ڕێگاکانی ڕاگرتنی پژمین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-30-17:37:00 - کۆدی بابەت: 9615
ڕێگاکانی ڕاگرتنی پژمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وەستاندنی پژمین (بە ئینگلیزی: Stop Sneezing، بە عەرەبی:  وقف العطاس). هەر شتێک کە لووت بکزێنێتەوە و بسووتێنێتەوە دەکرێت ببێتە هۆی پژمین. ئاساییانە پژمین بەهۆی تەپوتۆز و تووکی ئاژەڵ و شتی هاوشێوەیان هاندەدرێت، هەروەها ڕێگەیەکی لەشە بۆ کردنە دەرەوەی تەنە نامۆکان بۆ دەرەوەی لەش، کە ئەم تەنە نامۆیانە هۆکاری کزانەوەی ڕێڕەوەکانی لووتن و دەبنە هۆی ئەوەی کەسەکە بیەوێت بپژمێت. هەروەک کرداری هەناسەدان و چاو تروکاندن پژمینیش کاردانەوەیەکی نیمچە خودکاری لەشە. 
دەکرێت بتوانیت بۆ ماوەیەکی گونجاو پژمەکەت دوابخەیت تاکوو دەستت بە کلێنسێک دەگات، بەڵام وەستاندنی پژمین دەکرێت پێویستی بە زانینی شێوازی وەستاندنەکەی بێت، کە لێرەدا چەند ڕێگایەک باسکراوە.

ڕێگاکانی وەستاندنی پژمین

هاندەرەکانت بناسە

بزانە کە بە چی شتێک تووشی پژمین دەبیت، ئەم شێوەیەش دەتوانیت جڵەوی پژمەکەت بکەیت. هاندەرە باوەکانی پژمین بریتیین لە:

  • تەپوتۆز
  • پیسکەرە ژینگەییەکان
  • کەڕوو
  • توکی ئاژەڵی ماڵی
  • ڕووناکی زۆر 
  • بۆن
  • خواردنی بە بەهارات
  • بیبەری ڕەش
  • ڤایرۆسە باوەکانی سەرمابوون

ئەگەریش پێت وایە کە هۆکاری پژمەکەت ئەوەیە کە هەستیاریت بۆ هەندێک شت هەیە، هەروەها کێشەت هەیە لە دیاریکردنی ئەو شتەی کە پێی هەستیاریت، پزیشکەکەت دەتوانێت پێشنیاری پشکنینی هەستیاریت بۆ بکات.

چارەسەری هەستیاریت بکە 

ئەو کەسانەی تووشبووی هەستیارین زۆرجار بەسەر یەکەوە دوو بۆ سێ پژمە دەکەن، هەوڵ بدە تێبینی ئەوە بکەیت کە کەی و لەکوێ زۆرترین پژمە دەکەیت.
هەستیارییە وەرزییەکان زۆر باون. ئەو هەستیارییانەشی کە بەهۆی شوێنێکەوە تووشی دەبیت، وەکوو ئۆفیسی کارەکەت، دەکرێت هۆکارەکەی پیسکەری وەکوو کەڕوو یان توکی ئاژەڵی ماڵی بێت.
حەپی دژەهەستیاری کە پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشک نییە یان پرژێنەری لووت دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ جڵەوکردنی نیشانەکانی هەستیاری. 
نموونەی ئەو حەپە دژەهیستامینانەی کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە:

  • cetirizine (Zyrtec)
  • fexofenadine (Allegra)
  • loratadine (Claritin, Alavert)

پرژێنەرە گلوکۆکۆرتیکۆستیرۆیدەکانی ناوەوەی لووت بوونیان هەیە کە پێویستان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە، وەک:

  • fluticasone propionate (Flonase) 
  • triamcinolone acetonide (Nasacort)

خۆت لە مەترسییە ژینگەییەکان بپارێزە

مرۆڤ لە هەندێک ژینگەدا بەبەراورد بە ژینگەکانی تر زیاتر تووشی ماددە کزێنەرەکان دەبێتەوە، لە هەندێک جۆری پیشەدا هەڵمژینی تەپوتۆز زیاترە، کە دەکرێت لووت و ناوپۆشی لووت لە ژینگەی ئەم جۆرە پیشانەدا زیاتر تووشی کزانەوە ببێت. 
کە ئەم ژینگەی کارکردنانەش دەکرێت تەپوتۆزی ئەندامی و نائەندامیان تێدابێت وەک:

بەپێی تێپەڕبوونی کات ئەم کزێنەرەوانە دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی لووت و قوڕگ و سییەکان و هەندێک کێشەی تری کۆئەندامی هەناسە. بۆ ئەوەی دووربیت لە ئەم حاڵەتانە دەتوانیت لە کاتی کارکردندا بە بەردەوامی ڕووپۆش (ماسک) ببەستیت.

