چای سەوز

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-24-23:28:00 - کۆدی بابەت: 7377
چای سەوز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چای سەوز (بە ئینگلیزی: Green tea) جۆرێکی چایە کە لە گەڵا و خونچەی ڕووەکی کەمیلیا سینێسیس (بە ئینگلیزی: Camellia sinensis) دروست دەکرێت، ئەم جۆرەی چا بە هەمان ئەو ڕێگای بەرهەمهێنانی ئۆکساندن و وشککردنەوەیەدا تێپەڕناکرێت کە چای ڕەش لە ڕێگایەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەرهەمهێنانی چای سەوز بۆ یەکەمجار لە وڵاتی چین سەری هەڵداوە و دواتر بەرهەمهێنان و پیشەسازی چای سەوز بە وڵاتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات و باشووری ئاسیادا بڵاو بووەتەوە.
چەندین جۆری جیاواز لە چای سەوز بوونی هەیە، کە بەپێی جۆری ئەو ڕووەکەی چاکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت و هەلومەرجی گەشەکردنی ڕووەکەکە و کشتوکاڵی ڕووەکەکە و پرۆسەی بەرهەمهێنان و کاتی دروێنەکردن دەگۆڕێت، چەندین توێژینەوەی ڕەچاوکراو ئەنجامدراوە لەسەر سوودەکانی چای سەوز بۆ تەندروستیی مرۆڤ، چەند بەڵگەیەکی بچووک بوونیان هەیە لەسەر ئەوەی کە چای سەوز کاریگەری هەبێت لەسەر تەندروستی.

مێژوو 

بەکارهێنانی چا ڕەچەڵەکی ئەفسوناوی لە وڵاتی چینە بە درێژایی ئیپمڕاتۆری ئەفسانەیی شێنۆنگ، لە کتێبێک کە لەلایەن نوسەری چینی لویوو لە ساڵانی ٦١٨-٩٠٧ پێش زاییندا نووسراوە بە ناوی (کلاسیکی چا) باسی لە مێژوو و گرنگی چای سەوز کردووە.

کوڵاندن و ئامادەکردن

کوڵاندنی چا بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە تیایدا چا لە گەڵای چای و ئاوی گەرمەوە ئامادە دەکرێت، بە شێوەیەکی گشتی ٢ گرام لە چای سەوز دەکرێتە ناو ١٠٠ میلیلیتر لە ئاو، یان نزیکی ١ کەوچکی چا لە چای سەوز دەکرێتە کوپێک (١٥٠ میلیلیتر) لە ئاو، پلەی گەرمی ڕەنگ و تام دانەوەی ئەم چایە لە نێوان ٦١-٨٧ پلەی سلیزیدایە و کاتەکەشی لە نێوان ٣٠ چرکە بۆ ٣ خولەکدایە.
بەشێوەیەکی گشتی ئەو چایە سەوزانەی کە کوالیتیان نزمە پلەی گەرمی زیاتر و کاتێکی زیاتریان دەوێت بۆ دانەوەی ڕەنگ و تام، بەڵام ئەو چایانەی کە کوالیتیان بەرزە پلەی گەرمییەکی کەمتر و کاتێکی کەمتریان دەوێت بۆ دانەوەی ڕەنگ و تام، چاییە کوالیتی بەرزەکان وەک گیۆکورۆ (بە ئینگلیزی: gyokuro) گەڵای زیاتریان تێدایە و بۆ چەند جارێک ڕەنگ و تام دەدەنەوە لە کاتێکی کەمدا، زۆر گەرمکردن و کاتێکی زۆرتر کوڵاندنی چا دەبێتە هۆی بەرەڵاکردنی بڕێکی زۆر لە پۆلیفینۆڵی تانینەکان (بە ئینگلیزی: tannins) کە هۆکارە بۆ تامێکی تاڵ و کوڵاو بەپێی کوالیتییەکەی، تامی کوڵاوی چا بە شێوازی کوڵاندنی چاکەش دەگۆڕێت، دوو شێوازی گونجاو هەیە بۆ کوڵاندن و تام دانەوەی چا کە بریتیین لە:

  • پێشەکی زۆر گەرمکردنی ئەو قۆری یان شتەی کە چاکەی تێدا دەکوڵێنیت بۆ ڕێگریکردن لە ساردبوونەوەی چاکە بەخێرایی.
  • یان تێکردنی گەڵا چاکان بۆ ناو قۆرییەکەو کەم کەم تێکردنی ئاو بۆی لە کاتی خواردنەوەیدا.

پێکهاتە

١٠٠ گرام لە چای سەوز ئەم پێکهاتانەی تێدایە:

وزە ٠٫٩٦ کیلۆکالۆری
پڕۆتین ٠٫٢ گرام
ڤیتامین B1 ٠٫٠٠٧ میلیگرام 
ڤیتامین B2 ٠٫٠٦ میلیگرام 
ڤیتامین B3 ٠٫٠٣ میلیگرام 
ڤیتامین B6 ٠٫٠٠٥ میلیگرام
ڤیتامین C ٠٫٣ میلیگرام
ئاسن ٠٫٠٢ میلیگرام
مەگنیسیۆم ١ میلیگرام
مەنگەنیز ٠٫١٨ میلیگرام
پۆتاسیۆم ٨ میلیگرام
سۆدیۆم ١ میلیگرام
کافایین ١٢ میلیگرام

سوودەکان

توێژینەوەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە چای سەوز کاریگەری ئەرێنی هەبێت لەسەر:

  • کەمکردنەوەی کێشی لەش.
  • نەخۆشییەکانی جگەر.
  • شەکرەی جۆری دوو.
  • نەخۆشی ئەلزەهایمەر.
  • نەخۆشی شێرپەنجە.
  • هەوکردن و کێشەکانی پێست.
  • تەندروستی دڵ.
  • کەمکردنەوەی کۆلیستڕۆڵ و مەترسی تووشبوون بە نۆرەی دڵ.

بەڵام گرنگە کە بزانرێت بەڵگەی زیاتر پێویستە تاکوو زانان بتوانن بە تەواوی ئەم سوودە تەندروستییانەی چای سەوز بسەلمێنن.

زیانی لاوەکی

لە کەسانی پێگەیشتوودا چەند کاریگەرییەکی لاوەکی دەرکەوتوون کە پەیوەست کراون بە زۆر خواردنەوەی چای سەوزەوە، ئەم مەترسی و ئاڵۆزیانە گرنگە کە تێبینی بکرێن:

  • هەستیاریی بە کافایین: ئەو کەسانەی کە هەستیاری توندیان بەرامبەر کافایین هەیە دەکرێت ئەزموونی خەوزڕان یان دڵەڕاوکێ یان دڵتێکچوون یان ئازاری گەدە بکەن دوای خواردنەوەی چای سەوز.
  • زیانگەیاندن بە جگەر: خواردنەوەی بڕێکی خەست لە چای سەوز دەکرێت کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر تەندروستی جگەر لە چەند حاڵەتێکی دەگمەندا.
  • هاندەرەکانی دیکە: ئەگەر چای سەوز لەگەڵ دەرمانی هاندەری دیکەدا بخورێت دەکرێت پەستانی خوێن و لێدانی دڵ زیاد بکات.

تێبینی: هەمیشە پێش بەکارهێنانی هەر ڕووەک و دەرمانێکی گیایی پرس بە پزیشکەکەت بکە.


سەرچاوەکان



1134 بینین