ئازاری پشت دوای منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-05-23:50:00 - کۆدی بابەت: 6803
ئازاری پشت دوای منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خانمان بە درێژایی ماوەی دووگیانی ئازاری پشتیان دەبێت، زۆرینە وادەزانن دوای منداڵبوون ئەم ئازارەیان نامێنێت بەڵام بە داخەوە ئەم ئازارەی پشت دوای منداڵبوون دەگەڕێتەوە، ٪٥٠ـی خانمانی لە چەند مانگێکی سەرەتای دوای منداڵبوونیاندا دەناڵێنن بە ئازاری خوارەوەی پشتیان دوای منداڵبوون.

هۆکارەکانی ئازاری پشت دوای منداڵبوون

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

لە دووگیانیدا جگە لە سک، ئێسکەکانی ڕان و ناوچەی حەوز بە گشتی بۆ ئەوەی گەورەبوون و گەشەی منداڵەکە ڕێک بخەن لە منداڵداندا، چەند میلیلیترێک لە یەکتری دوور دەکەونەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جەستە لە ماوەی دووگیانیدا هۆڕمۆنێک دەردەدات کە ناوی ڕیلاکسینە و دەبێتە هۆی شلبوونەوەی ئەو جومگەیەی کە ئێسکی ناوچەی حەوز دەگەیەنێت بە بڕبڕەی پشت، بە گشتی چەند مانگێک دوای منداڵبوون و بە نزیکەیی ٣ مانگ هۆڕمۆنی ڕیلاکسین لە ناو خوێندا دەمێنێتەوە هەر بۆیە ئازارەکە بەردەوام دەبێت چونکە هێشتا جومگە و ئێسکەکانی جەستە نەگەڕاونەتەوە باری ئاسایی خۆیان.

منداڵبوونی ماوە درێژ و قوورس

خانمان کاتێک بە سروشتی منداڵیان دەبێت هەموو ماسولکە و ئێسکەکانی جەستە بە تایبەت ناوچەی حەوز دەکشێت و دەچنە بارودۆخێکەوە کە پێشتر تێیدا نەبوون، هەروەها خانمەکە ماوەیەکی زۆر لەسەر ئەو شێوازی وەستانەی دەمێنێتەوە.

بارودۆخی نەگونجاو

وەستانی نەگونجاو و جوان دانەنیشتن بۆ نموونە دوای منداڵبوون دایکان ڕۆژانە ماوەیەکی زۆر شیر دەدەن بە منداڵەکەیان گرنگە بزانن چۆن دەوەستن و پشتیان ڕێک دەکەن تاکوو دواتر نەبێتە هۆی ئازاری پشت، هەروەها زۆر هات و چوون و لەباوەش کردنی منداڵەکە و زۆر چەمانەوەش هۆکارێکی ترن.

کێشی زۆر

ئەگەر دایکەکە کێشی زۆر بێت لەبەر ئەوەی فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر پشتی و بەمەش ئازاری پشتی دەبێت.

لاوازبوونی ماسولکەکانی سک

بە درێژایی ماوەی دووگیانی، گەورەبوونی منداڵدان دەبێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی سک، هەر بۆیە پەستانکی زۆرتر دەکەوێتە سەر کەمەر و دەبێتە هۆی ئازار لە پشتتدا.

ئازاری پشت دوای منداڵبوون چەند درێژە دەخایەنێت؟

دوای ئەوەی کە ڕێژەی هۆڕمۆنی ڕیلاکسین لە جەستەدا هاتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، ماسولکەکان پتەو دەبنەوە و دەگەڕێنەوە حاڵەتی خۆیان، بە شێوەیەکی سروشتی نزیکەی ٣ مانگ دوای منداڵبوون ئازاری پشت چاک دەبێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا ئازاری پشت بۆ ماوەی ٦ مانگ بەردەوام دەبێت.

