هەڕەمەکانی گیزە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-23-22:46:00 - کۆدی بابەت: 8371
هەڕەمەکانی گیزە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەڕەمەکانی گیزە (بە ئینگلیزی: Pyramids of Giza، بە عەرەبی: الأهرامات الجیزة) دەکەونە بانی گیزەی شاری قاهیرە لە میسڕ نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەسەر داواکاری و فەرمانی فیرعەونەکانی میسڕ دروستکراون چونکە پێیان وابووە لە دونیایەکەی تردا دەبن بە خوا و بۆ خۆئامادەکردنیش بۆ ئەو ژیانە هەستاون بە دروستکردنی پەرستگە و گۆڕستان لەسەر شێوی هەڕەمی زۆر گەورە و مەزن. یەکەم فیرعەون کە هەڕەمی تایبەت بەخۆی دروست کردووە فیرعەون خۆفۆ بووە کە گەورەترین هەڕەمی گیزەی دروست کردووە، لەدوای ئەویش کوڕەکەی، فیرعەون خەفرەع دووەم هەڕەمی گیزەی دروست کرد لەگەڵ پەیکەری ئەبولهەول کە لەسەر شێوەی لاشەی شێر و سەری فیرعەونە، سێیەم هەڕەمیش هەڕەمی مەنقورەعە کە فیرعەون مەنقورەعی کوڕی خەفرەع دروستی کردووە، جگە لەمانەش چەند هەڕەمێکی تر لە گیزە هەن بەڵام قەبارەیان زۆر بچووکترە بە بەراورد بەم سێ هەڕەمە. گیزە ئێستا ناوچەیەکی گەشتیارییە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەم هەڕەمانە دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە مەزنیی بنیاتنانی ئەم هەڕەمە سەرنجڕاکێشانە ببینن.

سێ هەڕەمە گەورەکە 

هەڕەمی خۆفۆ

هەڕەمی خۆفۆ یان هەڕەمی گەورە، کۆنترین و بەرزترین هەڕەمی گیزەیە کە لە (٢٥٥١ - ٢٥٢٨) ساڵ پێش زایین دروست کراوە و تەواوبوونەکەی ٢٣ ساڵی خایاندووە. بەرزی ئەم هەڕەمە دەگاتە نزیکەی ١٤٧ مەتر، بەڵام بەهۆی لابردنی هەندێک بەرد لەسەر هەڕەمەکە و بەکارهێنانیان لە دروستکردنی خانوو و مزگەوت لە قاهیرە بەرزییەکەی بووەتە ١٣٨ مەتر، هەروەها پەیکەری ئەبولهەول دەکەوێتە بەردەم ئەم هەڕەمە. ناوەوەی هەڕەمی گەورە لە سێ ژوور یان حوجرەی گەورە پێکهاتووە، ژووری یەکەم لەژێر زەوییە، دووەمیان لەسەر زەوییە و ژووری سێیەمیشیان کە ژووری پاشایە دەکەوێتە ناوەڕاستی هەڕەمەکە و پێشانگەیەکی گەورەش بەرەو ڕووی ئەم ژوورە هەیە، دەوترێت کە لاشەی پاشا خۆفۆ لە تابووتێکی گرانێتی قوورس لەم ژوورەدا نێژرابوو، هەروەها پلەی گەرمیی ئەم ژوورە بەبەردەوامی ٢٢ پلەی سیلیزییە. چەند ژوورێکی تریش لەناو هەڕەمەکە هەن کە تایبەت بوون بە گۆڕی خێزان و خزمەتکارەکانی پاشا لەگەڵ چەند ژوورێکی نهێنی کە تایبەت بوون بە پاراستنی کەلوپەلە تایبەتییەکان و خشڵ و گەوهەرەکانی پاشای کۆچکردوو. دەرەوەی ئەم هەڕەمە لە بەردی قسڵی زەردباو دروست کراوە، بەڵام ڕاڕەوەکانی ناوەوەی لە بەردی قسڵی ڕەنگ کاڵتر دروستکراون، هەروەها ژووری گۆڕی فیرعەون لەناوەوە لە قاڵبی گرانێتی گەورە دروست کراوە. دیوارەکانی ناوەوەی هەڕەمی گەورە بە نووسینی هێرۆگلۆفی ڕازێنراونەتەوە کە باس لە لایەنی جیاوازی مێژوو و ئایینی کۆنی میسڕی دەکات. ئەم هەڕەمە تا سەدەی نۆزدەش بە گەورەترین دەستکردی مرۆڤ دادەنرا و یەکێکە لە حەوت سەیروسەمەرە کۆنەکەی جیهان.

