قاپشۆردن 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-22-18:55:00 - کۆدی بابەت: 9124
قاپشۆردن 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

قاپشۆردن (بە ئینگلیزی: Dishwashing یان Washing the dishes) یەکێکە لە کارەکانی ماڵەوە و تێیدا هەموو ئەو قاپانەی بە هەر هۆکارێک پیسبوون دەشۆردرێت. قاپەکان بەگشتی بەهۆی خواردنەوە پیس دەبن، لە کاتی چێشتلێنان و کاتی نانخواردن قاپەکان پیس دەبن و پێویستیان بە پاککردنەوە هەیە. قاپشۆردن کارێکی گشتییە و خانمان و پیاوانیش دەتوانن ئەنجامی بدەن، بەڵام بەگشتی خانمان قاپ دەشۆن.

قاپشۆردن لە کۆندا

قاپشۆردن لە کۆندا وەک ئێستا نەبووە، کچان و ژنانی کۆن بەتایبەت لە گوندەکاندا دوای هەر ژەمە خواردنێک ڕێگایەکی دووریان بڕیووە، تاکوو بگەنە کانی و لەوێ قاپەکان بشۆن و بهێننەوە، یاخود ئەگەر لە ماڵەوە بوایە لە گەرماو و یان لەبەردەم بەلوعەیەک قاپەکانیان دەشۆرد. هەروەها وەک ئێستا ئاوی گەرم نەبوو و ناچاربوون بە ئاوی سارد قاپ بشۆن و ئەگەریش پێوستی بکردایە ئاویان گەرم دەکرد بۆ شۆردنی قاپەکان. جیاوازییەکی تر ئەوەبوو کە شامپۆی قاپشۆردن نەبوو بۆ شۆردنی قاپەکان، تەنها تایدیان بەکاردەهێنا.

قاپشۆردن لە ئێستادا

ئێستا وەک جاران نییە و خانمان لە ماڵی خۆیاندا قاپ دەشۆن، هەرکات بیانەوێت دەتوانن ئاوی گەرم یاخود سارد بەکاربهێنن. لە ئێستادا سنگی قاپشۆردن هەیە و لەسەر ئەوە قاپەکان دەشۆردرێت. بەدەگمەن ئێستا قاپ لە گەرماو و بەردەم بەلوعەدا دەشۆردرێت. 

ڕێگاکانی قاپشۆردن

قاپەکان پاکبکەرەوە و کەفاو بگرەوە

پێش هەر کارێک تەواوی قاپەکان بە ئاو پاکبکەرەوە، و چێشتەکەیان لێ بکەرەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانتر بشۆردرێن. دواتر قاپێکی گەورە بهێنە و ئاوی گەرمی تێ بکە ئاوێک کە دەست نەسووتنێت، پاشان شامپۆی قاپشۆردن یاخود تایدی تێ بکە و بە دەستت تێکەڵی بکە تاکوو کەفاوێک دروست دەبێت.

مەنجڵەکان بخووسێنە

پاشان مەنجەڵ، تاوە، یان هەر قاپێکی تر کە چێشتێکی پێوە نووساوە و پاک نابێتەوە ئاوی گەرمی تێ بکە، پاشان ئەمانە لە شوێنێکدا دابنێ تاکوو دەخووسێن، دواتر دەست بکە بە شۆردنی پارچەکانی تر بۆ ماوەی دە بۆ ١٥ خولەک تاکوو دەخوسێن و بە ئاسانی دەتوانرێت بشۆردرێن.

لە پارچە پاکەکانەوە دەست پێ بکە

لە پێشدا لە کوپ یاخود پەرداخەکانەوە دەست پێ بکە، پاشان کەوچک یان چەقۆ و چەتاڵەکان، ووردە وردە دەست بکە بە دەوری قاپەکان، کۆتا شت مەنجەڵ و پارچە زۆر چەورەکان بشۆ. ئەمە سوودی دەبێت کە کەفاوەکەت زوو پیس نەبێت و ناچار نەبیت بەردەوام بیگۆڕیت و تازەی بکەیتەوە.

بەکارهێنانی وردەکاری

ئەو شاڵی قاپ شتنەی بەکاری دەهێنیت با شاڵێکی مامناوەند بێت، نە ئەوەندە زبر و نە ئەوەندەش نەرم بێت، بەباشی شاڵەکە بهێنە بە هەموو شوێنێکی قاپەکاندا، تەنانەت ئەگەریش شوێنێکی قاپەکە هیچ چەورییەکی پێوە نەبێت، هەر دەبێت شاڵی پێدا بهێنیت. هەروەها نابێت هەموو قاپەکان بشۆیت پاشان دەست بکەیت بە ئاو پێدا کردنیان، چونکە بەمشێوەیەی لەسەریەکن ئەگەری شکانیان زۆرە، هەروەها دەکرێت بەهۆی زۆریشیانەوە قاپەکان چەور ببنەوە.

ئاو پێداکردنیان

دوای ئەوەی هەندێک لە قاپەکانت شۆردووە و لەناو حەوزی سنگەکەدا داتناوە، ئێستا کاتی هاتووە کە ئاویان پێدا بکەیت و کەفەکەیان لێ بکەیتەوە. ئاوی بەلوعەکە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بکەرەوە و دانە دانە قاپەکان بخەرە بەردەمی و بەباشی دەستیان پیا بهێنە تاکوو هەموو کەفەکەیان لێ دەبێتەوە، ئەگەر قاپەکە چەور بوو پێویستە دایبنێیتەوە و دووبارە بیشۆیتەوە، پاشان بیانخە شوێنیکی پاکی دوور لە پیسی و کەف.

وشکبوونەوەی قاپەکان

دوای ئەوەی ئاوت بە قاپەکاندا کرد دەبێت بەشێوەیەک دایبنێیت، یاخود بیخەیتە شوێنێکەوە کە وشکببێتەوە و ئاوەکەی نەمێنێت. واباشە قاپەکان بە دەما بخرێنە ناو سوزگییەک تاکوو ئاویان پێوە نەمێنێت.

پاککردنەوەی سنگەکە

دوای ئەوەی قاپەکانت شۆرد و لەسەر سنگەکە لاتبردن، کاتی ئەوەیە سنگەکەش بە شامپۆی قاپشۆردن بشۆیت و پاشان ئاوی پێدا بکەیت و وشکی بکەیتەوە، جیا لە سنگەکە پێویستە شاڵ و شامپۆکەش پاک و وشک بکەیتەوە و لە شوێنی خۆیان هەڵیانگریتەوە.

وشککردنەوەی قاپەکان

دوای ئەوە پەڕۆیەکی پاک بهێنە و قاپەکانی پێ وشک بکەرەوە، وشککردنەوەی قاپەکان بە پەڕۆ زۆر سوودی هەیە، چونکە لەوانەیە زۆرجار ئەو قاپانەی کە خۆیان وشک دەبنەوە، پەڵەی ئاویان پێوە بمێنێت و وەک پیسییەک دەربکەوێت.

هەڵگرتنەوەی قاپەکان

دوای وشککردنەوەیان پێویستە قاپەکان بخرێنەوە شوێنی خۆیان، هەموو قاپەکان لە شوێنی خۆیان دابنێرەوە بە جۆرێک بۆ ژەمی داهاتوو بتوانیت بەباشی دەریان بهێنیتەوە.


سەرچاوەکان



1269 بینین