چەند خەوێنەرێکی سروشتی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-04-16:40:00 - کۆدی بابەت: 6502
چەند خەوێنەرێکی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

خەوێنەری سروشتی بۆچی پێویستە بەکاربێت؟

بە قورسی خەولێکەوتن کێشەیەکی باوی زۆربەی مرۆڤەکانە، بۆ هەندێک کەس ئەم کێشەیە ماوەیەک دەخایەنێت و بێزاری دەکات، لە هەندێک بارودۆخدا ئەم کێشەیە بە ڕێککردنەوەی سیستم و کاتی خەوتن چارەسەر دەبێت، بۆ نموونە سنووردارکردنی سەرخەو شکاندن لە ڕۆژدا و کەم کردنەوەی بۆ ٣٠ خولەک و ڕاهێنان کردن بۆ زیاتر کەم کردنەوەی بۆ ١٠ خولەک، نەخواردنی سەرچاوەکانی کافایین و هاندەرەکانی دیکەی مێشک پێش نوستن، هەروەها پێش نوستن نەخواردنی ئەو خواردنە قورسانەی کە پێکهاتەی چەورییان زۆر تێدایە یاخود سورکراوەن، ئەگەر کێشەکانی خەوتنی کەسێک بەوانەش چارەسەر نەبوو لەوانەیە هەندێک کەس حەزبکەن دەرمانی خەولێخەر و ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە وایان لێدەکات بە ئاسانی بچنە خەوێکی قوڵەوە، بەڵام زۆربەی خەڵکی پێیان خۆشە دووربن لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرچاوەی سروشتی بەکاربهێنن، سەرچاوە ناکیمیاییەکانی ماددەی خەوێنەر بە شێوەیەکی سروشتی بوونیان هەیە، کە دەبنە هۆی ئارامبوونەوەو پشوودان و نەمانی نیگەرانی، هەروەها دەبنە هۆی زوو خەولێکەوتن جگە لەمانەش چەندین سوودی تریان هەیە وەک کەم کردنەوەی ئازار و یارمەتیدانی هەرسکردنی خۆراک، خەوتن بە شێوەیەکی ئاسایی لەوانەیە ئاسان بێت بە گۆڕینی ڕۆتین و ژەم و خولیای ڕۆژانە، هەمیشە پێویستە مرۆڤ هەوڵ بدات دووربێت لە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و سەرەتا سەرچاوەی سروشتی تاقی بکاتەوە.

ڕیزبەندیی پێنج خەوێنەری سروشتی 

گوڵە بەیبوون

گوڵە بەیبوون ڕووەکێکی بێ زیانە کە دەبێتە هۆی ئارام بوونەوە، یارمەتی هێوربوونەوە و خەوتن دەدات، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە چای گوڵە بەیبوون بەسوودە بۆ یارمەتیدانی خەوتن لەو ئافرەتانەی کە تازە منداڵییان بووە، هەروەها نیشانەکانی خەمۆکی کەم دەکاتەوە.

بەکارهێنانی گوڵە بەیبوون

  • بەکارهێنانی گوڵە بەیبوونی وشککراوە بۆ دروستکردنی چای سەفەری.
  • هەڵمژینی هەڵمی زەیتی خەستی گوڵە بەیبوون یاخود بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زەیتەکە بدرێت لە پێست.
  • دەتوانرێت وەک دەرمانی پوختەکراوی گیایی بەکاربێت.
  • دەتوانرێت وەک حەب یاخود کەپسول وەربگیرێت.

سوودەکانی دیکەی گوڵە بەیبوون

  • کرداری هەرسکردن ئاسان دەکات.
  • پێست ڕەونەقدار دەکات و یارمەتی زوو چاکبوونەوەی برین دەدات.
  • یارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەدات.
  • سەرئێشە کەم دەکاتەوە.

چ کاتێک نابێت گوڵە بەیبوون بەکاربێت؟

- کەسێک کە هەستیاری هەبێت بە هەر ڕووەکێک لە خێزانی گوڵە بەیبوون، بۆیە پێویستە سەرەتا پرس بە پزیشکی پسپۆڕ بکرێت دەربارەی هەستیاری بە ڕووکێک لە خێزانی گوڵە بەیبوون.

- لە کاتی وەرگرتنی کەپسول یاخود حەبێک لە گوڵە بەیبوون، نابێت ژەمی زیادە وەربگیرێت چونکە دەبێتە هۆکاری ڕشانەوە و دڵ تێکەڵهاتن.

- ئەو کەسانەی کە نەخۆشی پەیوەست بە هۆڕمۆنییان هەیە نابێت گوڵە بەیبوون بەکاربهێنن.

- پێویستە هەمیشە زەیتی گوڵە بەیبوون لەگەڵ زەیتی دیکەدا بەکاربێت بۆ کەم کردنەوەی خەستییەکەی بۆ نموونە زەیتی زەیتوون، هەروەها پێویستە لەسەر بەشێکی بچووکی پێست تاقی بکرێتەوە پێش بەکارهێنان، بە شێوەیەک کە بڕێکی زۆر کەم و بە چینێکی تەنک لە تێکەڵەی زەیتەکە لەسەر بەشێکی بچووکی قۆڵ بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر هیچ سووربوونەوەیەک ڕووینەدا تاکوو ٢٤ کاتژمێر، کەواتە بەکارهێنەر دەتوانێت بێ ترس زەیتەکە بەکاربهێنێت، هەروەها بە هیچ شێوەیەک ئەم زەیتە نابێت بخورێت.

