بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-06-18-21:50:00 - کۆدی بابەت: 9074
بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر (بە ئینگلیزی: Overthinking)، بریتییە لە بەسەربردنی کاتێکی زۆر لە بیرکردنەوەدا و بەشێوەیەکی گشتیش ئەم بیرکردنەوە زۆرە دەربارەی بابەتێکی نەرێنییە، ئەم بیرکردنەوانە دەکرێت پەیوەستبکرێن بە داهاتووەوە بۆنموونە بۆچی کەسێک بەو شێوازە ڕەفتاری کرد یان گومانکردن لە خود یاخود خۆ ئامادەکردن بۆ خراپترین بارودۆخ، لە هەندێک کاتدا بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر پەلدەهاوێژێت بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشییە دەروونییەکان، پزیشکەکان ئەوەیان ڕوونکردۆتەوە کە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر و نیگەرانی دوو ناڕێکی پێکەوەبەستراون. بەشێوەیەکی ئاسایی لەماوەی ساڵەکانی خوێندنی قوتابیان هەمیشە ڕاهێنانیان پێدەکرێت لەسەر بیرکردنەوە و چۆنیەتی زیادبوونی سەرنج و پلاندانان و خۆئامادەکردن، هەرچەندە ئەمە سوودی تایبەتی خۆی هەیە بەڵام بەزاندنی سنوورەکان دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تاک، چونکە بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر دەکرێت زیانبەخش بێت و ببێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە ئامانجە مەبەستدارەکانی نەگات، ئەویش بەهۆی کەمکردنەوەی وزەی جەستە و دەستوەردانە کاروبارەکانی ژیانی خەڵکی.

هۆکارەکانی بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر

هۆکارەکانی بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر جیاوازن، بەڵام هۆکارە زاڵەکان بریتین لە فشار، هۆکاری بۆماوەیی، ئەزموونی تەمەنی منداڵی، فێربوونی چاودێری و تێکۆشان بۆ کامڵبوون چەندانی تر.

• فشار: کاتێک بەهۆی بابەتێکەوە فشاری زۆرت دەکەوێتە سەر، لەوانەیە کاتێکی زۆر بە بیرکردنەوەوە بەسەربەریت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ باردۆخەکەدا.

• ئەزموونی منداڵی: هەندێکجار وا ڕاهاتوویت کە بارودۆخە سەختەکانی ژیانی منداڵیت بە بیرکردنەوەیەکی لەڕادەبەدەر بگونجێنیت لەگەڵ باردوخەکانی ئێستات، گەورەبوون لەگەڵ ئەو دایک و باوکانەی کە ئارەزووی بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەر دەکەن، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی منداڵێک بەرهەمبهێنن کە هەمان ئارەزووی هەبێت یاخود لاسایی دایک و باوکی بکاتەوە، بۆنموونە بینینی دایک و باوک کاتێک لە بارودۆخێکی خراپی ئابووریدان و فشاریان زۆر لەسەرە، وادەکات منداڵەکەش وەک ئەوان بەشێوەیەکی زۆر بیربکاتەوە.

• هۆکارە بۆماوەییەکان: دەکرێت وەک هەر خوویەکی تر، بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەریش بەشێوەیەکی بۆماوەیی بگوازرێتەوە بۆ نەوەکانی تر، هەروەها هۆکارە بۆماوەییەکان مرۆڤ بۆ بیکردنەوەی لەڕادەبەدەر ئامادە دەکات و ئەم بیرکردنەوانە دەردەکەون کاتێک کەسەکە تووشی بارودۆخێکی نەخوازراو دەبێت.

• وەهمی کۆنتڕۆڵکردن: لە پەیوەندیەکانەوە، بۆ بارودۆخەکانی دارایی، تەندروستی، پلانەکانی داهاتوو، ئێمە بەردەوام ئامانجمان کۆنترۆڵکردنی وردەکارییە بچووکەکانە لە ژیاندا، ئەوەی کە ئێمە لەڕاستیدا هەمانە بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنێکی زۆر کەم، بەڵام زۆرجار ئەوە نازانین، ئەمە دەبێتە هۆی بیرکردنەوەیەکی زۆر کە خۆی وەک ستراتیجییەک نیشان دەدات، بەڵام لە ڕاستیدا ناکاریگەرە.

• دڵنیابوون: هەمیشە مرۆڤ هەوڵدەدات کە شتەکان زۆر بە دڵنیایەوە بزانێت، بۆ نموونە، کاتێک دەتەوێت لە ژمارەی وەڵامە ڕاستەکانی تاقیکردنەوە دڵنیابیتەوە هەڵدەستیت بە تاووتوێکردنی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ هاوپۆلەکانت، ئەمە وەهمێکی دڵنیایی لە مێشکی کەسێکدا دروستدەکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەستەمە %١٠٠ دڵنیا بیت.

• تێکۆشان بۆ کامڵبوون: هەوڵدان بۆ بوون بە کەسێکی کامڵ هۆکارێکی تری بیرکردنەوەی لەڕادەبەدەرە، چونکە دەبێت سەرنجێکی زۆرت هەبێت لەسەر پشکنینی هەموو شتەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە بێ کەموکوڕییە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کاتێکی زۆر لە بیرکردنەوە و سەرنجدان بۆ وردەکارییەکان تەرخان بکەیت.

• خۆلادان لە ناکۆکی: زۆرینەی خەڵک هەوڵدەدەن خۆیان بەدوور بگرن لە هەر جۆرە ناخۆشییەک، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، مرۆڤ زۆر جار ئارەزوو دەکات سیناریۆکان لە مێشکیاندا دروستبکەن کە چۆن شتەکان دەڕۆن و چۆن ڕەفتارەکان ڕێکبخرێت.

• دەسکەوتی دووەم: بیرکردنەوەش دەتوانێت سوودی ناڕاستەوخۆی هەبێت، چونکە کاتێک کەسێک زۆر بیر دەکاتەوە دەکرێت خۆی بدۆزێتەوە کاتێک کە دڵنیاییەکی زۆری لە خۆشەویستانەوە وەرگرتووە، هەروەها دەکرێت جۆرێکیش بێت لە تەگەرە دانان کە بڕیاری ناخۆش یان قورس یان ئەرکەکان دوابخات.


سەرچاوەکان



1461 بینین