کلامیدیا

کلامیدیا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-17-17:09:00 - کۆدی بابەت: 9055
کلامیدیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کلامیدیا (بە ئینگلیزی: chlamydia) یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان، کە زیاتر بە کورتکراوەی (STD) دەناسرێن. ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی بەکتریای کلامیدیا ترایکۆماتیس (chlamydia trachomatis)ـەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە دەگوازرێتەوە. نەخۆشیی کلامیدیا باوترین جۆری نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵانە زۆرترین هاوڵاتی دووچاری دەبنەوە.
دەرکەوتووە ٪٤٠ بۆ ٪٩٥ـی ئەو کەسانەی دووچاری کلامیدیا دەبنەوە هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرناکەوێت، بۆیە واباشترە خۆیان پشکنین بکەن و ئاگاداری تەندروستییان بن.

هۆکاری تووشبوون

هەر کەسێک سێکسی ناشەرعی ئەنجام بدات ئەگەری تووشبوونی بە کلامیدیا هەیە، کۆمەڵێک کەس ئەگەری تووشبوونیان بە کلامیدیا زۆرترە ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە کە بریتین له:

  • زیاتر لە گەنجانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدا ڕوودەدات ئەوانەی کە جووتبوونی ناشەرعییان هەیە.
  • لە خانماندا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان زۆرترە بەهۆی ئەناتۆمی جەستەیانەوە، پێستی زێ ناسک و نەرمترە بە بەراورد بە پێستی ئەندامی نێرینەی پیاوان و شوێنێکی لەبارترە بۆ گەشەی بەکتریا، دەرکەوتووە کە لە هەر ٢٠ خانمێکی گەنج یەکێکیان لەڕێی پەیوەندی سێکسییەوە دووچاری کلامیدیا دەبن.
  • ئەو پیاوانەی کە هاوڕەگەزخوازن، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە بەهۆی جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.
  • ئەو کەسانەی کە پەیوەندی ناشەرعییان هەیە و جیا لە کەسێک چەند کەسێکی تریان هەیە و جووتبوونی لەگەڵدا ئەنجام دەدەن.
  • جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.

جۆرەکانی کلامیدیا

کلامیدیا ترایکۆماتیس - C.trachomatis

ئەم جۆرەی کلامیدیایە دەکرێت لەڕێگەی زێی دایکەکەوە لە کاتی منداڵبوونیدا بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە و ئەویش تووش ببێت، ئەو منداڵانەی لە کاتی لەدایکبوونیاندا تووشی کلامیدیا دەبن پێنج بۆ ١٣ ڕۆژ دواتر دووچاری ئاوسان و هەوکردن دەبنەوە.

کلامیدیا نیومۆنیا - C.pneumonia

نیومۆنیا واتە هەوکردنی سییەکان، تووشبوونێکە کە تووشی سییەکان دەبێت و لە ڕێگەی شلەوه لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە.

کلامیدیا ستاسی - C.‌psittaci

جۆرێکی بەکتریایە لەناو خانەیەکدا دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی لە مرۆڤ و باڵندەکاندا، و جۆرێکە لە جۆرەکانی کلامیدیا کە بەهۆی باڵندەکانەوە دەگوازرێتەوە، بەتایبەت تووتی و زیاتر ئەو کەسانە تووش دەبن کە زۆر لەگەڵ باڵندەکاندان و بە ماچ و بۆنکردنی ئاژەڵەکە یان خواردنی دەگوازرێتەوە.

نیشانەکان

زۆرێک لەو کەسانەی دووچاری کلامیدیا بوون نیشانەیەکی دیاریان نییە، چونکە بەگشتی نیشانەکان یەک بۆ سێ هەفتە پاش تووشبوون بە بەکتریاکە دەردەکەون.

نیشانەکان لە خانماندا

ئەگەر ئەم تووشبوونە توندتر ببێت دەکرێت چەند نیشانەیەکی تری لەگەڵدا بێت وەک ئازاری سک و حەوز، تا، دڵتێکچوون، خوێنبەربوون.

نیشانەکان لە پیاواندا

  • هەبوونی دەردراوی ئاویی، شیری، زەردباو، سەوز، یان چڵکاوییە لە چووکیانەوە
  • ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا
  • ئازار و خورانی چووک
  • ئازار و ئاوسانی یەک یان هەردوو گوون
  • ئازار لە بەشی خوارەوەی سک

نیشانەکانی تر

گەروو یان کۆمی ژنان و پیاوان دەکرێت لەڕێی پەیوەندی سێکسییەوە تووشی کلامیدیا ببێت، و زۆرینەی جاریش هیچ نیشانەیەکی نابێت.

