ئازاری سمت و ناوچەی حەوز لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-14-20:32:00 - کۆدی بابەت: 6582
ئازاری سمت و ناوچەی حەوز لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

ئازاری سمت و ناوچەی حەوز

ئازاری ناوچەی حەوز زۆرینەی خانمان لە ماوەی دووگیانیدا دووچاری دەبنەوە، ئەم ئازارە بە گشتی توند نییە و دەکرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت.

چ کاتێک ناوچەی حەوز و سمت تووشی ئازار دەبێت لە ماوەی دووگیانیدا؟

ئازارەکان لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی دیکە دەگۆڕدرێت، هەندێک لە خانمان ئەم ئازارانە لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا هەست پێ دەکەن، هەندێکی دیکەیان لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا هەست پێ دەکەن.

هۆکارەکانی ئازاری سمت و ناوچەی حەوز لە ماوەی دووگیانیدا

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

کاتێک خانمان دووگیان دەبن هۆڕمۆنەکانیان گۆڕانگاری بەسەردا دێت، ئەم گۆڕانکاریانە هۆکارێکن تاکوو ئازار دروست ببێت لەو ناوچانەدا.

ئازاری بەستەری ئێسکەکان

بەستەری ئێسکەکان لە ناوچەی حەوزدا، منداڵدان بە شێوەیەکی بازنەیی دەهێڵنەوە، کاتێک کە خانمان دووگیان دەبن ئەم بەستەرانە نەرمتر دەبنەوە و دەبنە هۆکاری دروستبوونی ئازار لە کاتی پەستاندا، ئەم ئازارە لە کەمەرەوە تاکوو خوارەوەی سمت دەست پێ دەکات و زۆر جار لە سێ مانگی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تاکوو کاتی منداڵبوون بەردەوامە.

ئازاری شا دەمار

شا دەمار گەورەترین دەمارە کە لە سمتەوە دەچێت بەرەو قاچەکان، و پەیوەستە بە پێست و ماسولکەکانی جەستەوە، ئەم شا دەمارە لە ماوەی دووگیانیدا دەکەوێتە ژێر پەستانەوە و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئازارێکی قورس لە ناوچەی حەوز و سمتدا، ئەم جۆرە ئازارە لە سێ مانگی سێیەمدا یاخود لەکۆتایی ماوەی دووگیانیدا ڕوودەدات بە هۆکاری جیاوازی وەک، زیادی کێش، کێش هاتنی منداڵدان، بە هەڵە وەستان و دانیشتن.

چارەسەری ئازاری سمت و ناوچەی حەوز لە ماوەی دووگیانیدا

  • دانانی جەوەنەی گەرم

  • مەساج کردن

  • وەرزش  

  • کۆمەڵێک ڕاهێنانی وەرزشی بۆ لەناوبردنی ئازاری ناوچەی حەوز و سمت

  • وەرزشی سویدی

بۆ ئەنجامدانی ئەم وەرزشە لەسەر زەوی دابنیشە، پشتت ڕێک بکە و قاچەکانت بگەیەنە بە یەکتر، دواتر بە دەستەکانت بدە لە پشتی پێت و ئەژنۆکانت بگەیەنە بە ئانیشکت و بەرەو پێشەوە بڕۆ، بەم جۆرە جەستەت چەند چرکەیەک با ئاوا بمێنێتەوە، دواتر باری خۆت بگۆڕە و ئەژنۆکانت بەرەو سەرەوە بەرز بکەرەوە بۆ ماوەی چەند چرکە ئاوا ڕایگرە، و ئەم جوڵەیە ٣ جار دووبارە بکەرەوە، ئەگەریش هەستت کرد ئەم حاڵەتە ئازاری سکت دەدات و فشارت بۆ دەهێنێت ڕایگرە.

ڕاهێنانی دانیشتن لەسەر کورسی

بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕاهێنانە لەسەر کورسی دابنیشە، پشتت ڕێک بکە، قاچی ڕاستت بخەرە سەر ئەژنۆی چەپت، و بە هێواشی بەرەو پێشەوە بچەمێرەوە، بەم چەند ڕاهێنانە هەستی ئارامی دەبەخشیت بە سمت و ناوچەی حەوزت.
چەند چرکەیەک بەم شێوەیە بمێنەوە و دواتر هەمان هەنگاو بە قاچی چەپیشت بکە، ڕۆژانە سێ جار ئەم ڕاهێنانە ئەنجام بدە.

بەکارهێنانی پشتوێن

ئەگەر هەموو ئەم وەرزشانە سوودێکیان نەبوو و ئازارەکەت بەردەوام بوو، ئەوا داوا لە پزیشک بکە پشتوێنی تایبەتی حەوز و سمتت بۆ بنوسێت.

ڕێگریکردن لە ئازاری ناوچەی حەوز و سمت لە ماوەی دووگیانیدا

- هیچ ڕێگایەک نییە کە بتوانیت بە تەواوی ڕێگری بکەیت لەم حاڵەتە بەڵام هەندێک کار ئەم حاڵەتە کەم دەکاتەوە.

- وەرزشکردن کە هۆکارێکە تەواوی جەستەت بجوڵێت و هەستێکی خۆشت پێ دەبەخشێت.

- دانیشت و وەستان بۆ ماویەکی زۆر هۆکارێکە تاکوو ئازاری ناوچەی حەوز و سمت زیاد ببێت، کەواتە پشوودان زۆر گرنگە.

- لە کاتی دانیشتن و وەستان و خەوتندا دەبێت لەبارێکی زۆر گونجاودا بیت.

- دوورکەوە لە جلی تەسک و پێڵاوی تەنگ  و پاژنە بەرز

- کێشی زۆری جەستەش هۆکارێکە و پێویستە کێشی جەستەت گونجاو بێت تاکوو پەستان نەخەیتە سەر جەستەت.

ئایا ئەم ئازارە نیشانەی سەرەتای دووگیانییە؟

ناکرێت ئەم نیشانە بە تایبەت بە نیشانەی سەرەتای دووگیانی دابنرێت، چونکە تەنها سێ مانگی سەرەتا نییە و بە درێژایی ٩ مانگەکە بەردەوام دەبێت ئازارەکە.

چەند مانگ دوای دووگیانی ئەم ئازارە لەناودەچێت؟

ئەم ئازارە چەند مانگێک دوای منداڵبوون نامێنێت و کەمتر دەکات، ئەگەر چی هەندێک خانم ئەم ئازارەیان دەبێت دوای منداڵبوون بەڵام ئەگەر هات و زۆربوو ئەوە ئاسایی نییە و لەوانەیە هۆکارێکی دیکەی هەبێت وەک هەوکردن.


سەرچاوەکان



6369 بینین