گوڵی سونبول (ڤالێرییان)

دەرمانی گیایی گوڵی سونبول لە ڕەگی ڕووەکەکەوە دروست دەکرێت، تێبینیکراوە کە ڕۆڵی هێمنکەرەوە ببینێت بەڵام پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە بۆ دڵنیابوونەوە لەو ڕۆڵە، سونبول دەتوانێت لەگەڵ چەند دەرمانێکی دیکە کارلێک بکات، بۆیە ئەگەر بەکارهێنەر دەرمانی دیکەی بەکارهێنا لەگەڵ وەرگرتنی دەرمانی گیایی سونبول ئەوکات پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات پێش بەکارهێنانی.

بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١١ ئەنجامدراوە سونبول دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ نەخۆشی خەوزڕان و یارمەتیدانی ئەو خانمانەی لە تەمەنی نائومێدیدان بۆ باشترکردنی خەوتنیان، ئەو خۆبەخشانەی کە ئەم توێژینەوەیان لەسەر کراوە ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار هەفتە ٥٣٠ میلیگرام لە پوختەکراوی گوڵی سونبولیان وەرگرتووە.

گوڵی سونبول دەتوانرێت لەگەڵ لیمۆ و نەعنا یاخود چەندین دەرمانی دیکەی گیایی تێکەڵ بکرێت، باشترە کە بەرەبەرە ژەمی وەرگرتنی سونبول زیاد بکرێت بە پێی تێپەڕبوونی کات، کە کاتی خەوتنی کەسی بەکارهێنەر ڕێک بوویەوە، پێویستە بەردەوام بێت لەبەکارهێنانی ئەم دەرمانە تاکوو دوو بۆ شەش هەفتە، ئەگەر گوڵی سونبول بە شێوەی چای بخورێتەوە پێویستە ڕۆژانە چارەکە کەوچێک بۆ یەک کەوچکی چا زیاتر لە سێجار بخورێتەوە.

ئەگەر کەسی بەکارهێنەر ویستی واز لە بەکارهێنانی ئەم دەرمانە گیاییە بهێنێت، پێویستە بە هێواشی ژەمەکانی کەم بکاتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و نابێت بە شێوەیەکی لەناکاو وازی لێ بهێنێت، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی لەناکاو وازی لێ بهێنێت ئەوا نیشانەکانی کەسی ئالوودەبووی لێ دەردەکەوێت و تووشی خەمۆکی دەبێت.

دوای دەرکەوتنی هەریەک لەم نیشانانە پێویستە واز بهێنرێت لە بەکارھێنانی سونبول

  • سەرئێشە.
  • ئازاری ناوسک.
  • خەمۆکی.
  • لاوازی بیرکردنەوە.
  • ئازاری گەدە و هەرسنەکردنی خواردن بە شێوەیەکی ئاسایی.
  • سەرگێژخواردن.
  • زوو هەڵچوون.

میلاتۆنین

میلاتۆنین لە ڕژێنی سنەوبەری بەرهەمدێت کە ڕژێنێکە دەکەوێتە مێشکەوە، کار و فرمانی ئەم ڕژێنە بە تەواوی پێناسە نەکراوە، بەڵام توێژەرەوەکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە چەند هۆڕمۆنێک دەردەدات و ڕێکیان دەخات وەک هۆڕمۆنی میلاتۆنین، میلاتۆنین بە ڕۆڵە سەرەکییەکەی ناسراوە لە ڕێککردنەوە و ڕێکخستنی سیستمی خەوتن، وەرگرتنی دەرمانی سەرچاوەی میلاتۆنین یارمەتیدەرە بۆ زوو خەو لێکەوتن و بە ئاسانی چوونە خەوێکی قوڵەوە.

لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجامدراوە ئەوە دەرکەوتووە کە میلاتۆنین خەوێنەرێکی سروشتییە، لە توێژینەوەکەدا ئەو کەسانەی کە ٣ میلیگرام لە میلاتۆنیان خواردبوو پێش خەوتن، زووتر خەویان لێ دەکەوت و کاتێکی زیاتر لە خەوێکی قوڵدا دەمانەوە، ژەمی ڕێگەپێدراو بریتییە لە ١ بۆ ٥ میلیگرام پێش خەوتن، پێویستە تەنها بۆ ماوەی دوو هەفتە بەکاربێت و دوای دوو هەفتە واز لە بەکارهێنانی بهێنرێت، ئەگەر دوای دوو هەفتە سیستمی خەوی بەکارھێنەر ڕێک نەبوویەوە، پێویستە سەردانی پزیشک بکات.

