نەخۆشی سارس 

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-01-13:18:00 - کۆدی بابەت: 6457
نەخۆشی سارس 

ناوه‌ڕۆك

نەخۆشی سارس چییە؟

سارس وشەیەکە کورتکراوەی کۆنیشانەی هەناسەتەنگی توندە کە جۆرێکی مەترسیداری هەوکردنی سیی ڤایرۆسییە کە بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی سارسی تاجییەوە پەیدادەبێت، بڕوا وایە ئەم ڤایرۆسە خۆی ڤایرۆسێکی ئاژەڵییە و لەوانەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، یەکەمین مرۆڤەکانیش کە توشی بوون لە ناوچەی کوانگدۆنگی باشوری چین بوو ساڵی ٢٠٠٢، دواتریش داکەوتنەوەی درمی جیهانی سارس کە توشی زیاتر لە ٨٠٠٠ کەس بوو لە ٢٦ وڵاتی جیاوازی جیهان لە ساڵی ٢٠٠٣ و بووە هۆی مردنی ٧٧٤ کەس لە جیهاندا بەر لەوەی کۆنترۆڵ بکرێت، لە ساڵی ٢٠٠٤یشەوە هیچ حاڵەتێکی نوێی توشبوون بە سارس تۆمار نەکراوە. 

نیشانەکانی نەخۆشی سارس

نیشانەکانی سارس زۆر بە نیشانەکانی ئەنفلۆنزا دەچن، بە زۆری نیشانەکانی لە ٢ ڕۆژ تاکوو ٧ ڕۆژ لە توشبوون بە ڤایرۆسەکەوە دەردەکەون، لە هەندێک حاڵەتیشدا ڕەنگو دەرکەوتنی نیشانەکان دوا بکەوێت بۆ ١٠ ڕۆژ، لە نیشانەکانی سارس بریتین لە: 

- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
- هیلاکی زۆر.
- سەرئێشە.
- لەرزین.
- ئازاری ماسولکە.
- لەدەستدانی حەزی خۆراک.
- سکچوون.

پاش ئەم نیشانانەش ڕەنگە ڤایرۆسەکە دەستبکات بە کاریگەری کردنە سەر سییەکان و کۆئەندامی هەناسە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی تری وەکوو کۆکەی وشک و قورسی هەناسەدان و کەمی ئۆکسجینی خوێن کە لە حاڵەتە توندەکاندا کوژەرە، ئەگەر بێتو چارەسەر نەکرێت بە شێوەیەکی گونجاو ئەوە هەندێک لێکەوتەی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە وەکوو پەککەوتنی گورچیلە و جگەر و دڵ و ڕوودانی کێشەی تر لە گورچیلە.

هۆکارەکانی نەخۆشی سارس

نەخۆشی سارس بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسی سارسی تاجی ڕوودەدات، کە جۆرێکە لەو ڤایرۆسە تاجییانە کە ئەو ڤایرۆسەش لەخۆدەگرێت کە هۆکاری توشبوونە بە سەرما، لەگەڵ ئەوەی زۆر مەترسیدار نییە لەسەر مرۆڤ بەڵام دەکرێت نەخۆشییەکی قورس لەو ئاژەڵانەدا دروست بکات کە توشی دەبن، هەر لەبەر ئەمەشە زاناکان پێیان وایە لە ئاژەڵەوە گوازراوەتەوە بۆ مرۆڤ، نەخۆشی سارس وەکوو زۆربەی نەخۆشییەکانی تری کۆئەندامی هەناسە بەهۆی ئەو دڵۆپانەوە دەگوازرێتەوە کە کەسەکە دەیکاتە هەواوە لەکاتی پژمین یان کۆکین یان قسەکردندا، بۆیە پزیشکان پێیان وایە گواستنەوەی لەڕێی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ دەبێت لەگەڵ کەسەکەدا، هەروەها دەکرێت بگوێزرێتەوە کاتێک دڵۆپەکان دەکەونە سەر دەسکی دەرگا یان مۆبایل یان ژمارەکانی بەرزکەرەوە، بە شێوەیەکی گشتیش ئەو کەسانەی زۆر مەترسی توشبوونیان هەیە ئەوانەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسی توشبوودا وەکوو تاکەکانی خێزانی توشبوو و کارمەندانی بواری تەندروستی.

دەستنیشانکردنی نەخۆشی سارس

بە تێڕوانین لەوەی نەخۆشی سارس زۆر بە دەگمەن دادەنرێت و نیشانەکانی زۆر بە نیشانەکانی ئەنفلۆنزا و هەوکردنی سییەکان دەچێت، بۆیە پزیشک گومان لە سارس ناکات تەنها مەگەر کەسەکە لە جێیکەوە هاتبێت کە نەخۆشی سارای تێدا بڵاوە، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش چوار مەرجی داناوە کە دەبێت لە کەسی نەخۆشدا هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی وەکوو توشبووی سارس، ئەوانیش:

- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ ٣٨ پلەی سیلیزی بەلایەنی کەمەوە.
- دەرکەوتنی یەکێک یان زیاتر لە نیشانەکانی نەخۆشیەکانی کۆئەندامی خوارەوەی هەناسە وەکوو کۆکە و قورسی هەناسەدان و هەناسەتەنگی.
- هەبوونی بەڵگەی توشبوون بە هەوکردنی سییەکان لەکاتی وێنەگرتنی سنگ بە تیشک.
- نەبوونی دەستنیشانکردنی جێگرەوە یان هۆکارێکی تر بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو نیشانانەی نەخۆشەکە هەیەتی.

