زیرە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-06-20:30:00 - کۆدی بابەت: 7765
زیرە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تۆوی زیرە یان کاراوەی (بە ئینگلیزی: Caraway،بە عەرەبی: کمون)، ڕووەکێکی دوو ساڵەیە لە خێزانی ئەپیاسیا، هەروەها ڕووەکێکی ڕەسەنی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەورووپا و باکووری ئەفریقاشە، ڕووەکی زیرە لە ڕواڵەتدا هاوشێوەی ئەندامەکانی تری خێزانی گێزەرە و گوڵی ئەم خێزانه شێوە چەترییە، گەڵای ڕووەکەکە ورد، بەش‌بەش کراو و سووکە بە چەند بەشکەرێکی دەزوولەییەوە، لاسکەکانی ئەم ڕووەکە تا 20 بۆ 30 سانتیمەتر گەشە دەکەن و درێژی لاسکە سەرەکییەکەشی 40 بۆ 60 سانتیمەترە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگی گوڵی ڕووەکی زیرە سپی یان پەمەییە و گوڵی ورد و بچووکی شێوەی چەتریین، تۆوی ئەم ڕووەکە شێوە هیلالییە و نزیکەی 2 ملیم درێژە، و پێنج لای مەیلەو زەردی هەیە.

ناوی ڕووەکەکە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

مێژووی وشەی کاراوەی ئاڵۆزە و کەم کەس سەری لێ دەردەکات، ڕووەکی زیرە یان کاراوەی لە ناوچە جیاوازەکاندا ناوی زۆر و هەمەجۆری هەیە، بەکارهێنانی ئەم ناوانە لە وشەی لاتینی و وشەی یۆنانی وەرگیراوە، کە لەگەڵ وشەی لاتینی و وشەی سەنسكريتی گونجێنراوە، بەڵام لە سەردەمەکانی تردا خەڵکی بە مانای "ڕازیانه" لێی تێگەیشتوون، مێژووی بەکارهێنانی زاراوەی کاراوەی لە زمانی ئینگلیزیدا بەلایەنی کەمەوە دەگەڕێتەوە بۆ 1440 و واڵتەر ولیەم سکیت بە وشەیەکی ڕەچەڵەک عەرەبی زانیوە، هەرچەندە گێرنۆت کاتزەر پێی وایە کە وشەی عەرەبی (كراوية) لە وشەی ئیسپانی (carum)ـەوە وەرگیراوە.

زیرە لەڕووی پێکهاتنی کیمیاییەوە

کاتێک تۆوەکانی زیرە دەڕوێن و بەر دەگرن 7.5%ی ڕۆنی بنچینەیی و دی-کارڤۆن و 15% ڕۆنی جێگر بەرهەم دەهێنن، ڕۆنه جێگیرەکانیش ترشی چەوری سەرەکی ئۆلیک، لینۆلیک، پێترۆسلینیک، و ترشی پاڵمیتیکن، ئەو پێکهاتە چالاکە هەمەجۆرانەی کە لە ڕۆنی تۆوی ڕووەکی زیرەدا دیاریکراون بریتین لە:(تیمۆڵ، ئوم سایمین، گاما تێرپینین، ترایمیثەلین، دی‌کلۆراید، بێتا پاینین، سایکلۆهێکسێنیلی یەک و دوو، سایکۆهێکزانۆن، بێتا فیلیندرین، کارینی سێ، ئەلفا ثوجین و لینالول)

مێژووی ڕووەکەکە

ڕووەکی کاراوەی لەلایەن ڕووەکناسێکی یۆنانی سەرەتایی بە ناوی پێدانیوس دیۆسکۆریدس وەکوو گیا و دەرمانی بەهێزکەر ناوبرا، دواتر لە ڕۆمان ئەپیشسدا وەکوو بەشێکی پێکهێنەر لە ڕەچەتەکاندا ئاماژەی پێکرا، کاراوەی لە جیهانی عەرەبیدا بە (کراویە) ناسراوە و لە وڵاتی مەغریب گەشەی کردووە.

