پەرتووک

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-08-12-15:42:00 - کۆدی بابەت: 6272
پەرتووک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەرتووک ناوەندێکی تۆمارکردنی زانیارییە لە شێوەی نووسین یان وێنە، بەشێوەیەکی تایبەت لە چەند لاپەڕەیەک پێکدێت (کاغەزی زەل، پارچمێنت، یان کاغەز) پێکەوە بەندکراون و بە بەرگێک پارێزراوه، دەستنووس زاراوەیەکی تەکنیکییە بۆ ئەم ڕێکخستنە فیزیاییە، لە مێژووی نووسین یان ئەو تۆمارکراوانەی کە دەتواندرێت بە دەستەکان هەڵبگیرێت و بگوازرێتەوە دەستنووس جێگەی کەرەستەی پێش خۆیی گرتۆتەوە کە لولەکی نووسین بوو، یەک پەڕەی دەستنووس گەڵایەکە وە هەر لایەکی گەڵایەک لاپەڕەیەکە.

پەرتووک وەکو کاڵایەکی ئەکادیمی نووسینێکی دوور و درێژە کە کات و ڕەنجی زۆری دەوێت تا بنوسرێت وە وا دادەنرێت خوێندنەوەشی کات و ڕەنجی بوێت، لە تێگەیشتنێکی دیاریکراوەوە، پەرتووک بڕگەیەکی سەربەخۆیە یان بەشێکە لە نووسینێکی دوور و درێژ، لە زەمانی کۆندا، کارە درێژخایەنەکان دەبوو لەسەر هەندێک لولەکی نوسین بنوسرێنەوە و دەبوو هەر لولەکێکیش بەو پەرتووکەوە بناسرێت کە تێیدایەتی، هەموو بەشێکی فیزیای ئەرستۆ "فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی" پێی دەگووترێت پەرتووک، لە تێگەیشتنێکی دیاریی نەکراوەوە، پەرتووک نوسینی تەواوی بڕگەکان یان بەشەکان یان بەندەکانە.

ناوەڕۆکی ئەکادیمی پەرتووک پێویست ناکات تەنیا نووسین بێت، دەکرێت پەرتووک تەنیا لە وێنە کێشان و نەخشکاری و وێنەی فۆتۆگرافی پێک بێت، وەکو ئەو پەرتووکانەی یاری پڕکردنەوەی خانەکانی تێدایە بە پیت یان ئەو پەرتووکانەی کە وێنەی بووکەڵەکانیان تێدایە، لە پەرتووکی ئاساییدا دەکرێت لاپەڕە بە بەتاڵی بەجێ بهێڵدرێت، یان دەتواندرێت وەسفی پوختەی کۆمەڵە دێڕێک بکات بۆ دووپاتکردنەوەی بەندە تۆمارکراوەکان وەکو ئەوەی لە پەرتووکە حسابیەکان و دەفتەری چاوپێکەوتن و دەفتەرە دەستنووسەکان و دەفتەری تێبینیەکان و یادنامە و دەفتەری نەخشەکێشانەکاندا هەن، بە شێوەیەکی ئاسایی هەندێک پەرتووک لە لاپەڕەی ئەستور و بەهێز پێکهاتوون وەکو تۆمارگەی سەر هەواڵ و ئەلبومی وێنەی فۆتۆگرافی، هەروەها دەکرێت پەرتووکەکان دابەشکراوبن له شێوەی ئەلیکترۆنی وەکو پەرتووکی ئەلیکترۆنی کە لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێنەوە.

ئەو شوێنەی کە پەرتووکی لێ دەفرۆشرێت پێی دەگووترێت پەرتووکخانە یان فرۆشتگای پەرتووک، هەروەها دەکرێت لە شوێنی تریش کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت و لە کتێبخانەکانەوە بهێنرێت، گوگڵ مەزەندەی کردووە کە لە ساڵی 2010دا نزیکەی 130,000,000 ناونیشان بڵاوکراونەتەوە، لە هەندێک نەتەوەی دەوڵەمەندەکانی تردا ڕێژەی فرۆشتنی پەرتووکی چاپکراو کەمی کردووە بەهۆی زۆر بەکارهێنانی پەرتووکە ئەلیکترۆنەکانەوە.

مێژووی پەرتووک

زەمانی کۆن

کاتێک سیستمەکان لە شارستانیەتە کۆنەکاندا دروستکران شتومەکی هەمەجۆر بەکاردەهێنرا بۆ نووسین، وەکو بەرد، قوڕ، نیانی درەخت، پەڕەی کانزایی و ئێسکەکان.

