پۆتاسیۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-17-18:23:00 - کۆدی بابەت: 8287
پۆتاسیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆتاسیۆم (بە ئینگلیزی: Potassium) توخمێکی کیمیاییە و هێماکەی بریتییە لە (K)، گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە ١٩. کانزایەکی زیویی سپییە کە ئەوەندە نەرمە دەتوانرێت بە هێزێکی کەم بە چەقۆ ببڕدرێت، کانزای پۆتاسیۆم لەگەڵ ئۆکسجینی هەوادا بەخێرایی کارلێک دەکات و لەماوەی چەند چرکەیەکی بەرکەوتنیدا توێژاڵ لە ژوورئۆکسیدی پۆتاسیۆم دروست دەکات، لە خشتەی خولیدا پۆتاسیۆم یەکێکە لە کانزا ئەلکالییەکان، هەموو کانزا ئەلکالییەکان ئەلیکترۆنێکی تاکی هاوهێزیان هەیە لە بەرگی دەرەوەدا، کە ئەم ئەلیکترۆنەش بەئاسانی لادەبرێت بۆ دروستکردنی ئایۆنێکی بارگە موجەب (کەتایۆن)، ئەم کەتایۆنەش دەتوانێت لەگەڵ ئانایۆنێک یەک بگرێت بۆ دروستکردنی خوێیەکان.

مێژوو

خوێیەکانی پۆتاسیۆم لە شێوەی (نیتراتی پۆتاسیۆم KNO3، گۆگرداتی ئەلەمنیۆمی پۆتاسیۆم KAl(SO4)2، کاربۆناتی پۆتاسیۆم K2CO3) بۆ چەندین سەدە ناسرابوون، لە دروستکردنی تۆزی گوللە، ڕەنگ و سابووندا بەکاردێت، بەڵام وەکوو کانزا نەناسێنرابوو، تاکوو لە ساڵی ١٨٠٧ هەمفری داڤی توخمی پۆتاسیۆمی جیاکردەوە.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ١٩
کۆمەڵە کۆمەڵەی ١ (کۆمەڵەی هایدرۆجین)
خول خولی ٤
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ar] 4s1
بلۆک  s-block

فیزیایی

پلەی شلبوونەوە 63.28 پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان 760 پلەی سیلیزی
چڕی ڕێژەیی 0.862 لە ٢٠ پلەی سیلیزی
دۆخی ئۆکسان  +1, −1 (دەگمەنە)

پۆتاسیۆم کانزایەکە لەدوای لیسیۆم کەمترین چڕی هەیە، ڕەقێکی نەرمە کە پلەی شلبوونەوەیەکی نزمی هەیە، توانایەکی باشی گەیاندنی کارەبا و گەرمی هەیە، بەئاسانی دەتوانرێت بە چەقۆ ببڕدرێت، پۆتاسیۆمی تازە لەتکراو دەرکەوتەیەکی زیوی هەیە، بەڵام کاتێک بەر هەوا دەکەوێت بەخێرایی ژەنگ دەکات و ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشی، گڕێکی مۆری کاڵی هەیە و هەڵمەکەی سەوزە.
گەردیلەی بێلایەنی پۆتاسیۆم ١٩ ئەلیکترۆنی هەیە.

کیمیایی

کارۆسالبێتی 0.82
چڕی لە سفر پلەی سیلیزیدا 0.89 g/cm3
تیرەی ئایۆنی  0.133nm
وزە 418.6 kJmol

کارلێکی پۆتاسیۆم لەگەڵ هەوادا

کاتێک پۆتاسیۆم لە هەوادا دەسووتێنرێت، دەرکەوتە بریقەدارەکەی لەدەست دەدات، چونکە سوپەرئۆکسیدی پۆتاسیۆم KO2 دروست دەبێت، بەمەش ڕەنگێکی پرتەقاڵی ژەنگاوی دەبێت، وەک لەم کارلێکەدا ڕوون کراوەتەوە:

Ks+ O2g ⟶ KO2(s)

کارلێکی پۆتاسیۆم لەگەڵ ئاودا

پۆتاسیۆم زۆر بەخێرایی و توندی لەگەڵ ئاودا کارلێک دەکات بۆ دروستکردنی هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم و گازی هایدرۆجین، ئەو بەرهەمەی لە ئەنجامی ئەم کارلێکەوە دروست دەبێت گیراوەیەکی تفتە، هەروەها گەرمیدەرێکی بەرزە:

2Ks+ 2HO2 ⟶ 2KOH+ H2(g)

کارلێکی پۆتاسیۆم لەگەڵ هالۆجینەکان

پۆتاسیۆم لەگەڵ هالۆجینەکاندا کارلێک دەکات بۆ دروستکردنی هالایدی پۆتاسیۆم، کارلێکەکەیان زۆر بەهێزە، نموونەی کارلێک:

  • 2K(s)+ F2(g) ⟶ 2KF(s)
  • 2K(s)+ Cl2(g) ⟶ 2KCl(s)
  • 2K(s)+ Br2(g) ⟶ 2KBr(s)
  • 2K(s)+ I2(g) ⟶ 2KI(s)

کارلێکی پۆتاسیۆم لەگەڵ ترشەکاندا

پۆتاسیۆم لەناو ترشی گۆگردیکی ڕووندا دەتوێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی گیراوەی ئایۆنەکانی پۆتاسیۆم و گازی هایدرۆجین، نموونەی کارلێک:

2K+ H2SO4aq ⟶ 2K+ SO4+ H2(g)

ئۆکسیدی پۆتاسیۆم

ئاوێتەی ئایۆنی ئۆکسیدی پۆتاسیۆم لە ئەنجامی کارلێکی پۆتاسیۆم و ئۆکسیجینەوە بەرهەمدێت، ئەم ئاوێتەیە زۆر چالاکە، دەکرێت ژوورئۆکسیدی پۆتاسیۆم و سوپەرئۆکسیدی پۆتاسیۆم بەرهەم بهێنێت.

بەکارهێنان

لەبەر ئەوەی پۆتاسیۆم دەتوانێت چەندین ئاوێتەی جیاواز دروست بکات، بۆیە بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە:

  • کلۆریدی پۆتاسیۆم KCl لە چەندین جۆری پەیینی کیمیاییدا بەکاردێت.
  • هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم (KOH) لە دروستکردنی تاید و سابوون و پاککەرەوەی تردا بەکاردێت.
  • کاربۆناتی پۆتاسیۆم لە دروستکردنی چەندین جۆری تایبەتی شووشەدا بەکاردێت.
  • نیتراتی پۆتاسیۆم بەکاردێت لە دروستکردنی پەیینی کیمیایی و بزوێنەر و سەری شقارتەدا.
  • کلۆریدی پۆتاسیۆم وەک دەرمان بەکاردێت بۆ چارەسەر و ڕێگریکردن لە کەمی پۆتاسیۆم لە خوێندا، کەمی پۆتاسیۆم لە خوێندا دەکرێت بەهۆی ڕشانەوە و سکچوون و هەندێک جۆری دەرمانەوە ڕووبدات.


سەرچاوەکان



1937 بینین