حەمە جەزا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-19-21:25:00 - کۆدی بابەت: 8319
حەمە جەزا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد جەزا عەلی (بە ئینگلیزی: Hama jaza) هونەرمەندێکی ناوداری کوردە، لە ساڵی 1949 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی هونەر و گۆرانی هەبووە. زۆرینەی بنەمەڵەکەیان بە کەسانی دەنگخۆش دەناسرێن و ژمارەیەکی زۆریان ناوبانگێکیان لەناو هونەری کوردیدا پەیدا کردووە.

ژیانی تایبەتی

لە تەمەنی 19 ساڵیدا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی 6 منداڵە (2 کوڕو 4 کچ). بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1970 بەرەو شاری هەولێر دەڕوات و لە ئاهەنگی 16ی ئابدا بەشداری کردووە، هەروەک خۆی لە یادگارییەکانیدا دەگێڕێتەوە دواتر بەتەواوەتی لە هەولێر نیشتەجێ دەبێت و بەهۆی خۆشی دەنگییەوە ژمارەیەکی زۆر لە دۆست و هاوەڵانی بۆ پەیدا دەبێت و بەتەواوەتی لەناو هونەرمەندان و ڕۆشنبیراندا دەناسرێت. پاش بێزارییەکی زۆر و هەراسانکردن و ڕاوەدوونان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە 23-5-1981 شاری هەولێر بەجێدەهێڵێت و بەرەو شاخ دەڕوات. سەرەڕای سەختی ژیانی شاخ و پێشمەرگایەتی هونەرمەندی ناوبراو لە هونەر دوورنەکەوتووەتەوە و چالاکی خۆی لەگەڵ (تیپی موزیکی شەهید کارزان) درێژە پێداوە، کۆمەڵێک لە سروودی نیشتمانی بۆ پێشمەرگەو خەباتی رزگاریخوازی کوردستان تۆمارکردووە. ساڵی 1990 لەگەڵ خانەوادەکەی بەرەو وڵاتی دانیمارک ڕۆشتن، زۆرجار سەردانی کوردستانی دەکردەوە و بەشداری چالاکی هونەری دەکرد. لەدوای ساڵی 2000 چەندین ئاهەنگی لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، ڕۆژهەڵاتی کوردستان سازکردووە، بە‌شداری دەیان بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی کردووە. ساڵی 2007 دووچاری شێرپەنجەی پەنکریاس بوو و بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زۆر شوێنی تری کرد.

ژیانی هونەری و بەرهەم

لە ساڵی 1969 دا بووەتە ئەندامی (تیپی هونەر و وێژەی کوردی)، لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیدا وەک (عوسمان عەلی) و (سەلاح مەجید) و (حەمەی نێرگز) بەشداری چەندین ئاهەنگی موزیکی کردووە، یەکەمین بەرهەمی تۆمارکراوی لەساڵی 1971 بەناوی (بیبی خانم) بڵاوکردووەتەوە، کە لە سلێمانی لەگەڵ چەند ئەندامێکی (تیپی موزیکی باواجی کۆیە) تۆماری کردووە.

ساڵی 1977 بەرهەمێکی تری بەناوی (ئیشق و ئازادی) هۆنراوەی (هێمن موکریانی) و بەژەنینی ئامێری عود لەلایەن (ڕزگار خۆشناو) بڵاوکردەوە. ئەم بەرهەمە نوێیەش ناوبانگێکی باش بە (حەمە جەزا) بەخشی و لەماوەی تەنها دوو ڕۆژدا لەسەرتاسەری کوردستاندا بڵاوبوویەوە.

لە ساڵی 1977 دا دوو گۆرانی لەگەڵ (تیپی موزیکی هەولێر) تۆمارکردووە، لە ساڵی 1978 دا (حەمە جەزا) چوار گۆرانی تری لەگەڵ هەمان تیپدا بڵاوکردەوە، لەساڵی 1980 دا دوو گۆرانیی تر لەگەڵ (تیپی موزیکی هەولێر) تۆمارکرد. (حەمە جەزا) زۆربەی بەرهەمە بەپێزەکانی لەگەڵ هونەرمەندی عودژەن (ڕزگار خۆشناو) تۆماکردووە.

دوای بڵاوکردنەوەی بەرهەمی (ئیشق و ئازادی) هونەرمەند (حەمە جەزا) لە ساڵی 1977 (شەنگەبێری) تۆمارکردووە، لە ساڵی 1978 (بوکی ئازادی و جوانی ناو چیا)ی بڵاوکردەوە. هەر هەمان ساڵدا (ناڵەی جودایی) مامۆستای هێمن و (گلەیی لەکەس ناکەم)ـی ئاوێتەی هونەری کوردی کردووە. دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 (حەمە جەزا) ئاهەنگی (یانەی مامۆستایان)ـی لەگەڵ (تیپی هونەری هەولێر) لە شاری هەولێر سازکرد. لەپاڵ دەنگە سازگارییەکەی، خەریکی نووسینی هۆنراوەش بوو و دیوانێکی گەورەی چاپکردووە، لە لاپەڕەی 239 دا لە دانیمارک لە 10-11-2008 لەسەر نەخۆشییەکەی نووسیویەتی: "بۆنکرۆزی دێ لە سینەم، قرچەی سووتانی جگەرمە ئەتاسێنی هەناسە و دڵ، زۆر لەسەرخۆ نەرمە نەرمە هێدی هێدی گڕ ئەسێنێ، ئازار وا گەیشتە جەستەم، دەزانم دەردم گران، من دەردەداری شێرپەنجە، مەرگم نزیکەو لێم حاڵی، دەوایەک بۆ سەرەتانم، تا ئەوکاتەی چاولێک ئەنێم، بەهێوای خۆشی ژیانم".

کۆچی دوایی

ئێوارەی 1-10-2010 دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بەیەکجاری ماڵئاوایی لە ژیان کرد. هەر هەمان ڕۆژ لە کەژاوەیەکی پڕشکۆی شایستەدا و بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری بنەماڵە و کەسوکار و دۆستان و هاوڕێیانی هونەرمەند، لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاکسپێردرا.


سەرچاوەکان



910 بینین