هەڕەمی خەفرەع

هەڕەمی خەفرەع دووەم گەورەترین هەڕەمی گیزەیە و فیرعەون خەفرەعی کوڕی خۆفۆ نزیکەی ٢٥٢٠ ساڵ پێش زایین بنیاتی ناوە، هەڕەمەکە دەکەوێتە بەشی باشووری  ڕۆژئاوای هەڕەمی خۆفۆ کە شوێنەکەی بەرزترە بۆیەش لە هەڕەمی خۆفۆ بەرزتر دەردەکەوێت. ئەم هەڕەمە لە چەند ڕاڕەوێک پێکهاتووە کە بەرەو ژووری ناشتنی پاشا دەچن، لەگەڵ چەند ژوورێکی تر کە تایبەت بوون بە گۆڕی خێزان و خزمەتکارەکانی پاشا. پەیکەری ئەبولهەولیش کە دەکەوێتە بەردەم هەڕەمی خۆفۆ لەلایەن فرعەون خەفرەعەوە بنیاتنراوە کە لەسەر شێوەی سەری فیرعەون و لاشەی شێردایە، پەیکەرەکە بەرزییەکەی ٢٠ مەترە و درێژییەکەشی ٧٣.٥ مەترە کە ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بەردی لمین داتاشراوە، بەڵام هەندێک لە زانایان پێیان وایە کە هەر فیرعەون خۆفۆ ئەم پەیکەرەشی بنیاتناوە.

هەڕەمی مەنقورەع

سێیەم هەڕەمی گیزەیە و لە هەردوو هەڕەمەکەی تر بچووکترە، ئەم هەڕەمە ٢٤٩٠ ساڵ پێش زایین لەلایەن فیرعەون مەنقورەعی کوڕی خەفرەعەوە بنیاتنراوە و بەرزییەکەی ٦٧ مەترە و بە بنیاتنانە ناوازەکەی جیادەکرێتەوە کە بەردی قسڵ و گرانێتی تێدا بەکارهێنراوە. ئەم هەڕەمەش لە چەند ژوور و ڕاڕەوێکی نهێنی پێکهاتووە کە کۆتاییەکەی دەگاتە ژووری ناشتنی پاشا.

بنیاتنانی هەڕەمەکانی گیزە

هەڕەمەکان بۆ ئەو مەبەستە دروست کران کە ببن بە گۆڕی پاشاکان، چونکە میسڕییە کۆنەکان باوەڕیان بە ژیانی پاش مردن هەبووە و وتوویانە کە مردوو شتە گرانبەهاکانی لەگەڵ خۆی دەبات و فیرعەونەکان پێیان وابووە لە ژیانەکەی تر دەبن بە خوا، بۆیەش بەشێوەیەکی زۆ پتەو دروست کراون. هەر کەسێک لە هەڕەمەکان و مەزنیی بنیاتنانەکەیان ورد ببێتەوە بێگومان دەپرسێت کە چۆن ئەم هەڕەمانە بنیاتنراون،  بلیمەتیی بنیاتنانی هەڕەمەکان لەو شێوازە ئەندازەیییە وردە دایە کە لەڕێگەیەوە بنیاتنراون، بۆ نموونە ئاڕاستەی پیلەکانی هەڕەم کە بە هەر چوار ئاڕاستەی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دەڕوانن، هەروەها ئەنجامی لێکدانی بەرزیی هەڕەمی گەورە لە ملیارێک یەکسان دەبێت بە دووری نێوان خۆر و زەوی، هەروەها لەو خولگەیەی کە بەناو هەڕەمدا تێپەڕ دەبێت کیشوەرەکانی جیهان بۆ دوو بەشی یەکسان دابەش دەبن. لە هەڕەمی مەنقورەع کە بچووکترینیانە کونێکی بازنەیی دروست کراوە کە لە ساڵێکدا تەنیا یەک ڕۆژ تیشکی خۆر لێیەوە بەر گۆڕی پاشای فیرعەون، مەنقورەع دەکەوێت لەگەڵ چەندین تەکنیکی سەرسڕمێنەری تر. زاناکان ئەوەیان دۆزیووەتەوە کە تیشکی خۆر بەبەردەوامی بەشێویەکی ستوونی لە لووتکەی هەڕەمی گەورە دەدات ئەمەش بەردەوام ڕێ بە تێپەڕبوونی تیشکی خۆر بەو ژوورە دەدات کە مۆمیاکەی فیرعەونی لێ نێژراوە، هەروەها دەرکەوتووە کە سێ هەڕەمەکە لەسەر هێڵێکی هاوتەریب لەگەڵ ئەستێرەی جەمسەری باکوور بنیاتنراون، لەبەر ئەوەی فیرعەونەکان پێیان وابووە کە ئەمە هەڕەمەکان لە دزی دەپارێزێت چونکە بەرەکەتی خوا بەسەر هەڕەمدا دەڕژێت و مۆمیا و شتە گرانبەهاکانی ناوی دەپارێزێت، هەروەها بۆ ئەوەی وزەی ئەرێنی بچێتە ژوورەوە و ڕۆحی پاشا فیرعەونەکان لە ئاشتیدا بژین. لە کۆندا هەڕەمەکان ڕووبەڕووی دزی بوونەتەوە چونکە لەکاتی هێرشی ناپلیۆن پۆناپارت بۆ سەر میسڕ لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە، هیچ گەنجینەیەک نەدۆزراوەتەوە و تەنیا تابووتێکی گرانێتیی گەورە دۆزرایەوە کە مۆمیای فیرعەونی تێدابووە لەگەڵ دیارنەبوونی چەندین کەلوپەلی تر کە دەکرا لەناو هەڕەمەکان ببینرێن کە بێگوومان فیرعەونەکان لەوکاتەدا خاوەنی گەنجینەیەکی گەورە بوون. 

