هەشت تێکەڵە خواردنی ناتەندروست

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2021-10-05-13:44:00 - کۆدی بابەت: 6796
هەشت تێکەڵە خواردنی ناتەندروست

ناوه‌ڕۆك

تێکەڵکردنی خواردن

تێکەڵکردنی خواردن کردارێکی باوە کە مرۆڤ بەکاریدەهێنێت، میوە تێکەڵ دەکەین و لەگەڵ ماست یان پەنیر دەیخۆین، یاخود سەوزە و گۆشت پێکەوە دەخۆین، ئەم تێکەڵانە بەناوبانگن بەڵام هەندێک خۆراکی دیکە هەیە کە پێویستە خۆت بپارێزیت لە تێکەڵکردنیان، هەندێک ماددەی خۆراکی هەن کە پێویستە بە جیا بخورێن وە کاتی پێویست بۆ هەرسکردنیان و مەرجی پێویست بۆ هەرسکردنیان جیاوازە، تێکەڵە خۆراکییە خراپەکان دەتوانن ببنە هۆی ئازاری گەدە، ئاوسانی سک، ماندووبوون و ناڕەحەتی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بیت لە تێکەڵکردنی خۆراکە هەڵەکان، ئەوا ڕووبەڕووی کێشەی درێژخایەنی هەرسکردن و هەستیاری و هەناسەتووندی دەبیتەوە، بەڵام بە تێکەڵکردنی خواردنە ڕاستەکان جەستەیەکی باش و تەندروستت دەبێت و بە درێژایی ڕۆژ دەتوانیت بە پڕ وزەیی بمێنیتەوە.

هەشت تێکەڵە خواردنی ناتەندروست کە پێویستە لێیان دوور بکەویتەوە

- شیر و مۆز: ئەم تێکەڵەیە وا دەردەکەوێت زۆر تەندروست بێت، بەڵام خەڵک تووشی شۆک دەبێت کە دەزانێت ئەمە تێکەڵەیەکی نا تەندروستە، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە هەردوو خۆراکەکە زۆر بەهێزن و نابێت پێکەوە بخورێن، مۆز و شیر هەرسکردنیان گرانە، تەنانەت ئەتوانێت کارکردنی مێشک بە باشی خاو بکاتەوە، ئەم دووانە کوالێتی خۆراکیان پێچەوانەیە، یەکێکیان کوالیتی ساردکەرەوەی هەیە، ئەوەی تریان کوالیتی گەرمی هەیە، مۆز لە کاتی وردکردندا ڕوو لە ترش بوون دەبێت و ژەهراوی دەبێت کاتێک تێکەڵ بە شیر دەکرێت، بەو هۆیەوە ڕەنگە هەندێک کێشەی وەک هەستیاری و کۆکە دروست بکات.

- بەرگر و فنگر: خواردنی بەرگر و فنگر ئەو تێکەڵە باوەیە کە خەڵک زۆرترین کات دەیخۆن، ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە خواردنی ئەمانە پێکەوە کارەساتە، ئەم دوو خواردنە دەوڵەمەندن بە چەوری، لەبەر ئەوە دەبنە هۆکاری ماندووبوون و تەمبەڵی، هەردوو خواردنەکە لە ڕۆندا سوور دەکرێنەوە و دەبنە هۆی زیادبوونی ئاستی شەکر و کۆلیسترۆڵ لە جەستەدا و کاردەکاتە سەر زیادکردنی ئارەزووی خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە و زیادکردنی کێش.

- پەقلەمەنی و پەنیر: پەنیر بەرهەمێکی شیرەمەنی دەوڵەمەندە بە پرۆتین، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم خواردنانە دەبنە هۆی هەڵئاوسانی گەدە و هێواش کردنەوەی پرۆسەی هەرسکردن لەبەر ئەوەی هەردووکیان بۆ هەرسکردن گرانن، بە شێوەیەکی سروشتی پەنیر کوالێتی گەرمکردنەوەی هەیە، لە کاتێکدا پاقلەمەنییەکان کوالێتی گەرمکردن و ساردکەرەوەشیان هەیە، کە دەبنە هۆی تێکچوونی سیستەمی هەرس، لەکاتی گەیشتنیان بە کۆلۆن دەبنە هۆی زیادکردنی ئارەقەکردن و میزکردن و هەندێک جار قەبزیی یاخود سکچوون.

