ئیسماعیل سابووری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-22-21:50:00 - کۆدی بابەت: 8357
ئیسماعیل سابووری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیسماعیل محەممەد ساڵح ناسراو بە ئیسماعیل سابووری (بە ئینگلیزی: Ismail saburi) (بە فارسی: اسماعیل سابور)، ھونەرمەندی گۆرانیبێژی کوردبووە. لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە شێوەزارەکانی کوردیی باشووری و کوردیی ناوەندی گۆرانیی وتووە.

ژیاننامە

ئیسماعیل سابووری خوێندنی سەرەتایی لە کرماشان تەواوکردووە، بۆ خوێندنی باڵا چووە بۆ شاری تارانی پێتەختی ئێران و لە کۆلێجی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران دەستی کردووە بە خوێندنی ھونەر، براکەشی بە ناوی فەیروز سابوور گۆرانیبێژ بووە، لە ڕادیۆی کرماشان چالاکی هەبووە، لەبەر ئەم هۆیە ئیسماعیل سابووری لە ساڵی ١٩٧٠ ڕووی کردە ڕادیۆ و دەستی بە وتنی گۆرانی کرد. سابووری خوێندنەکەی لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩ ھاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئێران تەواو کرد و گەڕایەوە بۆ کرماشان. ئەو ماوەیەی کە لە ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان بوو، ١٠٥ گۆرانیی و ئەلبوومێکی بە ناوی سەفەرنامە تۆمار کرد. لە ساڵی ٢٠٠٣ ھاوکات لەگەڵ ڕووخانی حکومەتی سەدام لە عێراق، ئیسماعیل سابووریش ڕووی کردە باشوور و تا کۆتایی تەمەنی بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوو. لەو ماوەیەدا سەرقاڵی کارکردن وەکوو فەرمانبەر لە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بوو. ھەروەھا ئەلبوومێکی تری بە ناوی بیرەوەری بڵاوکردەوە. سابووری هونەرمەندی هەموو كوردستان بوو، نزیكەی ١٦ ساڵی كۆتایی تەمەنی لە شاری سلێمانیدا بردەسەر، لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی‌ و چەند تیپێكی تردا خزمەتی بە ڕەوتی هونەری كوردستان كرد.  پێش مردنی نیگەران بوو لەوەی کە نەیتوانی بەرهەمە هونەرییەکانی لە کاتی خۆیدا تۆمار بکات، هەژاری و تەنیایی لە کۆتاییەکانی ژیانیدا تەنگیان پێ هەڵچنی بوو، هەر بەوجۆرەش کۆچی دوایی کرد.

کۆچی دوایی

ئیسماعیل سابووری لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بەھۆی جەڵتەی دڵ خۆی گەیاندە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، دوای چەند کاتژمێرێک کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی دواتریش لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لە ڕێوڕەسمێک لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.

ئەلبووم

  • سەفەرنامە
  • بیرەوەری


سەرچاوەکان



382 بینین