سوودان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-29-21:10:00 - کۆدی بابەت: 9226
سوودان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودان، سۆدان یان کۆماری سوودان (بە عەرەبی: السودان، بە ئینگلیزی: Sudan) وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقا. لە باکوورەوە لەگەڵ میسڕ، لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ لیبیا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ چاد، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، لە باشوورەوە لەگەڵ باشووری سوودان، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئەسیوپیا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئێریتریا و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریای سووردا هاوسنوورە.

زانیاریی گشتی

بەرزترین لوتکە کالدێرا درایپا
نزمترین خاڵ دەریای سوور
ڕووبەر ١٨٨٦،٠٦٨ کیلۆمەتر چوارگۆشە
پایتەخت خەرتووم
زمانی فەرمی
  • عەرەبی
  • ئینگلیزی
دەسەڵات
شێوازی حوکم کۆماری فیدراڵی
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری ڕاگوزەر عەبدولفەتاح بورهان
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەروەری ڕاگوزەر محەمەد حەمدان دەقلۆ
سەروەزیرانی ڕاگوزەر عەبدوڵڵا حەمدووک
دەسەڵاتی یاسادانان ئەنجوومەنی یاسادانانی سوودان
  التاريخ
بەرواری دامەزراندن ١٩٥٦/١/١
شانشینی کووش ١٠٧٠ پێش زایین
شانشینی مەسیحی ٣٥٠ پێش زایین
شانشینی ئیسلامی ١٥٠٤
تورکی پێشوو ١٨٢٠
دەوڵەتی مەهدی ١٨٨٥
سوودانی ئینگلیز-میسڕی ١٨٩٩
کۆماری سوودان ١٩٥٦
زانیاریی تر
دراو جوونەیهی سوودانی (SDG)
بانکی ناوەندی بانکی سوودان
ژمارەی تەلەفۆنی فریاگوزاری ٩٩٩
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
کۆدی ئینتەرنێت sd.
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی ٢٤٩+

جوگرافیا و ئابووری

ژمارەی دانیشتووانی سوودان، تاوەکوو کۆتاییەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٢، زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس بووە. سوودانییەکان کۆمەڵێک هۆزی عەرەب و ئەفریقی و نووبی و بێجان، لەگەڵ کۆمەڵێک کەمایەتی تورک و میسڕی و لیبی و حەلەبی و ئەسیوپی و ئێریتریا و هیندی و وڵاتەکە نوێنەرایەتی ٦٠٠ نەتەوە و هۆزی جیاواز دەکات.

و ڕووبەری وڵاتەکە ١٨٨٦،٠٦٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بەمەش سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقا و جیهانی عەرەبییە. پێش جیابوونەوەی باشووری سوودان لە ساڵی ٢٠١١ گەورەترینی ئەفریقا و جیهانی عەرەبی بوو. ڕووباری نیل خاکی سوودان بەسەر نیوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا دابەش دەکات، خەرتوومی پایتەخت دەکەوێتە شوێنی یەکگرتنی ڕووباری نیل شین و سپی کە دوو لقە سەرەکییەکەی ڕووباری نیلن. سوودان لە ناوەڕاستی حەوزی دۆڵی نیلە.

تا ساڵی ٢٠١٣ ژمارەی ویلایەتەکانی سوودان هەژدە ویلایەت بووە کە لە ١٣٣ ناوچە پێکهاتووە.

ژمارە ناو ڕووبەر دانیشتووان (٢٠٠٨)
١ بەحرولئەحمەر ٢١٢,٨٠٠ ١.٤٠٠.٠٠٠
٢ جەزیرە ٢٥,٥٤٣ ٣.٧٩٦.٠٠٠
٣ خەرتووم ٢٥,١٢٢ ٧.١١٨.٧٩٦
٤ شەمالییە ٣٤٨,٦٩٧ ٥١٠.٥٦٩
٥ نەهر نیل ١٢٢,٠٠٠ ١.٣٠٠.٠٠٠
٦ قەزاڕف ٧٥,٢٦٣ ١.١٤٨.٢٦٢
٧ کەسلا ٤٢,٢٨٢ ١.٥٢٧.٢١٤
٨ سەنار ٤٠,٦٨٠ ١.٤٠٠.٠٠٠
٩ شەمال کەردفان ١٩٠,٨٤٠ ٢.٣٥٣.٤٦٠
١٠ جنووب کەردفان ٧٩,٤٧٠ ١.٠٦٦.١١٧
١١ غەرب کەردفان    
١٢ شەمال دارفوور ٢٩٠,٠٠٠ ١.٦٠٠.٠٠٠
١٣ جنووب دارفوور ١٢٧,٣٠٠ ٢.١٥٢.٤٩٩
١٤ غەرب دارفوور ٧٩,٤٦٠ ٢.٠٣٦.٢٨٢
١٥ شەرق دارفوور -- --
١٦ وەسەت دارفوور -- ١.١٢٣.٧٤٨
١٧ نیل ئەلئەبیەض ٣٩,٧٠١ ٦٧٥.٠٠٠
١٨ نیل ئەلئەزرەق ٤٥,٨٤٤ ٦٠٠٠٠٠

سوودان یەکێکە لەو وڵاتە فراوانانەی کە سەرچاوەی سروشتی جۆراوجۆری هەیە وەک زەوییە کشتوکاڵییەکان، سامانی ئاژەڵ و کانزاکان، دارستانەکان، ڕاوەماسی و ئاوی سازگار. سوودان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت کە ٨٠%ی چالاکی دانیشتووان پێکدەهێنێت، ئەمە جگە لە پیشەسازی، بەتایبەت ئەو پیشەسازیانەی کە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.

