ڕێگریکردن لە دووگیانی بە سپێرم کوژ

له‌لایه‌ن: - دەستەی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-07-26-13:52:00 - کۆدی بابەت: 6048
ڕێگریکردن لە دووگیانی بە سپێرم کوژ

ناوه‌ڕۆك

سپێرم کوژ

ماددەیەکە کە جوڵەی خێرای سپێرم کەم دەکاتەوە، بەمەش ئەگەری دووگیانی کەم دەکاتەوە، بە شێوەی، کرێم، مەڵهەم، شاف بوونی هەیە، بە گشتی بە تێکەڵ لەگەڵ ڕێگاکانی تری دووگیانیدا بەکاردەهێنرێت بەڵام دەکرێت بە تەنهاش بە کاربهێنرێت و ئەگەری دووگیانی کەم بکاتەوە.

سپێرم کوژ چۆن ڕێگری دەکات لە دووگیانی؟

سپێرم کوژەکە پێش جووتبوون دەدەیت لە زێ و بەم شێوەیە کاتی جووتبوون جوڵەی تۆوەکان سنووردار دەکات، و ڕێگری دەکات لە پیتاندن و دووگیان بوون، ئەم ماددەیە ملی منداڵدان دەگرێت، بە جۆرێک کە سپێرم ناتوانێت بگات بە هێلکەکە و ئەگەری دووگیانی کەم دەکاتەوە.

سوودەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە سپێرم کوژ

  • بە ئاسانی بەکاردێت
  • کاریگەری ناخاتە سەر هۆڕمۆنەکان
  • دەتوانرێت لە ماوەی شیردانیشدا بەکاربهێنرێت

زیانەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە سپێرم کوژ

  • کاتێک بە تەنها سوود لەم ڕێگایە وەربگیردرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی سوودێکی زۆری نابێت، چونکە وەک و ڕێگاکانی دیکە کاریگەر نییە.
  • هەروەها دەکرێت بە جوانی نەدرێت لە هەموو ناوچەکە و بەمەش مەترسی شکستهێنانی زیاتر بکات.
  • سووربوونەوە و خورانی زێی ئافرەتەکە بە هۆی بوونی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە تێیدایە و یاخود هەوکردن.
  • ڕێگری ناکات لە توشبوون بە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان وەک ئایدز (HIV).

چۆنیەتی بەکارهێنانی

دەبێت نیو کاتژمێر پێش جووت بوون بەکاربهێنرێت، کرێم یاخود مەڵهەمەکە بە جوانی لە ڕێگەی پەنجە یاخود سرنجی تایبەتەوە بخرێتە قوڵایی زێ، هەروەها کارکردنی تەنها بۆ ماوەی کاتژمێرێکە و دەبێت زوو زوو تازە بکرێتەوه.

ڕێژەی سەرکەووتنی ئەم ڕێگایە

ئەگەر بە تەنها ئەم ڕێگایە بەکاربهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی، ئەوەندە کاریگەر نابێت، لە سەد خانم ١٥ـەیان کە ئەم ڕێگایە بە دروستی بەکاردەهێنن دووگیان دەبن، و ئەگەر بە هەڵە و ناشارەزاییەوە بەکاری بهێنن لە سەد خانم ٢١ خانمیان دووگیان دەبن، ئەگەر ئەم ڕێگایە لەگەڵ ڕێگایەکی تری ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاربهێنرێت بۆ نموونە ئەگەر لەگەڵ کۆندۆم پێکەوە بەکاربهێنرێت، ئەگەری شکستهێنانی تەنها ٣٪ و واتە ئەگەری سەرکەوتنی ٩٧٪ـە.


سەرچاوەکان



3457 بینین