بەرەی کوردستانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-03-18:13:00 - کۆدی بابەت: 8491
بەرەی کوردستانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرەی کوردستانی (بە ئینگلیزی: Kurdistan Council، بە عەرەبی: الجبهة الكردستانية) بەرەیەکی سیاسی و چەکدارییە و لە هەشت حیزبی باشووری کوردستان پێکهاتبوو. حیزبەکان بریتیبوون لە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، پاسۆک، پارتی گەل، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان-عێراق، بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری. ئەم بەرەیە لە ١٩٨٨/٥/٢ خۆی ڕاگەیاند.

ئامانجی بزووتنەوە یەکگرتووەکە دروستبوونی خەباتێکی پێکەوەیی و بەکۆمەڵ بوو دژی ڕژێمی بەعس لە عێراق کە لەو سەردەمە بە هەموو شێوەیەک دژی گەلی کورد دەوەستایەوە، بەتایبەت کە لەژێر هەڵمەتێک بەناوی ئەنفال زیاتر لە ١٨٢,٠٠٠ کەسی سڤیل و چەکداری زیندەبەچاڵ کرد و سەدان گوند و شارۆچکەی لەناوبرد. 

مێژوو

بەرەکە سەرەتا لە ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن ئیدریس بارزانی و مام جەلالەوە گەڵاڵەکرا و دواجار لە ١٩٨٨ دروست کرا. دوای چەندین ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و لێدان لە یەکتری، هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەوتنە ئاڵوگۆڕی نامە و بیروڕا لەسەر چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە شەڕ و ململانێی ناوخۆیی. دواتر لەسەر ڕاسپارەی ئیدریس بارزانی، کە ئەو کات ڕۆڵی جێگری سەرۆکی پارتی دەبینی ڕاسپێردرا، تا لەگەڵ مام جەلال بکەونە گفتوگۆ. هەوڵ و گفتوگۆکانیش لە ساڵی ١٩٨٦ دەستی پێکرد و لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٨ بە کۆتا گەیشت. دواجار لە ١٩٨٨/٥/٢ هاوپەیمانییەتی بەرەی کوردستانی لە نێوان ئەو هەشت پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەدا واژوو کرا و مەسعوود بارزانیش بۆ سەرۆکی بەرەی کوردستانی دیاریکرا. هەر ئەوەش هۆکاری سەرکەوتنی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و دواتر سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان لە ١٩٩٢/٥/١٩ و دواتر ئەو ئەنجوومەنەش زەمینەی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ١٩٩٢/٧/٤ ڕەخساند.

