کۆندۆم

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-02-07-23:01:00 - کۆدی بابەت: 7774
کۆندۆم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

کۆندۆم (بە ئینگلیزی: Condom) بەرگێکی تەنکە لەکاتی جووتبووندا بەکاردەهێنرێت بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی و نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان. کۆندۆم زیاتر بە کۆندۆمی پیاوانە ناسراوە، بەڵام لە ئێستادا کۆندۆمی ئافرەتانیش بەردەستە. بەگوێرەی ئامارەی نەتەوەییی ساڵی ١٩٩٥ بۆ گەشەسەندنی خێزان، کۆندۆمی پیاوانە سێیەم باوترین جۆری ڕێگریکردن بووە لە دووگیانی، کە ڕێگریکردن لە دووگیانی بە لابردنی منداڵدان (Female stirilization) بە ڕێژەی ٢٩٫٥٪، بەکارهێنانی حەبی دژەدووگیانی بە ڕێژەی ٢٨٫٥٪ و بەکارهێنانی کۆندۆمیش بە ڕێژەی ٪١٧٫٧ بوون. هەروەها ڕێگریکردن لە دووگیانی بە بەکارهێنانی کۆندۆم یەکێکە لە کاریگەرترین ڕێگەکان و بەپێی توێژینەوەکان بە بەکارهێنانێکی دروستی کۆندۆم تەنیا ٢-٣٪ـی حاڵەتەکان شکست دەهێنن بەڵام ئەگەر بە دروستی بەکارنەهێنرێت ئەگەری شکست هێنان زیاترە و بەنزیکەیی ١٨٪یە. 

بەکارهێنانی کۆندۆمەکان جگە لە سوودی ڕێگریکردن لە دووگیانی، کاریگەرییان هەیە لە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان، لە ساڵی ١٩٨٦ لە وڵاتی ئەمریکا کۆندۆم وەکوو تاکە ڕێگری بەردەست دژی کۆنیشانەی کەمیی بەرگریی دەستکەوتوو (ئایدز) دانرا. هەروەها ڕێگری لە جۆرەکانی تری نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکانی وەکوو سووزەنەک و کلامیدیا دەکات. جاران کۆندۆم تەنیا بە ڕەچەتەی پزیشکی وەردەگیرا بەڵام لە ئێستادا کۆندۆمەکان بە ڕێژەیەکی زۆر لە دەرمانخانەکان و فرۆشگەکاندا بەردەستن، لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا ساڵانە ٤٥٠ ملیۆن کۆندۆم بەکار دەهێنرێت. 

پێکهاتە و جۆرەکانی کۆندۆم

زۆربەی کۆندۆمەکانی پیاوان لە ماددەی سروشتیی لاستیکی لاتێکس (لاتێکس ئەو شیرە لینجەیە کە درەخت بەرهەمی دەهێنێت و دواتر لاستیکی لێ دروست دەکرێت)، یانیش لە ڕیخۆڵەکوێرەی بەرخ دروست دەکرێن، هەروەها دەکرێت کۆندۆم لە ماددە دەستکردەکانی وەک پۆلیمەری (Polyurethane) کە جۆرێکی پلاستیکە و لە زۆر جۆری پیشەسازیدا بەکاردێت، (Polyisoprene) و جورێکی کەتیرە بە ناوی (AT-10 resin) دروست بکرێت. هەروەها کۆندۆمی ئافرەتان بەزۆری لە ماددەیەکی دەستکردی نالاتێکسی دروست دەکرێت کە پێی دەوترێت نایتریل.

بەرهەمهێنەکان ماددەی کیمایی بۆ کۆندۆمی لاستیکی لاتێکس زیاد دەکەن بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی کۆندۆمەکە هاوتا و جێگیر بکەن، وەکوو:

