ئالۆڤێرا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-11-15-15:15:00 - کۆدی بابەت: 7191
ئالۆڤێرا

ناوه‌ڕۆك

ئالۆڤێرا چییە؟

ئالۆڤێرا بە ئینگلیزی (Aloe vera)، ڕووەکێکی دڕکاوی نێوپڕە بەشێوەیەکی سروشتی لە کەشوهەوای وشک و ئاووهەوای خولگەیی لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەوروپا و ناوچەکانی باشوور و ڕۆژئاوای ئەمریکادا گەشە دەکات، هەروەها زیاتر لە 300 جۆر ڕووەکی ئالۆ بوونی هەیە، بەڵام ئالۆ باربادێنسیس بەناوبانگترین و بەنرخترین جۆری ئالۆڤێرایە لە جیهانی تەندروستی و جوانییدا بەهۆی تایبەتمەندییە چارەسەرکەرەکانی، چەند سەدەیەک پێش ئێستا خەڵکی ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە ئەم ڕووەکە زیاتر لە ئەوەی کە جوان بێت و لێی بڕوانیت دەتوانێت زیاتر لەوە پێشکەش بکات، ئەو ماددە لینج و ئاوگەی کە لەناو ئالۆڤێرادا دۆزراوەتەوە بۆتە چارەسەرێکی گیایی باو و بەکارهێنراوە بۆ یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی هەموو شتێک لە کێشەکانی پێستەوە بۆ کێشەکانی هەرسکردن، بەپێی وتارێکی ڕابردوو و وتارێکی تر کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2019 لە SAGE بڵاو کراوەتەوە.

مێژووی ڕووەکی ئالۆڤێرا

ئالۆڤێرا بە لایەنی کەمەوە 6000 ساڵە بە تایبەتمەندیەکانی چارەسەری ناسراوە، بەپێی ناوەندی نەتەوەیی تەواوکاری و تەندروستی تەواوکاری (NCCIH) ڕووەکەکە بە "نەمامی هەتاهەتایی" ناسراوە و لە ڕابردوودا وەکو دیارییەکی پرسە پێشکەش بە فیرعەونەکانی میسر کراوە، هەروەها توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بە تێپەڕبوونی کات گرووپەکان لە زۆر ناوچەی جوگرافییەوە ئالۆڤێرایان بەکارهێناوە، لەوانە هیندییەکان و چینییەکان و مەکسیکیەکان و ئەمریکای باکور، مرۆڤەکان لەمێژە سوودە چارەسەرییەکانی ڕووەکەکە دەزانن و چەندین ساڵە ئالۆڤێرایان بەکارهێناوە، هەروەها بە "ڕووەکی سوتان" و "شلێری بیابانی" و " زراوی فیل" ناسراوە، بۆ چارەسەرکردنی برینەکان و لە قژ هەڵوەرین و خوێنبەربوون و کێشەکانی هەرسکردن بەکارهاتووە، ئەم ڕۆژانە ئالۆڤێرا پیشەسازی تایبەت بە خۆی هەیە ئاوگەکەی لە کەلوپەلی جوانکاری و بەرهەمەکانی گرنگی بەخۆدانی وەکو شێدارکەرەوە و سابوون و کرێمی ڕیشتاشین و دژەخۆر بەکاردێت، بەرهەمی ئالۆڤێرا کە لەوانەیە ڕاستەوخۆ ئەو جێڵە سەوزە بریقەدارە بێت بە مێشکتدا کە لە سەر ڕەفەی دەرمانخانەکان هەڵگیراون، وە دەشێت بەکارت هێنابێت بۆ هێورکردنەوەی سووتانەوەی پێستت بەهۆی تیشکی خۆرەوە، هەروەها ئالۆڤێرا بە شێوەیەکی تەواوکەر بەردەستە، کە وادەرکەوتووە هەمان سوود بە پێست و سیستەمی هەرسکردن دەبەخشێت وەک جۆرەکانی تری ڕووەکەکە.