دانوستان لەگەڵ بەغداد دوای ڕاپەڕین

دوای کۆڕەوەکەی بەهاری ١٩٩١ و هێرشی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنەوەی شارە راپەڕیوەکانی هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی بڕیاریدا دانوستان‌ و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات و وەفدێکی چوار کەسی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرەو بەغدا بۆ ئەو مەبەستە کەوتنە ڕێ‌. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "بە درێژایی ڕێگەکە تاڵەبانی دەیوت‌ و دووبارەی دەکردەوە کە هیچ ئاسۆیەک بۆ کورد نيیە. کەس یارمەتیمان نادات. هیچ شتێک جگە لە دانوستان لەگەڵ بەغداد لە بەردەماندا نییە. لە بەغدا تاڵەبانی توند و جدییانە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا قسەیکرد، پێی وتن ئێمە لە ڕابردوودا هەمیشە چارەسەرێکی ئاشتیانەمان ویستووە. بەڵام ئێوە بە شێوەیەکی زۆر قێزەون مامەڵەتان لەگەڵدا کردین و کردەوەی نامرۆڤانەتان لە دژمان ئەنجامدا، بەڵام لە یەکەم قسەکردنیدا باسکردنی چەند پرسێکی زۆری لە بیرچوو. پاشان ڕۆڵی سامی عەبدولڕەحمان هات. کە بە زنجیرەیەکی ڕێکخراو بیر‌وبۆچونەکانی خستەڕوو. یەکەم دیداری وەفدەکە لەگەڵ عیزەت دووریی سەرۆکی وەفدی عێراق بوو. یەکەم پرسیاری کە ئاڕاستەی کردین وتی: بۆچی مەسعوود بارزانی لەگەڵتاندا نەهاتووە؟، تاڵەبانی وتی: ڕەنگە هۆکارەکەی ئەو ڕووداوە بێت کە بەسەر خێزانەکەیدا هات کە ١٧ کەسی نزیکی خۆی کوژران‌ و نزیکەی هەشت هەزار بارزانیش ون کران بەبێ‌ زانینی چارەنووسیان. دووری وەڵامی دایەوە‌ و وتی لۆمەی ناکات. لێرەدا من<نێچیرڤان بارزانی> قسەمکرد‌ و بە دووریم وت ئەو پرسە پەیوەندی بە هەڵوێستی کەسیی بارزانییەوە نییە، ئەو لە پێناوی کورددا کاردەکات‌ و هەرکاتێک باوەڕی هێنا کە ئێوە ئامادەن پرسی کورد چارەسەر بکەن دێت بۆ بەغداد، بەڵام لەم کاتەدا باوەڕمان بەوە نییە، لەبەر ئەوە من لێرەم بۆ ئەوەی هەڵوێستتان بزانم."

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "لە بەغداد هەڵوێستمان وا نیشاندا کە لاوازین. لایەنی عێراقی سوودی لەوە وەرگرت، ئەوان تێگەیشتن کە ئێمە زۆر نائومێدین‌ و هیچ هیوایەکمان نییە، کاتێک ئێمە لە کاتەکانی پشوودا هەر خۆمان دەبووین بە یەکترمان دەوت هیچ بژادەیەکمان لە بەردەمدا نییە‌ و کاتێک عێراقییەکانیش لە لاوازی هەڵوێستی ئێمە تێگەیشتن شتێکی کەم نەبێت هیچیان پێشکەش نەکردین‌ و وتیان پێویستە خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا بەڕێوەبچێت‌ و دوای ئەوەش چەندین خولی تری گفتوگۆ ئەنجام بدرێت". <نێچیرڤان بارزانی-هەولێر-١٩٩٣/٥/٢٢>

نەوشیروان موستەفا سەبارەت بە شێوازی دەستپێکی دانوستان دەڵێت: "سەرەتا دەستپێشخەری گفتوگۆ‌ و دانوستان لەلایەن تاڵەبانییەوە خرایە ڕوو بە ڕێککەوتنەی خۆی‌ و مەسعوود بارزانی. نوێنەرێکمان ڕەوانەی بەغدا کرد کە ئەفسەرێکی خەڵکی سلێمانی بوو بەناوی دارای تۆفیق ئاغا. ئەرکەکەی تەنها بریتیبوو لە گەیاندنی نامەیەک بۆ لایەنی عێراقی، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان وەفدێکمان ڕەوانەی بەغداد کرد کە پێکهاتوو لە فەرەیدوون عەبدولقادر‌ و عومەر فەتاح لە یەکێتی، فازڵ میرانی‌ و ئازاد بەرواری لە پارتی دیموکراتی کوردستان. وەفدەکە عیزەت دووری‌ و حسێن کامیل‌ و تەها جەزراوی‌ و تارق عەزیزیان بینیبوو، بە وەفدەکەمانیان وتبوو ئەگەر بارزانی‌ و تاڵەبانی بەیەکەوە بێن بۆ بەغداد‌ و سەدام حسێن ببینین ئەوا هەموو شتێک بە یەک دانیشتن چارەسەر دەبێت، بەکورتی بە وەفدەکەیان وتبوو هەموو شتێک جگە لە جیابوونەوە دەکرێت باس بکرێت، ئەمە ڕەفتاری بەعسییەکان بوو. سەرەتا دەڵێن هەموو شتێک بە خێرایی تەواو دەبێت، بەڵام دواتر دەستی دەستی پێدەکەن‌ و دەستبەرداری بەڵێنەکانیان دەبن". <نەوشیروان مستەفا-١٩٩٣-لەندەن>

"تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندن کە دەسەڵاتی تەواوتی پێدراوە بۆ واژووکردنی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغداد، بەڵام عێراقییەکان وەڵامیان دایەوە کە لەوە تێدەگەن، بەڵام پێویستە مەسعوود بارزانیش بێت. لە میانی گفتوگۆکاندا لەگەڵ وەفدی عێراقی کە پێکهاتبوو لە عیزەت دووری، عەلی حەسەن مەجید، حسێن کامیل، سابر دووری (سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازی)‌ و وەفیق سامەڕائی جێگری سابر دووری. هەموان بەڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا دەکردین، بەڵام تاریق عەزیز لە قسەکردن‌ و شێوازی قسەکردنیدا زبر بوو، هەردوو پیاوەکەی هەواڵگری تەنها گوێیان دەگرت بەبێ‌ ئەوەی هیچ بەشدارییەک بکەن لە گفتوگۆکاندا، هەرجارێک لە قسەکردن لەسەر بابەتەکان مشتومڕێک بهاتایەتە ئاراوە تەنها تاریق عەزیز لەبری وەفدەکە قسەی دەکرد.

"سەرەتا عێراقییەکان ئاگاداریان کردینەوە کە دەچین بۆ بینینی عزەت دووری، چەند ئۆتۆمبیلێک ئێمەیان بردە شوێنێک کە پاسەوانەکانی سەداممان لێ بینی، ڕێگەیان نەدا چیتر بە ئۆتۆمبیلەکانمان بڕۆین، بە تەنها بە ئۆتۆمبیلی خۆیان بۆ بارەگای هەواڵگریی سەربازییان بردین، لەوێ‌ پێیان وتین کە دووری دەبینین، کاتێک پێشوازیمان لێکرا ئاگاداریان کردینەوە کە دەچین بۆ دیداری سەدام لە ئەنجوومەنی نیشتمانی، پێش ئەوەی بگەینە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نیشتمانی سێ‌ دەروازە هەبوون، لەبەردەم هەر دەروازەیەکدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بە شێوەیەکی تایبەت دەستی بەرزدەکردەوە‌ و دەروازەکە دەکرایەوە، بەمشێوەیە سەداممان بینی، پاش گەڕانەوەمان بۆ کوردستان بە مەسعوود بارزانیم وت: ئەوان بڕیار لە هیچ نادەن ئەگەر تۆ خودی خۆت نەچیت بۆ بەغداد، دوای دیدارمان لەگەڵ عێراقییەکان هەرگیز تێنەگەیشتین کە چیان لێمان دەوێت، لەبەرئەوە بارزانی ئارەزووی نەبوو بڕوات بۆ بەغداد، بەڵام سەرکردەکانی تری کورد لە نێویشیاندا تاڵەبانی هانیاندا بچێت.
بارزانی ڕوونیکردەوە کە لەلای قورسە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا بکات. دوای ئەو هەموو کارەی لەگەڵماندا کردیان، بەڵام ئەگەر نەچێت ئەوا گەلی کورد وای لێکدەدەنەوە کە عێراق ئامادەبووە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام بارزانی ئازایەتی تەواوەتی نەبووە بچێتە بەغداد بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنەکە". <نێچیرڤان بارزانی-هەولێر-١٩٩٣/٥/٢٢>
"ئێمە شکستمان هێنا لە ڕێککەوتن لەسەر هەموو خاڵە سەرەکییەکان، بە دیاریکراویش کەرکووک‌ و پێناسەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی‌ و ئاساییش‌ و ئیستیخبارات‌ و فرە حیزبی. پێمان وتن دەبێت یەکەمجار هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت، پاشان پەرلەمان دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق دابڕێژێت‌ و گەل لە ڕاپرسییەکدا دەنگی لەسەر بدات، بەڵام ئەوان سوربوون لەسەر ئەوەی کە ڕەشنووسێکی دەستووریان ئامادەکردووە و دەکرێت ئێمە پێشنیازی بڕگەیەک یان دوو بڕگە بکەین کە پەیوەست بێت بە مافەکانی کورد پێش ئەوەی بخرێتە ڕاپرسییەوە، وتمان بەلای ئێمە ئەوە قبوڵ نییە، دەستوورەکەتان ناکرێت چاکسازی تێدا بکرێت، چونکە ئەو دەسەڵاتانەی بە سەدامتان بەخشیووە یەکسانە بە دەسەڵاتەکانی خواوەند، وەڵامیاندایەوە کە هیچ شتێک قبووڵ ناکەن کە چنگیان بەسەر دەسەڵاتدا لاواز بکات، چونکە شۆڕشەکە بەعسییە‌ و دەبێت هەرواش بمێنێتەوە‌ و وتیان فرەحیزبی تەنها بۆ کورد دەبێت‌ و نابێت بۆ عێراق بێت، کاتێکیش داوای مافی عێراقییەکانمان دەکرد وەڵامیان دەداینەوە‌ و دەیانوت پێویستە تەنها دەربارەی خۆمان قسە بکەین، کاتێکش لەسەر داواکارییەکانمان وەک کورد قسەمان دەکرد‌ و ڕێک دەکەوتین دەیانوت ئێوە وەک ئەوەی عێراقی نین قسە دەکەن.

