قەیرانەکانی ئۆکرانیا ٢٠١٤

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-08-14:08:00 - کۆدی بابەت: 7944
قەیرانەکانی ئۆکرانیا ٢٠١٤

ناوه‌ڕۆك

زانیاریی گشتی

کێشەی ئۆکرانیا یان قەیرانەکانی ئۆکرانیا (بە ئینگلیزی: ukraine crisis، بە عەرەبی: الأزمة الأوكرانية) کۆمەڵێک کێشەی ماوەدرێژە لە ٢٠١٣/١١/٢١ دەستی پێکرد کاتێک سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکرانیا ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ کارەکانی بەشداربوونی ئۆکرانیای لە یەکێتیی ئەورووپا ڕاوەستاند. ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی خۆپێشاندانێکی گەورە لەلایەن لایەنگرانی "چوونە نێو یەکێتیی ئەورووپا"ـوە و بووە هۆی دروستبوونی شۆڕشێک کە تێیدا سەرۆک لە شوباتی ٢٠١٤ لە کارەکەی دوورخرایەوە.

دوای شۆڕشەکە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا کە زۆرینەیان ڕووسیین و لایەنگری یانوکۆڤیچ بوون خۆپێشاندان دژی شۆڕشەکە دەستی پێکرد. دواتریش ڕووسیا هەستا بە داگیرکردنی ئەو ناوچە ناکۆکانە و لە ماوەی ٢٤ ڕۆژ ناوچەی قرمی باشووریش کە خاوەنی حووکمی خۆبەڕێوبەری بوو لە ئازاری ٢٠١٤ داگیرکرا. داگیرکارییە ڕووسییەکە هانی خۆپێشاندەرانی ناڕازی دا بۆ دروستبوونی جەنگێکی نیمچەناوخۆیی لە هەرێمەکانی دۆنیتسک و لۆهانسک دژی حکوومەتی ئۆکرانیا. کە لەلایەن ڕووسیا و هێزە لایەنگرەکانیانەوە پشتگیری دەکران.

کێشە و ڕووداوەکان

کێشەکانی پێشووتر

لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی وەک دامەزراوەی کارنگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی، کۆمەکی بەو گرووپە سیاسییانە دەگەیاند کە لایەنگری ئەورووپان. کە لە ١٩٩١ بۆ ٢٠١٣ بڕەکەی ٥ ملیار دۆلار بووە. لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا یەدەگی ئاڵوگۆری دەرەکی ئۆکرانیا بووە ١٨,٧ ملیار دۆلار. لە هەمان ساڵ وڵاتەکە %٢ پاشەکشەی ئابووری بەخۆیەوە بینی. ئەوەش وایکرد نەتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە کە دەبوایە لە ٢٠١٤ بیگەڕێنێتەوە و بڕەکەی ٧ ملیار دۆلارە. هاوکات ڕووسیا داوای کرد ئەو وڵاتە ١٧ ملیار دۆلار لە پسوڵەی گازە سروشتییەکەی بدات.

لە ٢٠١٣/١٢/١٨ ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا هەستا بە لادانی گومرگی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا، لەگەڵ کەمکردنەوەی نرخی گاز و پێشکەشکردنی قەرزێکی ١٥ ملیار دۆلاری بە حکوومەتی ئۆکرانیا. بەڵام سەروەزیرانی ئۆکرانیای ئەوکات میکۆلا ئازارۆڤ داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد بە بڕی ٢٠ ملیار یۆرۆ هاوکارییان بکات، یەکێتییەکەش ڕەتی کردەوە.

لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨ هەڵبژاردنێک لە وڵات ئەنجام درا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا و %٤٤,٧ خەڵکی ئۆکرانیا بە بەڵێ دەنگیان دا و %٣٥,٢ بە نەخێر.


سەرچاوەکان



965 بینین