دیپیکا پادوکۆن

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-22-12:30:00 - کۆدی بابەت: 8745
دیپیکا پادوکۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دیپیکا پادوکۆن (بە ئینگلیزی: deepika padukone) خانمە نواندنکار، مۆدێل و بەرهەمهێنەرێکی دیاری سینەمای هیندییە، لە چەندین فیلمی سەرکەوتوودا ڕۆڵی گێڕاوە، جگە لەوەی نواندنکارێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، لێهاتوویییەکی زۆری هەیە لە نواندنی کەسایەتی جۆراوجۆردا، زۆر بە سروشتی نواندن دەکات، پادوکۆن یەکێکە لەو خانمە نواندنکارانەی کە زۆرترین مووچەی پێدەدرێت لە هیندستان و زۆرێک لە سینەماکاران بەدوای کارکردندان لەگەڵ ئەم نواندنکارە دیارە، سەرکەوتنەکانی سنووری بەزاند و وایکرد ببێتە کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەزموونی نواندنی لە هۆڵیوود تاقی کردەوە، یەکێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی هیندستانە، لە ساڵی ٢٠١٨ـدا میدیای بەناوبانگی (تایم) بە یەکێک لە ١٠٠ کەسایەتییە کاریگەرەکان لە جیهاندا ناوی بردووە، پادوکۆن چەندین خەڵاتی وەرگرتووە کە گرنگترینیان سێ خەڵاتی (فیلم فەیر)ـە.

ژیانی تایبەتی

دیپیکا پادوکۆن لە پێنجی مانگی یەکی ساڵی ١٩٨٦ لە شاری کۆپنهاگنی دانیمارک لەدایکبووە، پراکاش پادوکۆنی باوکی یاریزانێکی لێهاتووی بەدمینتۆن (یاری ڕیشە) بووە، دایکی ئوجالا لە نوسینگەیەکی گەشتیاری کاری کردووە، دیپیکا خوشکێکی بچووکی هەیە بە ناوی ئانیشا کە یاریزانی گۆڵفە، کاتێک دیپیکا تەمەنی یەک ساڵ بووە، خێزانەکەی ڕوویان لە شاری بەنگالۆری هیندستان کردووە. لە ئامادەیی سۆفیای بەنگالۆر خوێندوویەتی و خوێندنی پێش زانکۆی لە کۆلێژی مۆنتی کارمێل تەواو کردووە، پاشان لە زانکۆی ئازادی نیشتمانی ئیندیرا گاندی لە بەشی کۆمەڵناسی ناوی خۆی تۆمار کردووە، بەڵام دواتر بەهۆی سەرقاڵی بە کاری مۆدێلییەوە وازی لە خوێندن هێناوە، پادوکۆن باڵای ١٧٥ سانتیمەتر و یەکێک لە باڵا بەرزترین نواندنکارەکانی بۆڵیوودە، لە منداڵیدا هاوڕێی زۆری نەبووە لەو کاتەدا سەرنجی لەسەر یاری ڕیشە بووە. لەکاتێکدا گرنگی بە پەروەردە و وەرزشی پیشەیی داوە، لە منداڵیدا لە بواری مۆدێلیدا چالاکی هەبووە، سەرەتا لە تەمەنی هەشت ساڵیدا بەشداری لە زنجیرەیەک ڕیکلامدا کردووە، کاتێک لە پۆلی دەیەم بوو ژیانی گۆڕانکاری بەسەردا هات و بڕیاریدا ببێتە مۆدێلی جلوبەرگ، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "بۆم دەرکەوت کە بەهۆی ئەو وەرزشانەی لە خێزانەکەمدا هەیە، چالاکی وەرزشیم هەبووە، بۆیە داوام لە باوکم کرد واز لە وەرزش بهێنم، ئەویش ناڕەزایەتی دەرنەبڕی و بێتاقەت نەبوو. 
لە ساڵی ٢٠٠٤ پادوکۆن بە تەواوەتی خەریکی کاری مۆدێلی بوو، لە سەرەتای کاری هونەریدا ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێکلامێکی تەلەڤزیۆنیدا گێڕا، بووە جێگای سەرنج و بۆ چەندین بڕاند و بەرهەمی جیاواز بوو بە مۆدێل، لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی باشترین مۆدێلی ساڵی لە فێستیڤاڵی (kingfisher fashion) بەدەستهێنا.
کاتێک تەمەنی دەبێتە ٢١ ساڵ، دەگوازێتەوە بۆ شاری مۆمبای ماوەیەک لە ماڵی پوری دەمێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە یەکێک لە کلیپەکانی Himesh) Reshammiya) ڕۆڵی گێڕا بە ناوی "ناوی تۆ" و ناوبانگێکی زیاتری بەدەستهێناوە، دوای ئەوە چەندین پێشنیاری بۆ نواندن لە فیلمدا پێشکەش کراوە.

سەرەتای کاری نواندنی

لە ساڵی ٢٠٠٠ دیپیکا ڕۆڵێکی بچووکی لە فیلمی تامیلی Snegithiye بینی، لە ساڵی ٢٠٠٦ لە یەکەم فیلمیدا بە ناوی Aishwarya ڕۆڵی سەرەکی گێڕا، لە ساڵی ٢٠٠٧ لە فیلمی Om shanti Om لەپاڵ شاهرۆخ خان ڕۆڵی گێڕا.