ئێمە جەختمان دەکردەوە کە دەبێت ئاسایش لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی ئیدارەی ئۆتۆنۆمیدا بێت، چونکە کورد هەرگیز ڕازی نابێت بە گەڕانەوەی ئەمنی عێراقی بۆ باکوور، بەڵام ئەوان وتیان دەزگا ئەمنییەکان سەر بە سەرۆک کۆمارن، کەس ناتوانێت دەسەڵاتەکانی لەو بوارەدا کەمبکاتەوە، سەبارەت بە کەرکووک ئێمە چەند بژاردەیەکمان خستەڕوو بەڵام هەموویان ڕەتکردەوە، بە بۆچوونی من هیچ سەرکردەیەکی کورد ناتوانێت بمێنێتەوە ئەگەر سازش لەسەر کەرکووک بکات، ئێمە هەڵەیەکی زۆر گەورەمان کرد چونکە وەفدەکەمان هیچ شارەزایەکی تێدا نەبوو، لە ڕاستیدا ئەو شارەزایانەی کە چەند دۆسیەیەکیان بۆ ئامادەکردبووین هیچیان ئەندامی وەفدەکەمان نەبوون، بۆ زانیارییش هیچ هەلێکمان پێنەدرا بۆ خوێندنەوەی هیچ ڕاپۆرتێکیش، بەعسییەکان سوربوون لەسەر پێویستی چوونی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد، بۆ نیشاندانی نیازپاکی بە وتەی خۆیان، هەروەها داوایان لە مام جەلال کرد کە من لە وەفدەکەدا لاببات چونکە بە بۆچوونی ئەوان من توندڕەو و عەرەبکوژم وەک دەیانوت، بەڵام هەڵەی دووەممان ئەوە بووە کە بۆ ماوەی 42 ڕۆژی لەسەر یەک لە بەغداد ماینەوە کە ئەمەش هەلی بۆ عێراقییەکان ڕەخساند سوود لە کات ببینن، ئەوان دانوستانەکانیان درێژە پێدەدا لە چاوەڕوانی پاشەکشەی هێزەکانی هاوپەیماناندا بوون‌ و دەستی دەستیان دەکرد، هەندێک جار بە چەند ڕۆژ جارێک دانیشتنێکی یەک کاتژمێرییان ئەنجامدەدا، باوەڕم وایە ئێمە لاواز بووین‌ و مەعەنەویاتمان دابەزیبوو ئاوارەبوونی دانیشتوانیش بۆ شاخەکان کاریگەری نەرێنی کردبووە سەرمان، لە کۆتاییدا کە بارزانی بڕیاریدا کە دەگەڕێینەوە بۆ کوردستان تاریق عەزیز وتی: سەدام دەیەوێت بزانن کە پشت بەستنتان بە بیانییەکان ئەوەتان بەبیر دەهێنێتەوە کە ئێرانییەکان لەگەڵیاندا کردن. وتیشی ئەمریکییەکان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا لە کوردستانن ئێمەش هەموو داواکارییەکانیان قبوڵ دەکەین ئەوکاتە دەستبەرداری ئێوە دەبن، هەروەها ئەوەی ئێرانییەکانیش دەیانەوێت پێیان دەدەین ئەوکاتە دەتانخنکێنن چونکە ڕقیان لێتانە، لێرەدا ئەندامی وەفدەکە ڕۆژ نوری شاوەیس وەڵامی تاریق عەزیزی دایەوە‌و وتی: باشتر نییە بۆ ئێوە سازش بۆ گەلەکەتان بکەن لەبری ئەوەی سازش بۆ ئەمریکییەکان یان ئێرانییەکان بکەن؟ عەزیز وەڵامی دایەوە: ئەوەی ئەوان ئەیانەوێت دەیاندەینێ‌، بەڵام هەرگیز ئەوەی ئێوە دەتانەوێت ناتاندەینێ‌، ئەمەش پەیامی ئێمەیە بۆ ئێوە دەتوانن گەلەکەتانی لێ ئاگادار بکەنەوە"  <نەوشیروان مستەفا-١٩٩٣-لەندەن>

