کۆنیشانەی کۆتارد

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-09-07-13:30:00 - کۆدی بابەت: 6525
کۆنیشانەی کۆتارد

ناوه‌ڕۆك

کۆنیشانەی کۆتارد چییە؟

جۆرێکە لە جۆرەکانی خەیاڵکردن، کە نەخۆش پێی وایە مردووە یان بوونی نییە، یان جەستەی شی دەبێتەوە، یان بەشێکی جەستەی لەدەستداوە، ئەم حاڵەتە بە زۆری لای نەخۆشانی خەمۆکی دەروونی و شیزۆفرینیا دەردەکەوێت، لە چارەسەرکردنیشدا پشت دەبەسترێت بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە دەروونییە کە لەگەڵیدایە، حاڵەتێکی دەگمەنە و خەڵکێکی زۆر بەم نەخۆشییە تۆمار نەکراوە، یەکەمجار ئەم کۆنیشانەیە پزیشکێک وەسفی کرد بەناوی جۆڵز کۆتارد ساڵی ١٨٨٠، دواتریش ناوی لێنرا کۆنیشانەی نکۆڵیکردنی دەروونی.

نیشانەکانی کۆنیشانەی کۆتارد 

لە دیارترین نیشانەکانی کۆنیشانەکە ئەوەیە کە کەسەکە هەست دەکات هیچ شتێک بەها و واتای نییە، هەروەها ڕەنگە هەست بەوە بکات هیچ شتێک لە دەوروپشتی ڕاستی نین، هەروەها هەست بەوە بکا کە مردووە یان جەستەی شی دەبێتەوە و دەمرێت، یان لە ئەساسدا بوونی نییە هەر، هەندێکی تریان پێیان وایە جەستەیان بوونی نییە، یان هەندێکیان نکۆڵی لە هەبوونی بەشێکی لەشیان دەکەن وەکوو یەکێک لە پەلەکان یان ئەندامەکانی ناوەوە، هەروەها ڕەنگە نکۆڵی هەبوونی ڕۆحیان بکەن، هەروەها خەمۆکی دیارترین نیشانەی ئەم نەخۆشییەیە، لە نیشانەکانی تریش:

- دوودڵی.
- لاوازی گەندە هەستناکی.
- هەست بە تاوان.
- زۆرە خولیایی.
- سەرقاڵی نەخۆشەکە بە ئازاردانی خۆی یان خۆکوشتن.

هۆکارەکانی کۆنیشانەی کۆتار

تاکوو ئێستا توێژینەوەمان نییە کە هۆکاری توشبوون بەم کۆنیشانەیە ڕوون بکاتەوە، بەڵام دۆزراوەتەوە کە ئافرەتان زیاتر تووشی دەبن، هەروەها ناوەندە تەمەنی توشبووان زیاتر لە ٥٠ ساڵە، هەروەها ئەوە دۆزراوەتەوە ئەو توشبووانەی کە تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ کەمترە ڕەنگە توشبووی نەخۆشی کەسایەتی دووجەمسەریش بن، هەروەها بەزۆری توشی ئەوانە دەبێت کە پێیان وایە ڕەفتارەکانیان زیاتر بەرهەمی کەسایەتی خۆیانە وەک لە ژینگەکەیان، لەو حاڵەتە دەروونیانەش کە ئەگەری توشبوون بەم نەخۆشییە زیاد دەکەن بریتین لە:

- نەخۆشی کەسایەتی دووجەمسەری.
- خەمۆکی پاش منداڵبوون.
- شیزۆفرینیا
- ئەو خەمۆکییەی نیشانەی دەروونی لەگەڵە.
- سستی.
- تێکچوونی دوورکەوتنەوە لە کەتوار یان نەمانی کەسایەتی.
- تێکچوونی جیابوونەوە یان لەتبوون.

دەستنیشانکردنی کۆنیشانەی کۆتارد

دەستنیشان کۆنیشانەی کۆتارد ئاسان نییە و هەندێک هەر بە نەخۆشی دانانێن، چونکە هیچ پێوەرێک نییە بۆ بەنەخۆشی دانانی، زۆرجاریش دەستنیشانکردنەکە بە دوورخستنەوەی هەموو نەخۆشییەکانیتر دەبێت کە دەبنە هەمان ئەو نیشانانە، لە دەستنیشانکردنەکە پشت بەو نیشانانە دەبەستن کە لەسەر نەخۆشەکە دەردەکەوێت، هەروەها زۆرجار هاوکاتی ڕوودانی نەخۆشی دەروونی ترە، ڕەنگە پزیشک پێویستی بەوەبێت زیاتر لە جارێک لەگەڵ نەخۆشدا دابنیشێت و مێژووی نەخۆشکەوتنی لێ بپرسێت بۆ دوورخستنەوەی ئەگەری توشبوونی بە هەندێک نەخۆشی تر کە نیشانەکانیان هاوشێوەن و دڵنیابوونەوە لە توشبوونی بەم کۆنیشانەیە، ڕەنگە پزیشک پێویستی بە دانیشتن بێت لەگەڵ خزم و نزیکە پلە یەکەکانی نەخۆشەکە.

چارەسەری کۆنیشانەی کۆتارد

توێژینەوەی پێویست بەردەست نییە بۆ دانانی بناغەی چارەسەرکردنی کۆنیشانەی کۆتارد، بۆیە چارەسەرەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو نەخۆشییە دەروونییەی کە هۆکاریەتی، ئەگەر بۆ نموونە کۆنیشانەی کۆتارد هاوکاتی ڕوودانی خەمۆکی دەروونی بوو ئەوە چارەسەر شۆک (ڕاتەکاندنی) کارەبای و چارەسەر بە دەرمانە، لەو دەرمانانەش کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ چارەسەری کۆنیشانەی کۆتاردی پەیوەست بە خەمۆکی دەروونییەوە بریتین لە فلۆکسیتین و دیلۆکسیتین و ئەمیتریبوتاڵین، هەروەها دەکرێت لیسیۆم بەکاربێت، هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت زیاتر لە جۆرێک دەرمان بەکاربهێنرێت لەهەمان کاتدا.


سەرچاوەکان



766 بینین