جگە لە ڕێککردنەوەی کاتی نوستن میلاتۆنین ئەم سودانەشی هەیە:

  • بەرگری لەش زیاددەکات.
  • دژە هەوکردنە.

دوای دەرکەوتنی ئەم نیشانانە نابێت میلاتۆنین بەکاربێت

  • بە ئاگابوون بە درێژایی شەو لەبری خەوتن.
  • خەمۆکی.
  • بێهۆشی.
  • بێتاقەتی.
  • ئازاری گەدە.

لاڤێندەر

لاڤێندەر ڕووەکێکی بۆنخۆشە بەکاردێت لە دروستکردنی دەرمان و بۆن و زەیتدا، سەلمێنراوە کە یارمەتیدەرە بۆ بوونی تەندروستییەکی باش، کاریگەرییە هێورکەرەوەکانی دەتوانێت ببێت بە هۆکاری بوونی خەوێکی باش، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە ئەوە سەلمێنراوە کە لاڤێندەر بەسوود و کاریگەرە بۆ یارمەتیدانی خەوتن لەو ئافرەتانەی کە تازە منداڵییان بووە، ئەو کەسانەی توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجامدراوە بۆنی لاڤێندەریان هەڵمژیوە پێش خەوتن بۆ ماوەی ٨ هەفتە.

بەم ڕێگایانە دەتوانرێت لاڤێندەر بەکاربهێنرێت

  • چەند دڵۆپێک لە زەیتی لاڤێندەر دەخرێتە ئەو بڵاوکەرەوەی بۆنەی کە نزیکە لە جێگای نوستنەوە.
  • زەیتی لاڤێندەری خەستی کەمکراوە دەدرێت لە ناوچاوان و چواردەوری لوت.
  • چەند دڵۆپێکی کەم لە زەیتی لاڤێندەر بخرێتە سەر سەرین.
  • لاڤێندەری وشککراوە بە شێوەی چای سەفەری بەردەستە و دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

جگە لە رێککردنەوەی کاتی نوستن لاڤێندەر ئەم سودانەشی هەیە

  • کەم کردنەوەی ئازار.
  • چالاککردنی سوڕی خوێن.
  • پێست پاک دەکاتەوە.
  • ئازاری ناوسک کەم دەکاتەوە.
  • سەرئێشە کەم دەکاتەوە.
  • کێشەکانی هەناسەدان کەم دەکاتەوە.

هەمیشە زەیتی لاڤێندەر دەبێت خەستییەکەی کەم بکرێتەوە پێش بەکارهێنان بە تێکەڵ کردنی لەگەڵ ئاو یاخود زەیتێکی دیکەی وەک زەیتی زەیتوون، هەروەها پێویستە لەسەر بەشێکی بچووکی پێست تاقی بکرێتەوە پێش بەکارهێنان، بە شێوەیەک کە بڕێکی زۆر کەم و بە چینێکی تەنک لە تێکەڵەی زەیتەکە لەسەر بەشێکی بچووکی قۆڵ بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر هیچ سووربوونەوەیەک ڕووینەدا تاکوو ٢٤ کاتژمێر، کەواتە بەکارهێنەر دەتوانێت بێ ترس زەیتەکە بەکاربهێنێت،هەروەها زەیتی لاڤێندەر بە هیچ شێوەیەک ناخورێت.

جینسینگ

ڕووەکێکە بەکاردێت بۆ دروستکردنی دەرمانی گیایی، وەک یارمەتیدەرێک بۆ خەوێکی باش و بەهێزکەری بەرگری لەش دادەنرێت، بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە پوختەکراوی جینسینگی سوور کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر کێشەکانی نوستن، ئەو کەسانەی کە توێژینەوەکەیان لەسەر ئەنجامدراوە هەستیان بە خەوێکی ئارام و خۆشتر کردووە دوای بەکارهێنانی جینسینگ بۆ هەفتەیەک، ژەمی پێشنیارکراو بریتییە لە وەرگرتنی ڕۆژانەی ٨٠٠ میلیگرام بۆ ٢ گرام لە تۆزی جینسینگ، یاخود ١٠ دڵۆپ لە گیراوەی جینسینگ سێ جار لە ڕۆژێکدا، جینسینگ دەتوانرێت بۆ ماوەی سێ مانگ بەم شێوەیە بەکاربێت، پاشان دەبێت لە لایەنی کەمەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک واز لە بەکارهێنانی بهێنرێت و دواتر دووبارە دەست بکرێتەوە بە بەکارهێنانی، جگە لە رێککردنەوەی کاتی نوستن جینسینگ ئەم سودانەشی هەیە:

  • ئاستی وزە لە لەشدا بەرز دەکاتەوە.
  • دژی قەلەقییە.
  • چارەسەری لاوازی حەزی سێکسی دەکات.

دوای دەرکەوتنی ئەم نیشانانە نابێت جینسینگ بەکاربێت

  • سەرئێشە.
  • پەرێشانی.
  • ئازاری گەدە.
  • سەرگێژخواردن.
  • کێشەکانی دڵ.
  • دروست بوونی کێشە لە سوڕی مانگانەی خانماندا.


سەرچاوەکان



920 بینین