عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-07-27-18:32:00 - کۆدی بابەت: 9575
عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان (بە عەرەبی: عبدالملك بن مروان، به ئینگلیزی: Abd al-Malik ibn Marwan) پێنجەمین جێنشینی ئومەوییەکانە و بە باوکی پادشاکان ناسراوە، دووەم دامەزرێنەری سەرەکی و ڕێکخەری دەسەڵات و دەوڵەتی ئومەوییەکانە. باوکی کە مەڕوانی کوڕی حەکەمە و بەهەمان شێوە لە جێنشینە ناودارەکانی ئومەوییەکان بووە.

ژیاننامەی

ناوی تەواوی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوانی کوڕی حەکەمی کوڕی عاسی ئومەیی قوڕەشییە و نازناوی باوکی وەلیدی هەبووە. لە ساڵی 26ـی کۆچی لە شاری مەدینە لەدایکبووە و هەر لەو شارە لە خێزانێکی خانەدان پەروەردە کراوە، باوکی کە عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی موعاویەی کوڕی ئەبووسوفیان والی شاری مەدینە بووە. بەهۆی جەنگە ناوخۆییەکانی سەردەمی ئومەوییەکان خێزانەکەی لە شاری مەدینەوە گواستیانەتەوە بۆ دیمەشق، لەو شارە زانستی شەرعی و ئایینی لەلایەن گەورە زاناکانی دیمەشق وەرگرتووە.

سەردەمی دەسەڵاتی

لەدوای کۆچی دوایی باوکی لەساڵی 65ـی کۆچی، عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان وەکوو پێنجەمین جێنشینی ئومەوییەکان دەسەڵاتی گرتەدەست و ماوەی دەسەڵاتەکەی نزیکەی بیست و یەک ساڵی خایاند.

سەردەمی دەسەڵاتی تا ماوەیەک ناجێگیر بوو، کێشە و فیتنەی زۆر لە ئارادا بوون، لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان چوار کۆمەڵ دروست بوون، ناوچەکانی شام و میسر لەژێر دەسەڵاتی ئومەوییەکان مانەوە و دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە دەسەڵاتی ئومەوییەکان ڕازی بوون، دووەم کۆمەڵ عەبدوڵڵای کوڕی زوبێر بوو کە ناوچەکانی حیجاز و بەشێک لە عێراق لەژێر دەسەڵاتی بوون، کۆمەڵەی سێیەم جووڵانەوەی عەلەوییەکانی عێراق بوون کە "موختاری سەقەفی" ڕابەرایەتی دەکردن و بە دەسەڵاتی ئومەوییەکان ناڕازی بوون، کۆمەڵەی چوارەم خەواریجەکان بوون کە بە هەڵگەڕاوە و دەرچوو لە ئیسلام دادەنران و بەهۆی ئەوانەوە فیتنەی زۆر لە نێو موسڵمانان دروستبوو.

بۆیە سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولمەلیک تاڕادەیەک ناجێگیر بووە و کات و وزەی حکوومەتەکەی هەر لە چارەسەرکردن و دامرکانەوەی جەنگ و شۆڕشە ناوخۆییەکان بەسەر بردووە. بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی کەربەلاوە "شۆڕشی تەوابین" دروست بوو و داوای مافی ئیمامی حسێنیان دەکرد، عەبدولمەلیک توانی کۆتایی بە دەسەڵاتیان بهێنێت. پاشان لە ساڵی 73ـی کۆچی توانی کۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدوڵڵای کوڕی زوبێر بهێنێت. لەڕێگەی بەرپاکردنی چەند جەنگێک خەواریجەکانیش دەسەڵاتیان لاواز بوو و کۆتاییان پێهات.

فتوحاتی ئیسلامی سەردەمی عەبدولمەلیک لە ناوچەکانی ئەفریقا و باکووری کەناراوەکانی ئەفریقا چالاک بوو، بەڵام لە ناوچەکانی باشوور و باکووری دەریای سپی ناوەڕاست هەر وەکوو خۆی مانەوە. لەو ناوچانەی کە هاوسنوور بوون لەگەڵ بیزەنتییەکان دووچاری چەند هێرش و جەنگێک بوونەوە، بۆیە عەبدولمەلیک لەگەڵ پاشا "جەستیانی دووەم" بۆ ماوەی دە ساڵ لە ساڵی 79ـی کۆچی بەرانبەر بە 689ـی زایینی پەیماننامەی ڕاگرتنی جەنگی لەنێوان هەردوولا واژۆ کرد.

گرنگترین کارەکانی سەردەمی دەسەڵاتی

  1. یەکەم کەس بوو لە ساڵی 77ـی کۆچی کە دراوی تایبەتی ئیسلامی عەرەبی بەرهەمهێنا و کردی بەجێگرەوەی هەموو دراوەکانی ئەو سەردەمه کە هێمای ئایینی مەسیحی و بیزەنتینییەکانی لەسەر بوو، دیناری ئیسلامی ئومەوی لە هەموو ناوچە ئیسلامییەکان کە یەک کێش و قەبارەیان هەبوو دەرکرا، عەبدولمەلیک یەکەم کەس بوو کە فەرمانی کرد بە زمانی عەرەبی لەسەر دراوەکان ناوی ئەو دابنرێت و کاری نەخشاندنی لەسەر دراوەکان کرد.
  2. ناوچەکانی باکووری ئەفریقای فەتح کرد.
  3. بنیاتنانی چەند شارێکی ناودار نموونەی کوفە لە عێراق و شاری تونس لە باکووری ئەفریقا.
  4. مزگەوتی (قبة الصخرة)ـی بنیاتنا کە ئێستا بەشێکە لە مزگەوتی ئەقسا.
  5. یەکەم کەس بوو فەرمانی کرد بەرگی تایبەتی بۆ کەعبە دروستبکرێت، لە سەر داوای ئەو بەرگ و کوتاڵی ئاوریشمی لە دیمەشقەوە بۆ مەککە ڕەوانە کردووە، تاکوو بەرگی کەعبە لەو کوتاڵە تایبەتییە دروستبکرێت.
  6. لەو سەردەمەدا دەواوین کە وەکوو تۆمارێکی گرنگ بووە بۆ تۆمارکردنی کاروباری وڵاتان لەسەر فەرمانی عەبدولمەلیکی کوڕی مەڕوان لە زمانی فارسی و ڕۆمانییەوە وەرگێڕانی زمانی عەرەبییان بۆ کراوە و بەکارهێنراون.

کۆچی دوایی

عەبدولمەلیکی کوڕی مڕوان لە مانگی شەوالی ساڵی 86ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی 705ـی زایینی لە تەمەنی 60 ساڵیدا لە شاری دیمەشقی سووریا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



1369 بینین