هەرچەندە کە زۆر باو نییە، بەڵام ئەگەر بەهۆی بەرکەوتن بە ئاوی پیاوەوە، دەردراوی زێ ئەگەری گواستنەوەی کلامیدیا بۆ چاویش هەیە، کە ئەمەش بە ڕاستەوخۆ یاخود بەهۆی پیسبوونی دەست و نەشۆردنی و پاشان دەستدان لە چاو دەبێت.

نیشانەکان لە گەروودا

  • ئازاری گەروو
  • ئاوسانی لیمفەگرێکان
  • تا
  • سووربوونەوەی گەروو

نیشانەکان لە کۆمدا

  • ئازار و خورانی کۆم
  • دەردراوی کۆم یان خوێنبەربوون لە کۆمەوە
  • ئاوسانی کۆم
  • سکچوون

نیشانەکان لە چاودا

  • سووربوونەوە
  • هەبوونی دەردراو لە چاودا
  • ئاوسانی پێڵووی چاو
  • خوران و هەستیاربوون

گواستنەوە

گواستنەوەی کلامیدیا لە کەسی تووشبوەوە بۆ کەسی ئاسایی لە چەند ڕێگەیەکەوە دەبێت:

  • لە ڕێگەی پەیوەندی جووتبوون لە پێشەوە، یاخود جووتبوون لە ڕێگەی کۆم و دەمەوە.
  • لە ڕێگەی چەند کەرەستەیەکەوە کە دروستکراون وەک ئەندامی سێکسی، کاتێک لەلایەن چەند کەسێکەوە بەکاردەهێنرێت دەگوازرێتەوە.
  • لە ڕێگەی دایکەوە بۆ منداڵەکەی لە کاتی منداڵبووندا.
  • لە ڕێگەی ماچی دەمەوە ناگوازرێتەوە، بەڵام ماچکردنی ئەندامی زاوزێ ئەگەری و تووشبوون زیاد دەکات.
  • لە ڕێگەی دەست لێدان و باوەش و بەکارهێنانی کەلوپەلەوە ناگوازرێتەوە.

چەند هۆکارێک کە ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات

  • بەکارنەهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ کەسێکدا کە تووشبووی کلامیدیایە
    هەبوونی چەند پەیوەندییەکی ناشەرعی
  • هەبوونی پێشینەی تووشبوون بە یەکێک لە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
  • هاوڕەگەزخوازی

دیاریکردن

پێش پشکنین دەبێت نەخۆشەکە ئامادەکاری بکات و چەند ڕێنوێنییەک جێبەجێ بکات:

  • دەبێت نەخۆشەکە ٢٤ کاتژمێر پێش پشکنین خۆی نەشوات.
  • هەروەها خانمان دەبێت هیچ جۆرە کرێمێک بۆ زێیان بەکارنەهێنن.
  • ٢٤ کاتژمێر پێش پشکنین دووربکەنەوە لە بەکارهێنانی هەر دەرمانێکی دژەبەکتریا.
  • یەک بۆ دوو کاتژمێر پێش پشکنین نەخۆشەکە نابێت میز بکات.

بە چەند ڕێگایەک تووشبوون بە کلامیدیا دیاری دەکرێت کە ئەمانەن:

نیشانە جەستەییەکان

سەرەتا پزیشک لە ڕێگەی نیشانە جەستەییەکانەوە دەتوانێت دەستنیشانی بکات، باشترین پشکنین بۆ خانمان وەرگرتنی نموونەیە لە زێی خانمەکە و ناردنی بۆ پشکنین، هەروەها بۆ پیاوانیش وەرگرتنی نموونەیە لە میزی پیاوەکەوە، ئەگەریش کلامیدیا بڵاوبووبێتەوە لە گەروودا ئەوکاتە دەبێت نموونەش لە گەروو وەربگیردرێت و بنێردرێت بۆ پشکنین.

پشکنینی تاقیگەیی

لەوانەیە تووشبووەکە هیچ نیشانەیەکی بە کلامیدیا نەبێت، بەڵام لە ڕێگەی پشکنینی تاقیگەییەوە دەکرێت نیشانە گشتییەکانی کلامیدیا پیشان بدات، زیادبوونی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان، کە نیشانەیەکە بۆ زیادبوونی هەوکردن و تووشبوونی میکرۆبی لە لەشدا.

