دانانی سۆندەی میز بۆ خانمان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-13-23:16:00 - کۆدی بابەت: 7977
دانانی سۆندەی میز بۆ خانمان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر حاڵەت هەیە کە نەخۆش پێویستی بە دانانی سۆندەی میزە و خۆی ناتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی میز بکات، پیاوان و خانمان هەردووکیان تووشی کۆمەڵێک حاڵەت دەبنەوە کە دەبێت سۆندەی میزیان بۆ دابنرێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شێوازی دانانی سۆندە بۆ خانمان و پیاوان.

کەی خانمان پێویستییان بە دانانی سۆندەی میزە؟

  • کاتێک کە ڕێڕەوی میز گیرابێت بە هەر هۆکارێک
  • نەخۆشەکە نەتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی میز بکات 
  • دوای نەشتەرگەری منداڵبوون 
  • هەر نەشتەرگەرییەکی تری ژنانە کە خانمەکە نەتوانێت بە سروشتی میز بکات
  • خانمەکە بێهۆش بێت و بۆ ماوەیەک ئاگای لە خۆی نەبێت.
  • بۆ نموونە وەرگرتن و چارەسەر لە میزەڵدان

ئامادەکاری بۆ دانانی سۆندەکە

ئامادەکردنی کەرەستەکان

پێش هەر کارێک دەبێت پزیشک یاخود پەرستارەکە کەرەستەکان بەتەواوی ئامادە بکات کە ئەمانەن، سۆندەیەکی پاک و هەڵنەپچڕاو بە قەبارەی گونجاو بە خانمەکە، گۆز، دەرمانی پاککەرەوە (ئایۆدیین)، جیێڵی سڕکردن (لیدۆکایین)، سرنجێکی ١٠ سیسی، پلاستەر، ئاوی دڵۆپێنراو، کیسی میز، دەستکێش.

ئامادەکاری پزیشک و پەرستار

ئەو پزیشک یاخود پەرستارەی کە هەڵدەستێت بە دانانی سۆندەکە دەبێت دەستی بەباشی بشوات و دەستکێشی گونجاو لەدەست بکات، دواتر ڕوونکردنەوە بدات بۆ نەخۆشەکە کە دەیەوێت چی بۆ بکات و ڕەزامەندی نەخۆشەکە وەربگرێت، هەروەها زۆر گرنگە دوای ڕەزامەندی نەخۆش گرنگی بە لایەنی دەروونی نەخۆشەکە بدەیت و ئەم پڕۆسەیە لە شوێنێکی داخراودا ئەنجام بدەیت و تەنها خۆت و نەخۆشەکەتبن.

دانانی سۆندەکە

هەنگاوی یەکەم

سەرەتا دەبێت خانمەکە پاڵبکەوێت بە پشتدا لەسەر جێیەکی پاکوخاوێن و داخراو و هەردوو قاچی نەخۆشەکە بکەرەوە بە گۆشەی ٤٥ بۆ ٦٠ پلە و بە ئەژنۆی نوشتاوەوە ئەمە یارمەتیدەرە تاکوو بتوانیت بە ئاسانی پڕۆسەکەی بۆ ئەنجام بدەیت.

هەنگاوی دووەم

پاشان بەو دەستەی کە لاوەکییە، واتە ئەگەر ڕاستەی ئەوە بە دەستی چەپت و ئەگەریش چەپلەری ئەوا بە دەستی ڕاستت هەوڵبدە زێی خانمەکە بکەیتەوە و بەباشی جیایکەیتەوە، خانمان دوو دەرچەیان هەیە واتە دوو کون لە دامێندا، دەرچەی سەرەوە دەرچەی میزە و دەرچەی خوارەوە دەرچەی زێیە کە تێیدا سوڕی مانگانەی لێوە دێتە دەرەوە و لەوێوە کرداری جووتبوون ئەنجام دەدرێت، هەروەها لەکاتی منداڵبوونیشدا هەر لەوێوە منداڵ دێتە دەرەوە، زۆر گرنگە بە دەستت بەباشی زێی خانمەکە بکەیتەوە تاکوو دیاری بکەیت کە کامەیان دەرچەی میزە، دەرچەی میز بچووکترە و لە سەرەوەیە بە بەراورد بە دەرچەی کچێنی بۆیە ئەمە ڕێگایەکە تاکوو جیای بکەیتەوە، بەڵام هەندێک جار هەردوو دەرچەکە تێکەڵ بوون و قوورسە جیاکردنەوەیان بۆیە دەبێت وریابیت، بەتایبەت لەو خانمانەی کە تەمەنیان هەیە. 