مێژوو

مێژووی ئەو ناوچەیەی کە سوودانی ئێستا پێکدەهێنێت درێژ دەبێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، لە کۆندا شایەتحاڵی شارستانیەتی کرما بووە (٢٥٠٠ پێش زایین - ١٥٠٠ پێش زایین)، پاشان بۆ ماوەی نزیکەی پێنج سەدە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی شانشینی نوێی میسڕ و بەدوایدا سەرهەڵدانی شانشینی کووش هات (٧٨٥ پێش زایین - ٣٥٠ زایینی)، کە لە بەرانبەردا بۆ ماوەی نزیکەی سەدەیەک بەسەر میسڕیشدا زاڵ بوو. دوای ڕووخانی کووش، نوبییەکان سێ شانشینی مەسیحییان دروست کرد بە ناوەکانی نۆباتیا، مەکەررە و عەلوە، دوا دوو شانشین تاوەکوو ساڵی ١٥٠٠ بەردەوام بوون. لە نێوان سەدەی چواردە و پازدەدا زۆرێک لە بەدەوییە عەرەبەکان نیشتەجێی سوودان بوون. لە سەدەکانی ١٦ و نۆزدەهەمەوە شانشینی سەنار کۆنترۆڵی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی سوودانی دەکرد، لە کاتێکدا سوڵتانی دارفور حوکمی ڕۆژئاوای دەکرد و عوسمانییەکان لە باکوور فەرمانڕەوایییان دەکرد. لەم قۆناغەدا ئیسلام گەیشتە ناوچەکە و بەعەرەببوون دەستی پێکرد. 

لە ساڵی ١٨٢٠ تا ١٨٧٤ هەموو سوودان لەلایەن بنەماڵەی عەلەوییەوە داگیرکرا. لە نێوان ساڵانی ١٨٨١ بۆ ١٨٨٥ حوکمڕانی بنەماڵەی عەلەوییەکان بە شۆڕشێکی سەرکەوتوو بە سەرکردایەتی محەمەد ئەحمەد ئەلمەهدی کە خۆی بە مەهدی ناودەبرد، ڕووبەڕوو بووەوە، کە بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی مەهدی. ئەم وڵاتە لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٨٩٨ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە وێران کرا و هەریەک لە میسڕ و سوودانیان پێکەوە حوکم کرد.

سەدەی بیستەم گەشەی ناسیۆنالیزمی سوودان بەخۆیەوە بینی و لە ساڵی ١٩٥٣ بەریتانیا مافی خۆبەڕێوبەری بە سوودان بەخشی. دواتر لە ١ی کانوونی دووەمی ١٩٥٦ سەربەخۆیی ڕاگەیەندرا، لە دوای سەربەخۆیی سوودان لەلایەن زنجیرەیەک حکوومەتی پەرلەمانی ناسەقامگیر و ڕژێمی سەربازییەوە بەڕێوەبرا. لە سەردەمی دەسەڵاتی جەعفەر نیمێریدا، سوودان لە ساڵی ١٩٨٣ یاسای ئیسلامیی خستە ناو دەسەڵاتی دادوەرییەوە. ئەمەش بووە هۆی کێشە لەنێوان باکووری زۆرینە موسوڵمان و باشووری زۆرینە مەسیحی. 

جیاوازی زمان و ئایین و دەسەڵاتی سیاسی بووە هۆی دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لە نێوان هێزەکانی حکوومەت، کە بە توندی لە ژێر کاریگەری بەرەی ئیسلامیی نیشتمانیدا بوون و یاخیبووانی باشوور کە کاریگەرترین کوتلەیان سوپای ڕزگاریخوازی گەلی سوودان بوو، دواجار بووە هۆی سەربەخۆییی باشووری سوودان لە ساڵی ٢٠١١.

لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ٢٠١٩ سوودان ئەزموونی دیکتاتۆرییەکی سەربازیی ٣٠ ساڵەی بە سەرکردایەتی عومەر بەشیر کرد. بەهۆی ئەو کردەوانەی لە ساڵی ٢٠٠٣ شەڕ لە ناوچەی دارفور هەڵگیرسا، بەشیر تۆمەتبار بەو جینۆسایدە نەتەوەییەی کە بووە هۆی مردنی ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار کەس تۆمەتبار کرا. لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٨دا خۆپیشاندانەکان سەریان هەڵدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی بەشیریان کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩دا کودەتایەکی سەرکەوتوو ڕووبدات و بەشیر لە سەرکۆماری دووربخرێتەوە.

کەسایەتییە بەناوبانگەکان

  • ئێلێک وێک (مۆدێل)
  • لۆول دێنگ (یاریزانی باسکە)
  • سالڤا کیر مایاردیت (سیاسی)
  • ئەلێکساندەر سیدیگ (ڕۆڵگێڕ)
  • جۆزێفین باخیتا (قەشە)
  • جۆن گارانگ (سیاسی)
  • عومەر بەشیر (سیاسی)


سەرچاوەکان

35 بینین