پشکنینی کارلێکی زنجیرەیی پۆڵیمەرەیز

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-12-01:51:00 - کۆدی بابەت: 8221
پشکنینی کارلێکی زنجیرەیی پۆڵیمەرەیز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی کارلێکی زنجیرەیی پۆڵیمەرەیز (بە ئینگلیزی: Polymerase Chain Reaction، کورتکراوەکەی: PCR) پشکنینێکی خێرا و وردە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی میکرۆبەکانەوە پەیدا دەبن و دیاریکردنی گۆڕانکارییەکانی سەر ئاستی جینیی (جین: دانەی بۆماوە کە ڕەوشتە بۆماوەییەکان هەڵدەگرێت). ئەم پشکنینە هەڵدەستێت بە دۆزینەوەی ناوکە ترشی کەم ئۆکسجین (DNA) یان ناوکە ترشی ڕایبۆزی (RNA) ئەو زیندەوەرەی بووەتە هۆکاری نەخۆشی یاخود خانە نائاساییەکان لە نموونە (سامپڵ)کەدا، زۆربەی ڤایرۆس یان میکرۆبە نەخۆشخەرەکانی تر یان DNA یان RNAیان تێدایە.

- DNA: پێکهاتەی بۆماوەییە هەڵگری هەموو ئەو زانیاریانەن کە پەیوەستە بە زیندەوەرێکەوە.

- RNA: جۆرێکی تری پێکهاتە بۆماوەییەکانە، ئەو زانیاریانەی تێدایە کە لە DNAیەوە لەبەرگیراونەتەوە و پێویستن بۆ دروستکردنی پڕۆتین.

بە پێچەوانەی زۆربەی پشکنینەکانی ترەوە، ئەم پشکنینە دەتوانێت لە سەرەتاکانی تووشبوون بە نەخۆشییە میکرۆبییەکانەوە هەبوونی میکرۆبەکە لە لەشدا دەستنیشان بکات. پشکنینەکانی تر لە سەرەتادا لەوانەیە نەتوانن نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن بەهۆی هەبوونی بڕێکی کەم لە ڤایرۆس، بەکتریا یان هۆکارە نەخۆشخەرەکانی تر لە لەشدا، یان بەهۆی ئەوەی هێشتا نەخۆشییەکە سەرەتایە و لەشت نەیتوانیوە دژەته‌ن دروست بکات، دژەته‌نەکان پڕۆتینن کە لەلایەن سیستمی بەرگری لەشەوە دروست دەکرێن بۆ هێرش کردنە سەر تەن و پێکهاتە نەناسراوەکان کە دێنە لەشەوە وەکو ڤایرۆس و بەکتریاکان. پشکنینەکانی PCR دەتوانن هەبوونی نەخۆشییەکە دەستنیشان بکەن تەنانەت ئەگەر بڕێکی کەمیش لە هۆکارە نەخۆشخەرەکان لە لەشدا هەبن.

لە کاتی پشکنینی PCRدا، بڕێکی کەم لەو پێکهاتە بۆماوەییەی کە لە سامپڵەکەدا هەیە بۆ چەندین جار لەبەردەگیرێتەوە، ئەم پڕۆسەیە پێی دەوترێت گەورەکردن. ئەگەر هەر هۆکارێکی نەخۆشخەر لە سامپڵەکەدا هەبێت ئەوا گەورەکردن وای لێ دەکات ئاسانتر ببینرێت و دیاری بکرێت.

بەکارهێنانەکانی پشکنینی PCR

  • دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی میکرۆبەکانەوە پەیدا دەبن
  • دیاریکردنی گۆڕانکارییە جینییەکان کە دەبنە هۆی نەخۆشی
  • دۆزینەوەی خانەی شێرپەنجەیی ئەگەر بە بڕێکی کەمیش هەبێت کە لەوانەیە پشکنینەکانی تر نەتوانن دیاری بکەن

ئەم پشکنینە چۆن کاردەکات؟

لە سەرەتادا نموونەیەک (سامپڵێک) وەک نموونەی خوێن، لیک، لینجاوی لووت یان شانە وەردەگیرێت. نموونەکە DNAـی خۆتی تێدایە و ئەگەریشی هەیە DNA هۆکارێکی نەخۆشخەر یان خانەیەکی شێرپەنجەییشی تێدا بێت. پاشان نموونەکە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و دەخرێتە ناو ئامێرێکی تایبەتەوە، ئەنزیمێک کە پێی دەوترێت پۆڵیمەرەیز (Taq polymerase) زیاد دەکرێت بۆ نموونەکە لە تیوبی تایبەتی خۆیدا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نموونەکە لەبەرگیراوە دروست بکات. پڕۆسەی لەبەرگرتنەوەکە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە، دوای کاتژمێرێک ملیارەها لەبەرگیراوە دروست بوون. ئەگەر ڤایرۆس یان هۆکارێکی نەخۆشی لە نموونەکەدا بوونی هەبوو، ئەوا بەم پڕۆسەیە دیاری دەکرێت چونکە بڕەکەی زیاد و گەورە دەکرێت.