ئەگەر پزیشک گومانی هەبوو لە دەستنیشانکردنەکە ئەوە چەندین پشکنینی تاقیگەیی هەیە کە دەکرێت ئەنجام بدرێن بۆ دڵنیاکردنەوەی هەبوونی ڤایرۆسەکە یان دژەتەنەکان، بۆیە ڕەنگە پزیشک پشکنینی لەبەرگەتنەوەی پێچەوانەیی کارلێکی زنجیرەیی پۆلیمەرەیز ئەنجام بدات، کە دەتوانێت ڤایرۆس لە خوێن یان پیسایی یان دەردراوەکانی دەمدا بدۆزێتەوە، هەروەها ڕەنگە پزیشک تاقیکردنەوەی ئاوگی خوێن ئەنجام بدات بۆ ڤایرۆسەکە، کە دەتوانێت دژە تەنەکان بۆ ڤایرۆسەکە بدۆزێتەوە لە خوێندا، هەروەها ڕەنگە چاندنی ڤایرۆسەکە بەکاربهێنێت، بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەوەبین کە ئەم پشکنینانە زۆر ورد و تەواو نین بەتایبەت گەر لە سەرەتای توشبوون بە ڤایرۆسەکەوە ئەنجام بدرێن.

چارەسەری نەخۆشی سارس

ئەگەر پزیشک گومانی لە توشبوونی یەکێک لە نەخۆشەکان بە سارس هەبوو ئەوە بە شێوەیەکی دابڕاو لە نەخۆشخانەدا دەیهێڵێتەوە و چارەسەری گونجاو بەپێی حاڵەتەکەی بدات، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چارەسەرەکە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی دژە زیندەییەکان بۆ لەناوبردنی ئەو بەکتریایەی هۆکاری هەوکردنی سییەکانە لە سارسدا، هەروەها دژە ڤایرۆس دەدات لەگەڵ ستیرۆیدەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاوسان و هەوکردنی سییەکان، لەکاتی مانەوەی نەخۆشەکەش لە نەخۆشخانە پاڵپشتی هەناسەدانی دەکرێت لە ڕێگەی هەناسەدانی دەستکرد یان لەڕێی ئۆکسجینەوە بەپێی حاڵەتەکە، لە حاڵەتە قورسەکانیشدا ڕەنگە پەنا ببرێتە بەر بەکارهێنانی پلازمای خوێنی وەرگیراو لەو کەسانەی توشبووی ڤایرۆسەکەن و ئێستا چاکبوونەتەوە.

خۆپارێزی لە سارس

لە پاش دەرکەوتنی نەخۆشی سارس لێکۆڵەران پەرەیان بە چەندین جۆری کوتاودا دژی ڤایرۆسی سارس، بەڵام تاکوو ئێستا هیچیان لەسەر مرۆڤ تاقینەکراونەتەوە، بۆیە پێشنیار دەکەن لە ئەگەری دووبارە دەرکەوتنی سارس پەیڕەوی ئەم ڕینماییانە بکرێت بەتایبەت گەر لە پەیوەندیدابوون لەگەڵ یەکێک لە توشبووانی سارس:

- زۆر شۆردنی دەستەکان بە سابوون و ئاوی گەرم.
- لەدەستکردنی دەستکێش لە ئەگەری دەستدان لە هەر شتێکی پیس وەکوو شلەمەنییەکانی جەستەی کەسی توشبوو.
- پۆشینی کەمامەی نەشتەرگەری ئەگەر لەگەڵ کەسی توشبوودا لەهەمان ژوور بوون.
- پاککردنەوەی ڕووە پیسبووەکان بە ڤایرۆسەکە.
- شۆردنی هەموو کەلوپەلەکانی کەسی توشبوو وەکوو جلوبەرگ و جێگە و خاولی و کەرەستەکانی.
- جێبەجێکردنی هەموو رێکارەکانی سەرەوە پاش دە ڕۆژ لە نەمانی ڤایرۆسەکەش.
- هێشتنەوەی منداڵەکان لە ماڵەوە و ڕێگری لە چوونی بۆ قوتابخانە ئەگەر توشی تا و نیشانەکانی کۆئەندامی هەناسە بووبوون لە ماوەی دە ڕۆژ لە بەرکەوتن بە کەسێکی توشبوو بە سارس.


سەرچاوەکان



920 بینین