جووین یان خواردنی نینۆک لەلایەن منداڵەوە

له‌لایه‌ن: - ئیدریس نوری - به‌روار: 2021-08-18-12:46:00 - کۆدی بابەت: 6337
جووین یان خواردنی نینۆک لەلایەن منداڵەوە

ناوه‌ڕۆك

بۆچی هەندێک منداڵ نینۆک دەجوون یان دەخۆن؟

زۆرێکمان بەمنداڵی بەم قۆناغەدا تێپەڕیوین، کەلانی کەم چەند جار نینۆکمان بەدان قرتاندووە، بەجۆرێک وەک خوویەکی خراپ ڕۆڵی گێڕاوە، نینۆک جووین لە سەرەتادا کەسەکە بە ویستی خۆی ئەو کارە دەکات، پاشان بە ڕۆشتنی کات ئەگەر هاتوو بەردەوامی هەبوو، ئەوا دەبێتە خوو، ئەوکات دەبێت چارەسەری گونجاو و پێویستی بۆ بکرێت. 

نینۆک جووین بەزۆری لە تەمەنی منداڵییدا دەست پێدەکات، توێژینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە ٦۰%منداڵان دووچاری ئەم کێشەیە دەبن، وە ٤٥% هەرزەکاران ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە، لە دوایی تەمەنی ۱٨ ساڵی بەزۆری ئەم گرفتە کەم دەکات و هەندێ جار بەتەوایی نامێنێت، بۆیە بەڕێژەیەکی کەم لە تەمەنی گەورەساڵاندا هەستی پێ دەکرێت. 

هۆکارەکانی نینۆک جووین

  • دڵەڕاوکێ و ماندوویەتی گرنگترین هۆکارن بۆ ئەم حاڵەتە.
  • نائومێدی و هەست بەتەنهایی هۆکارێکی ترن بۆ درووست بوونی ئەم کێشەیە.
  • یەکێکی تر لەهۆکارەکان بۆماوەیە، کە ڕۆڵی سەرەکی زۆر دەبینێت لە گواستەوەی زۆربەی نەخۆشی و گرفت و حاڵەتەکان.
  • یەکێکی تر لەو هۆکارانە، هەبوونی بۆشاییە لە دەروون و هزری کەسی تووش بوو.
  • هەندێک جار هەندێ نەحۆشی تر، کاریگەری دەبێت لەسەر ئەم حاڵەتە وەک (OCD) واتە: قەلەقی، زۆر جار بەهۆی ئەو قەلەقییەی کە لە هزری کەسەکە درووست بووە، سەردەکێشێت بۆ خۆبەتاڵکردنەوە، لەڕێگەی جوینی نینۆکەکانی یەوە، تادەبێتە خوویەکی بەردەوام.
  • هەندێک لەو منداڵانە هەڵگری کۆمەڵێک کێشەی وەک ADHD واتە فرەجووڵە، یان ODD "گرفتی نافەرمانی"، کە بەهۆیەوە بێ ئاگا نینۆکیان دەجوون، زیان بە پێست و نینۆکەکە دەگەیەنن، سەرەڕایی هەندێ جار بە هۆیەوە خوێن لەو جێگەیە دێنن و هەست بە کزانەوە و ئازاردەکەن، ڕەنگە میکرۆب لەو جێگەیە بچێتەژوورەوە، کەسەکە دووچاری نەخۆشی تری بکات، ڕەنگە بەهۆی بەرکەوتنی پیسی بە نینۆک، دوورنی یە منداڵەکە لەڕێگەی ئەم حاڵەتەوە میکرۆبەکە لە نینۆکییەوە نەگوازرێتەوە بۆ دەمی. 

چارەسەر

- پێویستە ئەو نینۆکەی منداڵەکە خووی پێوەگرتووە دەیجووێت، بە مادەیەکی بێ زیانی "تاڵ" بدرێت لەو نینۆکەی، واتە بەهۆی لێدانی مادەیەکی "تاڵ" یان "توون" منداڵەکە هەرکات دەمی برد بۆ پەنجەی دەزانێت، دەمی تاڵ دەبێت، ناچارە ئیتر ئەو کارە دووبارە ناکاتەوە.

- ڕێگە نەدرێت نینۆکەکەی درێژبێت، کورت بکرێتەوە، بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسێت دانی لێ گیربکات.

- هەندێ دەرمان کە دەبێت لەژێر ڕێنمایی پزیشکی تایبەت بدرێت بە منداڵەکە.

- هەناسەی قوڵ و دانەوەی بەهێواشی.

- دەستکێش و باندیجی تایبەت هۆکارێکی باشن بۆ یارمەتیدان لە دوورکەوتنەوەی نینۆک جووین.

- هەوڵ بدرێت منداڵەکە کاتەکانی بۆ پڕبکرێتەوە، هەست بەتەنهایی و دڵەڕاوکێ نەکات.

- پێویستە دایک وباوک بۆی ڕوون بکەنەوە، نابێت زۆر سەر زەنشتی منداڵەکەیان بکەن، لێدان و تووڕەبوون، هیچ کات چارەسەری درووست نین، بۆیە پێویستە بەخێوکار لە چارەسەری ئەم حاڵەتە، توندووتیژی ڕەت بکاتەوە.

- ئەگەر هەموو ئەوانەی لە سەرەوە باسکرا، ئەنجام دراو بێ سود بوو، ئەوا پێویستە بەزووی، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ  بکرێت، چونکە دوورنییە منداڵەکە بەهۆی نەخۆشی یان گرفتی ترەوە توانایی کۆنترۆڵی خوودی لەدەست دابێت. 


سەرچاوەکان



625 بینین