ئەم پشکنینە تەنها کار لەسەر DNA دەکات، چەند ڤایرۆسێکی دیاریکراو هەن بۆ نموونە کۆڤید-١٩ پێکهاتە بۆماوەییەکەی لە جیاتی DNA لە RNA پێکهاتووە. بۆیە دەبێت پێش لەبەرگرتنەوە RNAیەکە بگۆڕێت بۆ DNA. ئەم پڕۆسەیە پێی دەوترێت کارلێکی زنجیرەیی پۆڵیمەرەیزی لەبەرگرتنەوەی پێچەوانە (rtPCR - Reverse Transcription PCR).

پشکنینی PCR و rtPCR بە دوای هەبوونی هۆکاری نەخۆشیدا دەگەڕێن، جۆرێکی تری ئەم پشکنینە هەیە پێی دەوترێت کارلێکی زنجیرەیی پۆڵیمەرەیزی چەندێتی (Quantitative PCR - qPCR) نەک تەنها هەبوونی هۆکاری نەخۆشییەکە بەڵکو بڕەکەشی دیاری دەکات ئایا بە بڕێکی زۆر هەیە لە سامپڵەکەدا یان کەم.

ئەنجامەکان

بەپێی ئەو هۆکارەی ئەم پشکنینەی بۆ دەکرێت، ئەنجامی ئەرێنی (Positive) واتای ئەوەیە هۆکارێکی نەخۆشخەر (ڤایرۆس یان بەکتریا)، خانەی شێرپەنجەیی، یاخود گۆڕانکارییەکی جینیی هەیە. ئەنجامی نەرێنی (Negative) واتای ئەوەی هیچ یەکێک لەوانەی ئاماژەمان پێ کرد، بوونیان نییە.

سەرەڕای ئەوەی ئەمە پشکنینێکی وردە لەهەمان کاتدا هەندێکجار ئەنجامەکە نەرێنی هەڵە دەبێت (False Negative)، ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە بڕێکی تەواو ڤایرۆس لە نموونەکەیدا نەبوو تا پشکنینەکە بتوانێت دەستنیشانی بکات و دیاری بکات، واتە کەسەکە تووشبووە بەڵام بڕی هۆکارە نەخۆشخەرەکەی زۆر کەمە و هێشتا زۆر سەرەتای تووشبوونیەتی و پشکنینەکە ناتوانێت بە تەواوی دیاری بکات.

جۆرەکانی نموونە

وەرگرتنی نموونە بۆ ئەم پشکنینە کارێکی ئاسانە و پێویست بە هیچ ئامادەکارییەکی پێشوەختە ناکات، بۆ نموونە پێویست بکات کەسەکە بەڕۆژوو بێت یان وەرگرتنی نموونەکە لە کاتێکی دیاریکراودا بێت، لە هەر کاتێکدا بێت دەتوانرێت نموونە وەربگیرێت و تەنها چەند خولەکێکی کەم دەخایەنێت، نموونەکان دەکرێت یەکێک بن لەمانە:

- سوابی لووت: سواب (تەلێک یان چیلکەیەکی درێژە و لۆکەی پێوەیە) بەکاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنی نموونە لە بەشی پشتەوەی لووت و قوڕگ.

- سوابی ئێسکی لوولپێچی ناوەندی لووت: بەکاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنی نموونە لە بەشی پشتەوە و ناوەوەی کونە لووتەکان.

- لیک: وەرگرتنی نموونەی لیکە، ئەو کەسەی دەیەوێت پشکنین بکات تف دەکاتەوە ناو تیوبێک.

- خوێن: هەندێک لە جۆرەکانی ئەم پشکنینە پێویستیان بە نموونەی خوێنە، کەسانی پسپۆڕ لە خوێنهێنەرەکان خوێنەکە وەردەگرن.


سەرچاوەکان



446 بینین