزبووبێتەوە بۆ ڕێگری لە کۆبوونەوەی خوێن لە ناوچەکە. 
  • خواردنەوەی ئاوێکی زۆر. 
  • کەمکردنەوەی ئازار لە ڕێگەی خستنەسەری پارچەیەک سەهۆڵ یان گەرمی لەسەر ناوچەی توشبوو. 
  • لەبەرکردنی جلوبەرگی ژێرەوەی گونجاو بۆ دووگیانی. 
  • خەوتن لەسەر لای چەپ ئەویش بۆ کەمکردنەوەی پەستانی سەر کلۆرە خوێنهێنەری خواروو. 
  • پزیشکەکان ئامۆژگاری دەکەن بە ئەنجامنەدانی نەشتەرگەری پزیشکی لەکاتی دووگیانیدا چونکە زۆرجار خۆی پاش ماوەیەک باش دەبێت، بەڵام گەر پاش چەند مانگێک لە منداڵبوون چارەسەر بەدی نەهات دەکرێت نەشتەرگەری ئەنجام بدرێت. 

خۆپارێزی لە دەوالیی زێ

ڕەنگە پزیشک نەتوانێت ڕێگری بکات لە ڕوودانی دەوالیی زێ بەتایبەتیش لەکاتی دووگیانیدا، بەڵام چەند ڕێکارێک هەیە کە ئافرەتەکە دەتوانێت بیگرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە دەوالی بە شێوەیەکی گشتی، هەروەها دەکرێت سوڕی خوێن چالاک بکرێت لە قاچەکاندا لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئەم کردارانە:

  • ئەنجامدانی وەرزش.
  • خواردنی خۆراکی تەندروست. 
  • چاودێری کێش. 
  • دڵنیابوونەوە لە بەرزکردنەوەی پێیەکان لەکاتی دانیشتن.
  • گۆڕینی باری لەش لە دانیشتنەوە بۆ هەستان بە شێوەیەکی بەردەوام. 
  • لەپێکردنی پێڵاوی تەخت و ئاسوودە. 
  • دوورکەوتنەوە لە لەبەرکردنی جلی تەسک لە ناوچەی کەمەر و ڕان. 


سەرچاوەکان

58 بینین