ئیمپڕاتۆریەتی هان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-15-20:08:00 - کۆدی بابەت: 8652
ئیمپڕاتۆریەتی هان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

ئیمپڕاتۆریەتی هان، خێزانی هان یان بنەماڵەی هان (بە ئینگلیزی: Han dynasty) دووەم بنەماڵەی ئیمپڕاتۆریی چین بوو، لە ساڵی ٢٠٢ـی پێش زایینی لەلایەن ئیمپڕاتۆر لیو بانگ کە بە ئیمپڕاتۆر گاوزوی هان بەناوبانگە دامەزراوە تا ساڵی ٢٢٠ ـی زایینی بۆ ماوەی ٤٢٦ ساڵ فەرمانڕەوایەتی چینی کردووە. 

سەرەتای درووستبونی ئیمپڕاتۆریەتی هان 

دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری دژی ئیمپڕاتۆریەتی چین لە ساڵی ٢١٠ و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن جەنگاوەرانی سیانگ یوو و لیو بانگ لە ساڵی ٢٠٢ نازناوی ئیمپڕاتۆریەتی هانی وەرگرت. ئیمپڕاتۆر لیو بانگ شاری چانگ ئان ـی کردە پایتەختی هان و لە یەکێک لە چەند کۆشکە ڕزگاربووەکەی بنەماڵەی چین فەرمانڕەوایەتی بە ناوی گاوزو وەرگرت لەو کاتەوە تا ساڵی ٢٥ـی زایینی بە ڕۆژاوای هان ناسرا. لیو بانگ دەستبەجێ ژمارەیەک لە شانشینەکانی چینی کۆنی بە بەشێک لە ئیمپڕاتۆریەتی هان ناوبرد و زۆربەی پاشاکانی گۆڕی و هەروەها لە ساڵی ١٩٥ـی پێش زایینی بەر لە مردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئیمپڕاتۆریەتەکەی گۆڕی بۆ ڕێگریکردن لە یاخیبوون. پاش مردنی ئیمپڕاتۆر گاوزو شاژنە لوو ژی بە کوشتنی هەندێک لە کوڕەکانی گاوزو هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئیمپڕاتۆرییەکەی دا، هەروەها هەستا بە کوشتنی دایک و دۆستە پەسەندکراوەکەی ئیمپڕاتۆر گاوزو، تێکۆشانی بۆ دەسەڵات بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەردەوام بوو تا ئەو ساتەی بەدەستی ئیمپڕاتۆر وانی کوڕی گاوزو بە سەربڕینی خێزانی لوو ژی کۆتایی بە دەسەڵاتی هێنا و بوو بە ئیمپڕاتۆر. 

ئەم بنەماڵەیە بەسەر دوو سەردەمدا دابەشکراوە: 

  • ڕۆژاوای هان لەسەرەتای دروستبوونی ئیمپڕاتۆری هان لە ساڵی ٩ تا ٢٠٢ـی پێش زایینی و پایتەختەکەی شاری چانگ ئان (شییان ـی هاوچەرخ) بوو. 
  • ڕۆژهەڵاتی هان لە ساڵی ٢٥ تا ڕووخاندنی لە ٢٢٠ـی زایینی بەردەوام بوو لە سەردەمی ئیمپڕاتۆر گوانگوو  پایتەختەکەی گوازرایەوە بۆ لوویانگ. 

گرنگترین هۆکاری ئەم جیابونەوەیەش بەهۆی گۆڕینی پایتەختەکانەوە بوو، هەروەها سەرهەڵدانی وانگ مانگ کە دامەزرێنەر و تاکە ئیمپڕاتۆری بنەماڵەی شین بوو کە بە فەرمی سەر بە خێزانی هان بوو لە ساڵی نۆی زایینیدا هاتە سەر تەخت و بنەماڵەیەکی دامەزراند تا ساڵی ٢٣ـی زایینی ڕاپەڕینێک ڕوویدا و بووە هۆی کوشتنی وانگ مانگ و پاش لەناوچوونی ئیمپڕاتۆریەتی هان هاتەوە سەر دەسەڵات. 

