ڕەنگی خوێنی سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-08-15:44:00 - کۆدی بابەت: 6533
ڕەنگی خوێنی سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

خوێنی سوڕی مانگانە

لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ڕەنگی خوێنەکەت بڕیار دەدات لەسەر تەندروستی جەستە و ڕێکی و ناڕێکی هۆڕمۆنەکانت، بۆیە گرنگە بزانیت کام ڕەنگی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا ئاساییە و کامانە مەترسیدارن و نیشانەن بۆ چ شتێک.

خوێنی مەیلەو پەمەیی

کاتێک خوێنی سوڕی مانگانە لەگەڵ دەردراوەکانی ملی منداڵداندا تێکەڵ دەبێت، خوێنەکە مەیلەو پەمەیی دەبێت، بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی دەتوانێت ڕێژەی ئیسترۆجین داببەزێنێت، کە هۆکارێکە تاکوو ڕەنگی خوێن بگۆڕدرێت بۆ مەیلەو پەمەیی، هەروەها کاتێک خانمان وەرزشی زۆر قورس ئەنجام بدەن بە هەمان شێوە ڕێژەی ئیسترۆجینیان دادەبەزێت.

جووتبوون دەتوانێت درز و ڕووشاوی دروست بکات لە زێ و ملی منداڵداندا کە ئەو خوێنەی بەهۆی ئەمەوە دێتە دەرەوە دەردراوێکی مەیلەو پەمەییە هەروەها لە کاتی دووگیانیشدا هەندێک دەردراوی پەمەیی دێتە دەرەوە کە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ لەبارچوونی منداڵ، خانمانی دووگیان دەبێت وریابن و هەر جۆرە خوێنێکیان هەبوو سەردانی پزیشک بکەن، هەروەها دەکرێت هۆکارەکانی دیکەی خوێنی مەیلەو پەمەیی ئەمانە بێت:

خوێنی ڕوون و ئاویی

ڕوون بوونی ڕەنگی خوێن لە ماوەی دووگیانیدا کە ڕەنگێکی سوری کاڵە نیشانەیەکە بۆ کەمبوونەوەی ماددەی خۆراکی جەستە، چونکە بە گشتی ئەو خوێنەی کە ڕوونە زیاترە و خوێنبەربوونێکی توندە، بەڵام خوێنی ڕوونی سوور باشترین ڕەنگە بۆ خوێنی سوڕی مانگانە، بەو مەرجەی کە زۆر توند نەبێت خوێنبەربوونەکە چونکە دەکرێت بە دەگمەن نیشانە بێت بۆ شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها نیشانە بێت بۆ ڕیشاڵە لوو و کیسی هێلکەدان.

خوێنی ڕەش

خوێنی ڕەش دەکرێت لە سەرەتا یاخود کۆتایی سوڕەکەدا دەربکەوێت، بە گشتی نیشانەیەکە بۆ خوێنی کۆن یاخود خوێنێک کە زۆر ماوەتەوە لە منداڵداندا تاکوو بێتە دەرەوە، کە سەرەتا ڕەنگەکەی سوورە و بەڵام بە هۆی زۆر مانەوەیەوە ڕەش بووە، هەندێک کات دەکرێت خوێنی ڕەش نیشانەیەک بێت بۆ گیرانی ناوەوەی زێ، کە نیشانەکانی دیکەی بریتییە لە:

  • دەدراوی بۆن ناخۆش
  • تا
  • بوونی کێشە لەکاتی میز کردندا
  • خوران یاخود ئاوسانی زێ

خوێنی قاوەیی یاخود سووری تۆخ

ئەم دوو ڕەنگە کە بەرەو ڕەنگی ڕەش دەڕۆن بەڵام ڕەش نین، لەوانەیە لە سەرەتاوە یاخود کۆتایی سوڕەکەدا دەربکەوێت، ڕەنگی سووری تۆخ بە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئیسترۆجین و هاتنە خوارەوەی خێرای ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدانە، دەکرێت ڕۆژانی سەرەتا یاخود کۆتایی سوڕەکە خوێنەکە قاوەیی بێت، کێشەی نییە ڕەنگێکی ئاساییە و جێگای دڵگرانی نییە، خوێن ماوەیەکی زۆر لە منداڵداندا دەمێنێتەوە و لە ئەنجامدا دەئۆکسێت و دەگۆڕدرێت بۆ قاوەیی، هەروەها کاتێک خوێن زۆر بە سانتییەکەوە دەمێنێتەوە زیاتر دەئۆکسێت، لە کاتی دەستپێکردنی ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی یاخود گۆڕینی ڕێگایەک بۆ ڕێگایەکی دیکە خوێنی قاوەیی دەبینرێت و هەروەها دەکرێت لە کاتی نزیک بوونەوە لە تەمەنی نائومێدی خوێن قاوەیی بێت، هەروەها خوێنی قاوەیی هەندێک کات نیشانەیەکی سەرەتایی دووگیانییە، دەکرێت نیشانەش بێت بۆ دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان و لەبارچوون.

خوێنی نارنجی

ئەو خوێنەی کە لەگەڵ دەردراوەکانی ملی منداڵداندا تێکەڵ دەبێت دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ نارنجی، ڕەنگی نارنجی زۆر نیشانەیەکە بۆ هەوکردن کە نیشانەی دیکەی لەگەڵدایە وەک خوران و سووتانەوە و دەردراوی بۆن ناخۆش.

خوێنی خۆڵەمێشی

بە هەمان شێوە بوونی خوێنی خۆڵەمێشی نیشانەیەکە بۆ هەوکردنێکی بەکتریایی لە زێی خانمەکەدا.

کڵۆبوونی خوێن لە ماوەی سوڕی مانگانەدا

ئاساییە لە ماوەی سوڕی مانگانەدا کڵۆ خوێنت هەبێت بەو مەرجەی کە بچووک بن و خوێنبەربوونەکە کەم بێت، بەڵام ئەگەر خوێنبەربوونێکی توند بوو و کڵۆخوێنەکان بە ئەندازەی مشتێک یاخود گەورەتر بوون ئەوە مەترسیدارە، کە هۆکاری زۆری هەیە بۆ ئەگەر کەمتر لە دوو کاتژمێر سانتیت پڕ خوێن بوو ناچار بوویت بیگۆڕیت و یاخود کڵۆ خوێنەکان زۆر گەورە بوو پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت.

چ کاتێک پێویست دەکات سەردانی پزیشک بکرێت

  • دەدراوی نائاسایی لە زێدا
  • سوڕی مانگانەی ناڕێک و درێژ
  • خوێنبەربوون دوای تەمەنی نائومێدی
  • لە دەستدانی سێ یان چەند سوڕی مانگانەیەک
  • بۆنی ناخۆشی زێ
  • دەردراوی خەستی زێ کە خۆڵەمێشی یان سپی بێت
  • خورانی ناوەوەی زێ یان دەوروبەری
  • تا
  • بوونی هەر جۆرە خوێن بەربوونێک لە ماوەی دووگیانیدا


سەرچاوەکان



20056 بینین