چۆنێتی زیندووڕاگرتنی ڕووەکەکان لە گەرمای هاوین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-04-14:47:00 - کۆدی بابەت: 9274
چۆنێتی زیندووڕاگرتنی ڕووەکەکان لە گەرمای هاوین

ناوه‌ڕۆك

چۆنێتی زیندووڕاگرتنی ڕووەکەکان

دەکرێت بە گرتنەبەری چەند ڕێکارێک گوڵ و ڕووەکەکان لە گەرمای هاوین بپارێزین، کە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سستبوون و تیاچوونی گوڵ و ڕووەکەکان دادەنرێت، ئەوانیش بریتین لە:

  1. ئاودانی قووڵ

ئاودانی ڕووەکەکە بەشێوەیەک کە خۆڵەکەی نزیکەی حەوت بۆ دە سانتیمەتر تەڕ ببێت باشترین ڕێگایە بۆ زیندووکردنەوە و پاراستنی ڕووەکەکان، چونکە ئەمە وا لە ڕەگی ڕووەکەکان دەکات درێژببنەوە بۆ قووڵاییەکی زیاتر. وەکو گووتویانە: "ڕووەکەکان هاوشێوەی مرۆڤەکان، تەمبەڵ دەبن." ئەگەر هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی پێنج خولەک ئاو بدرێن، ڕەگەکانیان لە نزیک ڕووی زەوی دەهێڵنەوە، بۆیە بە ئاودانی قووڵ تۆ ڕاهێنان بە ڕووەکەکان دەکەیت بۆ ناردنی ڕەگەکانیان بۆ قووڵایی ئەو خاکەی کە ئاوەکەی لێیە. بە شێوەیەکی گشتی شارەزاییانی بواری ڕووەکناسی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە هەفتەی جارێک ئاوی ڕووەکەکانمان بدەین بە شێوەیەک کە هەشت سانتیمەتری خاکەکەی تەڕببێت. هەروەها ئاماژەش بەوە دەکەن کە ڕەنگە لە کاتە زۆر گەرمەکاندا سەوزەکان هەفتەی دوو یان سێ جار پێویستیان بە ئاودانی قووڵ هەبێت. هەروەها کاتێک دەزانیت شەپۆلێکی گەرما بەڕێوەیە، دەتوانیت بە ئاودانی قووڵ ئامادەکاری بکەیت، باشترین کاتیش شەوە، کاتێک هەوا فێنکترە.

  1. زیادەڕەوی لە ئاوداندا مەکە

هەندێک جار ڕووەکەکان بەهۆی تووندی تیشکی خۆرەوە سیس دەبن، تەنانەت ئەو کاتەش کە ئاوی پێویستیان پێیە. بۆیە پێش ئاودان خاکەکە تاقیبکەرەوە. ئەگەر ئینجانە یان گوڵدانەکە قوورس بوو یان هەست بە شێداری خاکەکە بکەیت، ئەوا لەوانەیە ڕووەکەکەت پێویستی بە شێی زیاتر نەبێت.

  1. ئاو نەدان لە کاتێکدا کە تیشکی خۆر بەسەر ڕووەکەکەوەیە

لە نیوەی ڕۆژدا سۆندە ئاو مەخەرە سەر ڕووەکەکانت؛ چونکە ئەو دڵۆپە زۆر بچووکانەی ئاو دەبنە گەورەکەری بچووک لەسەر گەڵاکان و گەرمییەکە بەتین دەکەن. پێشنیاری پرژاندنی ئاو بەسەر ڕووەکەکاندا کراوە بۆئەوەی فێنکیان ببێتەوە، بەڵام ئەویش تەنها دوای ئاوابوونی خۆر.