هەنگاوی سێیەم

 دوای ئەوەی کە بە دەستت دامێنی خانمەکەت کردەوە دەبێت ماددەی پاککەرەوکە بکەیت بە گۆزەکەدا و بەباشی بیهێنیت بە زێیدا ئەویش لە سەری زێوە بۆ خوارەوە بڕۆیت، تاکوو پاک دەبێتەوە و دووربێت لە میکرۆب و بەکتریای زیانبەخش و ئەم پاککردنەوەیە سێ جار ئەنجامبدە.

هەنگاوی چوارەم

دواتر سۆندەکە هەڵبپچڕە و جیێڵی سڕکردنەکەی بەباشی پێدا بکە، واباشە ئەگەر نەخۆشەکە بەئاگایە زێی خۆی بگرێت بەدەستی و بەکراوەیی بیهێڵێتەوە تاکوو سۆندەکە دەبرێتە ناوەوە و ئەگەریش بێهۆشە دەبێت هەر پەرستار یاخود پزیشکەکە خۆیان ئەم کارە ئەنجام بدەن یاخود داوای هاوکاری بکەن لە هاوکارێکیان.
پاشان ١٠ سیسی لە ئاوە دڵۆپێنراوەکە بکەرە سرنجەکەوە و ئامادەی بکە.

هەنگاوی پێنجەم

ئێستا ئەو سۆندەیەی کە ئامادەیە بکەرە ناو دەرچەی میزی خانمەکە و پاڵی پێوە بنێ تاکوو ئیتر ناڕوات، ڕاستەوخۆ میز دێتە ناو سۆندەکەوە و بۆیە دەبێت لە بەشەکەی تری سۆندەکەوە ١٠ سیسی ئاوەکە بکەیتە ناوەوە و باڵۆنەکەی ناوەوە پڕبکەیت لە ئاو و جێگیری بکەیت تاکوو ئیتر سۆندەکە نەتوانێت بێتە دەرەوە، پاشان پڕۆسەکە کۆتایی پێ دێت و هەر میزێک بێتە میزەڵدانەوە لە ڕێگەی سۆندەی میزەکەوە دەچێتە ناو کیسەی میزەکە.

بەتاڵکردنی کیسەی میز

بەتاڵکردنی کیسەی میزەکە زۆر ئاسانە و هەر کەسێکی ئاسایی دەتوانێت بیکات، بەشی خوارەوەی سۆندەی میز لکاوە بە کیسەی میزەوە و هەر میزێک کە لە میزەڵدانەوە دێتە دەرەوە دەچێتە ئەوێ و لەوێوە دەتوانیت لە ڕێگەی دەرچەکەیەوە سەری کیسەکە بکەیتەوە و میزەکەی بەتاڵ بکەیت.

دەرهێنانی سۆندەکە

ئەگەر بەهەر هۆکارێک پێویست بکات کە سۆندەی میزەکە دەربهێنێت، ئەوا سەرەتا دەستکێش لەدەست دەکەیت و پاشان سرنجێکی ١٠ سیسی ئامادە دەکەیت و لە  دەرچەیەی سۆندەکەوە لەڕێگەی سرنجەکەوە ئەو ئاوەی کە کاتی دانانی سۆندەکە کرابوویە ناوەوە بەمەبەستی پڕکردنی بڵۆنەکە دەیهێنیتە دەرەوە و بەمەش باڵۆنەکە خاڵی دەبێتەوە و بەهێواشی سۆندەکە ڕادەکێشیت و دێتە دەرەوە.

جیاوازی نێوان ژن و کچ لە دانانی سۆندەی میزدا

ئەگەر خانمەکە ژن بێت واتە پەردەی کچێنی نەمابێت دانانی سۆندە بۆی زۆر ئاسانە و دەکرێت هەر دەرچوویەکی بەشی پزیشکی ئەنجامی بدات چونکە لەم حاڵەتەدا ئەگەریش بەهەڵە لەبری ئەوەی سۆندەکە بکاتە دەرچەی میز بەهەڵە بیکاتە دەرچەی زێوە کێشە نابێت و زیانی پێ ناگات، بەڵام ئەگەر کچ بێت و هێشتا پەردەی کچێنی هەبێت زۆر گرنکە کەسێکی شارەزا سۆندەکەی بۆ دابنێت چونکە دەکرێت هەڵە دانانی سۆندەکە ببێتە هۆی لەدەستدانی پەردەی کچێنی کچەکە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

دوای ئەوەی کە سۆندەکەت بۆ دانرا ئەگەر تێبینی هەر یەکە لەم حاڵەتانەت کرد دەبێت بە پزیشکی بڵێیت و ئاگاداری بکەیتەوە:

  • هەبوونی تا
  • میزی خەست و بوونی پەڵە خوێن تێیدا
  • میزی پەمەیی یاخود سوور
  • میزەکەت بۆنێکی زۆری هەیە
  • سووتانەوە و ئازاری میزەڵدان و سکت هەیە


سەرچاوەکان



2409 بینین