سابوون

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-28-23:57:00 - کۆدی بابەت: 6743
سابوون

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سابوون بریتییە لە خوێی ترشە چەوری و لە بەرهەمە جیاوازەکانی پاککەرەوە و چەورکەردا بەکاردێت، لە بەکارهێنانی ناو ماڵدا سابوون ماددەیەکی ڕووکار چالاکە کە هەمیشە بۆ شۆردن، پاککردنەوە و کارەکانی دیکەی پاراستنی خاوێنی ماڵ و مرۆڤ بەکاردێت، لە بەکارهێنانی پیشەسازیشدا سابوون وەک خەستکەرەوە و پێکهاتەی هەندێک چەورکەر و پێشڕەوێک بۆ کارا یاریدەدەرەکان (کەتەلیست) بەکاردێت.

چۆنیەتی کارکردنی سابوون

کاتێک سابوون وەک پاککەرەوە بەکاردێت پیسی و تەپوتۆز دەتوێنێتەوە لەسەر ڕووی ئەو شتەی کە سابوونەکەی لێدراوە، بۆ نموونە سابوون بۆ شۆردنی دەستەکان بەکاردێت وەک ماددەیەکی ڕووکار چالاک کاتێک تەڕدەکرێت بە کەمێک ئاو، دەتوانێت زیندەوەر مایکرۆسکۆپییەکان لەناوببات بە تێکدانی چینی چەوری و پێکهاتە پڕۆتینییەکەیان، هەروەها سابوون دەتوانێت چەورییەکان بشیراوێنێت (واتە چەوری و ئاو لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت) و بە ئاو پێداکردنی چەورییەکە ڕابماڵرێت، واتە سابوون بە هیچ شێوەیەک چەوری و پیسی لەگەڵ خۆیدا هەڵناگرێت بەڵکو یان لەناوی دەبات یاخود دەیشیراوێنێت و دەتوێنێتەوە و بە شۆردنی بە ئاو ڕایدەماڵێت.

جۆرەکانی سابوون

سابوونی پیشەسازی Non-toilet soaps

سابوون پێکهاتەی سەرەکی زۆبەر ڕۆنە چەورکەرەکان و خەستکەرەوەکانە، ڕۆنەکان زۆربەی جار بریتین لە شیراوگی سابوونی کالیسیۆم یان سابوونی لیسیۆم و زەیتی کانزایی، هەروەها هەندێک جۆری دیکەی سابوونی کانزایی بەسوودن وەک ئەوانەی کە لە ئەلەمنیۆم یان سۆدیۆم یان لە سەرچاوەکەیانەوە دروست دەکرێن، هەندێک سابوونی دیکە وەک خەستکەرەوە بەکاردێن بۆ زیادکردنی لینجی ڕۆنەکان، لە سەردەمی کۆندا ڕۆنە چەورکەرەکان بە تێکردنی لیمۆ یان زەیتی زەیتوون دروست دەکران، سابوونە کانزاییەکان لە هونەری مۆدێرنیشدا بەکاردێن، وەک داڕشتنی تابلۆی ڕۆنی.

سابوونی پاککەرەوە - Toilet soaps

لە بەکارهێنانی ناو ماڵدا سابوون بەو شتە دەوترێت کە بۆ پاککردنەوە بەکاردێت، بۆ پاکڕاگرتنی ماڵ و مرۆڤەکان، کاتێک بە مەبەستی پاککردنەوە بەکادێت سابوون پیسی و تەپوتۆز دەتوێنێتەوە و بە ئاو پێداکردنی ڕایان دەماڵێت، دەنکە نەتواوەکانی چەوری کە لە ئاودا ناتوێنەوە بە ناو مایسێڵەکانەوە پەیوەست دەبن (مایسێڵ: تۆپەڵەیەکی گەردییە کە پارچۆلکەیەکی مڵی پێکدەهێنێت)، گۆیە زۆر بچووکەکان لە ئەنجامی گەردەکانی سابوون کە گروپی جەمسەرە ئاوخوازەکانی لەسەر ڕووی دەرەوەیانە و گروپە چەوری خوازەکانی بەشی دەرەوەی چەوری دروست دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی پێکهێنانی گەردی چەوری لە ئاودا تواوە، هەر شتێک کە لە ئاودا بتوێتەوە دەتوانرێت بە ئاو پاک بکرێتەوە، واتە سابوون وا لە گەردەکانی چەوری دەکات کە لە ئاودا بتوێنەوە و بەمەش ڕایان دەماڵێت.

سابوون چۆن دروست دەکرێت؟

دروست کردنی سابوون تا ڕادەیەک پڕۆسەیەکی ئاسانە، شێوازی ستاندارد بریتییە لە بەسابوونکردن (saponification)ی چەوری و ڕۆن بە بەکارهێنانی گەرمی، لەم شێوازەدا چەوری و ڕۆنەکان گەرم دەکرێن و پاشان لەگەڵ تفتێکی شلدا کارلێکی پێدەکرێت، بەم پڕۆسەیە سابوون بەرهەم دەهێنرێت لەگەڵ ئاو و گلیسرین.
ڕێگایەکی دیکەی باو بۆ دروستکردنی سابوون بریتییە لە هاوتاکردنی ترشە چەورییەکان لەگەڵ تفتێک کە زۆربەی جار هایدرۆکسیدی سۆدیۆم (NaOH) بەکاردێت بە بەکارهێنانی هەڵمێکی پەستان بەرز، لەم هەنگاوەدا چەورییەکان جیادەبنەوە بۆ ترشە چەوری خاو و گلیسرین، دواتر ترشە چەورییەکان پوختە دەکرێن بە ڕێگای دڵۆپاندن (distillation) و پاشان ترشە چەورییەکان هاوتادەکرێن بە بەکارهێنانی تفتێک، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی سابوون و ئاو.
ئەگەر ئەو تفتەی بەکاردێت هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم (KOH) بێت ئەوا سابوونی پۆتاسیۆم بەرهەمدێت، سابوونی پۆتاسیۆم سابوونێکی نەرم و شلە کە بە زووی لە ئاودا دەتوێتەوە، هەروەها ئەگەر تفتەکە هایدرۆکسیدی سۆدیۆم بێت ئەنجامەکە بریتی دەبێت لە سابوونی سۆدیۆم، کە سابوونێکی ڕەقە و کەمێک درەنگتر لە ئاودا دەتوێتەوە بە بەراورد بە سابوونی پۆتاسیۆم.


سەرچاوەکان



1780 بینین