- پیتزا و خواردنەوە گازییەکان: ئەم جۆرە تێکەڵە دڵخوازەکەی هەموو کەسێکە، پیتزا دەوڵەمەندە بە هەردوو پڕۆتین و کاربۆهیدرات، لە ئەنجامدا وزەی زۆری جەستە بەکاردێت لە کاتی پرۆسەی هەرسکردنیدا، لەلایەکی ترەوە خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان پرۆسەی هەرسکردن هێواش دەکەنەوە، لە کۆتاییدا ئەمە دەبێتە هۆی دروست بوونی کێشەی گەدە و کێشە پەیوەندیدارەکان بە گەدە.

- خواردن و ئاو یاخود شەربەت: یەکێک لە خراپترین و ژەهراویترین تێکەڵەکان، خواردنەوەی ئاو یان شەربەتە لە کاتی نان خواردندا، لەبەرئەوەی ئاو یان شەربەت ترشەڵۆکی گەدە شل دەکاتەوە و کاریگەری کاربۆهیدرات و پرۆتین و چەورییەکان کەم دەکاتەوە، بۆیە پێشنیار دەکرێت کە پێویستە ١٠ خولەک پێش نانخواردن ئاو بخورێتەوە، هەروەها ئەمەش هۆکارە بۆ تێکدانی ئەنزیمەکانی گەدە و زیادەڕۆیی کردن لە دەرهاویشتنی.

- ماست و میوە: تێکەڵکردنی ماست لەگەڵ میوە بیرۆکەیەکی باش نییە، چونکە گەدە بە خێراییەکی زۆر ماست هەرس دەکات، زۆر بەکتریا لە ماستدا هەیە کە کار دەکەنە سەر شەکری میوە، لەلایەکی ترەوە ترشی ناو میوەکان تێکەڵ بە کرداری هەرسکردنی ماست دەبن، هەرچەندە تێکەڵەکە لەوانەیە تامی خۆش بێت، بەڵام وا پێشنیار دەکرێت کە بە جیا چێژ لە هەموو خۆراکێک ببینرێت، خواردنی ئەم دوو خۆراکە لەهەمان کاتدا دەبێتە هۆی کزانەوەی گەدە و دروست بوونی کۆکە و هەستیاری پێست.

- هێلکە و گۆشت: هەرچەندە بە بڕوای هەندێک کەس خواردنی ئەم تێکەڵە خۆراکە زۆر تەندروستە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمانە دوو خواردنی زۆر دەوڵەمەندن بە پڕۆتین، و دوو خواردنن کە هەرسکردنیان زۆر گرانە و پێویستیان بە کاتێکی درێژە بۆ هەرسکردن.

- پەتاتە و گۆشت: زۆر کەس حەزیان لە خواردنی پەتاتەیە لەگەڵ گۆشتی برژاوی پارچەکراو، بەداخەوە، لە ڕاستیدا نابێت ئەمانە پێکەوە بخورێن، چونکە پەتاتە دەوڵەمەندە بە نیشاستە کە پێویستییەکی زۆری بە ئەنزیمە هەرسەکان هەیە، لە لایەکی ترەوە، گۆشت پێویستییەکی زۆری بە ترشەکانی گەدە هەیە بۆ هەرسکردن، دوای ئەوەی ئەم دوو خواردنە دەگەنە گەدە، دەبنە هۆکاری ناڕێکی کۆئەندامی هەرس وەک، نەخۆشییەکانی گەدە و دڵەکزە و با کردنی سک و ڕشانەوە.

لە کۆتایدا، ئەمانەی سەرەوە هەندێکن لەو تێکەڵە خواردنە ناتەندروستانەی کە دەبێت دووربکەویتەوە لێیان، لەوانەیە پێتوابێت کە تێکەڵەی ڕاستت هەڵبژاردووە، بەڵام پێویستە بزانیت کە تۆ زیانێکی زۆر بە جەستەت دەگەیەنیت ئەگەر لە خواردنی ئەم جۆرە تێکەڵانە بەردەوام بیت.


سەرچاوەکان



2303 بینین