ئاوێتە نائەندامییەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-19-23:21:00 - کۆدی بابەت: 7860
ئاوێتە نائەندامییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستەواژەی ئاوێتەی نائەندامی (بە ئینگلیزی: inorganic compound) بە هەر ئاوێتەیەک دەوترێت کە دوو توخم یان زیاتر (بەشێوەیەکی ئاسایی جگە لە کاربۆن) بە نزیکەیی بە ڕێژەیەکی دیاریکراو  بەیەکەوە بەستراون بۆ پێکهێنانی ئاوێتە، ئەو ئاوێتانەشی کاربۆنیان تێدایە و پەیوەستە بە هایدرۆجینەوە پێیان دەوترێت ئاوێتەی ئەندامی، هەندێک ئاوێتەش هەن کە کاربۆنیان تێدایە و وەک ئاوێتەی نائەندامی پۆلێن دەکرێن  وەک: کاربۆناتی کالیسیۆم [CaCO3]، سیانیدی سۆدیۆم [NaCN].

جیاوازی نێوان ئاوێتەی ئەندامی و ئاوێتەی نائەندامی

دیارترین جیاوازی نێوان ئاوێتەی ئەندامی و ئاوێتەی نائەندامی ئەوەیە کە زانستی کیمیای ئەندامی پێناسەی ئەو ئاوێتە ئەندامیانە دەکات کە بنچینەی پێکهاتنیان بریتییە لە کاربۆن و هایدرۆجین، هەروەها دەکرێت ئۆکسجینی تێدابێت یان تێیدا نەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە زانستی ئاوێتەی نائەندامی هەموو توخمەکانی تری خشتەی خولی دەگرێتەوە و دەکرێت کاربۆن و هایدرۆجینیشیان تێدابێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتگیر زۆربەی ئەو ئاوێتانەی کاربۆن و هایدرۆجینیان تێدایە ئەندامین.

جۆرەکانی ئاوێتەی نائەندامی

تفتەکان

تفتەکان پێکهاتەی ئاڵۆزن کە لە گەردیلەی کانزایی کە چەند دەستەیەکی هایدرۆکسیلییان پێوە پەیوەستە پێکهاتوون، ڕێژەی ترشێتی Ph یان لە سەروو حەوتەوەیە، کاتێک لە ئاودا دەتوێنەوە گیراوەیەک پێکدەهێنن کە پێدەوترێت تفتین (ئەلکالین) (بە ئینگلیزی: alkaline)، هەروەها دەتوانرێت بۆ هاوسەنگکردنی ترشەکان بەکاربهێنرێت.
کاتێک ترش و تفتەکان کارلێک دەکەن بەرهەمەکەیان خوێ و ئاو دەبێت، هەروەها لە ئەنجامی لێکهەڵوەشانیان لە ئاودا دوو ئایۆنی جیا دروست دەکەن کە بە شێوەیەکی گشتی بریتیین لە کاتایۆنی وەک NH4+ و ئانایۆنی وەک OH–.

ترشەکان

ئەم ئاوێتانە پێکدێن لە گەردیلەی هایدرۆجین و ترشێکی بنەڕەتی (ڕادیکاڵ)، ڕێژەی ترشێتی ترشەکان لە خواروو حەوتەوەیە، هەروەها دەکرێت لەجیاتی هایدرۆجین لە ئۆکسجین پێکبێن و ئاوێتەکەیان پێی دەوترێت ئۆکسۆئەسید، هەندێک نموونەی ئۆکسۆئەسیدەکان بریتییە لە نیتریک HNO3 و گۆگردۆز H2SO3، نموونە بۆ ترشە ئاساییەکانیش بریتییە لە ترشی هایدرۆکلۆریک HCl و ترشی هایدرۆفلۆریک HF.

خوێیەکان

خوێیەکان لە پاشماوەی ترشەکان و کانزایەک دروست دەبن، دەتوانرێت بەسەر شەش پۆلی جیاوازدا دابەش بکرێن، وەک: ناوەند، ترش، تفت، دووانی، تێکەڵ و ئاڵۆز، خوێیە ناوەندەکان شی دەبنەوە بۆ کانزای کەتایۆن و ترشێکی ئانایۆنی بنەڕەتی، خوێیە ترشەکان لە کاتی شیبوونەوەدا هەمان کەتایۆن و ئەنایۆن بەرهەم دەهێنن لەگەڵ کەتایۆنێکی هایدرۆجین، خوێیە تفتەکان شی دەبنەوە بۆ کەتایۆنی کانزا و ئەنایۆنی هایدرۆکسیل و ترشی بنەڕەتی، خوێیە دووانییەکانیش شی دەبنەوە بۆ دوو کەتایۆن و یەک ئەنایۆن، لە کاتێکدا کە خوێیە تێکەڵەکان شی دەبنەوە بۆ یەک کەتایۆن و دوو ئەنایۆن، خوێیە ئاڵۆزەکانیش بەرهەمێکی ئاڵۆزیان دەبێت لە گیراوەکەدا.

ئاو

باوترین و بەردەست ترین ئاوێتە لە زەویدا بریتییە لە ئاو، کە ئاوێتەیەکی نامۆی نائەندامییە، هۆکاری نامۆییەکەی ئەوەیە کە لە کاتی بەستندا لەجیاتی ئەوەی بچێتەوە یەک فراوان دەبێت، هەروەها وەک شل چوار دۆخی هەیە و وەک ڕەق ١٤ دۆخی هەیە.


سەرچاوەکان



2307 بینین