سامی عەبدولڕەحمان کە لە ڕۆژی ١٩٩١/٤/١٨ لەگەڵ تاڵەبانی و وەفدەکەی سەردانی بەغدادی کردووە دەڵێت: "تەنها من‌ و تاڵەبانی لەبری وەفدەکەمان قسەمان دەکرد، باوەڕم وایە کە تاڵەبانی حەماسەت گرتی‌ و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دیدارمان لەگەڵ سەدام حسێن لەکاتی قسەکردندا دوو هەڵەی کرد، یەکەم کاتێک وتی دەبێت ئەمریکییەکان لە ڕووی سەربازییەوە پاشەکشێ بکەن، دووەمیش کە وتی لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە ڕێککەوتنێکی مەبدەئی کە ئەوە ڕووی نەدابوو. سەرەتا عێراقییەکان پێیان وتین کە پێویستە دانوستانەکان لە 3-4 ڕۆژدا کۆتاییان بێت، بەڵام 10 ڕۆژ لە بەغداد ماینەوە، لە کۆتاییدا بیرم دێت کە عیزەت دووری پێی وتین ئێوە دەڕۆن‌ و دێنەوە، پاشان دەڕۆن‌ و دێنەوە. سێ جار ئەم ڕستەیەی دووبارە کردەوە، تاڵەبانی تێبینی قسەکانی دووری کرد‌ و پێی وتین شتێک لە هەڵوێستیاندا گۆڕانی بەسەردا هاتووە زەنگی ئاگادارکردنەوە بەر گوێمان دەدرا، درکمان بەوەکرد کە ئەوان خەریکە هەست بە ئاسایش دەکەن، ئێمە لای خۆمانەوە نەماندەویست لە ماوەی 3-4 ڕۆژدا بگەینە ڕێککەوتن، کاتێک سەداممان بینی وا دەرکەوت کە بێهیوایە‌ و زۆر دەگمەن نەبێت سەیری نەدەکردین، دەموچاوی بەشێوەیەکی نائاسایی زەرد هەڵگەڕابوو. بەگشتی لەو قۆناغەدا دانوستانکارە عێراقییەکان زۆر خاکی‌ و نەرم‌ و نیان بوون لەگەڵماندا. کاتێک گەڕاینەوە بۆ کوردستان هێزەکانی ئەمریکا هێشتا لە ناوچەکەدا بوون، بەڵام فەرماندەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ سەرکردەکانماندا نەدەکرد بەڵکوو تەنها قسەیان لەگەڵ سەرۆک عەشیرەتەکان‌ و دانیشتوانی ناوچەکەدا دەکرد‌ و هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکردن، پوختەیەکم لە ئەنجامی گفتوگۆکانمان لە بەغداد پێشکەشی بارزانی کرد‌ و وتم عێراقییەکان ئیجابی بوون لەگەڵماندا‌ و بە چەند ڕێگەیەک ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ ئەوەی مافەکانی کورد بدەن‌ و بەباشی دەزانم بارزانی خۆی بچێت بۆ بەغداد. جگە لەوەش ڕاپۆرتی خۆمان پێشکەشی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی کرد‌ و هەڵوێستی هەموویان ئیجابی بوو بە ئاڕاستەی بەردەوامیی دانوستانەکان.

