تووشبوونی میکرۆبی ملی منداڵدان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-12-23-21:32:00 - کۆدی بابەت: 7363
تووشبوونی میکرۆبی ملی منداڵدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

توشبوونی میکرۆبی ملی منداڵدان هەوکردنە لە ملی منداڵداندا، ملی منداڵدان دەکەوێتە خوارەوەی منداڵدان و لکاوە بە زێدا، نەخۆشییە توشبوونە میکرۆبییەکان و هەستیاری بە ماددەی کیمیایی و فیزیایی هۆکاری توشبوون بەم نەخۆشییەن، دیاریکردنی هۆکاری نەخۆشییەکە زۆر گرنگە ئەگەر هۆکاری نەخۆشییەکە توشبوونی میکرۆبی بێت لەوانەیە لە ملی منداڵدانەوە بەرەو منداڵدان و سک و ناوچەی حەوز بڵاوببێتەوە و توشبوونێکی میکرۆبی توند ڕووبدات کە کێشەی زۆر بۆ خانمەکە دروست دەکات.

چەند جۆری هەیە؟

  • تووشبوونی میکرۆبی توندی ملی منداڵدان: ئەم جۆرەیان تووشبوونێکی بەکتریایی یاخود ڤایرۆسییە کە نیشانەی تایبەت بە خۆی هەیه و پێویستی بە چارەسەرە.
  • تووشبوونی میکرۆبی درێژخایەنی ملی منداڵدان: کە تووشبوونێکی درێژخایەنە و زۆرجار بەبێ بوونی نیشانەیە.

هۆکارەکان

بەگشتی ئەم نەخۆشیانە لە ڕێگەی جووتبوونەوە ڕوودەدەن، وەک نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان کە ئەمانەن:

  • سوزەنەک.
  • تامێسکە.
  • توشبوون بەهۆی بەکتریای (Chlamydia trachomatis).
  • توشبوون بەهۆی بەکتریای (Trichomoniasis).
  • توشبوون بەهۆی بەکتریاکانی (Mycoplasma).

نیشانەکان

زۆرێک لە تووشبووەکان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام کاتێک تەشەنە دەسەنێت و دەبێت بە جۆری تووشبوونی میکرۆبی توند کۆمەڵێک نیشانەی دەبێت وەک:

  • دەردراوی خۆڵەمێشی یاخود زەردی کاڵ لە زێدا.
  • خوێنبەربوونی نائاسایی لە زێدا، وەک خوێنبەربوونی دوای جووتبوون یاخود خوێنبەربوونی نێوان سوڕەکانی مانگانە.
  • بوونی ئازار بەدرێژایی ماوەی جووتبوون.
  • ئازار لە کاتی میزکردندا، میزکردنی قورس و یاخود زۆر میزکردن.
  • لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا ئازاری ناوچەی حەوز یاخود سک و بوونی تا.

هۆکاری مەترسیدار

ئەگەر بەتازەیی جووتبوونت ئەنجام داوە بەبێ بەکارهێنانی کۆندۆم، یاخود پێشتر توشبووی ئەم حاڵەتە بوویت، ئەوا ئەگەری توشبوونت بەم جۆرە توشبوونە میکرۆبییە زیاد دەکات، توێژینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە ٪٨ بۆ ٪٢٥ـی ئەو ژنانەی کە پێشتر تووشی ئەم حاڵەتە بوون ئەگەری گەڕانەوەی نەخۆشییەکە بۆیان زۆرە.

کۆمەڵێک هەوکردن کە دەبنە هۆی توشبوونی میکرۆبی ملی منداڵدان

  • هەستیاری بە ماددەکانی ناو سپێرم کوژ کە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی بەکاردێت، یاخود کۆندۆمی پلاستیک.
  • هەستیاری بە هۆی تامپۆنەوە کە جۆرێکی سانتییە و یاخود ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لەولەب.
  • ناهاوسەنگی لە نێوان بەکتریاکانی لەشدا، واتە کاتێک بڕی بەکتریا زیانبەخشەکان زیاترە لە بەکتریا سوودبەخشەکان لەناو زێدا ئەگەری ڕوودانی ئەم حاڵەتە زیاترە.
  • ناڕێکی هۆڕمۆنەکان، نزمی ڕێژەی ئیسترۆجین و بەرزی ڕێژەی پڕۆجیسترۆن.
  • شێرپەنجە یاخود ڕێگای چارەسەری شێرپەنجە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا بوونی شێرپەنجە یاخود بەکارهێنانی ڕێگایەک بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە توشبوونی میکرۆبی بە ملی منداڵدان.

دیاریکردن

  • پشکنینی ناوچەی حەوز و دامێن.
  • نموونە وەرگرتن لە زێدا بۆ زانینی ڕێژەی خوێنبەربوون و دەردراوەکانی زێ.

چەند پرسیارێک دەربارەی پەیوەندی سێکسیتان کە ئەمانەن:

  • هەفتانە چەند جار جووتبوونتان ئەنجام داوە؟
  • ئایا جووتبوونی بەبێ کۆندۆمتان ئەنجام داوە؟
  • ئەو جۆرە ڕێگایەی کە بەکارتان هێناوە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی.
  • ئەگەر دووگیان بیت، پزیشک گوومانی ئەوە دەبات کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان لە تۆدا زۆربێت.

چارەسەر

  • ئەگەر تووشبوونەکە بەهۆی پەیوەندی سێکسییەوە نەبێت، ئەوا پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نابێت.
  • ئەگەر بێت و تووشبوونەکە بەهۆی پەیوەندیی سێکسییەوە بێت هەنگاوی یەکەم نەهێشتنی هەوکردنەکەیە و ڕێگریکردنە لێی لە گەیشتن بە منداڵدان و بۆرییەکانی منداڵدان و کۆرپەلەش ئەگەر بێت و خانمەکە دووگیان بێت.  

بەپێی جۆری ئەو تووشبوونە پزیشک دەرمان دیاری دەکات  کە ئەمانەن:

  • دەرمانی دژەبەکتریا.
  • دەرمانی دژەکەڕوو.
  • دەرمانی دژەڤایرۆس.

هەروەها دەبێت هاوسەرەکەشت چارەسەر وەربگرێت، وە تاکوو کۆرسی چارەسەرەکە کۆتایی پێ دێت نابێت جووتبوون ئەنجام بدەن.

ڕێگریکردن

  • لە کاتی جووتبووندا کۆندۆم بەکاربهێنن.
  • بە بڕێکی دیاریکراو پەیوەندی سێکسی ئەنجام بدەن.
  • ئەگەر هاوسەرەکەت برینی هەیە لەسەر ئەندامی نێرینەیدا و یاخود دەردراوی هەیە تاکوو چارەسەر وەردەگرێت پەیوەندی سێکسی لەگەڵیدا ئەنجام مەدە.
  • دەرمانی پاککەرەوە و بۆنخۆشی بەکارمەهێنە بۆ کۆئەندامی زاوزێت مەگەر ئەوەی کە پزیشک بۆی نوسیبیت.
  • ئەگەر تووشبووی نەخۆشی شەکرەیت، هەمیشە ئاگاداربە کە ڕێژەی شەکری ناو خوێنت جێگیر بێت.
  • با جلەکانی ژێرەوەت لۆکە بێت و تەسک نەبێت.
  • لە شوێنی زۆر گەرم و شێداردا مەبه چونکە ئەگەری ئەم تووشبوونە میکرۆبییە زیاد دەکات.


سەرچاوەکان



1706 بینین