پلاتین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-12-21:01:00 - کۆدی بابەت: 8618
پلاتین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پلاتین (بە ئینگلیزی: Platinum) توخمێکی کیمیاییە هێماکەی بریتییە لە Pt. گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە ٧٨ و دەکەوێتە کۆمەڵەی ١٠ خشتەی خولییەوە. نەرم و چڕ و کوتۆک و بەنرخە و توانای کارلێککردنی بەرزە، ڕەنگێکی سپیی زیوی هەیە. پلەی گەرمی توانەوەی بەرزە و توانای بەرگری زۆرە بۆ ژەنگکردن و زیانی ماددە کیمیاییەکان.

مێژوو

شوێنەوارناسەکان پاشماوەی پلاتینییان لە ئەو ئاڵتوونانەدا دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ مردووەکاندا لە میسڕی کۆن نێژراوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ١٢٠٠ پێش زایین. بەڵام هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە لەسەر ئەوەی کە میسڕییەکان بە بوونی پلاتینیان زانیبێت، بەڵکوو ئەوەی ڕێی تێدەچێت ئەوەیە کە پێشبینی بوونی پلاتینیان نەکردووە لە ئاڵتووندا.
کانزاکە لەلایەن ئەمریکییە کۆنەکانەوە بۆ بەرهەمهێنانی داڕشتەی سپیی پلاتین-ئاڵتوون بەکارهاتووە. دیاریکردنی بەروار و شوێنی بەکارهێنان و دۆزینەوەی یەکەم کانزای پلاتین قوورسە، چونکە زۆربەی پلاتینەکان بەشێوەی دەستکرد لە شوێنی دەستی دوو و ئەنتیکەخانەکان دۆزراونەتەوە نەک بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن شوێنەوارناسانەوە دەربهێنرێن. 

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ٧٨
کۆمەڵە کۆمەڵەی ١٠
خول خولی ٦
خشتۆک d-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Xe] 4f14 5d9 6s1

فیزیایی

ڕەنگ سپیی زیوی
دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) ڕەق
پلەی توانەوە ١٧٦٨٫٣ پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان ٣٨٢٥ پلەی سیلیزی
چڕی ٢١٫٤٥ g/cm3

پلاتین کانزایەکی نەرم و ڕەنگ زیویی درەوشاوەیە. کوتۆکە و بە ئاسانی دەشکێتەوە، بەرگرییەکی زۆری هەیە بۆ ژەنگکردن و پلەی کوڵانی بەرزە. پلاتین لە زیو و زێڕ و مس کوتۆکترە، هەر لەبەر ئەمەش کوتۆکترینی کانزا خاوێنەکانە، بەڵام زێڕ لە پلاتین نەرمترە.

کیمیایی

پلاتین یەکێکە لە جێگیرترین توخمەکان لە سروشتدا، زۆرجار لەبەر جێگیرییە زۆرەکەی پێی دەوترێت کانزای خانەدان. توانای بەرگەگرتنی ترشی نیتریک و ترشی هایدرۆکلۆریکی هەیە، بەڵام دەتوانێت لەناو گیراوەی ئەو دوو ترشەدا کە ڕێژەکەیان ٣:١ بێت لە پلەی گەرمی بەرزدا بتوێتەوە.
دەتوانێت لە پلەی گەرمی زۆر بەرزدا لەناو ئۆکسجین و فلۆردا بتوێتەوە. پلاتین لە پلەی گەرمی ٥٠٠ پلەی سیلیزیدا دەئۆکسێت و دووەم ئۆکسیدی پلاتین PtO2 بەرهەم دەهێنێت، ئەم ئۆکسیدە بە ئاسانی و بە بەکارهێنانی گەرمی دەتوانرێت لێبکرێتەوە. باوترین دۆخەکانی ئۆکسانی پلاتین بریتیین لە ٢+ و ٤+. دۆخی ئۆکسانی ١+ و ٣+ کەمتر باون، هەروەها زۆرجار بەهۆی بەندی کانزایی بە جۆری دووانە کانزایی (یان فرەکانزایی) جێگیر دەکرێن.

هاوتاکان

پلاتین شەش هاوتای سروشتی هەیە کە بریتیین لە: پلاتین-١٩٢، پلاتین-١٩٤، پلاتین-١٩٥، پلاتین-١٩٦ و پلاتین-١٩٨. باوترین جۆری هاوتاش بریتییە لە پلاتین-١٩٥ کە نزیکەی ٣٣٫٨٣ توخمی پلاتین لە جۆری ئەم هاوتایەیە. هاوتا واتە ئەندامی خێزانی یەک توخم کە هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان هەیە، بەڵام ژمارەی نیوترۆنەکانیان جیاوازە، ژمارەی پرۆتۆن دیاریکەری توخمە و بۆ هەر توخمێک نەگۆڕە، بەڵام ژمارەی نیوترۆن دەکرێت لە جۆرەکانی هەمان توخمدا جیاواز بێت.