بەکارهێنانەکانی ڕووەکەکە

تۆوی زیره بە هەموو شێوەیەک بەکار دەهێنرێت، تام و بۆنی تیژە و وەکوو ڕازیانە وایە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆنێکی خۆشی هەیە و ئەم بۆنە خۆشەشی بەهۆی ئەو ڕۆن، کارڤۆن و لیمۆیەیە کە لەناویدایە، زیرە وەک بەهاراتێک لە ناندا بەکاردێت بەتایبەتی نانەچاودا (جۆرە کولێرەیەکە بە نان و زیرە دروستدەکرێت)، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، باوترین بەکارهێنانی زیره لە دروستکردنی نانەچاودایە کە زۆر جار پێی دەگووترێت نانی چەودانی جوویی، هەروەها تۆوی کاراوەی زۆرجار لە نانی ئیرلەندیدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها زیرە لە دروستکردنی شیرینی و خواردنەوەی کحولییەکان و ئەو خواردنانەدا بەکاردێت کە لەناو تاوە و فڕندا دروست دەکرێن، دەتواندرێت گەڵاکانی ڕووەکی زیرە بۆ زەڵاتە، ناو چێشت و سوپ زیاد بکرێت، هەروەها هەندێک جار وەکوو گیاش دەخورێت هاوشێوەی کەرەوز، بە تەڕی، بە وشکی یان لێنراو، ڕەگەکەشی هاوشێوەی سەوزەیەکی زستانە لە هەندێک شوێن دەخورێت وەکوو گێزەری سپی، بەری ڕووەکی زیرە لە چێشتخانە و لەسەر خوانی ئەورووپی دەبینرێت، بۆ نموونە ترشیاتی کەلەرم و کێکی تۆوی زیرە، هەروەها لە چێشتخانەی نەمساییدا وەکو بەهارات لەگەڵ گۆشتی گادا بەکاردێت و بە هەمان شێوە لە چێشتخانەی ئەڵمانیشدا وەکو بەهارات بۆ گۆشتی بەراز بەکاردێت، لە چێشتخانەی هەنگاریادا بۆ خواردنی گولاش زیاد دەکرێت و لە چێشتخانەی نەرویجی و سویدیدا بۆ دروستکردنی نانی ڕەشی کاراوەی بەکاردێت، لە وڵاتانی هەنگاریا و سڕبیا، زۆرجار زیرە بەسەر جۆرە کولیچەیەکی سوێردا دەپرژێنن، هەروەها بۆ زیادکردنی تام بۆ پەنیرەکان بەکاردێت، زۆربەی کات تۆوی کاراوەی وەکوو بەهارات لە وڵاتی سویسرا و لە ئالزاسی فەڕەنسا بەکار دەهێنرێت، بە گشتی پێی دەڵێن کومین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆنی زیره بۆ بەرهەمهێنانی خواردنەوەی کهولی لە وڵاتانی ئەڵمانیا و ڕووسیا بەکاردێت، لە چێشتخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، شیرینی کاراوەی کە پێی دەگووترێت (مغلي)، هەروەها لە وەرزی زستاندا و بە بۆنەی لەدایکبوونی منداڵێکی نوێوە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ناوچەی شام دروست دەکرێت و پێشکەش دەکرێت، زیرە هەروەها بۆ چێژ و تامی هەریسا زیاد دەکرێت، لە چێشتخانەی سووری-حەلەبدا بۆ دروستکردنی کولیچەی شیرین بەکاردێت، هەروەها ڕۆنی تۆوی زیرە وەکوو توخمێکی بۆن خۆش لە سوپەکان، پێست و قژ نەرمکەرەوەکان و بۆنەکاندا بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەکوو چارەسەری کێشەکانی هەناسەدان بەکاردێت و لە پزیشکی کۆندا بەکارهێنانێکی نەریتی هەیە بەتایبەتی لە نێو ئەو کەسانەدا بەکارهاتووە کە لە خزمەتگوزارییەکانی پزیشکی هاوچەرخ دوورەدەست بوون.

كشتوكاڵ

لەڕووی کشتوکاڵییەوە کاراوەی لە زۆربەی بەشەکانی ئەوروپادا بەربڵاوە، جگە لە ناوچەکانی وڵاتانی دەوروبەری دەریای ناوەڕاست، تاکە جۆری چێنراو کارۆم کارڤییە، کە بەرەکەی لە زۆر ڕووەوە بەکاردێت، لەوانەش چێشتلێنان و ڕۆنەکەشی لە ئامادەکردنی چەند دەرمانێکی دیاریکراو و خواردنەوە کحولییەکاندا بەکاردێت، هەموو جۆرەکانی تری کاراوەی ئەورووپی بە گشتی بەری بچووکترن، کە هەندێکیان لەسەر بەردی چیاکان گەشە دەکەن، بە تایبەتی لە بەڵقانی، زنجیرە چیای ئاڵپی ئیتالی و ئاپێنین، ئەم ڕووەکه لە شوێنە گەرم، خۆرەتاوەکان و خاکی وشکی دەوڵەمەند بە ماددەی ئەندامیدا گەشەدەکات، لەو ناوچانەی کە پلەی گەرمی بەرزترە و کەشەکەی گەرمترە ساڵانە لە وەرزی زستاندا دەچێندرێت، لەو ناوچانەی کە کەشوهەواکەیان مامناوەندە ساڵانە یان ساڵ نا ساڵێک و لە وەرزی هاویندا دەچێندرێت، هەرچەنده تاقیکردنەوە ئەنجامدراوە کە پۆليپلۆيدە جیاوازەکەی ئەم ڕووەکە هەمیشەییە و بە درێژایی ساڵ بوونی هەیە، وڵاتانی هۆڵەندا، پۆڵەندا و ئەڵمانیا سەرەکیترین وڵاتانی بەرهەمهێنەری زیرەن، وڵاتی فینلەندا لە ساڵی 2011دا نزیکەی 28%ی بەرهەمی ڕووەکی زیرەی جیهانی لە 1500 کێڵگەدا دابینکردووە، هەروەها ئەم ڕووەکە زۆرترین بەرهەمی لە کەشوهەوای گونجاو و هێڵەکانی پانی زەویدایە بەهۆی درێژی ڕۆژگاری هاوین و دەستەبەرکردنی تیشکی خۆری پێویست بۆ ڕووەکەکە.


سەرچاوەکان



1689 بینین