  • پاککەرەوەی سپێرمکوژی (Nanoxynol-9) کە کۆندۆم چەور دەکات و ڕێگری لە دووگیانبوون دەکات بە کوشتنی تۆوەکانی پیاوەکە.
  • ماددە پارێزەرەکانی پاڕابین کە زیاتر لە کۆندۆمە چەورەکاندا هەن و بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی بەکتریا بەکاردێن.
  • گلیسرین کە شەکرێکی کحولە و تامی شیرینە، بەزۆری لە کۆندۆمە تامدارەکان (Flavored condom) بەکاردێت بۆ باشترکردنی تام لە کاتی سێکسی دەمدا. زۆربەی کۆندۆمە تامدارەکان بە ڕەنگی تامەکەیان ڕەنگ دەکرێن، بۆ نموونە ڕەنگی سەوز بە تامی نەعنایە، ڕەنگی پرتەقاڵی بە تامی پرتەقاڵە، ڕەنگی زەرد بە تامی مۆزە و ڕەنگی قاوەیی بە تامی چوکلێتە. وا باشترە کۆندۆمی تامدار تەنیا بۆ سێکسی دەم بەکاربهێنرێت و لەکاتی جووتبوون لەڕێی زێوە جۆرەکانی تری کۆندۆم بەکاربهێنرێن چونکە کۆندۆمی تامدار زێ تووشی هەراسانی و هەستیاری دەکات.
  • پڕۆتینی کایزین کە لە شیردا هەیە بۆ نەرمترکردنی کۆندۆم بەکاردێت.
  • بێنزۆکاین کە سڕکەرێکی ناوچەیییە بۆ کەمکردنەوەی هەستیاری و زیادکردنی ئاسوودەیی لە کاتی جووتبووندا بەکاردێت. 
  • کۆندۆمی زبر (Textured condom) بەجۆرێک دروست دەکرێت کە خاڵدار بێت و زبرییەکی هەبێت، زبرییەکە دەکرێت لەناوەوەی کۆندۆم، دەرەوەی کۆندۆم یان هەردوو لادا هەبێت، ئەم زبرییە هەستی ورووژان و چێژی جوتبوون لەلای ژن و پیاویشەوە زیاتر دەکات، هەندێک جۆری ئەم کۆندۆمە زبرانە لە سەرەکەیاندا بەشێکی زیادەی بچووکی وەکوو گۆپکە یان گڵۆپێک هەیە کە یارمەتیی زیاتر ورووژانی چووک دەدەن.
  • هەروەها زۆرێک لە بڕاندەکان ماددەی تالک (تۆزێ سیلیکاتی مەگنسیۆم) و چەورکەر بۆ کۆندۆم زیاد دەکەن بەرلەوەی لە پاکەت بنرێن، لە ئێستادا ماددە گیایییەکانیش بۆ بەرهەمهێنانی کۆندۆم بەکاردێن. کۆندۆمەکان بەرلەوەی بفرۆشرێن، لەڕووی کوالێتییەوە بە تاقیکردنەوەی چڕدا تێپەڕ دەبن. ئەگەر کەسێک هەستیاریی بە لاستیکی لاتێکس هەبێت دەتوانێت ئەو جۆرانەی تری کۆندۆم بەکاربهێنێت کە لە ماددەکانی تر دروست کراون.

مێژوو 

یەکەمین بەکارهێنانی کۆندۆم دەگەڕێتەوە بۆ ولاتی میسڕ لە ساڵی ١٣٥٠ی پێش زایین. دوای سەرهەڵدانی نەخۆشیی گوازراوەی سێکسیی سیفلیس (Syphilis) لە وڵاتە ئەورووپییەکان، لە ساڵی ١٥٦٤ پزیشک و توێکاری ئیتاڵی گابرێل فالۆپیۆ (Gabriele Falloppio) زانستنامەیەکی لەسەر نەخۆشییەکە نووسی و تێیدا باسی بەکارهێنانی کەتانی کردبوو بۆ ئەوەی وەک ڕێگرێک لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە بەکاربهێنرێت، بەشێوەیەک کە بەرگێکی کەتانی لەناو گیراوەیەکی کیمیایی دەخوسێنرێت و دواتر لە سەری چووک دەبەسترێت بەمەش ڕێگری لە گواستنەوەی بەکتریاکە دەکات، لەمە بەدواوە بەکارهێنانی بەرگ بۆ چووک بوو بە شتێکی باو بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشی. یەکەم بەکارهێنانی ئەم ئامرازە بۆ ڕێگریکردن له دووگیانی نەک نەخۆشی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٦. 

لە سەردەمی ڕێنیسانسدا جگە لە کەتان، کۆندۆم لە ڕیخۆڵە و میزڵدانی گیانەوەریش دروست دەکرا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٦ بازرگانە هۆڵەندییەکان کۆندۆمی لە چەرم دروستکراویان بە وڵاتی ژاپۆن ناساند کە جیاواز لە کۆندۆمەکانی تر ئەم کۆندۆمە چەرمە تەواوی چووکی دادەپۆشی. لە سەدەی ١٨ هەندێک بیروباوەڕی ئایینی هەبوون دژی بەکارهێنانی کۆندۆم بەهۆکاری ئەوەی کە نابێت ڕێگری بکرێت لە وەچەخستنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتاکانی سەدەی ١٨ بەکارهێنانی کۆندۆمی کەتان، چەرم و ڕیخۆڵە بوو بە شتێکی زۆر بەربڵاو و لە وڵاتانی ئەورووپاوە گوازرایەوە بۆ زۆربەی وڵاتانی تر و لەکۆتاییشدا گوازرایەوە بۆ ئەمریکا، هەرچەندە لە زۆر شوێندا بەدەستخستنی کۆندۆم لەو کاتەدا شتێکی زەحمەت بوو و تەنیا چینی مامناوەند و باڵا بەکاریان دەهێنا بەهۆی بەرزیی نرخی و کەمیی ئاستی ڕووناکبیری سێکسی. 