چ کاتێک ئازاری پشت جێگای مەترسییە؟

بە گشتی ئازاری پشت دوای منداڵبوون چەند مانگێکی پێ دەچێت و نامێنێت کە ئازارێکی ئاساییشە، بەڵام ئەگەر هاتوو ئازارەکە ئەم نیشانانەی دیکەی لەگەڵدابوو ئەوا مەترسیدارە و پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت:

  • ئازارەکە زۆر بێت و وردە وردە زیاتر بکات.
  • تای لەگەڵدا بێت.
  • ئازارەکە بە هۆی بەرکەوتنێکەوە بێت بۆ پشت.
  • نەخۆشەکە هەست بە قاچێکی یاخود هەردوو قاچی نەکات.
  • لەناکاو هەست بکات هاوسەنگی جەستەی لەدەست داوە.

کۆنتڕۆڵ کردنی ئازاری پشت دوای منداڵبوون

  • هەمیشە ئاگاداری هەڵگرتن بە چ هەڵگرتنی منداڵەکەت و چ کەلوپەل، نابێت بە تەواوی بچەمیتەوە و هەڵیبگریت، بەڵکوو دەبێت لەسەر ئەژنۆ دانیشیت و ئینجا قورساییەکە بەرز بکەیتەوە.
  • هەرچەندە ستوونی بڕبڕەی پشت ڕێکتربێت ئازاری پشت کەمتر دەبێت، دایکان دەبێت زۆر وریابن لە کاتی شیردان بە منداڵەکەدا نەچەمێنەوە و بەڵکوو منداڵەکە نزیک بکەنەوە لە مەمکیان و ئینجا شیری پێ بدەن.
  • باشترە دایک کاتی شیردان لەسەر کورسی دابنیشێت.
  • نابێت منداڵە لەسەر ڕانت دابنێیت چونکە پەستان لەسەر ڕان هۆکارێکە بۆ ئازاری پشت.

چارەسەری ئازاری پشت دوای منداڵبوون

دەرمان 

دەکرێت کۆمەڵێک دەرمان بەکاربهێنرێت بۆ نەهێشتنی ئازارەکە وەک (پاڕاسیتامۆڵ، پڕۆفین، تڕامادۆڵ) بەڵام ئەگەر دایکێک بیت کە شیری خۆت بدەیت بە منداڵەکەت دەبێت پرس بکەیت بە پزیشک و لە خۆتەوە دەرمان بەکارنەهێنیت.

چارەسەری سرووشتی

ڕۆژانە چارەسەری سرووشتی بۆ خانمەکە یارمەتیدەرە تاکوو بتوانێت ئازاری پشتی کەم ببێتەوە، نەخۆشەکە لەگەڵ چارەسەرکەرەکەیدا پێکەوە کۆمەڵێک ڕاهێنان ئەنجام دەدەن و ڕاهێنانی گرنگیشی فێر دەکات بۆ ماڵەوە و ڕێنمایی تایبەتی دەداتێ.

وەرزشکردن

وەرزشکردن سوودێکی زۆری هەیە بۆ ماسولکەکان و پتەویان دەکاتەوە بە تایبەت وەرزشی کشان، بەڵام نابێت ئەم وەرزشە ئەنجام بدرێت تاکوو ٦ هەفتە دوای منداڵبوون، هەروەها خانمان دەبێت ئاگاداربن تاکوو چەند مانگێک دوورکەونەوە لە وەرزشی قورس، هەروەها پیادەڕەوی زۆر باشە لە ماوەی دووگیانیدا.

مەساجکردن

دانانی جەوەنەی گەرم لەسەر شوێنێ ئازارەکە و مەساج کردن بۆ پشت ڕۆژانە.

خۆشۆردن 

خۆشۆردن بە ئاوی گەرم سوودێکی زۆری هەیە بۆ چارەسەری ئازاری پشت.


سەرچاوەکان



10016 بینین