هەڕەم لەو شێوە ئەندازەییانەیە کە وزەی موگناتیسیی هەیە، دوای ئەم بیردۆزە تاقیکردنەوەی زۆر ئەنجامدران بە دانانی بەندۆڵێک لەسەر لووتکەی گەورەترین هەڕەمی میسڕ و تێبینی ئەوە کرا کە بەردی بەندۆڵەکە بە خێرایییەکی زۆر دەخوولێتەوە لە ئەنجامی ئەو بوارە موگناتیسییەی کە دەوری هەڕەمی گەورەی داوە. هەمیشە پرسیاری ئەوە هەیە کە چۆن ئەم هەڕەمانە لەم بەردە گەورانە دروست کراون و چۆن ئەو بەردانە گوازراونەتەوە، گریمانەی زۆر لەسەر چۆنیەتی دروستکردنی هەڕەمەکانی میسڕ هەن و زۆرێکیان پێیان وایە کە لە گڵی گەرمکراو دروستکراون، نهێنیی بنیاتنانی هەڕەمە مەزنەکانی گیزە تا ئێستاش نەدۆزراوەتەوە و هەندێک لە گریمانەکان دەڵێن کە بەردەکانی ئەم هەڕەمانە لە لێوارەکانی ڕووباری نیلەوە بۆ گیزە گوازراونەتەوە و گریمانەیەکیش هەیە کە دەڵێت گەلی عاد ئەم هەڕمە مەزنانەی گیزەیان بنیاتناوە بەو پێیەی ئەو قەومە زۆر زل و زەبەلاح بوونە لەبەر ئەوەی کێشی بەردەکانی ئەم هەڕەمانە زۆرە و بچووکترینیان کێشەکەی دوو تەن و نیو دەبێت  گەورەترینیشیان نزیکەی ١٥ تەن دەبێت. بەڵام زۆرێک لە توێژەرەوەکان پێیان وایە کە ئەو بەردانە هەر لە شوێنی بنیاتنانی هەڕەمەکانەوە بە گەرمکردنی گڵ لەژێر پلەی گەرمییەکی زۆر بەرز دروست کراون، کە دوای گەرمکردنیان خراونەتە قاڵبی گەورەی تایبەتەوە تاوەکوو وشک ببنەوە، دواتر ڕەق ببن و شێوەی بەردەکە وەربگرن، ئینجا لە دروستکردنی هەڕەمەکان بەکارهێنراون. هەروەها لە قورئانی پیرۆزیش باسی ئەم تەکنیکە کراوە کاتێک کە فیرعەون وەڵامی پێغەمبەر مووسا (علیە السلام) دەداتەوە، خوای گەورە دەفەرمووێت: {فَأَوْقِدْ لِي يَا هَامَانُ عَلَى الطِّينِ فَاجْعَلْ لِي صَرْحًا لَعَلِّي أَطَّلِعُ إِلَى إِلَهِ مُوسَى وَإِنِّي لَأَظُنُّهُ مِنَ الْكَاذِبِينَ} واتا (ئەی هامان تۆ لە گڵ خشتی سوورەوەکراوم بۆ دروست بکە، قەڵایەکی بەرز و پتەوم بۆ دروست بکە بەڵکوو پێیدا سەربکەوم و خوای مووسا ببینم، هەرچەندە بەڕاستی من بڕوام وایە ئەو لەڕیزی درۆزنەکانە). بەپێی دۆزینەوە و خەمڵاندنی زاناکان نزیکەی ٢٠,٠٠٠ کۆیلە کاریان لە بنیاتنانی هەڕەمەکانی گیزە کردووە و هەریەکێک لە هەڕەمەکان ماوەیەکی زۆر درێژی ویستووە بۆ تەواوبوونی بۆ نموونە هەڕەمی خۆفۆ لە دوای فەرمانی فیرعەون خۆفۆ بۆ دروستکردنی هەڕەمەکە نزیکەی ٢٣ ساڵی خایاندووە تاوەکوو تەواو بووە. هەڕەمەکانی میسڕ وەک مەتەڵێکی مێژوو دەمێننەوە کە زاناکان سەرسام دەکەن لە شێوازی بنیاتنانیان و بە پتەوی مانەوە و خۆڕاگرییان بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای هەموو کارەساتە سروشتی و بومەلەرزە و گۆڕانکارییە کەشییەکان.


سەرچاوەکان



1630 بینین