لە سەدەی ١٩ بەکارهێنانی کۆندۆم لەلایەن چینی هەژاریشەوە دەستی پێکرد و لەم ماوەیەدا سیگمۆند فرۆید، دامەزرێنەری دەروونشیکاری دژی هەموو جۆرەکانی ڕێگریکردن لە دووگیانی وەستایەوە بە تایبەتیش کۆندۆم چونکە ئەو پێی وابوو کۆندۆم چێژی سێکسی ناهێڵێت، زۆرێک لە فێمێنستەکان ناڕەزایییان دەربڕی بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانی کۆندۆم تەنیا بە ئارەزووی پیاو و لە ژێر کۆنتڕۆڵی پیاودا بووە، ئەوان زیاتر ڕێگەکانی تری وەکوو دووشی سپێرمکوژ و بەربەستی ژنانەیان لەلا پەسەندتر بوو. 

لە ساڵی ١٨٣٩ ڕێگەی بەرهەمهێنانی لاستیکی سروشتی لەلایەن چاڕلز گوودیەر دۆزرایەوە کە بەشێوەیەک بەرهەمدەهێنرا زۆر جیڕ بوو و ئەگەری دڕانی زۆر کەمتر بوو لە جۆرەکانی پێشووتر، بەمجۆرەش یەکەمین کۆندۆمی لاستیک لە ساڵی ١٨٥٥ دروستکرا، تەکنیکی دروستکردنی کۆندۆمی لاستیک بەشێوەیەک بوو کە لاستیکەکە لەناو ماددە کیمیایییەکانی وەک گازۆلین و بەنزین نقووم دەکرا بۆ ئەوەی شل ببێت. لە ساڵی ١٩٢٠ کۆندۆمی لاستیکی لاتێکس داهێنرا کە لاتێکسەکە لەناو ئاو هەڵدەکێشرا بەمەش زیانەکانی کە بەهۆی ماددە کیمیایییەکانی ترەوە دروست دەبوون کەمبوونەوە، بەرهەمهێنانی کۆندۆمی لاستیکی لاتێکس تاوەکوو ئێستاش هەر بەردەوامە و لەبەرئەوەی لە ئاو هەڵدەکێشرێت نابێت چەورکەری بنچینەی ڕۆنی بۆ بەکاربێت چونکە زیان بە لاتێکسەکە دەگەیەنێت. لە ساڵی ١٩٩٤ ماددەی دەستکردی (Polyurethane) و لە ساڵی ٢٠٠٨ـیش ماددەی دەستکردی (Polyisoprene) بۆ دروستکردنی کۆندۆم بەکارهێنران.

سوود و زیانەکانی کۆندۆم 

بەکارهێنانی کۆندۆم ڕێگەیەکی ئاسانە و پێویستی بە سەردانی پزیشک نییە هەروەها نرخیشی گونجاوە، بۆ ئەو کەسانەی کە لەڕووی سێکسییەوە چالاکن کۆندۆم یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێگریکردن لە گواستنەوەی نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان و دووگیانبوون. لە هەمانکاتدا کۆندۆمەکان دەکرێت بدڕێن یان بخزێن و وابکەن شلەکانی جەستە بگوازرێنەوە بۆ کەسی بەرامبەر بەمەش مەترسیی دووگیانیی نەویستراو و نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان زیاد دەکات، هەروەها کۆندۆمەکان هەندێک کێشەی تریشیان هەیە، وەکوو:

  • هەستیاری بە لاتێکس 
  • تووشبوونی میکرۆبیی کۆئەندامی میزەڕۆ بەهۆی کۆندۆمە چەورکراوە سپێرمکوژەکانەوە
  • هەراسانبوونی چووک یان زێ

کۆندۆمی چەورکراو و چەورنەکراو

کۆندۆمی چەورکراو (Lubricated condom) ماددەیەکی چەوری تێدایە کە یارمەتیی کەمکردنەوەی لێکخشان دەدات لە کاتی جوتبووندا، لێکخشان مەترسیی دڕانی کۆندۆم زیاد دەکات. هەندێک کۆندۆمی چەورکراو ماددەی سپێرمکوژیان تێدایە واتا سپێرم یان تۆوەکانی پیاو دەکوژن و هێواشیان دەکەنەوە بەمەش ناتوانن بگەن بە هێلکەی ئافرەتەکە. 

کۆندۆمی چەورنەکراو چەور نییە بۆیە دەتوانرێت ماددەکانی چەورکەر بەجیا لەگەڵیدا بەکاربهێنرێن. بۆ کۆندۆمی لاتێکس پێویستە ئەو چەورکەرانە بەکاربهێنرێن کە بنچینەکەیان ئاوە نەک ڕۆن، چونکە ڕۆن ئەگەری دڕان و دزەکردنی کۆندۆمی لاستیکی لاتێکس زیاد دەکات.

چۆنیەتی بەکارهێنانی کۆندۆم

چۆنیەتی بەکارهێنانی


سەرچاوەکان



14320 بینین