بەند

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-25-20:13:00 - کۆدی بابەت: 7389
بەند

ناوه‌ڕۆك

بەند چییە؟

بەند یان گۆرانی میللی جۆرێکی گۆرانی وتنی کوردییە و بە هونەرێکی میلـلی دادەنرێت، لەم جۆرە گۆرانییەدا شیعری فۆلکلۆر یان شیعری نوێی پیاهەڵدان دەوترێت و لە ڕووی ناوەڕۆک و بە ڕووکەشیش شیعرەکان سادەن، زۆرینەی کات شیعری پیاهەڵدان و باسی جودایی و هەندێک کاتیش مەبەستی تایبەتە. لەم جۆرە گۆرانی وتنەدا زۆرجار ناوی ئامادەبووانی شوێنەکە دەوترێت و پێیاندا هەڵدەدرێت و ستایش دەکرێن. بەندبێژی لەگەڵ ئەوەی وشەکانی سادەن بەڵام ڕێکخستنێکی بەرزی هەیە و کۆتایی زۆرینەی ڕستەکان وەک یەک تەواو دەبن و کەسی بەندبێژ دەبێت بەباشی بتوانێت کۆتاییەکان لەگەڵ نیوەدێڕی دواتردا بگونجێنێت.

بەندبێژەکان بە چەندین شێوە پۆلێن دەکرێن، یان بە بەرزی تۆنی دەنگ یان جوانیی شیعرەکان یان توانای بەرزی ڕێکخستنیان، هەندێکی دیکەش شێوازی جیاواز بەکاردەهێنێت، وەک جنێودان و وشەی کۆمیدی و تەنز و ڕەفتاری سەیر و نامۆ و جلوبەرگی سەیر، یاخود بەکارهێنانی شێوازی ناڕوون لە دەربڕین کە دەبنە هۆی بەناوبانگ بوون و بەدڵبوونیان لەلای خەڵکی، هەندێک خەڵکیش کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت یاخود ئەوانەی لە ڕووی دەروونییەوە حاڵەتی تایبەتیان هەیە بۆ مەبەستی ڕاکێشانی بینەر و کۆکردنەوەی خەڵکی و گاڵتەکردن و کات بەسەربردن بانگهێشتی دانیشتنەکان دەکەن و هەندێک جاریش بەندیان پێ دەڵێن.

لەگەڵ ئەوەی لەڕووی هونەرییەوە بەندگووتن لایەنی نەرێنی زۆرە بەڵام هەندێک لە بەندبێژان نەکەوتوونەتە نێو بازنەی خراپ بەکارهێنانی بەندەوە و بەرگێکی زیاتر هونەری و میلـلییان بەسەریدا کێشاوە و دوورە لە ڕەفتار و وتەی نادروست. 

لەنێو کوردستان بۆ یەکەمجار لەنێو بەندبێژە نوێیەکاندا دوو خوشک بەناوی سارا و خەندە وەک یەکەمین بەندبێژی کچ دەرکەوتن. 

بەندبێژ

ئەو کەسەی بەند دەڵێت پێی دەوترێت بەندبێژ، هەندێک لە بەندبێژان دوورن لە پڕوپاگەندە و دەنگۆکانی میدیاکان، بەڵام هەندێک بە ئەنقەست کارێک دەکەن ناویان بڵاوببێتەوە و بە کارە سەیرەکانیان لەکاتی بەندبێژیدا ناوبانگ دەردەکەن، وەک چوونە کۆڵی کەسی دیکە و هەڵپەڕکێی زیاد لە سنوور و دروستکردنی تۆنی دەنگی بێ واتا و ژاوەژاو، یاخود بە باسکردنی ڕووداوەکانی ژیانی کۆمەڵگە و دووبارەکردنەوەیان لە بەندی ڕۆژانەیان. 

شێوازی وتنی بەند

دەکرێت بەند بێژەکان یەک کەس یاخود دوو یان سێ کەس بن و پێکەوە گۆرانییەکە بڵێن، بەگشتی بەندبێژی دەبێت خێرا بێت و ڕیتمی گۆرانی و مۆسیقا ببێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی شادی، جیاوازی بەند و گۆرانی دیکە وەک لە کلیپەکان دەبینرێت ئەوەیە ماوەکەی درێژترە و ڕاستەوخۆیە، شیعرەکانی تێکەڵ بە ناوی کەسانی دیکە دەکرێت و پیاهەڵدانی زۆری تێدایە، کەسێک بە تایبەت لە دانیشتنێکدا بەندبێژ بانگهێشت دەکات و کۆمەڵێک کەس و هەواداری لێ نزیک دەخاتەوە و لەو دانیشتنەدا بە خواردنەوە و خواردن و خواردنەوەی کحولی و هەڵپەڕکێ کاتەکەیان بەسەر دەبەن و بە دانیشتنەکەش دەوترێت گەعدە.

جۆرەکانی بەندبێژی و دانیشتنەکان

  • دەکرێت بەندبێژ بە تەنیا بێت و ماوەیەکی دیاریکراو گۆرانی بڵێت.
  • دەکرێت بەندبێژ لەگەڵ چەند بەندبێژێکی دیکە بێت و پێکەوە بە نۆرە گۆرانی بڵێن، کە زۆرجار ئەو چەند بەندبێژە یەکتری دەگرن و بەهۆکارێک کە پێکیانەوە دەبەستێتەوە لە دانیشتنەکەدا پشتی یەکتری دەگرن و ستایشی دەنگ و کار و پلە و کەسایەتی یەکتری دەکەن. هەندێک کاتیش کەسێکی دیکە دژمنداری مەعنەوی یان ڕاستەقینەی لەگەڵ هەردوو کەسەکەدا هەیە و بۆیە پێکەوە دەردەکەون تاوەکوو دژی کەسی بەرانبەر بوەستنەوە.
  • دەکرێت دوو کەس پێکەوە بەندبێژی بکەن و دژی یەکتری بن و بە شیعری داشۆرین ڕوو لە یەکتری بکەن و کەسانی دەوروبەریشیان لە کۆتاییدا بڕیار دەدەن کە کێ زیاتر کەسی بەرانبەر دەشکێنێت، زۆرجار لەم جۆرە دانیشتنانەدا ڕەخنە لە دەنگ، کەسایەتی، تۆنی دەنگ، توانای دەربڕین، یاخود کارێک لە ژیانی کەسیی یەکتریدا دەگیرێت، بەم جۆرەش دەوترێت شەڕەبەند.

بەندبێژە بەناوبانگەکان

  • ئاوات بۆکانی
  • شیروان عەبدوڵڵا
  • حەمە کرماشانی
  • کاروان خەباتی
  • سمایل سەردەشتی
  • ئارام شەیدا
  • گۆران ئینزیبات
  • ئاراس ڕەباتی
  • کاروان شارەوانی
  • محەمەد بامەندی
  • بەرزان جەعفەر
  • فەرمان بێ لانە
  • خالید ڕامبۆ
  • ئەحمەد سەنگاوی
  • کیسرا دێوانە
  • ئارام شارەوانی
  • ئۆژین نەوزاد
  • فازڵ عەنەبی
  • نێچیر هەورامی
  • پێشڕەو هەورامی
  • بەرهەم شەمامی
  • ڕۆمی هەرکی
  • حەمە زیرەک
  • نوری گەرمیانی
  • دیار عەلی
  • ئازە بێمنەت
  • ئامانج یاخی
  • فەتاح سەوزەواری
  • سەید عەلی سەردەشتی
  • ڕەزا جولەکانی
  • ڕەوەز جەزا


سەرچاوەکان



1357 بینین