تەختە بەرد

تەختە بەرد لە ڕووی فیزیاییەوە ئامرازێکی نووسینی بەهێزە و بۆ دەربڕینی ناڕەسمی و نووسین گونجاوە، هەروەها پارچەی قوڕ وشکدەکرایەوە و تەخت دەکرا وەکو تەختە قۆڕ کە ئاسان بوو بۆ هەڵگرتن، پاشان بە پێنوسێک پەستانیان دەخستە سەری و وەکو ئامرازێکی نووسین بەکاریان دەهێنا بەتایبەتی بۆ نووسینی مێخی "بزماری" بە درێژایی چەرخی بڕۆنز و چەرخی ئاسنین تەختە قوڕ بەکارهێنراوە، بە هەمان شێوە تەختە مۆم بەکار دەهێنرا، ئەویش پارچە دارەکانیان تەخت دەکرد و بە ڕووپۆشێکی تەنک لە مۆم ڕووپۆشدەکرا و پاشان بە پێنوسێک زانیاریان لەسەر تۆمارکردووە و وەکو ئامرازێکی نووسین بەکار دەهێنرا، تەختە مۆم وەکو کەرەستەیەکی نووسین لە قوتابخانەکان و زانستی ژمێریاری و نووسینی تێبینی بەکاردەهێنرا، هەروەها سودیان لە دووبارە بەکارهێنانەوەی وەرگرتووە، دەکرێت مۆمەکەی بتوێندرێتەوە و نووسینەکانی سەری بسڕدرێتەوە و دیسانەوە دروستی بکەنەوە و زانیاری و نوسینی نوێی لەسەر بنووسنەوە.

لولەکی نووسین "بابۆڵە کاغەز"

دەتواندرێت لولەکی نووسین لە کاغەزی زەل دروست بکرێت، لولەی نوسین پەڕەیەکی تەنکە بە چنینی لاسکی ڕووەکی زەل دروستکراوە و پاشان پەڕە چنراوەکەیان کوتاوە بە ئامێرێکی هاوشێوەی چەکوش هەتا تەختیان کردووە، کاغەزی زەل لە میسڕی کۆندا بۆ نووسین بەکارهاتووە، دەشێت پێش یەکەم خێزانی دەسەڵاتدار بەکار هاتبێت، هەرچەندە یەکەم بەڵگەش لە تۆمارکراوەکانی پەرتووکی پاشا "Neferirkare Kakai"ـە کە پێنجەم خێزانی دەسەڵاتدارە (نزیکەی 2400 پێش زاین)، پەڕەکانی ڕووەکی زەل دەلکێندران بە یەکەوە و بۆئەوەی شێوەی لولەکێک وەربگرێت، هەروەها نیانی درەختەکان وەکو قسڵ و کەرەستەکانی تر بەکاردەهێنران، بە گوێرەی مێژووناسی بەناوبانگی یۆنانی "هیرۆدۆت"، فینیقییەکان کاغەزی زەل و نووسینیان بۆ وڵاتی یۆنان هێنا نزیکەی سەدەی نۆ و دەی پێش زاین، وشەی یۆنانی بۆ کاغەزی زەل وەکو کەرەستەی نووسین "biblion" و وشەی پەرتووک "biblos" لە بەندەری شارۆچکەی فینیقی "Byblos"ـەوە هاتووە.

دەستنووسی ڕووەکی

دەستنووس یەکەم کۆگای زانیارییە کە مرۆڤی هاوچەرخ وەکو "پەرتووک" دەیناسێتەوە، شێوازی دروستکردنی دەستنووس بەم شێوەیەیە: گەڵا هاوشێوەکان کە هەمان قەبارەیان هەیە بەند دەکران پێکەوە و بە دوو کەرەستەی تۆکمەتر بەرگی دەگیرا، یەکەم نووسینی دەستنووسی ئاماژە پێکراو لە شێوەی پەرتووکدا "Apophoreta"ـی "Martial"ـە ژمارە CLXXXIV لە کۆتایی سەدەی یەکەمدا ئەو کاتەی کە بە پوختەی نووسینەکەیدا هەڵدەدات، بەڵام دەستنووس هەرگیز لە جیهانی بتپەرەستی هێلێنیزم "کەلتووری یۆنانی" ناوبانگێکی زۆری بەدەست نەهێنا و تەنیا لەناو کۆمەڵگەی مەسیحیدا بەکارهێنانی بەربڵاوی هەبوو، ئەم گۆڕانکاریە وردە وردە لە ماوەی سەدەکانی 3 و 4 دا ڕوویدا.

دەستنووسی پێستی

ڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی لە سەدەی 5 زاینیدا وایکرد ئەزموونی پوکاندنەوەی کەلتووری کۆنی ڕۆمانی بکەن، بەهۆی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ میسڕدا دەستکەوتنی کاغەزی زەل زەحمەت بوو، ئەمەش وایکرد بۆ ماوەی چەند سەدەیەک پارچمێنت بەکار بهێنن و ببووە کەرەستەیەکی سەرەکی نووسین، پارچمێنت کەرەستەیەکە لە پێستی ئاژەڵەکان دروستکراوە و لە ڕابردوودا لەسەری شتیان نووسیوە، پارچمێنت بەزۆری لە پێستی گوێرەکە و مەڕ و بزن دروستکراوە و بۆ نووسینی قەواڵە و تێبینی و پەڕەی پەرتووک بەکارهێنراوە، بە قسڵ ڕووپۆشکراوە و پاککراوەتەوە و وشککراوەتەوە و زۆر گونجاوتربووە بۆ نووسین وەک لە گەڵای درەختەکان.