گرنگترین کارەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هان 

گاوزو لە سەرەتادا فەلسەفە و یاسای چینی لە ئیمپڕاتۆریەکەیدا هێشتەوە بە شێوازێکی کەمتر لە خێزانی چین. ئیمپڕاتۆریەتی هان چەندین دەستکەوتی گرنگ و کاریگەری بەدەستهێنا لەوانە کردنەوەی ڕێگای ئاوریشم، هەروەها بە گفتوگۆی ئاشتییانە لەگەڵ هۆزە کۆچەرییەکانی شۆنگ نوو و شیابی لە باکوور و شیرۆنگ لە ڕۆژاوا لە سنوورەکان جێگیرکرد، هەوڵی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدانی کولتووری لە بواری هونەر و زانستدا دا، زۆرێک لە کەرەستە باوەکانی ئەم سەردەمە لەلایەن هانەوە وەرگیراون و داهێنراون وەکو عەرەبانەی دەستی، قیبلەنما، کەرەستەی چاککردنەوە، لەرەنووس و کاغەز و چەندانی تر. هەروەها بەها کولتوورییەکانی بنەماڵەی ژووی گەڕاندەوە کە لەلایەن چینەوە دوورخرابوونەوە کە هانی خوێندەواری و خوێندنی مێژووی دەدا. هەروەها ئایینی چین لە سەردەمی هاندا گەشەی کرد و لەوانە بزووتنەوەی بەناوبانگی میسیانی کە سەرنجی خستەسەر خواوەندی دایکی شاژنی ڕۆژاوا، کە خواوەندێکی ئایینی چینی و ئەفسانەییە.

بیروباوەڕی کۆنفیوشانیزم 

هەستان بە ژیاندنەوەی بیروباوەڕ و ڕێبازی کۆنفیوشانیزم لە نێوان خێزانی شاهانەی هان لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥ـی پێش زایینی لە ماوەی دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆر وو ناوبانگی پەیداکرد، کۆنفیوشەس بە ڕەنجی ڕۆشنبیرانی وەک فوو شینگ مابوویەوە کە توانیبووی هەندێک ئەدەبی کۆنفیوشەس لە سەردەمی بنەماڵەی چین و پێش چین بپارێزێت کە چەندین دەقی کۆنفیوشەس لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی چینەوە هەڵگیرابوون پاشان بە نەمان بە سووتاندنی کتێبخانەی ئیمپڕاتۆری لە ساڵی ٢١٠ـی پێش زایینی لە جەنگی ناوخۆدا بە تەواوی ونبوون، بەڵام فوو شینگ کتێبێکی بەڵگەنامەیی پاراستبوو، بنەماڵەی هان زۆر هەوڵیان دا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی کۆنفیوشەس کە هەندێکیان موڵکی پاشاکان بوون هەندێکیشیان لە شورای کۆنفیوشانیزم دۆزرانەوە. لە ساڵی ١٣٦ـی پێش زایینی بەرنامەیەک لە زانکۆی شاهانە دروستکرا بۆ فێرکردنی پێنج کلاسیکی کۆنفیوشەس لەوانە پێنج کتێب، زانکۆکە ٣٠،٠٠٠ خویندکاری لە خۆ دەگرت.

ڕێگای ئاوریشم 

لە ساڵی ١٣٨ـی پێش زایینی پیاوێک بە ناوی ژانگ چییان لەلایەن ئیمپڕاتۆر وو نێردرا بۆ ئەرکێک بۆ پەیوەندیکردن بە هۆزەکانی ڕۆژاوا بەڵام لەگەڵ هاوبەشەکانی لەلایەن هۆزی شیۆنگ نوو گیران، ژانگ چییان هەڵهات و بەردەوام بوو بەرەو ڕۆژاوا، گەیشتە ناوچەیەک بە ناوی ئەفغانستان کە لە ژێر دەسەڵاتی یۆناندا بوو، لە ئەفغانستان ژانگ چییان بامبۆ ( حەیزەران) و چنراوە چینییەکانێ بینی کە لە چینەوە هێنرابوو بۆی دەرکەوت کە لە شانشینێکەوە هێنرابوو بە ناوی شێندو، ١٣ ساڵ پاش جێهێشتنی ناوچەکە ژانگ چییان باسی ڕێگای گەڕاندنەوە و دەربارەی ئەوەی بینیویەتی کرد، پاشان نەخشەیەکیان بۆ دانا بۆ ئەوەی بچنە ئەوێ نەخشەکە و ڕێگاکان زیاتر پەرەیان پێدرا و بە ڕێگای بازرگانی لەگەڵ ڕۆژاوا بە ناوی "ڕێگای ئاوریشم" ناسێندرا کە بەتەواوی ڕێڕەوی مێژووی چینی گۆڕی.