ڕاستەوخۆ سەیری ڕووناکی مەکە

نزیکەی ١\٣ خەڵکی ئەو حاڵەتەیان هەیە کە کاتێک سەیری ڕووناکی زۆر دەکەن دەپژمن، تەنانەت هەندێک کەس لەو ڕۆژانەی کە تینی خۆر بەهێزە هەر بە چوونە دەرەوەیان لە ماڵ دەست دەکەن بە پژمین، ئەم جۆرە پژمەیە بە پژمەی ڕووناکی ناسراوە و زۆرجار بۆماوەییە. ئەگەر ئەتەوێت خۆت لە ئەم جۆرە پژمینە بپارێزیت ئەوا پێش چوونە دەرەوەت لە ماڵەوە چاویلکەی پاڵاوتنی ڕووناکی (فلتەر) بەکاربهێنە. 

زۆر مەخۆ

هەندێک کەس لەدوای خواردنی ژەمێکی قورس تووشی پژمین دەبن، هەرچەندە ئەم حاڵەتە لەلایەن کۆمەڵگەی پزیشکییەوە بەتەواوی ڕوون نەکراوەتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی دووربیت لە ئەم حاڵەتە باشترە کە بە هێواشی خواردن بجوویت و ژەمی سووکتر و کەمتر بخۆیت.

فوو بە لووتدا بکە

پژمین بەهۆی ئەوەوەیە کە ماددە کزێنەرەکان دەچنە ناو لووت و سەر ناوپۆشی لووتەوە. کاتێک هەست دەکەیت خەریکە دەپژمیت، هەوڵ بدە بە توندی هەناسەیەک بە لووت بدەیتەوە، وەک ئەوەی کە فوو بە لووتدا بکەیت. بەمەش دەکرێت بتوانیت ماددە کزێنەرەوەکان پاڵ بنێت بۆ دەرەوەی لووتت و پژمەکەت ناچالاک بکەیت. بۆ ئەوەی بتوانیت ئەم کردارەش ئەنجام بدەیت هەمیشە با کلێنسی نەرمت پێبێت.

لووتت بگرە

ئەمەش شێوازێکی ترە کە دەتوانیت بە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆ پێش هاتنی پژمەکەت ڕێگری لە پژمینت بکەیت. کاتێک هەست دەکەیت خەریکە دەپژمیت، هەوڵبدە هەردوو کوونی لووتت بگریت، وەک چۆن کاتێک بۆنی شتێکی ناخۆش دەکەیت لووتت دەگریت. هەروەها دەتوانیت بەشی سەرەوەی لووتیشت واتە کەمێک لە خوارەوەی نێوان هەردوو چاوتەوە بگریت.

زمانت بەکاربهێنە

دەتوانیت پژمینت بوەستێنیت بە ختووکە دانی ئاسمانی دەمت بە زمانت، بە ئەنجامدانی ئەمە نزیکەی ٥ بۆ ١٠ چرکە دەکرێت پژمەکەت نەمێنێت. 
ڕێگایەکی تر بریتییە لە بە توندی پەستان خستنەسەر دوو ددانی پێشەوە بە زمانت.

دەرزی هەستیاری بەکاربهێنە

ئەو کەسانەی کە تووشی پژمەی توند و ئاوکردنی لووت دەبنەوە دەکرێت پێویست بکات سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن، پزیشک دەتوانێت چارەسەری بەرگری بکات بە لێدانی دەرزی کە بڕێکی لە هەستیارکەر تێدایە. لەدوای ئەوەی کە بەپێی تێپەڕبوونی کات چەند دەرزییەکت لێدرا، لەشت دەتوانێت بەرگری دژی هەستیارکەرەکان پەیدا بکات و پژمینت کەم ببێتەوە.


سەرچاوەکان

137 بینین