پێش داهێنانی و بەکارهێنانی ئامێری چاپکردن زۆربەی زۆری پەرتووکەکان بە دەست کۆپی دەکران ئەمەش وایکرد نرخی پەرتووکەکان بەرزببنەوە و دەگمەن بن.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

خەڵکی لە ئایینە هەمەجۆرەکانی (جولەکەکان، گاورەکان، زەردەشتیەکان و موسوڵمانەکان) و ئەوانەشی کە پێشینەی بتپەرەستییان هەیە لە (سریانی و قبتی و فارسی و عەرەب) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە چەرخی زێڕینی ئیسلامیدا "ناوەڕاستی سەدەی 8 بۆ 1258" پەرتووکیان بەرهەمهێنا و تەکنیکە پێشکەوتووەکان لە نووسینی ئیسلامی و وێنەی دەستنووس و هونەری بەرگ تێگرتنی پەرتووکەکان گەشەیان دەسەند، ژمارەیەک لەشارە موسڵمانەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا ناوەندی بەرهەمهێنانی پەرتووک بوون و بازاڕی کڕین و فرۆشتنی پەرتووکیان هەبووە، یاقوبی دەڵێت لە سەردەمی ئەودا شاری بەغداد زیاتر لە سەد فرۆشیاری پەرتووکی هەبووە، دووکانی پەرتووکەکان بەزۆری لە نزیکی مزگەوتی سەرەکی شارەکاندا بوون وەکو شاری "مەراکیش" لە وڵاتی مەغریب، کە شەقامێکی هەیە بەناوی "کتبین" بە زمانی ئینگلیزی واتە "book sellers" پەرتووکفرۆشەکان، مزگەوتی کتبین بەهۆی شوێنەکەیەوە لەم شەقامەدا ئەو ناوەی لێنراوە.

چاپکردنی دارنەخشاندنی لاکێشەیی

چاپکردنی دارنەخشاندن ڕازاندنەوەی وێنە و نووسینە لەسەر پارچە داری لاکێشەیی دەنەخشێنران و بە مرەکەب ڕەنگ دەکرا وە بۆ چاپکردنی لەبەرگیراوەکانی پەڕەکە بەکاردەهێنرا، ئەم شێوازە لە بنەڕەتدا چینییەکان بەکاریان هێناوە، لە خێزانی دەسەڵاتداری "هان" پێش 220ی پێش زاین، وەکو شێوازێکی چاپکردن لەسەر تەون و پەڕە بەشێوەیەکی فراوان بەدرێژایی خۆرهەڵاتی ئاسیا بەکارهێنراوە، کۆنترین پەرتووکی چاپکراو بەم شێوازە "Diamond Sutra"ـە لە (868ی پێش زاین)، کاتێک ئەم شێوازە لە کاری هونەریدا بەکار دەهێنرا پێیان دەگووت "دارنەخشاندن" وە لە سەرەتای سەدەی 14ەوە ئەم شێوازە چاپکردنە گەشتە ئەوروپا و دواتر بە تێپەڕبوونی کات ئەم شێوازە پێشکەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینی.

سەدەکانی 19 و 20

لە سەرەتای سەدەی 19دا ئەو مەکینانەی چاپکردن کە بە هەڵم ئیشیان دەکرد بەر بڵاو بوو، ئەو ئامێرانە لەتوانایاندا بوو لە کاتژمێرێکدا 1,100 لاپەڕە چاپ بکەن، بەڵام کرێکارەکان دەیانتوانی لە ماوەی یەک کاتژمێردا تەنیا 2000 نامە چاپ بکەن، مۆنۆتایپ و لاينۆتايپ ئامێرەکانی ڕێکخستنی پیتی چاپکردن لە کۆتایی سەدەی 19دا داهێنران کە لە توانایاندا هەبوو لە ماوەی یەک کاتژمێردا زیاتر لە 6000 نامە چاپ بکەن دواتر مەکینەی چاپکردن پێشکەوتنێکی زۆر گەورەی بە خۆیەوە بینی.

بەدرێژایی سەدەی 20، پەرتووکخانەکان ڕووبەڕووی زیادبوونی ڕێژەی بڵاوکردنەوی هەمیشەیی بوونەوە، هەندێکجار پێی دەگووترا "تەقنەوەی زانیاری"، هاتنی بڵاوکەرەوەی ئەلیکترۆنی و هۆکانی گواستنەوە و ئینتەرنێت کە زۆربەی زۆری زانیارییە نوێکان لە لاپەڕەی پەرتووکەکاندا چاپناکرێن و بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەستن لە ڕێگای کتێبخانەی دیجیتاڵیەوە لەسەر دیسکی CD-ROM و بەشێوەی پەرتووکی ئەلیکترۆنی.


سەرچاوەکان



4276 بینین