تیرۆری میکۆنۆس

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-03-14:29:00 - کۆدی بابەت: 6152
تیرۆری میکۆنۆس

ناوه‌ڕۆك

میکۆنوس

تیرۆری میکۆنوس (بە ئینگلیزی: Mykonos restaurant assassinations) یەکێکە لە ڕووداوەکانی ساڵی نەوەدەکان کە لە چێشتخانەیەکی بەرلین لە ئەڵمانیا لە ١٩٩٢/٩/١٧ ڕوویدا و تێیدا چەند سەرکردەیەکی ئۆپۆزسیۆنی دژی حکوومەتی ئێران تیرۆرکران، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپا.

ڕووداوەکە

لە ١٤ بۆ ١٧ـی ئەیلوولی ١٩٩٢ کۆنگرەی جیهانی ئینتەرناشیۆناڵ سۆسیالیست لە بەرلین بەڕێوەچوو، زۆرێک لە چالاکوانە سیاسییەکانی دژی ڕژێمی نوێی ئێران لەوێ کۆبوونەوە بۆ بەشداری لەو کۆنگرەیەدا، یەکێک لەوانەش سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لە ڕۆژی ١٩٩٢/٩/١٧ لە چێشتخانەی میکۆنۆس کە خاوەنەکەی ئێرانییە و بە شوێنێکی باش دادەنرێت بۆ ئێرانییەکان، ١٥ بۆ ٢٠ چالاکوان لەوێ بڕیارە کۆببنەوە، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوە و لەو ڕۆژەدا شەش کەس لە بانگهێشتکراوان و سێ کەسی دیکەی مەدەنی لە چێشتخانەکە ئامادە دەبن.

کاتژمێر ١٠:٥٠ خولەکی شەو لە پڕ سێ کەسی چەکدار دەڕۆنە چێشتخانەکە و یەکێک لەوان شەش کەسە چالاکوانەکە بەر دەستڕێژی گولـلە دەدات و دەستبەجێ ٤ کەسیان دەکوژرێن و یەکێکی دیکە کە خاوەنی چێشتخانەکەیە بە شێوەیەکی مەترسیدار بریندار دەبێت و چوار کەسی دیکەیان ڕزگاریان دەبێت.

لەوێ سادق شەڕەفکەندی یەکێک دەبێت لە کوژراوان و سکرتێری گشتی حیزب گیان لەدەست دەدات، لەگەڵیدا هومایون ئەردەڵان، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە ئەورووپا و نوری دەهکوردی کارمەندی خاچی سوور و چالاکوانی پەنابەرەکانی ئێران لە ئەورووپا دەکوژرێن.

ئەنجامدەرانی تاوان

یەک ساڵ لەدوای ڕووداوەکە، ئێرانییەک بە ناوی کازم دارابی کە گومانلێکراو بووە بە ئەندامبوونی لە سووپای پاسداران و دەزگا ئاسایشییەکانی دەوڵەتی ئێران، لەگەڵ چوار کەسی لوبنانی بە ناوەکانی "یوسف ئەمین" و "محەمەد ئەتریس" و "عەتائوڵڵا عەیاد" و "عەباس راحیل" لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە دەستگیردەکرێن، بەڵام عەبدولڕەحمان بەنی هاشمی کە بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکە بوو بەرەو ئێران هەڵاتبوو.

ساڵی ١٩٩٣ تاوانباران دادگایی کران و ماوەی پێنج ساڵ و ٢٤٧ ڕۆژی خایاند و ٩ ملیۆن فرانک تێچووی هەبوو، لە ١٩٩٧/٤/١٠ حوکمی دادگا دەرچوو و هەریەک لە کازم دارابی و عەباس راحیل بە زیندانی هەتاهەتایی و یوسف ئەمین بە ١١ ساڵ و محەمەد ئەتریس بە ٥ ساڵ سزا دران، عەتائوڵلا ئەیادیش بە بێتاوان دەرچوو.

بڕیاری نێودەوڵەتی

لە دوای حوکمی دادگا، بڕیاری دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی بۆ عەلی فەلاحیانی وەزیری زانیاری ئێران دەرچوو، هەروەها دادگا بڕیاری دا کە تیرۆرەکە بە فرمانی ڕاستەوخۆی ڕابەری کۆماری ئیسلامی "عەلی خامنەیی" و "ئەکبەر ڕەفسنجانی" سەرۆک کۆمار و "عەلی ئەکبەر ویلایەتی" وەزیری دەرەوەی وڵات ئەنجام دراوە.

لەم نێوەندەدا ئەبوحەسەن بەنی سەدڕی یەکەمین سەرکۆماری ئێران لە دادگا دژی دەوڵەتی ئێران گەواهی دا و ڕژێمی بە کوشتنی ئەو چوار کەسە تۆمەتبار کرد.

دوای دادگایی

کازم دارابی لە ساڵی ٢٠٠٧ دوای ١٥ ساڵ زیندانی ئازاد کرا و گەڕایەوە بۆ ئێران، هەریەک لە ئێران و ئەڵمانیا دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا کونسوڵی خۆیان لە وڵاتی یەکتری کشاندەوە و ئەڵمانیاش چوار دیپلۆماتکاری ئێرانی لە وڵاتەکە دەرکرد، بەهۆی ئەمەشەوە ئێران نوێنەرەکانی لە یەکێتی ئەورووپا کشاندەوە و تاوەکو سێ مانگ لەدوای دەرچوونی محەمەد خاتەمیش وەک سەرۆک کۆمار بەوشێوەیە بەردەوام بوو.

یادی قوربانییەکان

دوای چەند ساڵێک هێزە ئازادیخواز و ڕزگاریخوازەکانی ئەڵمانیا داوایان کرد لە بەردەم چێشتخانەکەدا تابلۆیەک بۆ بەیادهێنانەوەی قوربانیانی تیرۆری میکۆنوس دابنرێت، بەڵام ئێران دژی ئەمە وەستایەوە و هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەڵمانیا ئەمە ئەنجام بدات، ئێران لە بەردەم کونسوڵگەری ئەڵمانیا لە تاران تابلۆی یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە دادەنێت کە بۆمبە کیمیاییەکان لەلایەن ئەڵمانیاوە دابین کراوە بۆ عێراق.

بەڵام سەرانی ئەڵمانیا گرنگییان پێنەدا و تابلۆیەکیان بۆ یادی قوربانیان جێگیرکرد.

ناونیشانی تابلۆیەکە

"لەم شوێنە کە ناوچەی کۆنی چێشتخانەی میکۆنوسە، لە ١٩٩٢/٩/١٧، ڕێبەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران {سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەڵان، و نوری دەهکوردی}، کە سیاسەتمەداری نیشتەجێی بەرلین بوون، لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر کران، ئەوان جەنگیان بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ دەکرد".


سەرچاوەکان



1160 بینین