گەورەترین بەربەستی بەردەم دانوستانەکان بە پلەی یەکەم هەڵوێست بوو لەسەر کەرکووک، پاشان شەنگال‌ و خانەقین، لە سەرەتادا نیازی وایان نیشان نەدا کە ڕێگە نەدەن ئەم شارانە بخرێتە سەر ناوچەی ئۆتۆنۆمی، بەڵام دوای حوزەیران وتیان مشتومڕ ناکەن لەسەر ناسنامەی کوردیی کەرکووک، بەڵام زیادکردنی کەرکووک بۆ ناوچەی ئۆتۆنۆمیی واتای جیابوونەوە دەگەیەنێت، وەڵامم بۆ ئەوە ئەوە بوو کە ناوچەی تری کوردیش هەیە کە نەوتی لێ بێت بۆ نموونە زاخۆ، بەڵام تاریق عەزیز وەڵامی دایەوە‌ و وتی ئەوە جیاوازە چونکە کەرکووک بە فیعلی نەوت بەرهەمدەهێنێت‌ و ئەوەش بەواتای ئەوە دێت کە دەستبەجێ‌ لایەنێک دێت بۆ هاوکاریکردنتان، لەبەرئەوە پێشنیازمان کرد لە دۆکیۆمێنتی ڕێککەوتنەکەدا ئاماژە بدرێت بەوەی کە ئەو ناوچانەی ئێستا بەغداد ڕەتیاندەکاتەوە‌ و بەشێکن لە ناوچەی ئۆتۆنۆمیی ناوچەی ناکۆکیی لەسەرن‌ و لە داهاتوودا چارەنووسیان یەکلا دەکرێتەوە، سەرەتا هەڵوێستیان ئیجابی بوو دەربارەی ئەم چارەسەرە، بەڵام باوەڕم وایە کە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە کوردستان وایکرد هەڵوێستیان بگۆڕن. جارێکیان کاتێک بە تاریق عەزیزم وت کەرکووک لە ویژدانی هەموو کوردێکدایە، وەڵامی دایەوە‌ و کە ئەندەلووسیش هەروەها لە ویژدانی هەموو عەرەبێکدایە هەروەک چۆن عەرەب بۆ ئەندەلووس دەگرین دەتوانن ئێوەش بۆ کەرکووک بگرین.

لە ئابدا لە بەغداد گەڕاینەوە‌ و وامان دانابوو کە ڕێککەوتنێک واژوو دەکەین، کودەتای سەربازی لە مۆسکۆ دژی سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت میخائیل گۆرباچۆڤ ڕوویدا و عێراقییەکان جارێکی تر توندتر بوونەوە‌ و عیزەت دووری بە مەسعوود بارزانی وت: کارەکە کۆتایی هات، چیتر ئەمریکا وەک تاکە زلهێز نامێنێتەوە، بەمشێوەیە بەبێ‌ واژووکردنی هیچ ڕێککەوتنێک گەڕاینەوە کوردستان.". <سامی عەبدولڕەحمان-١٩٩٣-هەولێر>


سەرچاوەکان



1719 بینین