فیلمەکانی

Aishwarya  2006
Om shanti Om  2007
Bachna Ae Haseeno  2008
Chandni chowk to china  2009
Biluu  2009
Love Aj kal  2009 
Main Aurr Mrs khana 2009 
Karthik calling karthik  2010 
Housefull 2010
Lafangey parindey  2010 
Break ke bad 2010
Khelein Hum jee jaan See 2010
Dum Maaro Dum دەرکەوتنی تایبەت 2011
Arakshan 2011
Desi boyz  2011
Cocktail 2012 
Race 2 2013 
Bombay talkies دەرکەوتنی تایبەت 2013
Yeh jawaani hai deewani  2013 
Chennai Express  2013 
Goliyan ke Raasleela Ram-leela  2013
Kochadaiiaan 2014
Finding fanny  2014
Happy new year  2014
My choice کورتە فیلم  2015
Piku  2015 
Tamasha  2015 
Bajirao mastani  2015 
xXx: return of xander cage  2017 
Raabta دەرکەوتنی تایبەت 2017 
Padmaavat  2018 
Zero دەرکەوتنی تایبەت  2018 
Chhapaak  2020 
2021 83 
Gehraiyaan 2022

خەڵاتەکانی

لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی باشترین خانمە نواندنکاری بۆ ڕۆڵی پاڵپشت بەدەستهێنا بە نواندنی لە فیلمی (ئۆم شانتی ئۆم) هەروەها ئەم سەرکەوتنە لە ساڵی ٢٠١٠ دووبارە بووەوە بە نواندنی لە فیلمی (Love Aaj Kal) پاڵێورا بۆ خەڵاتی باشترین خانمە نواندنکار بۆ ڕۆڵی سەرەکی خەڵاتی فیلم فەیر، لە فێستیڤاڵی فیلم فەیری ٢٠١٣ـدا ژمارەیەکی پێوانەیی بەدەستهێنا بەهۆی پاڵێورانی بۆ نواندنی لە سێ فیلمدا بە ناوەکانی (Chennai Express، Yeh Jawaani Hai Deewani و RamLeela)، لە کۆتاییدا بۆ نواندنەکەی لە RamLeela خەڵاتی باشترین نواندنکاری بۆ ڕۆڵی سەرەکی بەدەستهێنا، لە ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی باشترین خانمە نواندنکاری بەدەستهێنا بۆ ڕۆڵی پیکو لە فیلمی پیکو، لە ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی باشترین خانمە نواندنکاری بەدەستهێنا بۆ نواندنی لە فیلمی پادماڤاتی.

پەیوەندییەکانی و هاوسەرگیری

لە ساڵی ٢٠٠٨ لە فیلمی Bachna Ae Haseeno لەگەڵ ڕانبیر کاپوور ڕۆڵی گێڕاوە، هەر لەم ماوەیەدا چوونەتە ناو پەیوەندی خۆشەویستییەوە، بەئاشکرا باسی ئەو پەیوەندییەیان کردووە و تەنانەت ناوی ڕانبیری لەسەر بەشی پشتەوەی ملی تاتۆ کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو پەیوەندییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەری هەبووە، متمانەی بەخۆی زیاتر بووە و وایکردووە زیاتر کۆمەڵایەتی بێت، لە کاتێکدا میدیاکان پێشبینی ئەوەیان دەکرد کە ئەو دوو کەسایەتییە خەونی دەستگیراندارییان هەیە، بەڵام دیپیکا ڕایگەیاند کە بەنیازی هاوسەرگیری نییە تا پێنج ساڵی داهاتوو، دواجار دوای ساڵێک جیابوونەوە.

دیپیکا پادوکۆن لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ڕایگەیاندووە کە ڕانبیر لە پەیوەندییەکەیاندا خیانەتی لێ کردووە و دواتر ڕانبیر ئەم لێدوانەی پشتڕاست کردووەتەوە، لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی Yeh Jawaani hai deewani لەگەڵ ڕانبیر جارێکی تر بوون بە هاوڕێ و بەهۆی ئەم پەیوەندییە تاڵەوە هاوکارییان پێکەوە نەوەستاند، دوای ئەم پەیوەندییە، دیپیکا ئامادە نەبوو باسی ژیانی تایبەتی خۆی بکات، دیپیکا بەهۆی پەیوەندییەکەی پێشوویەوە لەڕووی سۆزدارییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، ئامادە نەبوو بچێتە ناو پەیوەندییەکی نوێوە، بەڵام بە پێداگریی زۆری ڕانڤیر سینگ لە ساڵی ٢٠١٢ پەیوەندی لەگەڵیدا بەست، لەکاتێکدا لە سەرەتای پەیوەندییەکەدا پێی وتبوو کە پابەندی ئەو نابێت و دەبێت ئەم پەیوەندییە بە نهێنی بهێڵنەوە، بەڵام دڵسۆزی و کەسایەتی ڕانڤیر لە کۆتاییدا سەرنجی دیپیکای بۆ خۆی ڕاکێشا، هەتا بە فەرمی و بە ئاشکرا لە ساڵی ٢٠١٧ باسی پەیوەندییەکەیان کرد، لە ساڵی ٢٠١٨ لە ئیتاڵیا هاوسەرگیریان کرد، یەکێکن لە هاوسەرە سەرکەوتوو و خۆشەویستەکانی بۆڵیوودن. دیپیکا بە قۆناغێکی خەمۆکیدا تێپەڕی و بە نەخۆشییەکی مەترسیداری دەزانێت و هەوڵدەدات خەڵک لەم نەخۆشییە ئاگادار بکاتەوە، هەروەها پشتگیری لە پرسە فێمینیستەکان دەکات.


سەرچاوەکان



646 بینین