خەڵکی کام جۆرانەی ئالۆڤێرا بەکاردەهێنن؟

دوو بەشی سوودبەخشی پزیشکی لە ڕووەکی ئالۆڤێرادا هەیە، یەکەم گەڵاکان کە پڕن لە جێڵی ڕوون، ئەم جێڵە لە گەڵاکانی ڕووەکەکە دەرهێنراوە و زۆربەی کات بۆ پێست بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی سوتانەوە و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی پێست، هەروەها ئەم جێڵە بە شێوەی شروب یان کەپسول دەخرێتە بازاڕەوە بۆئەوەی بە شێوەی زارەکی وەربگیردرێت، دووەم ماددەی بەرهەمهێنراو لەلایەن ڕووەکەکەوە بە (ئالۆ لەیتێکس) ناودەبرێت، ئەمە لەپە "شانەیەکی ئاودار و نەرمی ڕووەکی" یەکی زەردە کە لە بەشی خوارەوەی ڕووی دەرەوەی گەڵای ڕووەکەکەدایە وە لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئالۆ لەیتێکس تایبەتمەندییەکانی ڕەوان‌کەرەوەی هەیە، وە بە شێوەیەکی زارەکی وەردەگیرێت بۆ چارەسەرکردنی قەبزی، نوێ‌ترین خواستی ئالۆڤێرا بریتییە لە خستنەڕووی ئەو خواردنەوانەی کە ئالۆڤێرا لەخۆدەگرن، وەکو شەربەتی ئالۆڤێرا و ئاوی ئالۆڤێرا، شەربەتی ڕووەکەکان زۆربەی کات تێکەڵ بە میوە مزرەکان دەکرێن بۆ دروستکردنی شەربەتی ئالۆڤێرا یان تێکەڵ بە ئاو دەکرێن بۆ دروستکردنی ئاوی ئالۆڤێرا، دەشێت ئالۆڤێرا بەتەنیا تامێکی تاڵی هەبێت، بۆیە چەندین مارکە تام یان شیرینکەر زیاد دەکەن بۆ بتڵەکە، چاوێک لە پێکهاتەکانی بوتڵەکە بکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پڕ لە شەکری زیادکراو نییە.

کاریگەرییە لاوەکییەکان و مەترسییە تەندروستییەکانی ئالۆڤێرا

جێڵی ئالۆڤێرا (ئەو بەشەی ڕووەکەکە کە بە گشتی لە کرێمەکان و شێدارکەرەوەکاندا دەدۆزرێنەوە) بەشێوەیەکی گشتی بۆ بەکارهێنان پارێزراوە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پێست لەکاتێکدا کە بەشێوەیەکی ناوچەیی بەکاربهێندرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت ئالۆ لەیتێکس مەترسیدار بێت، خواردن و خواردنەوەی ئالۆ لەیتێکس بە شێوەی زارەکی دەتوانێت ببێتە هۆی ژانێکی توند لە گەدەدا "دڵەکزە" و سکچوون، وە لەوانەیە دەرمانی زارەکی تر دروست بکات کە کەمتر کاریگەر بیت، هەروەها ئالۆ لەیتێکس دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کێشەی مەترسیدارتر، ڕۆژانە تەنها یەک گرام بە شێوەی زارەکی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەتوانێت زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت و لەوانەیە بکوژیش بێت، هەروەها دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن کەم بکاتەوە، بۆیە پێویستە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە وریا بن و پێش ئەوەی ئالۆ لەیتێکس تێکەڵ بە سیستەمی خۆراکی خۆیان بکەن لەگەڵ پزیشکەکەیان قسە بکەن، توانستێکی نەرێنی تری ئالۆ لەیتێکس ئەوەیە کە دەتوانن کاریگەری شێرپەنجەی هاندەری هەبێت، توێژینەوەیەک لە پرۆگرامی دەرمان‌ناسی نەتەوەییەوە بۆی دەرکەوت کە هەموو ئاوگەکانی گەڵای ئالۆڤێرا لووی شێرپەنجەیی لە ناو ڕیخۆڵە گەورەی مشکدا دروستکرد، بەڵام مەترسە، توێژینەوەکە مرۆڤەکانی تێدا نەبوو و پەیمانگای نەتەوەیی زانستە تەندروستییەکانی ژینگەش دەڵێت لە ئێستادا هیچ نووسراو و ڕوونکردنەوەیەک بوونی نییە کە پێشنیاری ئەوە بکات توێژەران هەمان ئەنجام لە مرۆڤەکاندا دەدۆزنەوە، هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە لە توێژینەوەکەدا مشکەکان هەموو ڕۆژێک ئاوێکیان دەخواردەوە کە 60 (پی پی ئێم) ماددە کیمیاییەکانی ناو ئالۆی تێدایە، ئەمەش زۆر لە سەرووی 10 (پی پی ئێم)ە کە لە پیشەسازیدا وەکو سنووریان دیاریدەکەن، بۆیە پێناچێت بە بەکارهێنانی ئالۆڤێرا بگەیتە ئاستی ناسەلامەتی.


سەرچاوەکان



1479 بینین