بوونی لە سروشتدا

پلاتین بەتەواوی کانزایەکی دەگمەنە، تەنها بە خەستی ٠٫٠٠٥ بەش لە ملیۆن لە توێکڵی زەویدا بوونی هەیە، زۆرجار بە هەڵە بە زیو دادەنرێت. زۆرجار پلاتین بەشێوەی کیمیایی و ناپەیوەست وەک پلاتینی ڕەسەن یان وەک داڕشتە لەگەڵ کانزاکانی تری وەک ئاسندا دەدۆزرێتەوە. زۆربەی پلاتینی ڕەسەن لە نیشتووی دووەمینی نیشتووی ڕووبارەکان دۆزراوەتەوە کە لە لم و قوڕ و ماددەی ئەندامی و چەو پێکهاتووە.
پلاتین زیاتر لەسەر مانگ و لە بەردە ئاسمانییەکاندا بوونی هەیە.

ئاوێتەکان

هالایدەکان

ترشی شەشە کلۆرۆپلاتین یەکێکە لە گرنگترین ئاوێتەکانی پلاتین، وەک سەرچاوە بۆ دروستکردنی چەندین ئاوێتەی تری پلاتین بەکاردێت، هەروەها چەندین بەکارهێنانی هەیە وەک فۆتۆگرافی و هەڵکۆڵراوی زینک و مەرەکەب و ڕووپۆشکردن و ئاوێنە و وەک هاندەر بۆ کارلێکی کیمیایی بەکاردێت.
کارلێک پێکردنی ترشی شەشە کلۆرۆپلاتین لەگەڵ خوێی ئەمۆنیۆمی وەک کلۆریدی ئەمۆنیۆم دەبێتە هۆی دروستبوونی شەشە کلۆرۆپلاتیناتی ئەمۆنیۆم، کە لە گیراوەکانی ئەمۆنیۆمدا نەتواوەیە.
کاتێک شەشە کلۆرۆپلاتین گەرم دەکرێت شی دەبێتەوە بۆ چوارە کلۆریدی پلاتین و دووانە کلۆریدی پلاتین.

ئۆکسیدەکان

دووانە کلۆریدی پلاتین PtO2 کە بە هاندەری (ئادەمز) ناسراوە، تۆزێکی ڕەنگ ڕەشە کە لە گیراوەی هایدرۆکسیدی پۆتاسیۆم و ترشە خەستکراوەکاندا تواوەیە.
دووەم ئۆکسیدی پلاتین و ئۆکسیدی پلاتین بە گەرمکردن شی دەبنەوە، چوارە ئۆکسیدی پلاتین لە ڕێگەی ئەم کارلێکەی خوارەوە دروست دەبێت: 

 Pt2+ + Pt4+ + 4O2− → 2Pt3O4

بەکارهێنان

  • لە تاقیگەکاندا وەک تووڵی کارەبایی بەکاردێت.
  • پلاتین لە دروستکردنی وایەر و ڕیشاڵی ڕووناکی و ڕێکخەری کارەبایی دڵ بەکاردێت بۆ باشترکردنی توانای کارکردنیان.
  • هەندێک ئاوێتەی پلاتین لە چارەسەری کیمیایی شێرپەنجەدا بەکاردێن.
  • هەندێک لە دروستکەرانی کاتژمێر توخمی پلاتین لە کاژمێرەکانیاندا بەکاردەهێنن بە مەبەستی تایبەتکردن و بەنرخکردنی کاتژمێرەکە.
  • لەبەر ئەوەی تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیاییەکانی جێگیرە، کانزایەکی زۆر بەسوودە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش وەک هاندەر لە کارلێکە کیمیاییەکاندا بەکاردێت.
  • یەکێک لە باوترین بەکارهێنانەکانی پلاتین وەک هاندەری گۆڕێن لە ئۆتۆمبێلدا بۆ گۆڕینی ئۆکسیدی کاربۆن و پاشماوەکانی تر بۆ دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو بەکاردێت.
  • لە دروستکردنی خشڵدا بەکاردێت و نزیکەی نیوەی ئەو پلاتینەی ساڵانە دەردەهێنرێت بۆ ئەم مەبەستە بەکاردێت.
  • پلاتینی خاوێن چەندین بەکارهێنانی لە بواری ددانسازیدا هەیە، چونکە بەرگەی پلەی گەرمی بەرز و هەموو جۆرە نەخۆشییەکی ناودەم دەگرێت.


سەرچاوەکان



1039 بینین