پشکنینی CXR

  • ئەم پشکنینەوە هەردوو جۆری کلامیدیا نیومۆنیا و کلامیدیا ستاسی دەردەخات.
  • ئەو کەسانەی زیاتر لە هاوەڵێکیان هەیە و سێکسی لەگەڵدا دەکەن، یاخود ئەوانەی هاوڕەگەزخوازن دەبێت ساڵانە پشکنینی کلامیدیا بکەن. بەتایبەت ئەو کەسانەی تەمەنیان له خوار ٢٥ ساڵەوەیە.
  • هەموو خانمێکی دووگیان دەبێت ئەم پشکنینە ئەنجام بدات بەتایبەت لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا.

چارەسەر

کلامیدیا چارەسەری هەیە و بە دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەر دەبێت، لەوانەیە نەخۆشەکە پێویستی بە تەنها سوڕێک هەبێت بۆ وەرگرتنی دەرمان، ئەویش بۆ ماوەی پێنج بۆ دە ڕۆژ دەرمانەکان بەکاردەهێنێت، لە زۆرینەی کاتدا کلامیدیا لەماوەی دوو بۆ سێ هەفتەدا چارەسەر دەبێت، لەم ماوەیەدا نەخۆش دەبێت دووربکەوێتەوە لە جووتبوون تاکوو کەسانی تریش تووش نەکات. 

کاریگەرییە لاوەکییەکان

لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کلامیدیا چەندین زیانی تری دەبێت و مەترسی دروست دەکات لەسەر تەندروستی کە ئەوانیش:

نەخۆشی هەوکردنی حەوز

ئەم نەخۆشییە منداڵدان و جۆگەی فالووپ تووش دەکات و دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆری ناوچەی حەوز و تا، ئەگەر حاڵەتەکە زۆر خراپتر ببێت لەوانەیە پێویست بکات نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و چارەسەری پێویست وەربگرێت. جیا لەمانەش دەتوانێت زیان بگەیەنێت بە هێلکەدانەکان و ملی منداڵدان.

تووشبوونی میکرۆبی گوون

ئەم جۆرە تووشبوونە تووشی بۆری سەرەوەی گوون دەبێت، کە نیشانەکانی بریتییە لە تا، ئازار و ئاوسانی گوونەکان.

پڕۆستات

بە دەگمەن دەکرێت کلامیدیای چارەسەرنەکراو ببێتە هۆی تووشبوونی پیاوان بە پڕۆستات، کە نیشانەکان بریتییە لە ئازاری چووک لە کاتی جووتبووندا، تا و لەرز، ئازاری پشت، ئازار لە کاتی میزکردندا.

تووشبوونی میکرۆبی لە منداڵی تازەلەدایکبوو

لەوانەیە لە کاتی لەدایکبووندا ئەم نەخۆشییە لە ڕێگەی زێی دایکەکەوە بگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە و تووشی هەوکردنی سی یان هەوکردنی چاو ببێتەوە.

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

ئەم دووگیانییە کاتێک ڕوودەدات کە هێلکەی پیتێنراو لە جۆگەی فالووپدا جێگیر دەبێت، و ناچێتە منداڵدانەوە، ئەم حاڵەتەش خوێنبەربوونی توند و ئازاری پشت و چەند نیشانەیەکی تری لەگەڵدایە کە بە کۆتاییهاتنی دووگیانیەکە کۆتایی دێت.

نەزۆکی

کلامیدیا تەنانەت کاتێکیش کە هیچ نیشانەیەکی نەبێت دەتوانێت ببێتە هۆی برینداربوون یاخود گیرانی جۆگەی فالووپ کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەبارچوون.

هەوکردنی جومگەی پەرچەدراوە

ئەو کەسانەی کە تووشبووی کلامیدیان زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە هەوکردنی جومگەی پەرچەدراوە (Reactive Arthritis)ـیان لەسەرە. ئەم نەخۆشییە هەوکردنێکە کە بەگشتی، جومگەکان و چاو و بۆری میز دەگرێتەوە.

ڕێگریکردن

خانمان و پیاوان پێویستە چەند ڕێگایەک بگرنە بەر تاکوو تووشی کلامیدیا نەبن:

  • بەکارهێنانی کۆندۆم لە کاتی جووتبوون لەگەڵ ئەو کەسەی تووشبووە بە کلامیدیا.
  • هاوسەرگیریکردن و دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی ناشەرعی.
  • دوورکەوتنەوە لە شۆردنی زێ بە دووشی تایبەتی زێ، کە بەکتریا سوودبەخشەکانی زێ لەناو دەبات.
  • ئەگەر هەست دەکەیت نیشانەکانت هەیە پێش جووتبوون پێویستە پشکنین ئەنجام بدەن.
  • دوورکەوتنەوە لە جووتبوون لە ڕێگەی کۆمەوە.


سەرچاوەکان

95 بینین