هونەر لە ئیمپڕاتۆریەتی هاندا 

زۆربەی زانیارییە هونەرییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هان لە مەزاری بنەماڵە فەرمانڕەواکانەوە هاتووە، هەروەها بوونی ژوور لە ژێر چوار مەزارگە کە لە ٧٠ بەردی نەخشێندراو و سەقف و دیواری نەخشێندراو کە وێنەی کەسایەتییەکانی لەسەر کێشراوە، شوێنەکە نزیکەی ٣٠٠٠ نموونەی وێنەی هونەریی بنەماڵەی هان لەخۆدەگرێت بە کەڵک وەرگرتن لە زیو، بڕۆنز، ئاڵتوون، بەردی بە نرخی یەشم، ئاوریشم و گڵکاری، هەروەها دوو جلوبەرگی هان و ٢٠٠٠ پارچە بەردی بە نرخی یەشم لە مەزارەکاندا دۆزرانەوە. 

داهێنانی کاغەز 

کاغەز لە چین لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی هاندا داهێنراوە. کای لوون بەرپرسی دادگای چینی بنەماڵەی هان بوو بە شێوەیەکی نەریتی بە داهێنەری کاغەزی مۆدێرن دانراوە، کای لوون ‌پێکهاتەکانی وەک بامبۆ، ڕووەکی گوش، پەڕۆی کۆن، تۆڕی ماسی گرتن و توێکڵی داری تووی لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەکرد و بە پارچە تەختەیەکدا بڵاوی دەکردەوە و تا وشک دەبوویەوە و شیاوی بەکارهێنان بوو، بەکارهێنانی کاغەز زۆر بەخێرایی بە ناو ئیمپڕاتۆریەتیەکەدا بڵاوبوویەوە. 

داهێنان لە نووسیندا 

هەر لەو ماوەیەدا شوو شین یەکەم وشەنامەی چینی کۆکردەوە کە ناوی کەسایەتییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هان و سەردەمی ژوو و شانگی تێدابوو، هەر ئەم وشەنامەیەش کەسایەتییەکانی بە سەردەمی هاوچەرخ ناساند. هەروەها مێژوونووس سیما چییان کە لە ساڵەکانی (١٤٥-٨٧ـی پێش زایینی) ژیاوە کە بە باوکی مێژوونووسی چینی دادەنرێت و تۆمارەکانی بە درێژایی مێژوویەکی درێژ خزمەتیان کردووە و هێشتا وەک سەرچاوەیەکی مێژووی چین کەڵکی لێوەردەگیرێت، وەک یەکەم تۆماری مێژوویی کە بە چینی کۆن ناسراوە دادەنرێت. 

کۆتاییەکانی ئیمپڕاتۆریەتی هان 

کۆتایی ئیمپڕاتۆریەتە گەورەکەی هان بە گرنگترین خاڵی وەرچەرخانی مێژووی چین دانرا، ڕوخاندنی ئیمپڕاتۆریەتی هان هاوکاتە لەگەڵ پاشایەتییە پڕئاژاوەکەی دوایین ئیمپڕاتۆری هان، لە ساڵی ١٨٩ـی زایینی شەڕێکی لاوەکی لە نێوان بنەماڵەی شاژن داوەیجەر و هاوپەیمانانی ئیمپڕاتۆر ڕوویدا. هەروەها هۆزێکی ئایینی بە ناوی توربانە زەردەکان تێوەگلان لەوەی هەوڵی یاخیبوون و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیان دا. لەگەڵ تێکچوونی بارودۆخەکە سوپا هەوڵیدا بۆ دەست بەسەرداگرتنی ململانێکە و بە هەوڵی جەنگاوەرێک توانی وردە وردە ئیمپڕاتۆریەتییەکە یەکبخاتەوە و لە ساڵی ٢٠٨ بۆ ٢٠٩ـی زایینی لە شەڕێکدا بە ناوی "هەڵدێری سوور" تێکشکێنران کە بە یەکێک لە خوێناویترین کاتەکانی مێژووی چین دانراوە، دوای کۆتایی هاتنی شەڕ و ململانێ بناغەی سێ شانشین دانرا، لە ئاکامدا لە ساڵی ٢٢٠ـی زایینی دوایین ئیمپڕاتۆری هان لەسەر تەخت لابرا و کۆتایی بە ئیمپڕاتۆریەتی هان هات.


سەرچاوەکان



671 بینین