  1. کەمێک سێبەر بۆ ڕووەکەکان دروست بکە

دەتوانیت بە بەکارهێنانی چەتر یان قوماشی هەوادار یان کارتۆن سێبەر بۆ ڕووەکەکانت دروست بکەیت، گرنگ ئەوەیە دڵنیابیت لەوەی کە هەوا بەدەوری ڕووەکەدا بێت و بچێت. ‌ئەگەر قووماشی ڕەنگ تێرت بەکارهێنا بۆ دروستکردنی سێبەر، ئەوا لەبیرت بێت کە دەشێت گەرمی هەڵبمژێت و هەر گەڵایەک کە بەر قووماشەکە بکەوێت بسووتێت، بۆیە چەند سانتیمەترێک لە سەرووی ڕووەکەکانەوە دایبنێ.

  1. گەڵا زەردبوو و وشکبووەکان لێمەکەرەوە

ئەو گەڵا و لقە قاوەییانە وەکوو پاراستن لە زیانی زیاتر کاردەکەن و لەڕاستیدا دەتوانن شانە زیندووەکانی ڕووەکەکان بپارێزن، بۆیە دەست لە مقەستی هەڵپاچین مەدە، لانیکەم لە ئێستادا لێیان مەکەرەوە.

  1. بە هیچ شێوەیەک لق و گەڵا و گوڵ مەبڕەوە تا ئەو کاتەی خۆیان دەکەون و هەڵدەوەرێن

تەنانەت ئەو ڕووەکانەی کە باش دەردەکەون لە گەرمای هاویندا فشاریان لەسەرە و بڕینەوەی بەشەکانی ڕووەکەکە فشارەکەیان زیاد دەکات. با بە ئارەزووی خۆیان گەشە بکەن و کاتێک کە کەش خۆش بوو بەشە سستبوو و زەردبووەکان ببڕەوە.

  1. پەینی کیمیایی فەرامۆش بکە

لە کاتە زۆر گەرمەکاندا سیستەمی ڕەگ دووچاری زیان دەبێت؛ دەکرێت هەڵمژینی پەینە کیمیاییەکانیش زیانێکی زیاتری پێبگەیەنێت. پەینی گژوگیای پەتی و پەینە کیمیاییە ئەندامییەکی کەم نایترۆجین باشە، ئەگەر ڕیخ، ماسی و خوێیان تێدا نەبێت، چونکە ئەوانە خوێیان تێدایە، دەبێتە هۆی فشاری گەرمی و سووتاندن.

  1. تەماتە و هتد..

ئەو تەماتە، بیبەر، کولەکە و پاقلەمەنییە هەڵتۆقیوە بچووکانەی لەسەر ڕووەکەکە دروست دەبن پێناگەن، بۆیە لێیانبکەرەوە تا ڕووەکەکان بتوانن سەرنجیان لەسەر چاکبوونەوە بێت. چاوەڕێی ئەوە مەکە ڕووەکەکەت میوەی زیاتر بگرێت تا پلەکانی گەرمی بۆ ماوەی دە ڕۆژ لەسەر یەک بۆ خوار ٢٩ بۆ ٣٢ پلەی سەدی دادەبەزن.

  1. گوڵەباخەکان

یاسای نەبڕین گوڵەباخەکان ناگرێتەوە، چونکە زۆر هەستیارن بە نەخۆشی. شانە مردووەکان بۆ نەخۆشی و مێرووەکان بەجێمەهێڵە و گوڵ و لقە وشکبووەکان لاببە.

  1. ئەو ڕووەکانەی کە لە ئینجانە یان گوڵداندان

دوور بکەوەرەوە لە گوڵدانە ڕەنگ تۆخەکان و گوڵدانە ڕەنگ کاڵترەکان بەکار بهێنە، چونکە ئینجانە ڕەنگ تۆخەکان گەرمی زیاتر هەڵدەمژن و دەتوانن ڕەگی ڕووەکێک وشک بکەن. هەوڵبدە ڕووەکی لەگوڵدانراو بخەیتە ناو گوڵدانە گەورەکانەوە بۆئەوەی بەرگری و سێبەر بە ڕووەکەکە بدەن، بەڵام دڵنیابە لەوەی کە هەردوو گوڵدانەکە ئاوەڕۆی باشیان هەیە، لەبەرئەوەی ڕووەکەکان لە ئاوی وەستاودا دەخنکێن، تەنانەت کاتێک کەشیش گەرم بێت.


سەرچاوەکان



459 بینین